UN: لە سوودان سێ ملیۆن منداڵی خوار 5 ساڵان، لە مەترسیدان

30-04-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان (یونیسێف) رایدەگەیێنێت، سێ ملیۆن منداڵی خوار پێنج ساڵان لە مەترسیدان بەهۆی ئەوەی ڤاکسین نەکراون و کوتانیان دواکەوتووە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، منداڵانی سوودان لە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی 'سوورێژە، مەلاریا، هەوکردنی سییەکان، سکچوون و کۆلارا'دان.
 
بەپێی ئامارەکان، لەو وڵاتە لە ساڵی 2023دا زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار تووشبووی مەلاریا تۆمار کراون، لەو ژمارەیەش 850 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە ساڵی رابردوودا تووشبووانی منداڵ بەو نەخۆشییە 22.3٪ بووە.
 
ئێستا یونیسێف کێشەی کەمبوونەوەی هاوکاریی لەلایەن وڵاتانەوە هەیە، بەجۆرێک ساڵی 2016 وڵاتان و رێکخراوەکان 6.4 ملیار دۆلاریان بە رێکخراوەکەیان دا و ساڵی 2022 بووە 9.3 ملیار دۆلار، بەڵام ساڵی 2023 پارەکە بۆ 8.9 ملیار دۆلار کەمبووەوە. بە گوتەی ئاژانسەکە، پار پێویستیان بە نزیکەی 10 ملیار دۆلار بووە و بەردەوام داوای هاوکاری زیاتریان کردووە. 
 
ئەو وڵات و رێکخراوانەی زۆرترین هاوکارییان پێشکێشی یونسێف کرد لە ساڵی 2023دا: 
 
ئەمریکا: 1,430 ملیۆن دۆلار 
ئەڵمانیا: 760 ملیۆن دۆلار
گرووپی بانکی جیهانی: 590 ملیۆن دۆلار 
لیژنەی ئەمریکی بۆ یونسێف: 372 ملیۆن دۆلار 
لیژنەی ژاپۆنی بۆ یونسێف: 172 ملیۆن دۆلار 
لیژنەی ئەڵمانی بۆ یونسێف: 164 ملیۆن دۆلار
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە