رووداو - تەندروستی
هەفتەی جیهانی بۆ هۆشیاریی کوتانە و هەموو ساڵێک لە 24 تاوەکو 30ـی نیسان تەرخان کراوە بۆ هۆشیارکردنەوەی دایک و باوکان لە بایەخی کوتانی منداڵەکانیان بە ڤاکسین. پسپۆڕێکی منداڵان ئاشکرای دەکات، ڤاکسین منداڵ لە نەخۆشییە کوشندەکان دەپارێزێت و داواش لە دایک و باوکان دەکات وریای خشتەی پێدانی ڤاکسین بە منداڵەکانیان بن.
''کوتان بۆ هەمووان لەڕووی مرۆڤایەتییەوە رێی تێدەچێت''، دروشمی ئەم ساڵی هەفتەکەیە، واتە دەبێت بایەخ بە چینەکانی دیکەش بدرێت بۆ کوتان.
د. جەین بارات، رێنوێنیکاری تەندروستیی جیهانی IFA ئاماژە بە کوتانی تەندروستکارانیش دەکات و دەڵێت: ''کوتان تەنیا پاراستنی منداڵان نییە، بەڵکو پاراستنی ئەو کەسانەیە کە دەمانپارێزن. کارمەندەکانی چاودێریی تەندروستی و کۆمەڵایەتی کە دەبێت لە دڵی ستراتیژییەکانی بەرنامەی کوتاندا بن، نەوەک تەنیا وەکو لایەنی جێبەجێکار، بەڵکو وەک سوودمەند بن. کاتێک ئێمە شکست دەهێنین لە پاراستنی ئەم هێزی کارە بنەڕەتییە، تەواوی سیستمی چاودێریی تەندروستی لاواز دەکەین''
ڤاکسین گۆڕانکارییەکی مێژووی لە جیهاندا کرد، لەوەی رێژەی گیانلەدەستدانی کەم کردووەتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پێش دۆزینەوەی ڤاکسین ساڵانە 2.6 ملیۆن منداڵ بەهۆی سوورێژەوە گیانیان لەدەستدەدا، بەڵام ئێستا کەمبووەتەوە بۆ نزیکەی ساڵانە 107 هەزار منداڵ؛ باس لەوەش دەکات، لە 50 ساڵی رابردوودا تەنیا بە ڤاکسینی سوورێژە، ژیانی 94 ملیۆن منداڵ پارێزراوە.
لە هەرێمی کوردستان نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان بەپێی خشتەی نیشتمانی، کوتان بۆ منداڵان دەکەن، پسپۆڕانیش لەسەر ئەوە کۆکن، ڤاکسین ئەگەری نەخۆشکەوتن و مەترسیی خستەسەر ژیانی منداڵ کەم دەکاتەوە.
د. محەممەد حەسەن، پسپۆڕ نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت: ''داوا لە دایک و باوکان دەکەم کە بڕیاری 100٪ بدەن بۆ کوتانی منداڵەکانیان بە ڤاکسین، چونکە ئەو کێشانەی کە منداڵ تووشیان دەبێت بەتایبەت دووبارەبوونەوەی نەخۆشکەوتن و تووشبوون بە نیشانە قورسەکانی نەخۆشییەکان، بەهۆی نەکردنی ڤاکسین''.
ڤاکسین منداڵ لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی زیاتر لە 15 نەخۆشیی کوشندە دەپارێزێت، بەرپرسانی بەشی کوتانی شارەکانیش دڵنیایی لە کواڵیتی و سەلامەتیی ڤاکسینەکان دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ