زوبێر ئایدار: دەبێت ئۆجەلان بە شێوەیەکی ئازاد بجووڵێتەوە و کاتی گۆڕانکارییەکانە

02-11-2025
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
زوبێر ئایدار، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا.
زوبێر ئایدار، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زوبێر ئایدار، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی کۆمەڵگەکانی کوردستان (کەجەکە)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رووداو چەند خاڵێکی گرنگی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی، دۆخی کورد لە تورکیا و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
 
ئایدار، جەختی لەوە کردەوە پێویستە رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بتوانێت بە شێوەیەکی ئازاد بجووڵێتەوە، هەروەها ئاماژەی بە قسەکانی باخچەلی کرد کە گوتبووی "با ئۆجەلان بێتە پەرلەمان"، بەڵام سەرەڕای ئەمە هیچ لیژنەیەک سەردانی ناکات، بە بڕوای ئەو، ئێستا کاتی ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکانە لە دەستوور و یاساکانی تورکیادا و دەبێت کورد لە چوارچێوەی یاسا و مافەکانی خۆیاندا جێ بگرن.
 
ئایدار ئاشکرای کرد، ئەوان پێشنیازە یاساییەکانی خۆیان گەیاندووەتە دەوڵەت و داوای ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و گەڕانەوەی ئەو کەسانەی وەک ئەوان لە دەرەوەی وڵاتن کردووە.
 
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی، ئایدار رایگەیاند پەلەیان نییە، بەڵام ئێستا کاتی کارکردنە و ئەوان هیوادارن پرۆسەکە خێراتر بێت، هەروەها وەک خاڵێکی گرنگ ئاماژەی بەوە کرد کە شەڕ راوەستاوە.
 
ئایدار، ئاشکرایکرد هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەشێک نین لەم پرۆسەیە، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تورکیا و کوردیش، ئەو داوای نوێکردنەوەی برایەتی هەزار ساڵەی نێوانیانی کرد، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا داوای سەردانی ئیمراڵییان کردووە، بەڵام تورکیا وەڵامی نەداوەتەوە.
 
زوبێر ئایدار، دیاری کرد کە دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان بۆ هەموو کەسێک گرنگن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەموو لایەنەکانی باشووری کوردستان باشە، لە کۆتایی قسەکانیدا، ئایدار، هیوای خۆی خستەڕوو کە نەورۆزی 2026 لە ئامەد بێت.
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ زوبێر ئایدار:
 
رووداو: لە برۆکسل، پایتەختی بەلجیکا و یەکێتیی ئەورووپا، سڵاوتان لێبێت بینەرانی بەڕێز، پڕۆسەی ئاشتیی نێوان باکووری کوردستان و تورکیا، لەلایەن هەردوو لایەنی سەرەکییەوە، واتە بزووتنەوەی کوردی بە سەرکردایەتیی پەکەکە کە لایەنێکی سەرەکییە، بەردەوامە، هەرچەندە هەندێک جار بە "سیمبولی" ناودەبرێن، چەند هەنگاوێکی کرداری نراون؛ چ راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، چ سووتاندنی سیمبولییانەی چەک، هەروەها دوایین هەنگاویش کشانەوەی گەریلاکان لە باکووری کوردستان و سنووری دەوڵەتی تورکیا، هاوکات لە بەرامبەر ئەمەدا، تورکیاش دەڵێت کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانی دامەزراندووە و نامەی بەردەوام لەلایەن جۆراوجۆرەوە، لە ئیمرالی و لە بەڕێز ئۆجەلانەوە، بۆ کوردان، بۆ هێزە کوردییەکان، بۆ لایەنە جیاوازەکانی کوردستان و تورکیا دەنێردرێن، ئێمە لێکدانەوە لەسەر ئەم دۆخە دەکەین، لەگەڵ بەڕێز زوبێر ئایدار، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، کە میوانی ئێمەیە. بەڕێز ئایدار، دووبارە سوپاست دەکەم، ئێوە میوانی ئێمەن.
 
زوبێر ئایدار: سوپاس.
 
رووداو: ئێمە لە ماڵی ئێوەین.
 
زوبێر ئایدار: سوپاس، بەخێربێن.
 
رووداو: ئێمە لە ئۆفیسی سەرەکیی کەجەکەین، زۆر سوپاس، بەڕێز ئایدار، لە دوایین واگەیاندنی گەریلاکاندا، زاراوەیەکی نوێ، قسەیەکی نوێ سەرنجی واکێشاین، ئەویش راگەیاندنی "بەڕێوەبەرایەتیی بزووتنەوەی ئازاد" بوو کە هێزەکانی خۆی لە سنووری دەوڵەتی تورکیا کشاندووەتەوە، هەرچەندە مستەفا کاراسو دەڵێت هەندێکیان، نەک هەموویان، کشاونەتەوە، بۆ من جێی سەرنجە کە ئەم قسەیە تاڕادەیەک نوێ بووە، پێش ئێستا قسەی جیاواز بەکاردەهات، چ وەک هەپەگە بێت، چ پەکەکە بێت یان گەریلا بن، ئەم قسەیە چییە بەڕاستی؟ دوایین پرسیاریش، کۆما جڤاکێن کوردستان ماوە یان ئەویش هەڵوەشێندرایەوە؟
 
زوبێر ئایدار: ناوی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ماوەیەکی درێژە هەیە، پەکەکە، هەمووی هەن، زۆر جار وەک 'بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان' خۆیان ناودێر دەکەن، ئەمە نوێ نییە، بەڵام زۆر جار بەکارهێنراوە، ئێستاش دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بزووتنەوەکە لەنێو گەڕانێکدایە، کۆبوونەوە دەکات و گفتوگۆ دەکات کە بە چ ناوێک، رێکخراوێکی چۆن دابمەزرێنێت، بەگوێرەی سەردەمی نوێ، واتە رێکخستنێکی چۆن بێت، لەبەر ئەوەی هێشتا نەگەیشتوون بە بڕیارێک، هاوڕێیان بە گونجاویان زانیوە و ئەو ناوەیان بەکارهێناوە، واتە ئەمە شتێکی نوێ نییە.
 
رووداو: ئەم گفتوگۆیە لەسەر ناوە نوێیەکان هەیە، لە بەرامبەر ئەوەدا، لەسەر دامەزراوەیەکی نوێ، پارتێکی نوێش هەیە؟
 
زوبێر ئایدار: ئەویش هەیە، پەکەکە بەگوێرەی مەرجەکانی شەڕ، بەگوێرەی سەردەمی شەڕی سارد دامەزرابوو، ئێستا سەردەم گۆڕاوە و بەگوێرەی سەردەمی نوێ، رێکخراویش دەگۆڕدرێت و دەکرێت بەناوێکی نوێ و فۆرمێکی نوێ لەبەردەم هەموو کەسێکدا دەربکەوێت.
 
رووداو: دەکرێت لە داهاتوودا من بێم هەڤپەیڤینێک لەگەڵ بەڕێزت بکەم و بە دامەزراوەیەکی دیکە بناسێندرێیت؟
 
زوبێر ئایدار: ئەگەری هەیە، دەکرێت.
 
رووداو: نزیک یان دوور؟
 
زوبێر ئایدار: لە گفتوگۆدایە.
 
رووداو: لە گفتوگۆدایە، زۆر باشە، بەڕێز ئایدار، نامەیەکی راستەوخۆی نووسراوی بەڕێز ئۆجەلان بۆ کوردانی دیاسپۆرا لە ئەورووپا هەبوو، نامەیەکی دیکە، چ زارەکی بێت چ نووسراو بێت، دوای ئەوە بۆ ئێوە هەبووە؟
 
زوبێر ئایدار: ئێستا هیچ پەیامێکی راستەوخۆ نییە لەم کاتەدا، بەڵام هەڵسەنگاندن هەیە، واتە کاتێک شاندەکان چاویان پێی دەکەوێت، هەڵسەنگاندنی ئەو سەبارەت بە ئەورووپاش هەیە، واتە پرسیار دەکات، فڵان شت چۆن بوو، بەڵام شتێک وەک پەیامێکی نوێ کە 'فڵان شت بکەن، فڵان شت نەکەن' تا ئێستا نییە، بەڵام دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا پەیامی لەو جۆرەش بێن.
 
رووداو: بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە سەرکەوێت، ئێوە چی دەکەن؟ لە ناوەندی دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا، چاوپێکەوتنەکانتان لەگەڵ ئەوروپییەکان، لەگەڵ کوردان، لەگەڵ دۆستانی کورد هەن، یان ئێستا کەمن؟
 
زوبێر ئایدار: نا، چاوپێکەوتنەکانمان هەن، ئێمە کوردی دەرەوەی وڵات وەک بەشێک لە کوردستان سەیر دەکەین و کار دەکەین، بەتایبەتیش لە بابەتی لۆبی و دیپلۆماسیدا، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دامەزراوە و دەوڵەت و گەلانی ئەورووپا و شوێنەکانی دیکەی جیهان هەن، ناوەندی ئەم کارانە لە ئەورووپا بەڕێوەدەچێت و بەگوێرەی ئەوەش لۆبی دەکرێت، دیپلۆماسی دەکرێت تاوەکو پشتیوانییەک لە دەرەوە بۆ ئەم پڕۆسەیە هەبێت، واتە هەروەها لە ئەورووپا، هەروەها لە ئەمریکا، هەروەها لە زۆر شوێنی دیکەش، لەسەر ئەم بنەمایە کار دەکرێت، رۆژانە لەم بوارەدا کۆبوونەوە، کۆنفرانس و شتی لەم جۆرە هەن، ئێستاش شاندێک لە ستراسبۆرگدایە، لەو شوێنانە چاوپێکەوتن ئەنجام دەدرێن، وەک نموونە، ئەم دوو ساڵەیە کەمپەینی ئازادیی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەڕێوەدەچێت، لە 8ی مانگدا مارش و میتینگێکی گەورە هەیە کە کورد هەمووی دەنگی خۆیان بەرزبکەنەوە؛ هەروەها بۆ ئازادیی بەڕێز ئۆجەلان، هەروەها بۆ پشتگیریکردنی ئەم پڕۆسەیە، هاوکات لەگەڵ کوردانیش لە هەموو شوێنێک گفتوگۆ دەکرێت، لەگەڵ کەسانی جیاوازیش دۆخەکە لێکدەدرێتەوە.
 
رووداو: ئەو گۆشەگیرییەی کە بەردەوام لەنێو رای گشتی یان لە میدیای نزیک لە پەکەکەدا باسی لێوەدەکرێت، لەسەر بەڕێز ئۆجەلان هێشتا ماوە؟ یان وەک دەوترێت بەڕێز ئۆجەلان ئیتر شاندەکان دەبینێت، دەکرێت خەڵکی زیاتریش ببینێت؟ یان ئەم ئازادییەی کە باسی لێوە دەکرێت و زۆر جار وەک مەرجێکی سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە دەوترێت، ئازادییەکی فیزیکییە؟
 
زوبێر ئایدار: بەڵێ، گۆشەگیری هێشتا ماوە، واتە هێشتا بەڕێز ئۆجەلان لەوێ، لە شوێنێکی تەنیا دایە، بەڵێ راستە چەند جارێک شاند دەچن، خێزان دەچێت، هاتووچۆ هەیە، بەڵام هەموو شتێک لەنێو رێکارێکی زۆر توونددا بەردەوامە، لەبەر ئەمە، ئەمە گۆشەگیرییە، وەک نموونە، هێشتا ناتوانێت لەگەڵ راگەیاندن قسە بکات، ناتوانێت شاندەکان قبووڵ بکات، ناتوانێت هاوڕێیانی قبووڵ بکات، مەسەلە ئەوەیە کە لەم پڕۆسەیەدا، پڕۆسەیەکی ئاشتی و گفتوگۆ بەڕێوەدەچێت، پێویستە ئەویش بتوانێت ئازادانە بجووڵێت، لەگەڵ هەر کەسێک بیەوێت پەیوەندی دابنێت، با دایبنێت، بیەوێت لەگەڵ راگەیاندن قسە بکات، با قسە بکات، هاوڕێیانی لای بن، شاندی هەبێت، سکرتاریەتی هەبێت، کەسێک بەتەنیا ناتوانێت ئەم کارە بەڕێوەببات، دەبێت بە شاندێک، بە سکرتاریەتێک و بە پەیوەندییەکانی بتوانێت ئەم کارە بکات، مەسەلە ئەمەیە، واتە بڕیار بوو تائێستا، پێویست بوو دەربکەوتایە، دەبوو لە ئیمرالی ئازاد بووایە و بتوانایە هەروەها هاوڕێیانی لای بوونایە، هەروەها بتوانایە میوان قبووڵ بکات، تائێستا وتوویانە "بەڵێ" بەڵام جێبەجێیان نەکردووە.
 
رووداو: بەڕێز ئایدار، پێش ئەوەی پرسیارێکی کۆنکرێتی بکەم، تائێستا هیچ رێنماییەکی دیاریکراوی بەڕێز ئۆجەلان بۆ ئێوەی ئەوانەی کە لە ئەورووپا لەم بزووتنەوەیەدا دیارن و رۆڵتان هەیە، هەبووە یان نا؟ وەک نموونە بڵێت، 'لەگەڵ فڵان لایەن دابنیشین'، 'پشتیوانی لە فڵان لایەنی کوردی یان ئەورووپی بخوازن'، 'لەگەڵ نوێنەرانی فڵان وڵات دابنیشن، ئەمە بکەن، ئەوە نەکەن'.
 
زوبێر ئایدار: نا، رێنماییە گشتییەکان بۆ هەمووان هەن، بۆ دیپلۆماسیش.
 
رووداو: واتە کراوەیە بۆ هەر لایەنێک؟
 
زوبێر ئایدار: بەڵێ، دەرگای کردووەتەوە، کە ئێمە لەگەڵ هەر لایەنێک مامەڵە بکەین و، لەسەر بنەمای یەکێتیی کوردانیش، واتە لە هەر چاوپێکەوتنێکدا، هەر جارێک، بۆ یەکێتیی کوردان دەڵێت 'پێویستە ئێوە کار بکەن' و باسی دامەزراوەیەکی نەتەوەیی دەکات، باسی کەجەکەش دەکات، دەبێت ئەو یەکێتییە بەهێز بکرێت و دروست بکرێت.
 
رووداو: بەڕێز ئایدار، پرسیارێکی کۆنکرێتی بکەم، تۆ لەلایەن کوردەوە دەستپێبکە یان موخاتەبی سەرەکی پەکەکە، چ هەنگاوێکی ناوە، منیش لەلایەن تورکیاوە دەڵێم چی کراوە، کورد چی کرد و لە بەرامبەر ئەوەدا ئێوە چی لە دەوڵەت چاوەڕێ دەکەن؟
 
زوبێر ئایدار: ئێستا، لەلایەن کوردەوە، بانگەوازەکەی سەرۆک ئاپۆ لە 27ـی شوباتدا بانگەوازێکی مێژوویی بوو، کەسێک لەنێو کورداندا ئەوەندە مەترسی و بار نەدەگرتە سەر شانی خۆی، ئێمە دوای ئەوە شەڕمان راگرت، ئێمە بەگوێرەی ئەو بانگەوازە کۆنگرەمان کرد، پەکەکەمان هەڵوەشاندەوە، دوای ئەوە ئێمە چەکمان سووتاند، واتە لە 11ی تەمووزدا، و ئێستاش، دەستیپێکردووە کە هێزەکانی گەریلا لە باکوور دەکشێنەوە، راگەیاندنی ئەوەش لە 25ی ئایاردا درا، واتە ئەم شتانەی کراون ئەمانەن، هاوکات ئێمە زمانی خۆشمان گۆڕیوە، واتە پڕوپاگەندەی وەک شەڕ، دوژمنایەتی و فڵانمان داوەتە لایەک، ئێمە زمانی ئاشتی بەکار دەهێنین، ئێستا نۆرەی لایەنی بەرامبەرە.
 
رووداو: بڵێم چی کراوە؟
 
زوبێر ئایدار: تۆ دەتوانیت بیڵێی.
 
رووداو: من پێموایە تۆ دەزانیت، یەک، قبووڵکردنی بەڕێز ئۆجەلان وەک موخاتەبی سەرەکی بۆ ئەم پڕۆسەیەی کە لە تورکیا پێی دەڵێن "چارەسەری – دەوڵەتێکی بێ تیرۆر" و بۆ کوردان "پڕۆسەی ئاشتی"، تووندترین کەس لە دژی کوردان، باخچەلی، گوتبووی 'با بەڕێز ئۆجەلان بێت لە پەرلەمان قسە بکات'، پاشان دەرگایان کردەوە تاوەکو شاند و نوێنەران بچنە ئیمرالی، لە بەرامبەر ئەوەدا، گرنگترین کار دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانی بوو، ئایا ئەم هەنگاوانەی کە کوردان یان پەکەکە ناویانە، لەگەڵ ئەوانەی دەوڵەت نزیکن لە یەکترەوە، یان هیواکانتان گەورەترن؟
 
زوبێر ئایدار: نا، هیواکانمان گەورەترن.
 
رووداو: چین؟
 
زوبێر ئایدار: ئێستا ئەوانەی تۆ باست کردن واستن، واتە شاندەکان دەچنە لای سەرۆک ئاپۆ و دێن، بەڵام دەبێت ئەو بتوانێت ئازادانە بجوڵێت، واتە قسەی لەگەڵ کراوە، ئەویش گوتوویەتی "بەڵێ، من دەتوانم ئەم پڕۆسەیە بە تەنیا بەڕێوەببەم"، ئەمە هەنگاوێکی سەرەکییە، کۆمیسیۆن دامەزرێنراوە، لە پەرلەمانی تورکیا بۆ یەکەم جارە لە سەد ساڵدا شتێکی وا روودەدات، ئەمە گرنگە، بەڵام کۆمیسیۆنەکەش زۆر بە هێواشی کار دەکات، پێویستە ئەم کۆمیسیۆنە ئێستا لەگەڵ لایەنی تورک دابنیشێت، بەڵام دەبێت لەگەڵ لایەنی کوردیش دابنیشێت، دەبێت بچێتە لای سەرۆک ئاپۆ و لەگەڵی دابنیشێت، باخچەلی گوتی 'با بێتە پەرلەمان'، ئاساییە، دەبێت بهاتایە پەرلەمان، بەڵام با بچنە ئیمرالی، با گوێی لێبگرن، ئێمە دژی نین، واتە دەبوو زووتر چوونایە، هێشتا نەچوون، ئێمە هیواخوازین زووتر بچن و بە فراوانی گوێ لە سەرۆک ئاپۆ بگرن، پاشان... ئێستا ئەم هەموو هەنگاوانە بۆ خۆشکردنی زەمینەکەن، بەڵام هەنگاوە بنەڕەتییەکان دوای ئەمەن، دەبێت یاساکان بگۆڕدرێن، دەبێت دەستوور بگۆڕدرێت، تەنیا گوتنی 'کورد هەن' بەس نییە، دەبێت کورد بچنە نێو یاسا، دەبێت لە دەستووردا کورد وەک نەتەوەیەکی ئەو وڵاتە قبووڵ بکرێن، دەبێت هەموو مافەکانی کوردانیش بناسرێن، کورد بتوانن بە زمانی خۆیان پەروەردە ببن، زمانی کوردی ببێتە خاوەن ستاتۆیەکی فەرمی، کورد بتوانن خۆیان بەڕێوە ببن، ئازادانە خۆیان رێکبخەن و سیاسەت بکەن، لە شوێنی خۆیان، ناوەکەی چی بێت با بێت، دەبێت بتوانن بەڕێوەبەرانی خۆیان هەڵبژێرن و خۆیان بەڕێوەببن، ئەم هەموو شتانە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، نموونە هەن، نموونەی عێراق هەیە، پێویست ناکات هەموو شتێک وەک یەک بێت، بەڵام لەوێش کورد لە نێو دەستووردان، پێشتر نەبوون، ئێستا هەن، نموونەی وڵاتانی دیکە کە کێشەکان چارەسەر کراون هەن، ئێمە دەتوانین سوود لەم شتانە وەربگرین و لەو وڵاتەدا ئێمەش بتوانین ئازاد بژین، خۆمان بەڕێوەببرین و زمان و کولتووری خۆمان بژین.

 

رووداو: زەمینەی کۆمەڵگای تورکیا ئامادەیە کە کورد بەم شێوەیە قبوڵ بکات؟ یان دەبێت هەنگاوی باشتریش بنرێن؟ وەک نموونە، سەرۆکی پەرلەمان دەچێتە ئامەد یان شارێکی دیکەی باکووری کوردستان و چەند قسەیەکی کوردی دەکات، یان سەرۆککۆمار دێت و پەیامی نەرم بۆ کورد دەنێرێت، ئایا ئەمە زەمینەسازی نییە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا ئیتر هەروەها پڕۆسەکە پەسەند بکات، هەروەها کاتێک باسی مافەکانی کورد لە دەستووردا بکرێت، ئیتر کورد قبووڵ بکرێن؟

 

زوبێر ئایدار: ئێمە ناڵێین هەموو شتێک لە یەک ڕۆژدا دەبێت، لەگەڵ دەوڵەتێک کە لەسەر بنەمای یەک نەتەوە دامەزراوە، لەگەڵ گەلێک کە بەو شێوەیە پەروەردە کراوە، هەنگاو بە هەنگاو پێویستە، بەڵام ئیتر کات هاتووە کە ئێمە لە قسەکردنەوە بڕۆینە سەر پراکتیک، ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان بچێتە ئەوێ و چەند وشەیەکی کوردی قسە بکات، شتێکی سەیر و نامۆ نییە، بەڵام راستە لەو وڵاتەدا سەیر و نامۆ دەبینرێت، ئەمە باشە، بەڵام دەبێت ئەمە بچێتە نێو یاسا، تائێستاش لەو کۆمیسیۆنەدا، کاتێک دایکێک گوتی 'من تورکی باش نازانم، بە کوردی خۆم دەربڕم'، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە وتی 'زمانی فەرمیی ئێمە تورکییە، تۆ ناچار دەبیت بە تورکی قسە بکەیت'، ئەم شتە نابێت، دەبێت لە شوێنێکەوە دەست پێبکات، مەسەلە ئەوەیە کە ئێمە بێینە سەر یەک، ئێمە دوو گەلی دراوسێین، وەک دەڵێن 'برایەتیی هەزار ساڵمان هەیە'، ئەگەر خوشک و برایەتی بێت، دەبێت ئێمە وەک خوشک و برا لەگەڵ یەک هەستین و دابنیشین، نابێت لە خوشک و برایەتیدا یەکێک بێبەش بێت، ئەگەر ئێمە لەم بابەتەدا راستگۆ بین، دەبێت لەسەر یەک رێکبکەوین.
 
رووداو: بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە خێراتر بێت، وەک ئێوە و هێزەکانی سەر چیا گلەیی دەکەن کە دەبێت ئەم پڕۆسەیە خێراتر بەڕێوە بچێت، دەبێت چی بکرێت؟
 
زوبێر ئایدار: ئێستا کات، کاتی ئەوەیە کە یاسا و دەستوور بگۆڕدرێن، هەموو دەستوور و یاساکانی تورکیا بۆ ئەوە دەرچوون کە کورد تەنگەتاو بکەن، من خۆم وەک یاساناسێک دەزانم، دەبێت ئەم هەموو شتانە لەبەر چاو تێپەڕن، هێدی هێدی کورد بچنە نێو یاسا، بچنە نێو یاسا، دەبێت لە قسەکردنەوە بڕۆنە سەر پراکتیک، ئێستا هاوڕێیان چەکیان سووتاندووە، بەڵام ئەو کەسانە جارێکی دیکە ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، ئەگەر حکومەت بیویستایە، دەیانتوانی لەوێ سیاسەت بکەن، بەڵام پێویستە زەمینەی یاسایی ئەوە دروست ببێت، بە گوتنی 'وەرە' دروست نابێت، پێویستە زیندانەکان چۆڵ بکرێن.
 
رووداو: پێشنیار کراون کە چی بکرێت؟
 
زوبێر ئایدار: هەندێک گفتوگۆ و ئامادەکاری هەن، ئێمە دەزانین پێویستە چی بکرێت، بەڵام هێشتا وتووێژێکی وەک ئەوەی داوا دەکرێت دروست نەبووە.
 
رووداو: ئەو پێشنیارانەیان داوەتە دەوڵەت؟
 
زوبێر ئایدار: بەڵێ هەن، ئێستا دەبێت زیندانەکان چۆڵ ببن، کەسانی سیاسی لەبەر ئەم هۆکارانە لە زیندانەکاندا نەمێنن، دەبێت کەسانی دەرەوە، ئەوانەی لەبەر ئەم کێشانە دەرکەوتوون، هەموویان بتوانن بگەڕێنەوە، ئەمەش یەکێکە لەو هەنگاوانە، واتە بە هەندێک یاسای ئازادی و یاسای تێکەڵکردن ئەم شتانە دروست دەبن، مەسەلەکە بەم شێوەیەیە.
 
رووداو: بەڕێز ئایدار، شتێکی دیکە جارێکی دیکە بووەتە رۆژەڤ، دەڵێن تورکیا دەیەوێت هەسەدەش چەکەکانی دابنێت، جەمیل بایک لەسەر ئەم پرسیارە گوتبووی کە کێشەی ئێستا پەیوەندی بە هەسەدە نییە، بەڕاستیش هەندێک جار بۆ ئێمە رۆژنامەڤانانیش تێکەڵاوی دروست دەبێت، ئایا رۆژاوای کوردستان، بەتایبەتی چەک دانانی هەسەدە، بەشێکە لە پڕۆسەکە یان نا؟
 
زوبێر ئایدار: نا، بەشێک نییە لەوە، بەڵام کاریگەری لەسەر یەک دەکەن، هەموو کوردستان کاریگەری لەسەر یەک دەکات، ئەوەی لە باکوور روودەدات، کاریگەری لەسەر باشوور، رۆژهەڵات و رۆژاواش دەکات، بەڵام لە رۆژاوا زیاتر دەکات، لەبەر ئەوەی زیاتر بە یەکەوە بەستراونەتەوە، بەڵام لەم بابەتەدا هیچ مەرج و ساتێک بەو شێوەیە نین کە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەی باکووری کوردستان، هێزەکانی سووریای دیموکراتیش هەستن چەکەکانیان دابنێن، ناتوانیت ئەمانە بە یەکەوە ببەستیتەوە، ئەمە نادادپەروەریشە، ئێمە دەبینین دۆخی پێکهاتەکانی دیکە چییە، ئەوەی بەسەر عەلەوی و درووزەکاندا هاتووە، کێ دەتوانێت بڵێت با ئەو شتانە بەسەر کورداندا نەیەن و کورد خۆیان نەپارێزن لەوێ؟ ئەگەر ئێمە راستگۆ بین، دەبێت لەسەر یەک رێکبکەوین، ئێستا کێشەیەکی تورکەکان هەیە؛ تورکەکانی دەرەوەی تورکیا، کێشەیەکی کوردانیش هەیە؛ کوردی دەرەوەی باکووری کوردستان، ئەوان چۆن نزیکدەبنەوە لە تورکەکانی قوبرس، ئێمەش دەمانەوێت بە هەمان سیاسەت ئێمە پێکەوە نزیک بینەوە لە کوردەکانی رۆژاوا، باشوور و رۆژهەڵات، بۆ قوبرس هەموو شتێک دەکەن، سەد هەزار تورک لەوێن، بۆچی کاتێک نۆرە دێتە سەر کوردان کە دوژمن هێرش دەکاتە سەریان، نابێت؟ ئەگەر ئێمە لەسەر یەک رێکبکەوین، کوردی باکووریش دەبنە دۆستی کوردانی رۆژاوا و باشوور، واتە دەبێت کورد و تورک ئەو برایەتییە هەزار ساڵییەی کە باسی لێوەدەکەن، لە نوێوە دروستی بکەنەوە.
 
رووداو: لە کاتی دەرچوونی نامەی بەڕێز ئۆجەلانەوە تائێستا، تۆ هیواداریت کە ئەم پڕۆسەیە سەرکەوێت؟

 

زوبێر ئایدار: هێدی هێدی دەڕوات، وەک ئەوەی ناخوازن نییە، ئێمە هیواخوازین خێراتر بێت، بەڵام نەرمییەکی جددی هەیە، تێگەیشتنێکی نوێ هەیە، زەمینەی ئەمساڵ و پار ناتوانیت بەراورد بکەیت، جیاوازییەکی گەورە هەیە، شەڕ راگیراوە، ئیتر تەرم نایەن، شەڕ لەلایەن ئێمەشەوە راگیراوە، دوای ئەوە کەم دروست بوو، بەڵام ئێستا نییە، ئەمە زۆر گرنگە، ئێمە بەهای کارەکانی کراون دەدەین، ئێمە دەمانەوێت بە هەنگاونان ئەم زەمینەیە خۆشتر بکەین، ناتوانین بڵێین گەیشتووینەتە قۆناخێک کە ئیتر ناتوانین پاشگەز ببینەوە، ئێمە دەمانەوێت هەردوو لایەن بگەنە ئەو قۆناخە، هیوای ئێمە بەم شێوەیەیە، ئەمە پەیوەندی بە لایەنی بەرامبەرەوە هەیە، چونکە ئەوان لایەنی بەهێزن، لایەنی دەوڵەتن، ئەمڕۆ چاوپێکەوتنی شاند و تەیب ئەردۆغان هەیە، ئەمە سێیەمین جارە پێکەوە دادەنیشن، ئێمە هیواخوازین ئەمە ببێتە دەستپێکێک کە ئیتر ئێمە هەنگاوی یاسایی و پراکتیکی بنێین.
 
رووداو: زانیاریمان لەبەردەستدایە، بەڕێز ئایدار، کە شاندێکی کوردان لە ئەورووپاوە دەچێتە ئیمرالی و بەڕێز ئۆجەلان دەبینێت، پرسیارێکی خێرا و کورت: راستە یان نا؟
 
زوبێر ئایدار: زانیارییەکی وا لام نییە، راست نییە، بەڵام ئەگەر دروست بووایە سەرسوڕهێنەر نەبوو، دەبوو دروست بووایە.
 
رووداو: من دەزانم و دڵنیام کە کورد لە دیاسپۆرا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ئەو زەمینەیە ئامادەبکەن و پڕۆسەکە سەرکەوێت، ئەم زانیارییە راستە و من لێی دڵنیام.
 
زوبێر ئایدار: ئێمە لەم بوارەدا کۆبوونەوە دەکەین، هەوڵدەدەین، بەڵام ئێستا شتێکی پلانکراو نییە، نا، نییە، هێشتا زەمینەیەکی وا دروست نەکراوە، ئێمە دەمانەوێت، ئێمە دەچین، ئەگەر دۆخەکە گەیشتە ئەو قۆناخە، ئەوە کێشە نییە.
 
رووداو: ئایا کەسێک لە ئەوروپییەکان داوایکردووە بچێت بیبینێت؟ باس دەکرێت کە شاندێکی ئەورووپیش بچێتە ئیمرالی.

 

زوبێر ئایدار: زۆر کەس ویستوویانە، بە فەرمی سکاڵایان لە وەزارەتی دادیش تۆمارکردووە، دەوڵەتی تورکیا تائێستا نە دەڵێت "بەڵێ"، نەش دەڵێت "نا"، وەڵامی نەداوەتەوە.
 
رووداو: پرسیارێک بکەم بۆ ئەوەی وەک زانیاری بگاتە رای گشتیی کوردی، هێزەکانی گەریلاکانی کوردستان چەند دوور دەکەونەوە لە سنووری باکووری کوردستان یان دەوڵەتی تورکیا؟ بەگوێرەی بەدواداچوونی من، لە نێوان 15 تا 20 کیلۆمەتر دوور دەکەونەوە، زیاتر دەبێت یان هەر وای دەمێنێتەوە تاوەکو هەنگاوە کردارییەکان بنرێن و چارەنووسی هێزە چەکدارەکانی گەریلا دیار بێت؟
 
زوبێر ئایدار: بەڕاستی من خاوەنی ئەو بابەتە نیم، من نازانم، ئەوە پرسیارێکی سەر زەمینەیە، هی ئەوێیە، لەوێ گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، چونکە گفتوگۆ لەوێش هەن، ئەوان لە ئەورووپا گفتوگۆی لەسەر ناکرێت، لەبەر ئەوە من ناتوانم بڵێم لە فڵان خاڵدا چی روودەدات، چونکە من خاوەن نیم.
 
رووداو: هیوای ئێوە لە باشووری کوردستان چییە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە سەرکەوێت؟
 
زوبێر ئایدار: ئێستا باشووری کوردستان بۆ هەموومان دەستکەوتێکی گرنگە و پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ ئەوان، لە هەموو لایەنەکاندا، زۆر باشن، گفتوگۆیەکی باش لە نێوانماندا هەیە، ئێمە دەمانەوێت ئەم گفتوگۆیە بەهێزتر و زیاتر بکەین، ئەوە گرنگە، چارەسەری لە باکوور، چارەسەری گشتیی کوردستانە، ئەگەر ئێمە لە باکوور بتوانین هەنگاوێک بنێین، ئێمە دەتوانین دەستکەوتەکانی خۆمان لە پارچەکانی دیکەش گەورەتر بکەین، بەڵام ئەگەر ئێمە لە باکوور لە تەنگاسیدا بین، دەستکەوتەکانمان دەکەونە ژێر هەڕەشە، لەبەر ئەوە، پێویستە باشوور لەم بوارەدا هەوڵ بدات کە ئەم پڕۆسەیە سەرکەوێت، هەوڵەکانیان باشن، ئێمە لە پەیوەندییەکانی کە بەڕێوەبەرایەتیی باشوور لەگەڵ ئێمە و لەگەڵ تورکیا دایانناوە، رازین.
 
رووداو: بەڕێز ئایدار، نەورۆزی ساڵی 2026 تۆ لە ئامەدی؟
 
زوبێر ئایدار: هیواخوازم، هیواخوازم، ئێمە هەموومان لەوێ پێکەوە پیرۆزی بکەین، ئەگەر وا بێت، ئەوە دەبێتە نەورۆزێکی گشتیی کوردستان، ئەگەر ئێمە بچین، ئەوە لە باشووریش، لە هەموو شوێنێکەوە، زۆر کەس دێن.
 
رووداو: بەڕێز ئایدار، من زۆر سوپاست دەکەم بۆ کاتەکەت.
 
زوبێر ئایدار: منیش سوپاس دەکەم، سڵاو و رێز.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش بینەرانی بەڕێز، بەخێر بێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە