خۆپاراستنی زاخۆ: لە شەش مانگی ئەم ساڵدا 4612 منداڵی خوار 5 ساڵان تووشی سکچوون و رشانەوە بوون

31-07-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری خۆپاراستنی تەندروستی لە زاخۆ تایبەت بە رووداو ئاشکرای دەکات، لەماوەی شەش مانگی ئەم ساڵدا چوار هەزار و 612 منداڵی خوار پێنج ساڵان بەهۆی سکچوون و رشانەوەوە سەردانی بنکەی تەندروستی و نەخۆشخانەکانیان کردووە و تۆمار کراون.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستی لە زاخۆ روونی دەکاتەوە، زۆرترین منداڵ کە سکچوون و رشانەوەیان هەبووە، لە بنکە تەندروستییەکاندا بینراون ژمارەکەش بریتیبووە لە هەزار و 925 منداڵ، بەڵام ئەو ژمارەیە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ 1538 و لە نەخۆشخانەی گشتیی زاخۆش 1149 بووە.
 
د. دڵشاد محەممەد، سەرۆکی بەشی خۆپاراستن لە زاخۆ بە رووداوی راگەیاند، ئەم پەتای سکچوون و رشانەوەیەی لەنێو منداڵاندا بڵاو بووەتەوە پێی دەڵێن، Stomach Flu کە هەوکردنی کۆئەندامی هەرسە؛ سکچوون و رشانەوە باوترین نیشانەین کە بەهۆی ڤایرۆسەکانی Noroviruses و Rotavirus زیاتر تووشی منداڵان دەبێت.
 
خۆپاراستن لە سکچوون و رشانەوە
 
ئاسۆ زەنگەنە، بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوتووە، تائێستا هیچ تووشبوویەکی کۆلێرا تۆمار نەکراوە، بەڵام گوتی، ''هێشتا ماوەی بڵاوبوونەوەی ماویەتی و سەرەتای پاییز زیاد دەبێت''.
 
هەر بۆیە ئەم رێگەیانەی خوارەوە بۆ رێگری لە کۆلێرا، سکچوون و رشانەوە پێشنیاز دەکات؛ 
 
1- پێویستە ئاو بکوڵێندرێت و دوای ساردبوونەوە بخورێتەوە.
2- دەستشووشتن پێش و پاش نانخواردن.
3- کوڵاندنی خواردن بەباشی و جوان شۆردنەوەی سەوزە.
4- بەکارنەهێنانی ئاوی بیر.
5- دوورکەوتنەوە لە خواردنی سەردانەپۆشراو و سەر عەرەبانە.
6- سەوزەکان لە هەموو شوێنێک نەخورێن و بە ئاوی خاوێن ئاو بدرێن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە