رووداو دیجیتاڵ
پزیشکێکی ناوداری ئەمریکی بانگەشەی ئەوەدەکات کە چارەسەری زیپکەی گەنجێتی دۆزیوەتەوە کە لە بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر بە "حب الشباب" ناسراوە.
دکتۆر جۆن باربێری، پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانی پێست بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، کرێمی پێستیی بەناوی "کلاسکۆتیرۆن" هیوایەکی نوێیە بۆ لابردنی پەڵەی سوور و زیپکە و چەوریی سەر پێست کە سێ چارەکی گەنجان لە دوای پێگەیشتن "باڵخبوون" لە جیهاندا لەسەر رووخساریان دەردەکەوێت.
هەرچەند دەرکەوتنی زیپکە لەسەر رووخساری نەوجەوانان دیاردەیەکی زۆر باوە، بەڵام تاوەکو ئێستا زانستی پزیشکی چارەسەرێکی بنبڕکەری بۆی نەدۆزیوەتەوە. هەندێک توێژینەوە دەڵێن: پارێزیکردن سوودی هەیە، بەڵام ئەمەشیان هەمیشەیی نەبووە.
پسپۆڕانی پزیشکی دەڵێن، دوای 40 ساڵ، یەکەمجارە چارەسەرێکی دیکە بۆ نەهێشتنی زیپکە لەسەر رووخساری تازەپێگەیشتووان دەکەوێتە بازاڕەکان.
جۆن باربێری، ئەندازیاری چارەسەرەکە دەڵێت، "ئەوەی زۆر جێگەی خۆشحاڵییە ئەوەیە کە کلاسکیتیرۆن میکانیزمێکی تەواو نوێیە و راستەوخۆ شەڕی ئەو هۆرمۆنانە دەکات زیپکە دروستدەکەن."
دوو جۆر کرێم یاخود مەرهەم بەرهەمهێنراون، یەکیان دژەبەکتریایە "ئەنتی بایۆتیک"ـە، ئەمەیان راستەوخۆ هێرشدەکاتە سەر ئەو بەکتریایەی زیپکە دروستدەکات، ئەوەی دیکەیان کرێمێکە رێگە بە سەرهەڵدانی خانە و شانەی مردوو دەگرێت.
کلاسکۆتیرۆن فرمانی ئەوەیە خانەکان کەمتر ئەو هۆرمۆنانە وەربگرن کە چەوری دروستدەکەن و رووخسار بە شێداری دەهێڵنەوە، ئەوانەی بەدەست زیپکەوە گیرۆدەن، زیاد لە پێویست ئەو چەورییە بەرهەمدەهێنن.
هەرچەند لە بازاڕەکانی داودەرماندا، حەب هەن کە ئەو هۆرمۆنانە دەکەنە ئامانج، بەڵام زیانی لاوەکیان (بەتایبەتی بۆ رەگەزی نێر) هەیە، بۆیە بەزۆری بۆ ئافرەتان پێشنیازکراوە.
توێژینەوەیەکی پزیشکی کە لە گۆڤاری جاما دێرماتۆلۆگی بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە کە کلاسکۆتیرۆن کاریگەرترە لە پلاکیبۆ، هاوکات زیانی لاوەکی گەورەشی تێدا بەدینەکراوە.
کرێمی کلاسکۆتیرۆن ئێستا تەنیا لە ئەمریکا بەردەستە و ئاژانسی دەرمانی ئەورووپی دەڵێت: تاوەکو ئێستا تەنانەت هەڵسەنگاندنیشیان بۆی نەکردووە، بەوپێیەبێت، خەڵک لە ئەورووپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت پشوویەکی فراوانیان هەبێ تاوەکو کرێمەکە دەگاتە دەستیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ