لە ئەمریکا رێژەی قەڵەوی دادەبەزێت و هۆکارەکەش ئاشکرا دەکرێت

30-10-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

دوایین راپرسیی کۆمپانیای گاڵووپ لەبارەی رێژەی قەڵەوی لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، لەو وڵاتە نزیکەی 3٪ رێژەکە کەم بووەتەوە.
 
راپرسییەکەی کۆمپانیای گاڵووپ کە لەسەر 16 هەزار پێگەیشتوو کراوە دەریدەخات، لە ساڵی 2020دا رێژەی قەڵەوی 39.9٪ بووە، بەڵام ئەم رێژەیە لەم ساڵدا بۆ 37٪ دابەزیوە. هەروەها 7.6 ملیۆن کەسی قەڵەو و کێشزۆر بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو لە ئەمریکا کەم بوونەتەوە.
 
بەڵام ئەوەی توێژەران لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەکە بۆیان دەرکەوتووە ئەوە بووە کە بەکارهێنانی دەرمانەکانی کێشدابەزاندن زیادیان کردووە، ئەمەشیان بە هاوتا لەگەڵ نزمبوونەوەی رێژەی قەڵەوی داناوە.
 
چونکە گەورەترین کەمبوونەوەی رێژەی قەڵەوی لە تەمەنی 40 بۆ 49 ساڵان ئەوانەبوون کە زۆرترین رێژەی دەرمانی شەکرە کە ئێستا بۆ قەڵەویشە، بەکاردەهێنن.
 
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە ئەمریکا CDC، کە پشت بە داتاکانی ساڵی رابردوو دەبەستێت، یەکەمجارە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا رێژەی قەڵەوی لە ئەمریکا بگاتە نزیکەی 40٪. (کەمیی جووڵە، زۆرخۆری، زیادخواردنی خۆراکە خێرا و ئامادەکراوەکان، خواردنەوەی کحول و کەمیی چالاکیی جەستەیی)ـیش بە هۆکاری سەرەکی دادەنێت.
 
بەگوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا NHS، ئەمانە نابێت دەرمانی دژەقەڵەوی وەربگرن؛
 
- تووشبووانی شەکرەی جۆری یەک
 
- تووشبووانی نەخۆشییەکانی پەنکریاس و زراو
 
- ئەوانەی نەخۆشیی کوێرەڕژێنەکانیان هەیە
 
- ئەوانەی نەخۆشیی رژێنی پەریزادە (غودە)ـیان هەیە 
 
- خانمانی دووگیان و شیردەر
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە