رووداو - تەندروستی
بە فەرمی هەینیی داهاتوو 6ـی حوزەیران یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە و بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر هاونیشتمانییان هۆشیار دەکاتەوە لەوەی لە شوێنی دیاریکراو و زانراو ئاژەڵەکانیان بکڕن و لە کوشتارگەش سەریان ببڕن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28-5-2025 هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، پێویستە هاونیشمانییان لە شوێنی رێگەپێدراو ئاژەڵ بکڕن و لە کوشتارگەکان سەری ببڕن، چونکە لەو کوشتارگە زانستی و رێگەپێدراوانە پشکنینی پێش و دوای سەربڕین دەکرێت.
ئەوەشی باس کرد، هەر ئاژەڵێک لە پشکنینەکان دەرنەچێت، بە رێگەی زانستی لەنێو دەبردرێت.
لەبارەی رێژەی سەربڕینی ئاژەڵیش گوتی، ''بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون رێژەی سەربڕینی ئاژەڵ نزیکەی 50٪ دابەزیوە''.
چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ دەکەی؟
* ئەو ئاژەڵانە هەڵبژێرە کە گەنە، مێش و مەگەزیان پێوە نییە.
* لەکاتی سەربڕیندا دووربکەورەوە لە شوێنەکە و با هیچ بەرکەوتەیەکت لەگەڵ گۆشت و پاشماوەی ئاژەڵەکە نەبێت.
* پێش سەربڕین و دوای سەر بڕین پشکنین بۆ ئاژەڵە بکرێت.
کاتێک گۆشتەکە دەبەیتەوە ماڵەوە
* بە دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت گۆشتەکە لەت لەت بکرێت.
* ئەو چەقۆیەی بەکاردێت واباشترە فڕێ بدرێت یاخود دوای کارەکە بە فاست بشۆردرێت.
* سەرجەم خوێن و پاشماوەکان بخرێنە نیو کیسە و لە شوێنی تایبەت فڕێ بدرێن.
* لەکاتی بەرکەوتن بە گۆشتەکە دەستەکان بشۆردرێن و دەست نەبرێت بۆ دەم لووت.
کاتێک گۆشتی قوربانیتان بۆ دێت
* راستەوخۆ بیخەرە نێو بەفرگر بۆماوەی 24 کاژێر.
* دواتر بیخەرە نێو ساردکەرەوە بۆ ئەوەی خاو ببێتەوە.
* چەند کاژێرێک بیکوڵێنە یاخود بیکە بە کەباب و بیبرژێنە ئاساییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ