رووداو - تەندروستی
گەنجێکی دەرچووی بەشی بایۆمێدیکاڵ لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر رایدەگەیێنێت، ژیریی دەستکرد لە تاقیگەدا وەکو هاوکارێکی زۆر باشی مرۆڤە و دەتوانێت 24 کاژێر لە هەفتەیەکدا کار بکات، بەمەش پشکنینەکان ورد و باشتر بکات و یارمەتیی پزیشکان بدات بۆ بڕیاری خێرا و دروستتر.
دیاری ئاکۆ، باکالۆریۆس لە زانستی بایۆمیدیکاڵ چەند نموونەیەک لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە بواری تاقیگەدا باس دەکات وەکو ئەمانەی خوارەوە؛
1- پسپۆڕان بەرنامەی CAD4TB بەکاردەهێنن بۆ خوێندنەوەی تیشکی ئێکسی سینگ تاوەکو نەخۆشیی سیلی پێدەستنیشان بکەن. زیاتر لەو شوێنانە بەکاردێت کە پسپۆڕ و دکتۆری تێدا کەمە.
2- دەستنیشانکردن و زانینی جۆر و ژمارەی مشەخۆری مەلاریا لە خوێندا.
3- پۆلێنکردن و دەستنیشانکردنی خانە شێرپەنجەییەکانی خوێن بە پشکنینێکی خوێنی تایبەت کە 94٪ بۆ 98٪ وردە و لەماوەی کەمتر لە خولەکێک ئەنجامەکە دەدات بەدەستەوە، ئەمەش بەراورد بە پشکنینی ئاسایی زۆر خێراتر بوو.
4- بۆ دۆزینەوەی نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشیی پارکینسن کە یەکێک لە نیشانە باوەکانی پووکانەوەی ماسوولکە و لەرزۆکییە، زوو دەستنیشانکردنی گرنگە بۆ ئەوەی زووتر پێشگیری لێبکرێت. بەڵام رێگە باوەکانی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە هێواشن و بە ژیریی دەستکرد ئەمە خێراترە، ئەویش بە شیکردنەوەی دەنگی نەخۆشەکە دەتواندرێت 91٪ دۆخەکەی دەستنیشان بکات.
5- ژماردنی رێژەی بەکتریاکان بە بەکارهێنانی رۆبۆتی UVP ColonyDoc-It کە زۆر بەخێرایی ئەنجامەکان دەدات بەدەستەوە.
لە کۆتاییدا دیاری ئاکۆ، باکالۆریۆس لە زانستی بایۆمیدیکاڵ دەڵێت: ژیریی دەستکرد گۆڕانکاریی بەرچاوی لە رێگەکانی کارکردن لە تاقیگەکان دروستکردووە، یارمەتیی توێژەران دەدات بۆ دەستخستنی ئەنجامی خێرا و وردتر. بێگومان ئەمەش بە هاوئاهەنگیی مرۆڤە تاوەکو ئەنجامەکان زێدەتر ورد و باوەڕپێکراو بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ