نوێنەرێکی پزیشکانی خولاو: دانەمەزراندنی دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان، ئێمەشی بێئومێد کردووە

30-04-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

نوێنەرێکی پزیشکانی خولاو لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، بێئومێدن لە داهاتوویان، چونکە پڕۆسەی بەرزکردنەوەی ناونیشانی پیشەییان دواکەوتووە و دەبوایە ببنە پزیشکی پلەبەند، بەڵام هەر بە پزیشکی خولاو ماونەتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 30-4-2025 دکتۆر دارۆ هادی، نوێنەری پزیشکانی نیشتەجێ خولاو لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، نزیکن لەوەی ساڵێک پێشکەوتنی نازناوی کار و پسپۆڕییان دوابکەوێت، ئەوەش بەهۆی دانەمەزراندنی دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییە گشتییەکانی ساڵی 2024.
 
پزیشکی خولاو ئەوانەن کە کۆلێژی پزیشکیی گشتی تەواو دەکەن و لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکەن، دوای ئەو دوو ساڵە دەبنە پزیشکی پلەبەند کە ماوەکەی یەک ساڵە و لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان دەوام دەکەن، پاشانیش دەبنە پزیشکی شارەزای گشتی یاخود پسپۆڕییەکی دیاریکراو دەخوێنن و دەبنە پزیشکی پایەبڵند و دوای تەواو بوونی پڕۆسەی خوێندنەکەش، دەبنە پسپۆڕ.
 
بەڵام ئێستا پزیشکی خولاو ناتوانن ببنە پزیشکی پلەبەند، چونکە پزیشکی نوێ دانەمەزراون بۆ ئەوەی شوێنیان بگرنەوە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، حەوت زانکۆ بەشی پزیشکیی گشتییان هەیە و ساڵی رابردوو، 778 پزیشکیان پێگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا هیچیان دانەمەزراون.
 
ژمارەی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2024 بەپێی زانکۆکان بەم شێوەیەیە؛
 
- زانکۆی هەولێری پزیشكی؛ 273 پزیشک
- زانکۆی سلێمانی؛ 288 پزیشک
- زانکۆی دهۆک؛ 102 پزیشک
- زانکۆی زاخۆ؛ 21 پزیشک
- زانکۆی کۆیە؛ 43 پزیشک
- زانکۆی  گەرمیان؛ 15 پزیشک
- زانکۆی کوردستان - هەولێر؛ 36 پزیشک
 
دواین هەواڵ لەسەر دامەزراندنیان ئەوە بوو کە لە کۆبوونەوەیەکی مانگی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندرا، پێویستە دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، لەسەر میلاکی تەندروستیی عێراق دابمەزرێن و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق هاوئاهەنگی بکرێت، بەڵام تائێستا پرسەکە بە بێدەنگی ماوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە