رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری تاقیگەی تەندروستیی گشتی لە هەولێر دەڵێ، لەمەودوا پشکنینە یەکلاییکەرەوە و دڵنیاییەکان بۆ پەتا و نەخۆشییە باوەکان نانێردرێنە بەغدا و هەر لە هەولێر ئەنجامەکان یەکلایی دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30-7-2025 موحسین کاک ئەحمەد، بەڕێوەبەری تاقیگەی تەندروستیی گشتیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و تەندروستیی بەغدا دانیان بە چوار تاقیگەی ناوەندی لە عێراقدا ناوە کە یەکێکیان تاقیگەی ناوەندیی هەولێرە.
موحسین کاک ئەحمەد دەڵێت: "هەریەک لە تاقیگە ناوەندییەکانی بەسرە، نەجەف، کەرکووک و هەولێر کراون بە تاقیگەی Sub-national واتە بە جۆرێکیان لێکراوە کە پشکنینەکانیان نەچنەوە تاقیگەی ناوەندیی بەغدا و دڵنیایی لە ئەنجامەکانیان دراوە کە نێودەوڵەتی و نیشتمانی بن".
بەڕێوەبەری تاقیگەی تەندروستیی گشتیی هەولێر روونی دەکاتەوە: "لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان ئەنجامی پۆزەتیڤ {تووشبوو} هەبوو، بۆ دڵنیابوونەوە و پشتڕاستکردنەوەی دەنێردرێتە تاقیگەکەمان، ئەمەش بۆ هەریەک لە پشکنینی نەخۆشییەکانی ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر، ئەیدز، کۆلێرا، تای خوێنبەربوون و سوورێژە دەکرێ".
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ: "هەولێر دەبێتە سەنتەرێکی دڵنیایی پشکنینە تاقیگەییەکان بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ