لە هەولێر کاریگەریی پیسبوونی هەوا لەسەر تەندروستیی سییەکان تاوتوێ دەکرێت؛ گەنجان قوربانین

29-05-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
دیمەنێکی نێو کۆنفرانسەکە - د. زانا جەمالەدین دزەیی.
دیمەنێکی نێو کۆنفرانسەکە - د. زانا جەمالەدین دزەیی.
A+ A-
رووداو - تەندروستی

ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکدا باسی کاریگەریی پیسبوونی هەوا لەسەر تەندروستیی سییەکان کرا و سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکە رایدەگەیێنێت: ساڵانە ژمارەی تووشبووانی نەخۆشییەکانی سییەکان و بۆڕیی هەناسە زیاد دەبێت و پیسبوونی هەوا راستەوخۆ هۆکاری سەرەکییە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-5-2025  د. زانا جەمالەدین دزەیی، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە بە رووداوی راگەیاند، پیسبوونی هەوا و زیادبوونی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە کۆئەندامی هەناسەن لەنێو گەنجان.
 
ئەوەشی دووپات کردەوە، ''کاریگەرییە خراپەکانی ڤەیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی هیچی کەمتر نییە لە جگەرەی ئاسایی''.
 
سێیەم کۆنفرانسی پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان لە هەولێر لە هۆتێل رۆتانا ئەنجام دەدرێت و ئێستاش بەردەوامە، لە هەریەک لە رۆژانی 29 و 30ـی مانگ. کە دەکاتە پێنجشەممە و  هەیینی بەردەوامی دەبێت.
 
لەنێو ئەو کۆنفرانسە کۆمەڵێک پسپۆڕی نێودەوڵەتیی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان بەشدارن و توێژینەوە و نوێترین پێشکەوتنەکان بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکانی هەناسەدان بەتایبەت سیل، رەبۆ و شێرپەنجەی سییەکان دەخرێنەڕوو.
 
هاوکات باسی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواش دەکرێت، چونکە پسپۆڕانی بواری هەناسە هێڵی یەکەمن کە زۆرترین تووشبووی ناڕێکییەکانی پیسبوونی هەوایان بۆ دەچێت تەنانەت لەکاتی خۆڵبارینیش هەر تووشبووانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە قوربانیی سەرەکیی بوون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە