WHO: سێیەمین هەڵمەتی پێدانی ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵان لە غەزە دەستپێدەکات

27-02-2025
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO رایدەگەیێنێت، سێیەمین هەڵمەتی کوتان دژ بە ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان دەستیپێکرد و 92٪ـی ئەو منداڵانەی کراونەتە ئامانج، ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.
 
رێکخراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، سەرەڕای باران و سەرما، دایک و باوکان منداڵەکانیان هێناوە بۆ ناوەندەکانی ڤاکسین لێدان و تیمە گەڕۆکەکان بە چالاکی خۆیان گەیاندووەتە کۆمەڵگەکان، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 500 هەزار منداڵی ژێر تەمەن 10 ساڵان ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵانیان وەرگرتووە.  
 
ریچارد پێپەرکۆرن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە فەلەستین دەڵێت، ''ئاگربەست یارمەتیدەرە لەوەی کارمەندانی تەندروستی بە شێوەیەکی بەرچاو دەستگەیشتنی باشتریان هەبێت''. 
 
ریچارد پێپەرکۆرن دەشلێت، جەخت لە دابینکردنی سەرچاوەی ئاوی پاک و ئاسان دەستگەیشتن بە چاودێریی تەندروستی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە نەخۆشیە گوازراوەکان دەکەینەوە.
 
بە گوێرەی WHO، ئەم هەڵمەتەی کوتانە دوای دۆزینەوەی ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان لە سەرچاوەکانی ئاو دەستیپێکرد و لە یەکەم و دووەم هەڵمەتدا توانرا زیاتر لە 95٪ـی منداڵان ڤاکسینەکەیان پێبدرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە