توێژەرانی مەغریب: ئالۆڤێرا ئومێدێکە بۆ تووشبووانی ئەڵزهایمەر

01-12-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژەرانی مەغریب سوودێکی سەرسووڕهێنەری رووەکی ئالۆڤێرایان دۆزییەوە و دەڵێن: مادەیەکی تێدایە کە ئەگەری تووشبوون بە ئەڵزهایمەر کەم دەکاتەوە و دەشکرێت وەکو چارەسەر بۆ نەخۆشییەکە بەکاربێت.
 
بەگوێرەی توێژینەوەیەک، ئالۆڤێرا دوو ئەنزیمی گرنگی تێدایە وەکو AChE و BChE کە هاندەرێکی باشن بۆ پاراستنی خانە بیرخەرەوەکانی مێشک و تەنانەت دەتوانن ئەو خانانەی بەهۆی ئاڵزهایمەرەوە لەنێوچوون، چالاک بکەنەوە.
 
مریەم خەدراوی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''ئالۆڤێرا کاندیدێکی نوێیە بۆ بەرهەمهێنانی دەرمانی نوێی دژ بە ئەڵزهایمەر''.
 
ئەم تاقیکردنەوەیە لە قۆناخی تیۆریدایە و بڕیارە لەنێو تاقیگەدا بە کردەیی ئەنجامی بدەن، ئەمەش دەرگەیەکی نوێ دەکاتەوە بۆ چارەسەری ئەڵزهایمەر و ئومێدێکیشە بۆ تووشبووانی نەخۆشییەکە.
 
نیشانەکانی نەخۆشیی ئەڵزهایمەر؛
 
- بیرچوونەوەی زانیاری و رووداوەکان
- تێکچوونی هاوسەنگیی رۆیشتن
- قورسی لە گێڕانەوەی رووداوەکان
- گۆڕانکاری لە رەفتارەکان
- دڵەڕاوکێ و خەمۆکی
- لاوازیی بڕیاردان
- پەیوەستنەبوون بە کات
- بەجێهێشتنی کەلوپەلەکان 
- دانانی کەلوپەل لە شوێنی نەگونجاو
 
ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە ئەڵزهایمەر زیاد دەکەن؛
 
- قەڵەوی
- لاوازیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
- بەساڵداچوون
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
- نەخۆشیی شەکرە
- بەرزەپەستانی خوێن
- خواردنەوەی کحول
- گوشاری دەروونی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە