توێژینەوەیەکی نێوخۆیی: 71.4٪ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گۆڕانەکانی کەشوهەوا خەمۆکن

26-10-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی نێوخۆیی کە لەسەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە دەریدەخات، 71.4٪ـی خەڵک بەهۆی پیسبوونی هەوا و وشکەساڵییەوە دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونییان بۆ دروستبووە. (ئەمەش کاریگەریی پیسبوونی کەشوهەوا لەسەر لایەنی دەروونییەوە دەردەخات).
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری BJPsych Internationalـی سەر بە زانکۆی کامبریج بڵاو کراوەتەوە و ئەمڕۆ یەکشەممە 26-10-2025 دەریا رۆستەم، دەروونناسی کلینیکی لە یەکێکە لە نووسەرەکانی توێژینەوەکە بە رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ راپرسییان لەسەر هەزار و 19 کەسی پێگەیشتوو کردووە و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق، زیاتر خەمبار بوون بە گۆڕانەکانی کەشوهەوا.
 
دەریا رۆستەم دەڵێت: هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان زیاتر هۆشیار بوون بە مەترسییەکانی پیسبوونی هەوا و دەیانزانی کە لێکەوتەکانی لەسەر ژینگە و تەندروستییان چی دەبێت، هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی، (گوشاری دەروونی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی)ـیان تووشببێت بەتایبەت دانیشتووانی پارێزگاکانی (هەولێر، دهۆک، نەینەوا، بەسرە و نەجەف).
 
تەنانەت لە توێژینەوەکە ئەوەش ئاشکرا کرا، زۆرترین ئەوانەی دڵەڕاوکێی پیسبوونی هەوایان بۆ دروستبووە، تەمەنیان لەنێوان 40 بۆ 72 ساڵ بووە. دەریا رۆستەمیش گوتی، دەرخەری ئەوەیە، گەنجان زیاتر پێویستیان بە هۆشیاریی تەندروستی هەیە بۆ خەمخۆرییان لە پێشگیریی گۆڕانی کەشوهەوا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە