رووداو - تەندروستی
خانمێکی بەریتانی دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا دەستیکرد بە پرخەکردن، تووشی شۆک بوو کاتێک زانی کە ئەم نیشانە ئاماژە بووە بۆ جۆرێکی دەگمەن و مەترسیداری شێرپەنجە.
کلێر باربێری تەمەن 51 ساڵ، لە سەرەتادا گیرانی لایەکی لووتی بۆ کاریگەرییەکانی دوای کۆرۆنا یان هەستەوەری دەگەڕاندەوە، بەڵام تێکچوونی زیاتری بارودۆخی و دروستبوونی پرخە لە کاتی خەودا، وایکرد پەنا بۆ پزیشک ببات.
کلێر دەڵێت بەهۆی پرخەیەکی توندەوە کە پێشتر هەرگیز نەیبووە، لە خەو بەئاگا دەهاتەوە و تەنیا لە رێگەی دەمەوە دەیتوانی هەناسە بدات، بەڵام دوای پشکنینی ورد و وەرگرتنی نموونە، دەرکەوت هۆکارەکە حەساسییەت و هەستەوەری نییە، بەڵکو تووشی جۆرێکی دەگمەنی شێرپەنجەی بۆشایی لووت بووە کە بە (olfactory neuroblastoma) ناسراوە.
لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ، د. شاهز ئەحمەد، لە نەخۆشخانەی کوین ئێلیزابێس لە بەریتانیا نەشتەرگەری لابردنی گرێیەکە بۆ کلێر ئەنجامدرا، لە نەشتەرگەرییەکەدا گرێ شێرپەنجەییەکە و هەروەها بەشێک لە دەمارەکانی بۆنکردنیشی لابران، کە بووە هۆی لەدەستدانی هەمیشەیی هەستی بۆنکردن.
د. شاهز ئەحمەد، رایگەیاند، "کلێر جۆرێکی زۆر دەگمەنی شێرپەنجەی هەبوو کە پێویست بوو لاببرێت، ئەگەر لانەبرایە، دەکرا لە مل و بەشەکانی دیکەی جەستەی بڵاوببێتەوە ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ