رووداو - تەندروستی
چارەسەرێکی نوێ بۆ ئەوانەی خوێنبەربوونی لووتیان دوای ئەوەی لەلایەن توێژەرانەوە تاقیکرایەوە و سەرکەوتوو بوو، ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی بەریتانیا بەکاردێت، پسپۆڕێکیش لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: دەرزییەکە لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام بۆ خوێنبەربوون بەکارنەهاتووە و نرخەکەی گرانە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی NHS لە بەریتانیا، 60٪ـی خەڵک تووشی خوێنبەربوونی لووت دەبن کە 6٪ـیان پێویستیان بە چارەسەر گونجاو هەیە.
ئێستا کارمەندانی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی فێرکاریی هۆڵ دەرزیی فلۆسیاڵ دەدەن لەوانەی خوێنبەربوونی لووتیان هەیە و پزیشکێکیش دەڵێت: ئەوە وادەکات لە نەخۆشخانە نەمێننەوە و دووچاری خەواندنیش نەبن.
فیلیپ جۆنسن، پزیشکێکی گشتیی نەخۆشخانەکەیە و گوتی، دەرزیی فلۆسیاڵ دەکرێتە نێو کونە لووتەوە و بەمەش شوێنی برینەکە رەق دەبێت و خوێنبەربوونەکە نامێنێت. ئەوەشی گوت کە ئیدی بۆ ماوەی شەش هەفتە ئەو کەسە دووچاری خوێنبەربوونی لووت نابێتەوە.
هەر لەو نەخۆشخانەیە تاقیکردنەوەیەک ئەنجامدرا و دەرکەوت، ئەوانەی فلۆسیاڵیان بۆ بەکارهێنراوە، زووتر لە نەخۆشخانە دەرچوون و پێویستیان بە چارەسەریی زۆر نەبووە.
د. ئاوارە عومەر, پزیشکی فریاکەوتنە لە هەولێر و دەڵێت: ئەو جۆرە دەرمانە لە فریاکەوتنەکان بەکارنەهاتووە و کارێکی نوێیە ئەگەر بۆ ئەو مەبەستە بەکاربێت.
د. هاوکار عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ لەبارەی دەرزیی فلۆسیاڵەوە بە رووداو راگەیاند، ئەوە وەکو 'چەسپێک' وایە و دوای ماوەیەک خۆی شی دەبێتەوە و تاوەکو ئەو ماوەیەش خوێنبەربوونەکە دەوەستێت، بەڵام نرخی دەرزییەکە گرانە و لە هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی چارەسەری خوێنبەربوون بەکارنەهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ