رووداو - تەندروستی
بووڵتەنی تەندروستی لەنێو فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە پێشکێشکرا و لەنێو فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە سوودە سەرسووڕهێنەرەکانی هەنار و بەرهەمەکانی باس کران، پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، گەنجان بۆ ئەوەی ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتە کەم ببێتەوە، هەنار بخۆن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-10-2025 یەکەمین رۆژی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجەیە و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، د. جیهاد ئیبراهیم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناوە و میوانی بووڵتەنی تەندروستییە، دەڵێت: هەنار کەمترین چەوری و شەکری تێدایە و یارمەتیدەرە لە خاوێنکردنەوەی لوولەکانی خوێن.
د. جیهاد ئیبراهیم دەشڵێت: هەنار ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ کەم دەکاتەوە، هەر بۆیە رێنوێنیی گەنجان دەکات کە بۆ ئەوەی ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتە کەم ببێتەوە، هەنار بخۆن
لاوین جەمال، خاوەنی نەمامگەیەکە لە هەڵەبجە و میوانێکی دیکەیە، ئەو دەڵێت، بایەخ بە چاندنی گوڵی هەنار دەدەین و هەموو ژەمێک هەنار دەخۆین.
وانیار نەوشیروان، وێنەگرە و بەشدارە لە بووڵتەنەکە، ئەو گوتی، ''لە هەڵەبجە خانمان باڵادەستن و لەگەڵ خوشکەکەم باخێکی هەنار بەڕێوەدەبەین''. تەنانەت وێنەیەکی هونەرییانەی خوشکەکەشی چرکاندووە کە لە باخەکەیان سەبەتەیەک هەناری بەدەستەوەیە.
د. جیهاد ئیبراهیم روونی دەکاتەوە، توێکڵی هەنار دژەشێرپەنجەیە و چالاکە دژی شێرپەنجەکانی پڕۆستات، کۆڵۆن و مەمک، هەروەها ''هەنار یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی شەکری خوێن و زیادکردنی بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵەکان''.
لەبارەی بڕی شەربەتی هەنارەوە گوتی، رۆژانە رێژەی 150 بۆ 200 میلیگرام شەربەتی سرووشتیی هەنار ئاساییە بخورێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ