پسپۆرێکی هەناو: خۆڵبارین نۆرەی دڵ و پاڵەپەستۆی خوێن زیاد دەکات

30-04-2024
نیشانەکردن خۆڵبارین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پزیشکێکی پسپۆڕی هەناو داوا دەکات ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی هەستەوەری و سییەکان بوون، لەکاتی خۆڵباریندا لە ماڵ دەرنەچن. دەشڵێت "خۆڵبارین دەبێتە هۆی زیادبوونی نۆرەی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن." 
 
رۆژی سێشەممە، 30ـی نیسانی 2024، دکتۆر هیوا خالید گەردی، پسپۆڕی هەناو میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە سیما ئابخزر پێشکێشیکرد. ئەو پزیشکە گوتی "کاریگەریی خۆڵبارین بەر لە هەمووان لەسەر ئەو کەسانە دەردەکەوێت، کە نەخۆشی هەستەوەریی و سییەکانیان هەیە، دواتر لەسەر ئەوانەی تەمەنیان سەرووی 65 ساڵە و دواتریش لەسەر منداڵانی خوار 12 ساڵان، بۆیە دەبێت ئەو توێژانە زیاتر خۆیان لە خۆڵبارین بپارێزن." 
 
کۆمەڵێک رێنمایی گشتی هەن بۆ خۆپاراستن لە کاریگەرییەکانی خۆڵبارین، بە گوتەی دکتۆر هیوا خالید ئەمانەن:
 
- تاوەکو کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە.
- دەرگا و پەنجەرەکان دابخەن.
- ئەگەر پێویست بوو بچنە دەرەوە، دەمامک ببەستن.
- ئەو کەسانەی کێشەی هەناسەدانیان هەیە و سپرای بەخاخ بەکاردەهێنن، پێویستە لەکاتی چوونەدەرەوە لەگەڵ خۆیاندا بیبەن.
- لەکاتی خۆڵباریندا هاووڵاتییان ئاو زۆر بخۆنەوە.
- ئەو کەسانەی چاویان هەستیارە، دەبێت لەکاتی چوونەدەرەوەدا چاویلکەی بەر هەتاو لە چاویان بکەن بۆ ئەوەی کاریگەریی خۆڵبارینەکە لەسەریان کەم ببێتەوە.
 
بە گوتەی دکتۆر هیوا خالید، کاریگەرییە گشتییەکانی خۆڵبارین لەسەر مرۆڤ بریتین لە زیادبوونی نۆرەی دڵ و بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن. دەشڵێت، چەندین کاریگەریی لاوەکیی دیکەش لەسەر جەستەی مرۆڤ بەجێدەهێڵێت.
 
ئەو کەسانەی نەخۆشی رەبۆ و هەناسەدانیان هەیە و بەهۆی خۆڵبارینەوە تەندروستییان تێکدەچێت، دکتۆر هیوا داوایان لێدەکات تاوەکو ئەو کاتەی دەگەیێندرێنە نەخۆشخانە، پەمپی ڤینتۆلین سێ جار بەکار بهێنن، ئەوەش تەندروستییان تا رادەیەک کۆنترۆڵ دەکات، ئەگەریش بە زیاتر لە سێ جار بەکارهێنانی پەمپەکە هەر تەندروستییان کۆنترۆڵ نەبوو، دەبێ خێرا بگەیێنرێنە بەشی فریاکەوتن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە