رووداو - تەندروستی
دیبەیتێکی تایبەتە بە لێکەوتە تەندروستییەکانی خراپیی کواڵیتیی بەنزین و سووتەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان و پسپۆڕان هۆشداری لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی خراپیی کواڵیتیی سووتەمەنییەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن؛ یەکێکیان دەڵێ، مەچنە ژێر بارانی پایز.
پسپۆڕێکی کیمیا و پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار ئەم کاریگەرییانە باس دەکەن و یەکێکیان دەڵێت: پیسبوونی هەوا بەهۆی سووتاندنی سووتەمەنیی کواڵیتیی خراپ، ئەگەری پیسبوونی بارانەکانی زیاد کردووە و سەرەتای ئەم پایزە ترشەباران دەبارێت.
''قوڕقوشم و گۆگرد تێکەڵ بە بەنزین دەکرێن و مەترسیدارن''
عیسا قەرەنی، پسپۆڕی کیمیا رایدەگەیێنێت، بەنزین کۆمەڵێك مادەی کیمیایی تێكەڵ دەکرێت کە دەکرێن لێکەوتەی تەندروستییان هەبێت. بەتایبەت گۆگرد کە دەبێت زۆر کەم بکرێتەوە تێیدا.
ئەو پسپۆڕە باسی قوڕقوشم دەکات کە تێکەڵ بە بەنزین دەکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئۆکتانەکەی و دەڵێت: ''زیان بە کۆئەندامی دەمار و مێشک دەگەیێنێت''.
عیسا قەرەنی گوتی، دەبێت پاڵاوگەکان فلتەری زۆرتر بۆ کەمکردنەوەی مادە کیمیاییەکان دابنێن، تاوەکو ژینگە و تەندروستیی مرۆڤەکان کەمتر بکەونە مەترسییەوە.
لەبارەی ترشەبارانەوە قەرەنی هۆشداری دەدات، هاونیشتمانییان نەچنە بەر بارانی سەرەتای پایز، چونکە لەبەر پیسبوونی هەوا مادەی گۆگردی تێکەڵە و ترشێتییەکەی زۆرە، کە بەر هەر کەلوپەل و شتێک بکەوێت، ئەوا دایدەخورێنێت و بەر پێستیش بکەوێت هەستیاریی تووندی لێدروستدەبێت.
''مادەیەکی مەترسیدار لەنێو بەنزین هەیە، تووشبوون بە لەبیرچوونەوە و شێرپەنجە زیاد دەکات''
د. فایەق برایمۆک باسە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار باسی مەترسییەکانی گۆگردی نێو بەنزین دەکات کە دەکرێت ئەم کاریگەرییانەی لەسەر جەستە دەبێت؛
- کۆکە
- سەرسووڕان
- لاسەرئێشە
- ژانەسەر
- هەوکردنی درێژخایانی سییەکان
- تووشبوون بە لەبیرچوونەوە
- ناڕێکیی دەروونی
- شێرپەنجە لە ئەنجامی بەرکەوتنی بەردەوام
ئەو پسپۆڕەی مێشک و دەمار دەڵێت، ''بەنزین و پێکهاتەکانی زۆر بە ئاسانی زەبر بە مێشك دەگەیێنن و بەنزین مادەیەکی تووشکەری شێرپەنجەیە''.
برایمۆک گوتی، لەکاتی چوونە نێو بەنزینخانە پێویستە جامی ئۆتۆمبێل داخراو بن و کەمترین بەرکەوتە بە بەنزین هەبێت بەتایبەت بۆن. پاشانیش کارمەندی بەنزینخانەکان دەستکێش و جلوبەرگی پارێزەر لەبەر بکەن بۆ ئەوەی بەنزین بەر جەستەیان نەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ