دامەزراوەیەک جۆرێکی خواردنەوەی چا پەسنددەکات بۆ نەوەی داهاتوو

30-05-2024
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی دامەزراوەی دڵ لە بەریتانیا ئاشکرای دەکات، خواردنەوەی چا دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
 
د. تیم بۆند، توێژەری سەرەکیی توێژینەوەکەیە و دەڵێت: خواردنەوەی چا سوودی هەیە بۆ دڵ و کەمکردنەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ، چونکە چا مادەی فلاڤۆنۆیدی تێدایە کە ئەو مادەیەش وەک دژەئۆکسان و دژی هەوکردن لەناو جەستە کاردەکات.
 
توێژینەوەکە لەلایەن دامەزراوەی دڵ لە بەریتانیا کرا و ئەوەش پێشنیاز دەکات کە چای بەبێ شەکر بخورێتەوە، چونکە شەکر سوودەکانی چایەکە پێچەوانە دەکاتەوە. 
 
بەگوێرەی زانکۆی هارڤاردی پزیشکی، گرنگترین سوودەکانی چا ئەمانەن؛
 
1- مادەی دژەهەوکردنی تێدایە وەکو پۆلیفینۆڵ کە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایێنەکان و نەخۆشییەکانی دڵ و بەرزەپەستانی خوێن کەمدەکاتەوە.
 
2- گوشاری دەروونی کەمدەکاتەوە بەتایبەت چای گوڵ وەک چای لاڤێندەر.
 
3- کافاینی تێدایە کە بیرکردنەوە و توانای فێربوون زیاددەکات.
 
4- مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست، مەمک و سییەکان کەمدەکاتەوە.
 
5- هەرسکردنی خۆراک خێرادەکات و هۆکارێکی بۆ سووتاندنی چەورییە.
 
تەنانەت زانکۆکە رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات کە چای گەرم نەخۆنەوە، چونکە خواردنەوەی چای گەرم رەنگە ببێتەهۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی سوورێنچک و گەدە، بۆیە دەڵێت کە چا بە گەرمییەکی مامناوەن بخورێتەوە.
 
هاوکات ئەوەش باسدەکات کە لە پاش و پێش بەکارهێنانی هەندێک دەرمان نابێت چا بخورێتەوە و دەڵێت، دوو و کاژێر پێش و دوو کاژێر دوای خواردنی دەرمان، چا نەخورێتەوە.
 
خواردنەوەی بڕێکی زۆر چا رەنگە ببێتەهۆی تێکچوونی خەو، سەرئێشە و تێکچوونی هەرس، هەر بۆیە سکووڵی پزیشکیی زانکۆی هارڤارد پێشنیازدەکات، رۆژانە 2 بۆ 3 کوپ چا بخورێتەوە و زێدەڕۆیی لە خواردنەوەیدا نەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە