رووداو - تەندروستی
لە پاکستان هەڵمەتی فراوان بۆ کوتانی 9 هەزار کچ دژی ڤایرۆسی شێرپەنجەی ملی منداڵدان دەستپێدەکات و تەندروستیی پاکستان دەڵێ، ساڵانە 18 بۆ 20 هەزار خانم بەهۆی شێرپەنجەی ملی منداڵدان گیان لەدەستدەدەن.
تەندروستیی پاکستان رایدەگەیێنێت، شێرپەنجەی ملی منداڵدان سێیەم شێرپەنجەی باوە لە پاکستان و کارمەندێکی تەندروستییش گوتی، ''ئاستەنگمان زۆرە بۆ کوتانی کچان، بەڵام کۆڵ نادەین''
تیمی پزیشکی لە کۆڵانە تەنگ و هەژارنشینەکانی وڵاتەکە دەرگە بە دەرگە دەگەڕێن بۆ ئەوەی ڤاکسینێکی گرنگ بدەن لە کچان. ئەو ڤاکسینەش دەیانپارێزێت لە شێرپەنجەی کوشندەی ملی منداڵدان.
شەمیم ئەنوەر، کارمەندی تەندروستیی پاکستان دەڵێت: ''ئێمە رووبەڕووی ئاڵنگاری زۆر دەبینەوە لە رازیکردنی دایک و باوکان بۆ ئەوەی کچەکانیان بکوترێن، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین، لە هەندێک حاڵەتدا هەوڵەکانمان سەرکەوتوو دەبن، بەڵام بەهۆی ئەو دەنگۆیانەی دژی ڤاکسین هەن لە ئەفغانستان، خەڵک زۆر هاوکاری ناکەن و دەترسن لێی، بەڵام ئێمە هەر دەیکەین و ئەوە کاری خۆمانە''.
دوای کوتان، پەنجەی کچان مۆر دەکرێت. ڤاکسینەکە دژی ڤایرۆسی ئێچ پی ڤییە، کە هۆکاری سەرەکیی شێرپەنجەی ملی منداڵدانە بەتایبەت لە وڵاتانی هەژارنشین. ڤایرۆسەکە گوازراوەیە و حکومەتی پاکستان دەیەوێت، 9 ملیۆن کچ بکوترێن.
مستەفا کەمال، وەزیری تەندروستیی پاکستان دەڵێت: ''داتا و راپۆرتەکانی بەردەستمان دەریانخستووە، ساڵانە 23 بۆ 25 هەزار تووشبووی شێرپەنجەی ملی منداڵدان هەیە، هەروەها 18 بۆ 20 هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانلەدەستدەدەن، شتە مەترسیدارەکە ئەوەیە، ئەم نەخۆشییە کاتێک دەستنیشاندەکرێت کە شێرپەنجە لە نەخۆشەکەدا بڵاوبووبێتەوە''.
هەرچەندە بەشێک لە دایک و باوکان رەتی دەکەنەوە، کچەکانیان ڤاکسین وەربگرن. بەڵام بەو شێوەیە مەترسی دەخەنە سەر ژیانی کچەکانیان، چونکە ئەو ڤاکسینە دژی جۆرە شێرپەنجەیەکە کە سێیەم شێرپەنجەی باوی نێو خانمانە لە پاکستان و چوارەم شێرپەنجەی باوە لە جیهانیشدا.
ساڵانەش لە پاکستان 18 بۆ 20 هەزار خانم بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن.
لەم بابەتەی خوارەوە هەموو شتێک لەبارەی شێرپەنجەکە و هۆکارەکەی بزانە بۆ ئەوەی تووشی نەبیت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ