نوێنەری ئەڵمانیا بۆ سووریا: ساڵانە یەک ملیار دۆلار دەدەینە سووریا

02-05-2024
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ شتێفان شنێک، نوێنەری ئەڵمانیا بۆ سووریا.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ شتێفان شنێک، نوێنەری ئەڵمانیا بۆ سووریا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری ئەڵمانیا بۆ سووریا دەڵێت، ئەوان پاڵپشتی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەن و شەڕی نێوخۆی وڵاتەکەش بە "گەورەترین تراژیدیای مرۆیی" ناودەبات. دەشڵێت، ساڵانە وڵاتەکەی یەک ملیار دۆلار وەکو هاوکاری دەداتە سووریا بە هەموو ناوچەکانیەوە. 
 
لە پەراوێزی کۆنفرانسی هەشتەمی برۆکسل بۆ پاڵپشتیکردنی سووریا و ناوچەکە، شتێفان شنێک، نوێنەری ئەڵمانیا بۆ سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە قسەی بۆ رووداو کرد. 
 
کۆنفرانسەکە تایبەتە بە پێدانی پاڵپشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ گەلی سووریا، ئاوارەکان و ئەو وڵاتانەی پەنابەرانی سووریایان لەخۆگرتووە. 
 
نوێنەری ئەڵمانیا بۆ سووریا دەڵێت، ئەوان باوەڕیان بە پرۆسەی سیاسییە لەگەڵ دیمەشق، بەجۆرێک هەموو کەسێک بەشداری تێدا دەکات و کوردەکان لە ریزی ئۆپۆزیسیۆندا نوێنەرایەتی دەکرێن. 
 
لەبارەی داهاتووی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، شتێفان دەڵێت: "ئێمە بە روونی دەڵێین کە دەبێت سووریا لە یەکگرتوویی خۆیدا بمێنێتەوە. تەواوی سووریا پابەندبوونی سیاسی ئێمەیە.. زۆر ئایینی جیاواز لە سووریا هەن؛ بۆیە سووریا وڵاتی جیاوازییەکان و دەوڵەمەندییە. پێموایە کردنەوەی ئەم فایلە یارمەتیمان نادات، چونکە ئەوە کێشە راستەقینەکە لەنێودەبات کە پرۆسەیەکی سیاسییە لەگەڵ دیمەشق، بەجۆرێک هەموو کەسێک بەشداری تێدا دەکات و کوردەکان لە ریزی ئۆپۆزیسیۆندا نوێنەرایەتی دەکرێن. 
 
هاوکات لەبارەی دۆخی گشتیی سووریا و ئەگەری مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەد، شتێفان دەڵێت: "بە توندی لەگەڵ هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپاداین لە سێ "نەخێرەکەدا": نەخێر بۆ ئاساییبوونەوە، نەخێر بۆ بنیاتنانەوە، نەخێر بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ."
 
بەڵام دەشڵێت، لە هەمان کاتدا، ئەڵمانیا ساڵانە یەک ملیار دۆلار پشتیوانیی راستەوخۆ بە خەڵکی سووریا دەدات؛ "لە باکووری رۆژئاوا، لە باکووری رۆژهەڵات، هەروەها لە ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی رژێمیش. بە نزیکەیی لە هەر ناوچەیەکدا 100 ملیۆن دۆلار دەبێت."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ شتێفان شنێک، نوێنەری ئەڵمانیا بۆ سووریا 
 
رووداو: بەڕێز شتێفان زۆر سوپاس کە لەگەڵمانیت. با لە کۆنفرانسەکە و رۆژی گفتوگۆوە دەست پێبکەین. بۆچی بۆ ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا زۆر گرنگە کە گوێ لە نوێنەری هەموو کۆمەڵگەی مەدەنی بگرن. 
 
شتێفان: پێموایە هۆکاری ئەم کۆبوونەوەیە دوو دیوی هەیە. یەکەمیان، هێشتنەوەی سووریایە لە بەرنامەکەدا. سووریا یەکێکە لە گەورەترین کارەساتە مرۆییەکان، ئازارێکی مرۆیی باوەڕپێنەکراوە و پێویستە ئێمە لە ئەجێندای سیاسیدا بیهێڵینەوە. له لایەن ژمارەیەکی زۆری نوێنەرانی هەموو وڵاتانی ئەورووپاوە دەیبینین ئەوەیە کە هێشتا بەرژەوەندییەکی گەورە هەیە لە ئەورووپا بۆ سووریا و بێگومان بۆ چارەسەر و پشتیوانیی خەڵک. دووەمیش ئەوەیە کە ئاماژەت پێدا کە لە بارەی گفتوگۆوەیە لەگەڵ خەڵکدا. بە لای خۆمەوە، زۆر گرنگە کە پێش هەموو شتێک گوێ لە شیکارییەکان بگیردرێت و هەروەها هەموو ئەو کەسانەش ببینرێن کە بەشدارن و چالاکن، کە هیوایان لەدەستنەداوە. دۆخەکە زۆر خراپە، بەڵام خەڵک هیوا بە کارەکانی رۆژانەمان دەبەخشن و ئەمە شتێکی ئەرێنییە کە من لەگەڵ خۆم دەبەمەوە بۆ بەرلین. 
 
رووداو: باشە. دەتوانیت باسی هەڵوێستی ئێستای ئەڵمانیا لەسەر سووریا بکەیت و ئەڵمانیا لە چ بوارێکدا و لە دۆسیەی سوریادا بەشداری دەکات؟ 
 
شتێفان: پێموایە سیاسەتی ئێمە دوو دیوی هەیە. لە لایەکەوە ئێمە جەخت دەکەینەوە کە تەنیا دەکرێت چارەسەرێکی سیاسی و بڕیاری 2254 هەبێت. بۆیە ئێمە بە توندی لەگەڵ هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپاداین لە سێ "نەخێرەکەدا": نەخێر بۆ ئاساییبوونەوە، نەخێر بۆ بنیاتنانەوە، نەخێر بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ. بەڵام لە هەمان کاتدا کە ئێستا پرۆسەی سیاسی وەستاوە، ئێمە کاردەکەین بۆ پشتیوانیکردنی خەڵکی. بۆیە ئەڵمانیا ساڵانە یەک ملیار دۆلار پشتیوانیی راستەوخۆ بە خەڵکی سووریا دەدات. لە باکووری رۆژئاوا، لە باکووری رۆژهەڵات، هەروەها لە ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی رژێمیش. بە نزیکەیی لە هەر ناوچەیەکدا 100 ملیۆن دۆلار دەبێت. هەروەها پشت دەبەستێت بەو بۆشاییەی دەستێوەردان کە رژێمەکانی ئێستا پێمان دەبەخشن. بۆیە ئەگەر ئەگەری ئەوە هەبێت، ئەوا ئێمە زۆر جار بۆ چاکبوونەوەی زوو دەگەڕێین، بۆ نموونە لە رێگەی سندووقی متمانەی بووژاندنەوەی سووریاوە. 
 
بەڵام ئەگەر ئەو رژێمانەی لەوێن بواری ئێمە سنووردار بکەن، بێگومان دەبێت کاردانەوەمان هەبێت. زۆر جار یارمەتیی ئێمە لەسەر بنەمای پێداویستییەکانە، بەڵام بێگومان لەسەر ئەگەری دەستێوەردانی بەرپرسیارانەیشە. بۆیە ئەم دەستێوەردانە بۆ خەڵکی سووریا و دەرەوەی سووریا پایەی دووەممانە. جگە لە چارەسەری سیاسی کە زۆر پێویستە، چونکە ئێمە دەزانین کە پشتیوانیی ئێمە کێشەی بەردەوام چارەسەر ناکات بە تەواوی، بەڵام تەنیا یارمەتیی کەمکردنەوەی ئازارەکان دەدات.  
 
رووداو: زۆرێک لە خەڵک پێیان وایە کە سەردەمی بڕیاری 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەرچووە و خەڵکی سووریا و دۆخی ئێستا پێویستیان بە بڕیارێکی نوێیە. لەوانەیە ئەوە زۆر قورس نەبێت سەبارەت بە حکومەتی دیمەشق. پێتوایە ئەمە رێگایەکی باشترە بۆ ئەوەی هەنگاوی داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە سووریا بنرێت یان ئەو بڕیارە هێشتا بڕیارێکی باشە؟  
 
شتێفان: ئەوە لە بڕیارەکەدا نییە. بڕیارەکە شتێکی باشە. ئەگەر بڕیارەکە بگۆڕیت، دۆخەکە ناگۆڕدرێت، چونکە ئەوە خواستی رژێمەکە نییە بۆ بەشداریکردن. ئەوە چەقی کێشەکەیە. بۆیە پەیوەندی بە میتۆدەوە نییە. بە بڕوای من نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان پیتەرسن کارێکی گەورە دەکات. دووبارە و دووبارە هەوڵ دەدات ئەو رێگایانە بکاتەوە وەک هەنگاوێک بۆ بونیاتنانی متمانە، بۆیە هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی رژێم بەشداری نەکات و هەموومان داوا لە رژێم دەکەین کە لە کۆتاییدا بێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و، بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش یەکێکە لەو بڕیارە باشانەی کە هەمانە و بناخەیەکی باشە بۆ بەشداریکردن لە چارەسەری سیاسیدا کە شتێکی پێویستە.  
 
رووداو: کوردانی سووریا هەندێک جار وا بیردەکەنەوە کە ئەوان سەر بە تەواوی بابەتی سووریا نین. بۆ یەکێتیی ئەورووپا و بۆ ئەڵمانیایش، کورد وەک بەشێک لە پرۆسەی سیاسی لە داهاتووی سووریا، کە تاکە گرووپی نەژادییە لە سووریا، ئایا دەکرێت پرسی کورد لەناو پرسی سووریادا چارەسەر بکرێت؟ 
 
شتێفان: ئێمە بە روونی دەڵێین کە دەبێت سووریا لە یەکگرتوویی خۆیدا بمێنێتەوە. تەواوی سووریا پابەندبوونی سیاسی ئێمەیە. پێم وایە ئەگەر ئێوە نەتوانن بچنە ناو دیالۆگێکەوە لەنێوان دامەزراوە و یەکێتییە نەژادییە جیاوازەکاندا، ئەوا هیوایەکی زۆر نییە کە لە ئاستێکی گەورەتردا چارەسەرێک هەبێت، چونکە هەموو شتێک پەیوەستە بە فەرهەنگی سیاسیی گفتوگۆوە و من لەبارەی سازشەوە شتم بیستووە. زۆر ئایینی جیاواز لە سووریا هەن. بۆیە سووریا وڵاتی جیاوازییەکان و دەوڵەمەندییە. بۆیە پێموایە کردنەوەی ئەم فایلە یارمەتیمان نادات، چونکە ئەوە کێشە راستەقینەکە لەنێودەبات کە پرۆسەیەکی سیاسییە لەگەڵ دیمەشق، بەجۆرێک هەموو کەسێک بەشداری تێدا دەکات و کوردەکان لە ریزی ئۆپۆزیسیۆندا نوێنەرایەتی دەکرێن. 
 
رووداو: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا داوا لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا دەکات کە ئەم وڵاتانە منداڵان و ژنانی چەکدارانی پێشووی داعش لە کەمپی هۆل ببەنەوە. ئایا هیچ هەوڵێک هەیە کە رۆژێک بێت ئەم کەمپە نەمێنێت و منداڵان و ژنان بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان؟  
 
شتێفان: لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ گەڕاندنەوەی خەڵکی خۆیان. بۆیە  کە ئەوە کارە دروستەکەیە. ئەڵمانیا لەسەر ئەم بابەتە هاوکارییەکی باشی لەگەڵ هاوبەشەکانیدا هەبوو. ئێمە زۆر دەینرخێنین و ئەوە گرنگە، چونکە کەمپی هۆل لە هەمان کاتدا نیگەرانییەکی ئەمنی و مرۆییە. منداڵان و ژنان لەوێ بە قووڵی بە دەست ئەم بارودۆخەی ئێستاوە دەناڵێنن. لە لایەکی ترەوە، ئێمە هەزاران چەکداری پێشووی داعشمان هەیە کە دەبێت دەستگیر بکرێن. بۆیە ئەڵمانیا پابەندە بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمپی هۆلەوە بە شێوەیەکی گشتگیر. بۆیە ئێمە بە پارەیەکی زۆر و بە پڕۆژەی زۆر سەرنجڕاکێشەوە لە رێگەی رێکخراوە ناحکومییەکانەوە و هەروەها لەگەڵ هاوبەشە حکومییەکانی عێراقیشدا پاڵپشتیی دەکەین بۆ گەڕانەوەیەکی بەردەوامبۆ کۆمەڵگەکانی خۆیان، کە ئەمەش کارێکی قورسە، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی پشتگیریی بکەین. 
 
هەروەها ئێمە لەم چوارچێوەیەدا لە هاوپەیمانێتیی دژی داعشدا گەورەترین بەخشەرین. ئەڵمانیا سەرۆکی هێزی سەقامگیرکردنە و گەورەترین بەخشەرە کە ساڵانە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار لە بە شێوەیەکی گشتگیر تایبەت بە کەمپی هۆل خەرج دەکەین. هەروەها بەشداریی ئێمە ئۆپەراسیۆنی چارەسەری ریشەییدا لە عیراقدا سێ-یەکە. کە هێشتا کارێکی گرنگ دەکەن، چونکە هێشتا داعش هەیە. مانگی رابردوو جارێکی دیکە بەهێزتر دەرکەوت. بۆیە ئێمە نیگەرانین و پێم وایە گرنگە هاوپەیمانێتیی فرەنەتەوەیی بەردەوام بێت لە شەڕکردن دژی داعش لەسەر ئاستی جیاوازی ئاسایشی سەربازی و ئاستی مرۆیی و سیاسییش. 
 
رووداو: گەورەترین ژمارەی منداڵان و ژنان لە کەمپی هۆلدا خەڵکی وڵاتانی دەرەوەن. ئەگەر ژمارەت لا بێت، چەند کەس خەڵکی ئەڵمانیا یان وڵاتانی دیکەی ئەورووپان؟  
 
شتێفان: ژمارەکە دەگۆڕێت، چونکە کەمپی هۆل روون نییە. بەڵام ئەوان ژمارەیەکی زۆر کەمن. پێموایە زۆرترین ژمارەیان خەڵكی چینن. زیاتر لە 1000 کەسیانن خەڵکی وڵاتانی دیکەی ئاسیان کە.ماره یه کی گەورەیە. وەک گوتم، هەوڵێکی بەردەوام بۆ بردنەوەی ئەو خەڵکە و مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسە نوێیەکاندا هەیە کە زۆر گرنگە. 
 
رووداو: هەڵوێستی ئێوە لەبارەی گەڕانەوەی پەنابەران لە وڵاتانی دراوسێوە چییە؟ بە تایبەتی لە تورکیاوە، کە هەندێک خەڵکی عەفرین و سەرێ کانیی لێیە و باسی ئەوە دەکەن لە ناوچەکانیان شەپۆلێکی گۆڕانی دیمۆگرافی هەیە.  
 
شتێفان: پێمانوایە کە گەڕانەوەی پەنابەران مافێکی پەنابەرانە و کارە راستەکەیە. ئەرکی رژێم ئەوەیە کە ئەمە بکات و وا بکات گەڕانەوەیان بەپێی بنەماکانی "UNHCR" بێت کە پارێزراوی و شکۆ و زانیارییەوە بگەڕێنەوە. ئەمە بەم جۆرە نییە. نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەیەوە ڕوون و ئاشکرایە. رژێم پێمان دەڵێت ئامادەیە بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران، بەڵام ئەوان لە پشتی دەرگا داخراوەکانەوەن. ئاشکرا دیارە کە حەز ناکەن بیانگەڕێنەوە. کەواتە کێشەی راستەقینە دیسان رژێمە. 
 
رووداو: بەڵام ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکاندایە، وەک عەفرین و سەرێ کانی. ئایا ئەمە یەکێکە لە بابەتەکانی گفتوگۆکان لە ئاستی دیپلۆماسیدا؟ 
 
شتێفان: بە دڵنیاییەوە یەکێک لە بنەماکان ئەوەیە کە ئەو کەسانە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. ئەوان مافی ئەوەیان هەیە بگەڕێنەوە بۆ خاکەکەیان. ئەمە بنەمایەکی زۆر گرنگە. 
 
رووداو: دوایین پرسیارم، دوای ئەم نیمچە ئاساییکردنەوەیەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و حکومەتی دیمەشق، ئایا ئێمە بەرەو ئەوە دەچین کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەرگای وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و باڵیۆزخانەکانیان لە دیمەشق بکرێنەوە، واتە پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا لەگەڵ دیمەشق ئاسایی بکرێتەوە؟ 
 
شتێفان: با بە روونی باسی بکەم. بئێمە سێ "نەخێر"مان هەیە کە "نەخێر بۆ ئاساییکردنەوە" یەکێکیانە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئێمە پێمانوایە پرۆسەیەکی سیاسی بۆ هەبوونی چارەسەرێکی بەردەوام زۆر پێویستە. بۆیە ئێمە پابەندین بەو سیاسەتەوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی بڕیاری 2254دا پشتگیریی پرۆسەی سیاسی بکەین. هەر لەبەر ئەوەیە کە ئێمە لێرەین و زۆر هیواخوازین کە ساتێک هەبێت کە لە سووریا گفتوگۆ بۆ چارەسەری بەردەوام ببینین. 
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. 
 
شتێفان: بەخێربێن، سوپاس. 
 
رووداو: سوپاس. 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە