پسپۆڕێکی منداڵان: جگە لە دۆخێک، بۆ سکچوونی منداڵ حەبی شاف بەکارنەهێندرێت

31-08-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
دکتۆر لونا لەگەڵ د. پشدەر عەبدوڵڵا گفتوگۆ دەکەن لەنێو ستۆدیۆی سلێمانی
دکتۆر لونا لەگەڵ د. پشدەر عەبدوڵڵا گفتوگۆ دەکەن لەنێو ستۆدیۆی سلێمانی
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان رایدەگەیێنێت: دەنکۆڵە 'حەب'ـی شاف تەنیا لەو کاتەدا بەکاردرێت کە منداڵ رشانەوەکەی زۆر بێت و نەتواندرێت شرووبی پێبدرێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 31-8-2025 د. پشدەر عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، لەکاتی سکچووندا نابێت دایک و باوک بۆ منداڵەکانیان شاف بەکاربهێنن و پێویستە لەکاتی تووندی سکچوونەکە راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکەن.
 
د. پشدەر عەبدوڵڵا دەڵێت: لەکاتی سکچووندا جەستەی منداڵ وشک دەبێتەوە و جەستەی کۆمەڵێک کانزای سوودبەخش لەدەستدەدات، ئەمانەش دەشێت منداڵ تووشی گەشکە بکەن کە باوترین لێکەوتی سکچوون و رشانەوەیە.
 
ئەو پسپۆڕە هۆشداری دەداتە دایبابان کە ئەگەر منداڵی تووشبووی سکچوون و رشانەوە ئەم تایبەتمەندییانەی هەبوو، دەبێت ببرێتە لای پزیشک؛
 
- وشکبوونەوەی جەستە
- نەخۆشیی درێژخایەن
- خوارد یەک ساڵان
- سەری بەچاڵداچووبێت
- هیچ خۆراکێکی بۆ نەخورێت
- پیساییەکەی خوێنی تێدا بێت
 
ئەو پسپۆڕە ئەوەش باس دەکات کە مەرج نییە هەموو سکچوون و رشانەوەیەک مەترسیدار بێت و نابێت منداڵ دەرمانەکانی دژەبەکتریاکانیان پێبدرێ بەبێ ئەوەی بزاندرێت هۆکاری سکچوون و رشانەوەکە چییە.
 
کاتێک نەخۆش ئەم نیشانانەی هەبوو، پێویستە دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانە بکات؛
 
- هەستکردن بە تینویێتی و وشکبوونی دەم و لێو
- هەستکردن بە شەکەتی و داهێزران
- هەستکردن بە سەرسووڕان، بەتایبەت لەکاتی هەستانەوە
- تۆخبوونی رەنگی میز
 
چۆن لە ماڵەوە مامەڵە لەگەڵ سکچوون دەکرێت؟
 
1- خواردنەوەی شلەمەنی و ئاوی زۆر
2- نەخواردنی خواردنەوە گازییەکان، چا و قاوە
3- وەرگرتنی پشوو
4- خواردنەوەی گیراوەی ژیناو ORS لە دوای هەموو سکچوونێک پەرداخێکی لێبخورێتەوە
 
ئەگەر گیراوەکە بەردەست نەبوو دەتوانیت بەم شێوەیە خۆت دروستی بکەیت؛
 
- شەش کەوچکی چا شەکر
- نیو کەوچکی چا خوێ
- یەک لیتر ئاو
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە