رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، هەفتەی داهاتوو ڤاکسینی پەتای وەرزی (ئەنفلەوەنزا) لە هەموو بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان بەردەستدەبێت، بەرپرسی بەشی کوتانی پارێزگاکەش دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەک کراوە و بە باشترین کواڵیتی ڤاکسینەکان هەڵگیراون و دەدرێن بە هاونیشتمانییان.
ئەمڕۆ سێشەممە 30-9-2025 د. دەشنێ شەماڵ، بەرپرسی بەشی کوتان لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ 30 هەزار و 600 ژەمە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزایان وەرگرتووە و بۆ هەموو ناوچەکانی (گەرمیان، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) دابەشی دەکەن.
د. دەشنێ شەماڵ دەڵێت: دەرمانەکان لەلایەن باشترین کۆمپانیای ڤاکسین بەرهەمهێنراون و بە کواڵیتییەکی زۆر بەرز هەڵگیراون و ئامادەن بۆ بەکارهێنان.
ئەوەش باس دەکات، ئەم ساڵ تیمی گەڕۆکیان نابێت بۆ کوتان و لەبری ئەوە، ڤاکسینیان لە هەموو بنکە و مەڵبەندێکی تەندروستی دابینکردووە تاوەکو دانیشتووی هەموو ناوچەیەکی سنووری سلێمانی بەدەستیبگات.
بەپێی تەندروستیی سلێمانی، پێکوتە (ڤاکسین) کار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی بەرگریی جەستەی منداڵ و رێگریکردن لە تووشبوون بە پەتاکان، هەروەها کەمکردنەوەی نیشانەی پەتاکان لەکاتی تووشبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ