نێرگەلە و جگەرە ئەلکترۆنییەکان نابنە جێگرەوەی دروستی جگەرە

26-12-2019
رۆژین مەهدی
رۆژین مەهدی
A+ A-

رووداو- هەولێر 

رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ساڵانە حەوت ملیۆن کەس بەهۆی جگەرەکێشان گیانلەدەستدەدەن، بەشێکی زۆری جگەرەکێشەکان وەک جێگرەوەیەک بۆ وازهێنان لە جگەرەی ئاسایی، روودەکەنە کێشانی نێرگەلە و جگەرەی ئەلکترۆنی، بەڵام پزیشکان بەهەموو شێوەیەک ئەم رێگەیە رەتدەکەنەوە.

بەگوێرەی ئەو توێژینەوانەی لەسەر نێرگەلە ئەنجامدراون دەرکەوتووە، لەنێو نێرگەلەدا 82 ماددەی کیمیایی ژەهراوی تووشکەری شێرپەنجە هەن، هەروەها دەرکەوتووە ئەوانەی جگەرە ناکێشن بەڵام نێرگەلە دەکێشن، ئەگەری ئەوەی لە داهاتوودا رووبکەنە کێشانی جگەرە زۆر زیاترە. 

سەبارەت بە زیانەکان توێژینەوەکان دەریان خستووە، ئەوانەی نێرگەلە دەکێشن مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی سییەکان، میزڵدان و دەم زیاترە، لە داهاتووشدا ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ، بەرزەپەستانی خوێن و گرفتەکانی سییەکان زیاتردەبێتەوە، بۆیە نێرگەلە بەهیچ جۆرێک نابێتە جێگرەوەیەکی دروست بۆ جگەرەکێشان.

ئێستا کێشانی جگەرەی ئەلکترۆنی لەنێو گەنجان لەسەرانسەری جیهاندا بووەتە شتێکی بەربڵاو، بەشێکی ئەوانەی کە هەرگیز جگەرەیان نەکێشاوە خۆیان فێری جگەرەی ئەلکترۆنی کردووە، بەڵام رۆژ دوای رۆژ توێژینەوەی زیاتر لەبارەی کاریگەرییە خراپەکانی جگەرەی ئەلکترۆنی دەکرێن، ئەمەش دوای ئەوەی هەندێ لە توێژینەوەکان ئەوەیان خستبووەڕوو کە جگەرە ئەلکترۆنییەکانی جێگرەوەیان باش بۆ وازهێنان لە جگەرەی ئاسایی، بەڵام ئەمە مردنی سەدان گەنجی لە سەرانسەری جیهانی لێکەوتووە و پزیشکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی زیانەکانی جگەرەی ئەلکترۆنیش نزیکەی هەمان زیانەکانی جگەرەی ئاسایین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە