رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، زەیتی تۆوەکان وەکو گوڵەبەڕۆژە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەی جۆری دوو کەم دەکەنەوە، بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونەوە کە پێشتر دەگوترا دەبنە هۆی هەوکردن.
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئیندیانا لە ئەمریکا ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە، خواردنی بڕێکی زیاتر لە ترشی لینۆلێک (Linoleic Acid)، کە ترشێکی چەوریی سەرەکییە و لە زەیتی تۆوەکان و زەیتی رووەکیدا هەیە، دەتوانێت مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەی جۆری دوو کەم بکاتەوە.
بەپێی ئەنجامەکان، ئەو کەسانەی بڕێکی زیاتری ترشی لینۆلێک و ئۆمێگا-6یان لە جەستەدا بووە، ئاستی گلوکۆز (شەکری خوێن)، ئەنسۆلین، بەرگریی ئەنسۆلین و نیشانەکانی هەوکردنیان کەمتر بووە.
د. کێڤن ماکی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە سکووڵی تەندروستیی گشتی لە زانکۆی ئیندیانا دەڵێت: "ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە ئەو بانگەشانە رەتدەکەنەوە کە دەڵێن، زەیتی تۆوەکان زیانبەخشن و دەبنە هۆی هەوکردن. لە راستیدا، ئەنجامەکان زیاتر لەگەڵ پێچەوانەی ئەو بۆچوونەدا دەگونجێن و رەنگە کاریگەریی دژەهەوکردنیان هەبێت."
پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە، کێشەکە خودی زەیتەکە نییە، بەڵکو ئەو خۆراکە ئامادەکراوانەیە کە تێیدا بەکاردەهێنرێن. بۆ نموونە، "برژاندنی سەوزە لەنێو زەیتی تۆوەکاندا زۆر جیاوازە لە خواردنی چپسێکی ئامادەکراو کە لە هەمان زەیتدا سوورکراوەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ