رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، لەبری مادە پلاستیکییەکان، کاخەز بۆ پێچانەوە و هەڵگرتنی خۆراک بەکاربێت و مەترسییەک ئاشکرادەکات.
ئەمڕۆ شەممە 30ـی ئاداری 2024 د. بڵند بەیار، پسپۆڕی نەخۆشییە هەناوییەکان لە بوولتەنی کاژێر 13:00 رایگەیاند، خۆراکی ماوە ئەگەر بەشێوەیەکی زانستی هەڵنەگیرێت، ئەوا هۆکاردەبێت بۆ ژەهراویبوون و تەنانەت شێرپەنجەش.
د. بڵند بەیار دەڵێت: زۆرینەی خۆراکەکان باشترە بخرێنە نێو بەفرگر نەوەک ساردکەرەوە، چونکە ئەگەر تێکەڵ بە میکرۆب ببێت، ئەوا ئەو گەرمییەی کە بۆ خۆراکەکە بەکاردەهێندرێت، نابێتەهۆی کوشتنی میکرۆبەکان.
ئەو پسپۆڕە باسی زەڵاتە دەکات و بە پێویستی دەزانێت، زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ هەڵگرتنیدا بکرێت، هاوکات دەشڵێت: چەند کاژێرێک زەڵاتە بمێنێتەوە، دەبێتەهۆی ژەهراویبوون و تێکچوونی ئەو شتانەی لەنێو زەڵاتەکەدا هەن بەتایبەت تەماتە و پیاز.
بە گوتەی د. بڵند، هەریەک لە 'سکچوون، رشانەوە، تا، لاوازی و بێهێزی' دەشێت نیشانەی ژەهراویبوونی خۆراک بن، هەروەها ئەو پسپۆڕە جەخت لەوە دەکاتەوە، دەفری پلاستیکی بۆ خۆراک بەکارنەیەت، چونکە مادەی شێرپەنجەیی تێکەڵ بە خۆراک دەبێت.
د. بڵند بەیار روونی دەکاتەوە، ''نانی گەرم نابێت لەنێو زەرفی نایلۆندا دابنرێت، چونکە هۆکارێک دەبێت بۆ تیکچوون و ژەهراویبوونی نانەکە بە مادەی شێرپەنجەیی نێو نایلۆنەکە''.
لە کۆتایشدا پێشنیازدەکات، لەبری مادە پلاستیکییەکان، کاخەز بۆ پێچانەوە و هەڵگرتنی خۆراک بەکاربێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ