رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پارێزگای هەولێر، بڕیارە نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی لە شارەکە دروستبکرێت. بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی هەولێریش دەڵێت، بەهۆی گەورەبوونی هەولێر، نەخۆشخانەکە بۆ شارەکە پێویستە.
رۆژی یەکشەممە 29ی ئۆکتۆبەری 2023 پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بە گوژمەی زیاتر لە 9 ملیار دینار دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی تایبەت بە سووتان دەکرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بە "زووترین کات" دەستدەکرێت بە رێکارەکانی دروستکردنی نەخۆشخانەکە و لەسەر رووبەڕی 89 هەزار مەتر دووجا دروستدەکرێت، دەبێتە گەورەترین نەخۆشخانەی تایبەت بە سووتان.
سامان سلێمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تائێستا تەنیا نەخۆشخانەی ئێمێرجنسی هەیە کە تایبەتە بە سووتان لە هەولێر. گوتیشی: "نەخۆشی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش سەرانی هەولێر دەکەن و شارەکە جووڵەی بازرگانی تێدایە و فراونتر بووە، بۆیە دروستکردنی نەخۆشخانەکە بۆ شارەکە زۆر باش و پێویستە."
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، 145 نەخۆشخانەی حکومی و تایبەت لە هەرێمی کوردستان هەن؛ 83 نهخۆشخانهی حكومی و 62 نەخۆشخانەی تایبەت.
نەخۆشخانە حکومییەکان بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەن؛ پارێزگای هەولێر: 27 نهخۆشخانه، پارێزگای سلێمانی: 25 نهخۆشخانه، پارێزگای دهۆک: 15 نەخۆشخانە، پارێزگای هەڵەبجه: 5 نەخۆشخانە، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین: 7 نەخۆشخانە و ئیدارهی سەربەخۆی گهرمیان: 4 نهخۆشخانه.
جگە لەوەش لە پارێزگای ههولێر 29 نەخۆشخانەی ئەهلی، پارێزگای سلێمانی 16 نەخۆشخانە، پارێزگای دهۆك 11 نهخۆشخانه، پارێزگای ههڵهبجه 1 نهخۆشخانه، ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپهڕین دوو نهخۆشخانه و ئیدارهی سەربەخۆی گهرمیان 3 نهخۆشخانهی ئەهلی تێدایە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکان، 316 بنکەی سەرەکیی تەندروستی و 647 بنکەی لاوەکی تەندروستی و 86 سەنتەری پسپۆڕیی هەن.
لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستاندا 281 هۆڵی نەشتەرگەری هەن و بەگوێرەی قەرەوێڵەکانیش، لە تەواویی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستاندا 8 هەزار و 250 قەرەوێڵە هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ