تەندروستیی نەجەف: نەخۆشێک 15 خولەک دڵی لە لێدان وەستا

30-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تەندروستیی نەجەف دەڵێت، پزیشکان ژیانیان بۆ نەخۆشێک گەڕاندووەتەوە کە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە 15 خولەک دڵی لە لێدان وەستابوو.
 
ماهیر عەبوودی، گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگای نەجەف، ئەمڕۆ شەممە (30ی ئابی 2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ پیاوێک هێندرایە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی سەدر لە نەجەف، کە تووشی جەڵتەی دڵ ببوو، بەو هۆیەوە دڵی بە تەواوی لە لێدان کەوتبوو."
 
گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگای نەجەف گوتی، "تیمی پزیشکی بە خێرایی پرۆسەی ژیانەوەی دڵ و سییەکانی دەستپێکرد و کاریان لەسەر نەخۆشەکە کرد. دوای هەوڵێکی زۆر، دڵی نەخۆشەکە دەستی بە لێدان کردەوە و باری تەندروستیی بە شێوەیەکی سەرەتایی جێگیر بوو."
 
عەبوودی ئاماژەی بەوەش کرد، دواتر نەخۆشەکە بۆ سەنتەری دڵ گوێزرایەوە بۆ ئەنجامدانی قەستەرە و چارەسەری پێویست.
 
ماهیر عەبوودی ئەوەشی خستەڕوو، هێشتا نەخۆشەکە لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدایە و نەخۆشخانەی جێنەهێشتووە.
 
جەڵتەی دڵ کاتێک روودەدات یەکێک لە خوێنبەرەکانی دڵ بەهۆی دروستبوونی خوێن مەیینەوە تێیدا بگیرێ، ئەوەش دەبێتەهۆی مردن یان زیانگەیاندن بە بەشێک لە ماسوولکەی دڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە