رووداو - تەندروستی
بەر لەوەی چیرۆکی مستەفا عەبدولکەریم بزانن، ئاگاتان لێبێت سبەی شەممە خەڵاتە گرانبەهاکەی پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ رادەگەیێندرێت. خەڵاتەکەی ئەنتیتۆباکۆ ئۆتۆمبێلێکی کۆمپانیای 'شێری سەراب'ـە و بە درێژایی ماوەی پڕۆژەکە نزیکەی 15 هەزار کەس ناویان تۆمار کردووە و بەشێکی زۆریشیان لە کلینیکی ئەنیتیتۆباکۆ لە نەخۆشخانەی پار پشکنینیان بۆ کرا.
مستەفا عەبدولکەریم سێ دەیەیە جگەرە دەکێشێت و لە پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆدا وازی لێهێنا و دەڵێت، "ئێستا کە وازم لە جگەرەکێشان هێناوە، خەو و خواردنم زۆر باش بوون و پێشان بەهۆی جگەرەکێشانەوە لەکاتی خەودا قوڕگم دەگیرا و بەخەبەر دەهاتمەوە، بەڵام ئێستا ئەوەم نەماوە''.
مستەفا بە ئاسوودەییەوە چا دەخواتەوە، چونکە پێشان بەدەم هەناوپڕکردن لە دووکەڵ، چایەکەی دەخواردەوە، بەڵام ئێستا تەواو جیاوازە، چونکە بە سەرکەوتوویی دوای نزیکەی 30 ساڵ لە جگەرەکێشان، وازی لێهێنا.
پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ لە ساڵی 2017 دەستیپێکرد، تاوەکو 2020 نزیکەی 40 هەزار کەس لە شوێن و وڵاتی جیاوازەوە بەشدار بوون، تەنیا ئەم ساڵ نزیکەی 15 هەزار کەس بەشدارن، 2889 کەس لەوانە پشکنینەکانیان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە و 100 کەسیشیان ناویان چووەتە نێو تیروپشک.
شاڵاو حەسەن، رێکخەری بە بازاڕکردن و نوێنەری کۆمپانیای سەرابە و باسی تایبەتمەندیی خەڵاتی براوەی ئەنتیتۆباکۆ دەکات.
ئەو دەڵێت: ''وەکو ئەوەی کۆمپانیایەکی ئۆتۆمبێلین، دیارییەکەمان پێدانی ئۆتۆمبێلێکی کیلۆمەتر سفرە لە جۆری تیگۆ حەوت پڕۆ کە یەکێکە لە ئۆتۆمبێلە پڕفرۆشترینەکانی شێری، هەم لە جیهان و هەمیش لە عێراق، ئۆتۆمبێلێکی خێزانییە و خواستێکی زۆری لەسەرە، ئێمەش پێمان خۆش بوو کە دیارییەکی بەهادار پێشکێش بەم پڕۆژە بەهادارە بکەین''.
بەگوتەی پسپۆڕان، وازهێنان لە تووتن ئیرادەیەکی بەهێز و تۆکمەی دەوێت، چارەسەرکارێکی دەروونیش دانانی خەڵات بۆ ئەو ئاڵنگارییە بە گرنگ دەزانێت.
کۆچەر خۆشناو، چارەسەرکاری دەروونی گوتی، ''دانانی پاداشتێک کە لەم پڕۆژەیە دانراوە وەکو پردێکی لێدێت بۆ ئەوەی ئەو کەسە دەستپێبکات بە رەفتارێکی تازەی ژیانی خۆی و ئەوە هاندەرێک بێت بۆی. کاتێک واز لە جگەرەکێشان دەهێنێت، ئەوە دەتوانێت وایلێبکات بیر لە خەڵاتەکە بکاتەوە و هەستی ناخۆشی وازهێنان لێی کەم ببێتەوە''.
بڕیارە بەیانی 31ی مانگ، رێوڕەسمی کۆتایی پڕۆژەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام جەنگی دژی تووتن هەر بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ