لە هەولێر لەماوەی شەش مانگدا چەندین نۆرینگەی پزیشکانی ددان داخراون؛ ''بێمۆڵەت کاریان کردووە''

31-08-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی ددانی کوردستان رایدەگەیێنێت، سەردان و پشکنینیان بۆ 37 کلینیک و سەنتەری پزیشکیی ددان کردووە و 800 کەرستەی پزیشکیی ماوە بەسەرچوویان دۆزیوەتەوە و  12 کلینیکیشیان داخستووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 31-8-2025 دکتۆر عومەر دزەیی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی ددان بە رووداوی راگەیاند، زۆرینەی ئەو کەرستانەی ماوەیان بەسەرچووبوو هی جوانکارییەکانی ددان بوون و ئەو پزیشکانەشی کە نۆرینگەکانیان داخرابوو، بێمۆڵەت کاریان کردووە و خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوون.
 
دکتۆر عومەر دزەیی دەڵێت: پزیشکی ددان هەبووە سووریایی بووە و لە کەمپی ئاوارەکان نۆرینگەی کردووەتەوە، بەبێ ئەوەی بڕوانامەکەی هاوتابکاتەوە و خۆی لە سەندیکای پزیشکانی ددان تۆمار بکات، ئەوەش سەرپێچییە و نۆرینگەکەیانمان داخستووە.
 
بەپێی ئەنجوومەنی سەندیکاکە، لەماوەی شەش مانگدا چەندان کێشەی نێوان نەخۆش و پزیشکانیان چارەسەر کردووە و داواش لە هاونیشتمانییان دەکات، هەر کارێکی پزیشکەکەیان بەدڵ نەبوو یاخود ناڕێکیی لە کارکردنی پزیشکەکەیان هەبوو، سەندیکاکە ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی {ئەگەر حەقی نەخۆشەکە بوو} کێشەکەی بۆ چارەسەر بکرێت و هەموو خەرجییەکانی چارەسەرەکەشی بۆ بگەڕێندرێتەوە.
 
بەپێی لقی هەولێری سەندیکاکە، لەماوەی شەش مانگدا ئەوان و لیژنەکانی تەندروستی و قایقامیەتی هەولێر بە هاوئاهەنگیی ئاسایشی هەولێر سەردانی 37 کلینیک و سەنتەری پزیشکی ددانیان کردووە؛ 12 کلینیک داخراون، 25 پزیشک پێبژاردنیان بۆ کراوە، 11 سەنتەر و کلینیکیش ئاگادارکراونەتەوە بۆ پڕکردنەوەی بەڵێننامە، 4 کلینیک دەستخۆشیان لێکراوە و کەیسەکانی 4 کەسیش رەوانەی دادگە کراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە