بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی: هیچ تووشبوویەکی کۆلێرا تۆمار نەکراوە و بڵاوبوونەوەی هێشتا ماویەتی

28-07-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هیچ تووشبوویەکی کۆلێرا تۆمار نەکراوە و هێشتا بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە ماویەتی.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 28-7-2025 ئاسۆ زەنگەنە، بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، سەرەڕای ئاستەنگییەکان و کەمیی سەرچاوەی دارایی و مرۆیی، تیمەکانیان بەردەوامن لە پشکنینی سەرچاوەکانی ئاو و ئاوەڕۆکان بۆ پشکنینی کۆلێرا.
 
ئاسۆ زەنگەنە دەڵێت: ''کۆلێرا لەڕێگەی ئاو و خۆراکی پیسبووەوە دەگوازرێتەوە و پێویستە نەک تەنیا وەزارەتی تەندروستی، بەڵکو هەموو لایەنەکانی دیکەش هاوئاهەنگ بن بۆ رێگریکردن لەو نەخۆشییە.''
 
ئەو پشتڕاستی کردەوە کە هیچ تووشبوویەکی کۆلێرا تۆمار نەکراوە، بەڵام گوتی، ''هێشتا ماوەی بڵاوبوونەوەی ماویەتی و سەرەتای پاییز زیاد دەبێت''.
 
ئەم رێگەیانەی خوارەوە بۆ رێگری لە کۆلێرا، سکچوون و رشانەوە پەیڕەو بکرێن؛
 
1- پێویستە ئاو بکوڵێندرێت و دوای ساردبوونەوە بخورێتەوە.
2- دەستشووشتن پێش و پاش نانخواردن.
3- کوڵاندنی خواردن بەباشی و جوان شۆردنەوەی سەوزە.
4- بەکارنەهێنانی ئاوی بیر.
5- دوورکەوتنەوە لە خواردنی سەردانەپۆشراو و سەر عەرەبانە.
6- سەوزەکان لە هەموو شوێنێک نەخورێن و بە ئاوی خاوێن ئاو بدرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە