رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) رایگەیاند، لە سەرەتای رووخانی رژێمی ئەسەد دا دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق "کە ناویان لە لیستی تیرۆر دەرنەهێنرابوو، سزاکانی سەریان هەڵنەگیرابوون.. هەندێ قسەی خۆش و شیرین لەبارەی پێکهاتەکان" کرد و، ئەوانیش پێی دڵخۆش بوون، بەڵام ئێستا ئەو هەڵوێستەیان گۆڕاوە" دواتر کە سزاکان لەسەریان هەڵگیران و ناویان لە لیستی تیرۆر دەرهێنرا، گرێبەستی بە ملیاران دۆلار لەگەڵیان واژۆکران، هەڵوێستەکەیان بووە شتێکی دیکە، بەڕاستی ئەمە جێگەی مەترسییە".
محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی (ئەنەکەسە) لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا کە رۆژی 30-11-2025 لە شاری هەولێر سازکراوە، رایگەیاند کە رێککەوتنی 10ی ئادار پەیوەستە بە بواری سەربازی، کارگێڕی و خزمەتگوزارییەوە، ئەو شاندەی دانوستاندن لەسەر مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد دەکات شاندی هاوبەشە کە لە ئەنجامی کۆنفرانسی یەکڕیزیی کورد لە شاری قامشلۆ لە 25ی نیسانی 2024 دروست بووە، بەڵام دیمەشق ئامادە نییە پێشوازی لەم شاندە بکات.
هەروەها لەوبارەوە رەخنە لە نوێنەرانی فەرەنسا و ئەمریکا دەگرێت و دەڵێ "فەرەنسی و ئەمریکییەکان رۆژانە لای ئێمە بوون و دەیانگوت ئێوە رێکبکەون ئێمە لەگەڵتان دێین بۆ دیمەشق و وادەیەک دیاری دەکەین و هاوکاریتان دەکەین، بەڵام دوای ئەوەی ئێمە لەنێوخۆماندا رێککەوتین، هەردوولا دیار نەماون"، بەڵام ئاماژە بە گۆڕانێکی "ئەرێنی" دەکات و دەڵێ "ئەمریکییەکان نێوەندگیریی دەکەن لە بواری تەکنیکی دا و دەڵێن بوونی دوو شاند لە دیمەشق دەبێتە هۆی سەرلێشێوان، بەڵام ئەم دوواییانە باوەڕێک دروستبووە کە ئەگەر هەردوو شاند لە دیمەشق بن باش دەبێت".
محەممەد ئیسماعیل، کە لە هەمان کات دا سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریایە، دەڵێ ئەوان راگەیاندنی دەستووریی دیمەشقیان رەتکردەوە و، ئەو پەرلەمانەش کە ئێستا دروستکراوە سەرکەوتوو نییە و ناتەواوە، هەروەها دەڵێ یەک کەس و یەک حیزب ناتوانن سووریا بەڕێوەببەن و "مومکین نییە سووریا بگەڕێتەوە بۆ ناوەندیبوون"، هەروەها دەڵێ پاراستنی یەکێتی سووریا بە ناناوەندیبوون دەکرێت "سووریا یان پارچە دەبێت یان دەبێ خاوەنی سیاسەتێکی ناناوەندی بێت".
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: کاک محەممەد بەخێربێن
محەممەد ئیسماعیل: سوپاس دەستخۆش
رووداو: با لە دۆخی کۆتایی سووریا دەستپێبکەم، دوایین هەڵسەنگاندنتان بۆ دۆخی سووریا چییە، بەتایبەت ئێوە وانابینن کە بەبێ دانانی دەستوورێکی نوێ و سیستەمێکی نوێ ، سەقامگیری و ئارامی لە سووریا دروست نابێت ؟
محەممەد ئیسماعیل: دۆخی سووریا زۆر ئاڵۆزە و هەر دوو مانگ جارێک بەشێوەیەک دەگۆڕدرێت، سەرەتا کە ناویان لە لیستی تیرۆر دەرنەهێنرابوو، سزاکانی سەریان هەڵنەگیرابوون، هەڵوێستییان جیاواز بوو، هەندێ قسەی خۆش و شیرین لەبارەی پێکهاتەکان دەگوتران، ئێمە دڵی خۆمان خۆشکرد و سوپاسمان کردن، دواتر کە سزاکان لەسەریان هەڵگیران و ناویان لە لیستی تیرۆر دەرهێنرا، گرێبەستی بە ملیاران دۆلار لەگەڵیان واژۆکران، هەڵوێستەکەیان بووە شتێکی دیکە، بەڕاستی ئەمە جێگەی مەترسییە، بەتایبەتی راگەیاندنی دەستووری بەشێوەیەکی تاکلایەنە و پێکهێنانی حکومەت بەبێ گوێگرتن و هاوبەشی پێکردنی پێکهاتەکان ئەوەش جێگەی نیگەرانی ئێمە بوو. ئێمە وەک کورد هەر لە سەرەتاوە لە کۆنفرانسی 26 ی نیسان کە بە دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی و هاوکاری کاک مەزڵووم عەبدی سازکرا، وەکو هەموو هێزە سیاسییە کوردییەکان توانیمان تێڕوانینێکی کوردیی هاوبەش نیشانبدەین لە دوو بەش دا، بەشێکی تێڕوانینمان بوو بۆ داهاتووی سووریا، بەشەکەی دیکە مافی کورد تێیدا چی دەبێت و، و شاندێکی هاوبەشمان دروستکرد، شاندی هاوبەش، شاندی هاوبەشە نەک سەرۆکایەتی هاوبەش وەکو تۆ باستکرد.
رووداو: هاوسەرۆکن؟
محەممەد ئیسماعیل: هاوسەرۆک نین، سەرۆکایەتی هاوبەشە، یەک سەرۆکی شاندی ئەوان و یەکێکیش سەرۆکی شاندی ئێمەیە، ئەو شاندەمان راهێنانیان کرد و کۆبووینەوە، ئەو خاڵانەی لەبەردەمماندان کە پێویستە سەرەتا باس بکەین و بۆچی ئەو خاڵانەمان داناون و لێکوڵینەوە و راهێنانێکی باشمان لەسەر کردووە، بە راستی تا ئێستا شاند هاوسەنگە و هیچ ناکۆکی و جیاوازییەک لە نێو ئێمە وەکو شاندەکە دەرنەکەوتوون، بەڵام تائێستا حکومەتی شام (دیمەشق) ئەو شاندەی بانگهێشت نەکردووە.
رووداو: بۆچی، هۆکاری بانگهێشت نەکردنی ئەو شاندە لەلایەن شامەوە چییە؟
محەممەد ئیسماعیل: ئەوان واپیشان دەدەن کە رێککەوتنی 10 ئاداری نێوان مەزڵووم و شەرع هەیە، ئەو رێککەوتنە پرسی ئیداری، سەربازی، لوجیستین و تەکنیکییە، دەڵێن کە شاندێکی وایان دروستکرد، ئەو شاندەش تائێستا نەگەیشتووەتە هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەت، ئێمە دەڵێین ئەو شاندە گرنگە، پرسی تەکنیکی و ئیداری و سەربازی گرنگن، بەڵام ئەوەی هەرە گرنگە و لە هەموویان گرنگترە مافەکانی گەلێکە. واتە شاندی هاوبەش تێڕوانینی سیاسی کوردی، مافی گەل و نەتەوەیەکە کە دەیان ساڵ خەباتی کردووە و قوربانیی داوە، سەختی و تووندوتیژی رووبەڕووبووەتەوە، گەلەکەمان بۆ ئەم هەڵوێستە لە خەبات بەردەوام دەبێت تاوەکو کورد بگەن ئەوەی کە لە دڵی دەستووری سووریادا دان بە هەبوون و مافەکانی گەلی کورد دابنێرێت. ئەوان دەیانەوێت ئەمە بەلاوە بنێن و پشتگوێی بخەن، سەرەتا پرسی تەکنیکی، ئیداری و سەربازی، واتە پرسی کەسی و تاکەکەسی بن بەبێ ئەوەی دان بەوە دابنێن کە گەل و میللەتێک هەیە، نەتەوەیەکە ماف و تایبەتمەندی خۆی هەیە بە جیا. پێکهاتەی کوردی جیاوازە لە لە هەموو پێکهاتەکانی دیکەی سووریا، چونکە نەتەوەیەکە تایبەتمەندی خۆی هەیە، پرسی کورد لە سووریایە، بەڵام ئێستا لە چوارچێوەی بەرتەسکی نێوخۆیی دەرچووە بۆ سەر ئاستێکی نێودەوڵەتی.
رووداو: لە سووریا و بەوپێیەی کە ئێمە دەیبینین، ئەوە ساڵێک بەسەر گۆڕینی دەسەڵات دا تێپەڕی، بەڵام ناوی کۆمار نەگۆڕاوە و وەکو خۆی ماوە کە کۆماری عەرەبییە، دەستوورێک نووسرا کە دەسەڵاتی زۆر دراوە بە سەرۆککۆمار و سیستەمی ناوەندی بەهێزە تێیدا، ئایا ئەمە گونجاوە بۆ سووریا؟
محەممەد ئیسماعیل: بێگومان نەخێر گونجاو نییە. سووریا و ئەحمەد شەرع و دەستەی تەحریر شام ناتوانن دەسەڵاتی سووریا بکەن بەبێ کورد، دروز، عەلەوی و پێکهاتەکانی سریان و کلد و ئاشووری، بەبێ عەرەبە سوننە مەدەنی و شارستانییەکان دەسەڵاتی سووریا بەڕێوەببەن. پێویستە گوێ لە نەتەوەکان بگیرێت و بایەخ بە بوونی پێکهاتەکان بدرێت و ئەو پێکهاتانە رازی بکرێن، بەر لە هەموویان پێکهاتەی کورد کە تایبەتمەندی خۆی هەیە، زمانی جیاوازی خۆی هەیە، پێویستیی نەتەوەیی جیاوازی هەیە، خەباتێکی دوور و درێژی هەیە، هێزە کوردییەکان پێکەوە رێکوپێکن. ئێمە هێزێکی سیاسیین و تێڕوانینی سیاسیمان بۆ داهاتووی سووریا هەیە. لەبەرئەوەی دۆخی حکومەت تائێستا لاوازە، ئەم حکومەتە تائێستا تەنیا باسی ئاستی نێودەوڵەتی دەکات.
لەم دواییەدا سووریا چووە نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، واتای ئەمە چییە؟ ئەمە واتە سووریا لە بەرەی "مقاومە و ممانعە"ی ئیران و رووسیا دەرچووە و کەوتووەتە بەرەیەکی دیکەوە کە 180 پلە جیاوازە و پێویستە سیستەمێکی دیکە لە سووریا دروست بکرێت و گۆڕانکاری لە هەر دەستەواژییەکی سووریادا بکرێت، ئەم گۆڕانکارییانە پێویستە بەپێی خوێندنەوەیەکی باش بکرێن و بڕیاری باشیان بۆ بدرێت و گوێ لە پێکهاتەکان رابگیرێت، گوێ لە هێزە سیاسییەکانی سووریا رابگیرێت، سووریا تازە چووەتە نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دەیەوێ کێشەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر چارەسەر بکات. بەداخەوە ئەوە کێشەی سیستەمەکانی هەرێمی ئێمەیە، ئامادەن سازش لەگەڵ هەموو کەسێک بکەن لە دەرەوە، بەڵام ئامادەنین سازش بۆ گەلەکەیان بکەن. ئەمە دۆخی هەموو سیستەمەکانی ناوچەی ئێمە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. ئامادەیە لە دەرەوە ئیسرائیل، تورکیا، دراوسێیەکان و ئەمریکا رازی بکات، بەڵام گەلەکەی رازی ناکات. ئەوە شتێکی راست نییە و سووریا رووبەڕووی خراپە و زەحمەتی دەکاتەوە .
رووداو: ناوی کورد و نەتەوەکانی دیکەش لە راگەیاندنی دەستووری دا نەبوو، هیچ بەندێکیش بۆ نەتەوەکانی ناعەرەب لەنێو ئەو دەستووردا نەبوو، ئێوە وەک ئەنەکەسە ئەمە قبووڵ دەکەن؟
محەممەد ئیسماعیل: هەڵبەت ئێمە قبووڵی ناکەین، ئێمە لەسەر راگەیاندنی دەستووری بەیاننامەمان دەرکرد و هەڵوێستی خۆمان ئاشکراکرد. لەبارەی پێکهاتەی حکومەتیشەوە کە دروستکرا، حکومەتی کاتی، ئێمە تێڕوانینی خۆمان روونکردەوە کە ئێمە نیگەران و ناڕازین، تائێستا کە ئەم شاندەمان دروستکردووە دەستی دانوستاندنمان درێژکردووە، ئێمە بۆ شێوەی ئەم دەسەڵاتدارێتییە نوێیەی کە هاتووە ناڵێین دووژمنی ئێمەن، بەڵام بەپێی هەنگاوەکانیان، کە خۆشت باستکردن، مافی نەتەوەکان لەسەری ئەوان دا نین. کلیلی چارەسەر ئەوەیە، کە ئێمە سەرەتا دەرگای دانوستاندن بکەینەوە، بەڵکو شتێکی وا بکەوێتە نێو مێشکیان و بەرژوەندی میللەتەکەیان، خۆیان، وڵات و سووریا ببینن. ئەگەر ئەمە نەکرا، ئێمەش ئەوکات خۆمان ئامادە دەکەین وەکو ئۆپۆزیسیۆن. بۆ ئێمە مافی گەلی کورد پرسێکی ستراتیژییە.
رووداو: باشە ئێوە وەکو ئەنەکەسە تائێستاش هەر داوای فیدرالی بۆ سووریا دەکەن؟
محەممەد ئیسماعیل: پرسی فیدراڵی نا ، ئێمە دەڵێین ناناوەندی، ناناوەندی لەسەر بنەمای دانوستاندن و چی لە بەرژوەندی سووریایە بگەینە رێککەوتن. نەک ئەوان هیچ شتێک قبووڵ نەکەن و ئێمەش ئاستی داواکارییەکانمان بەرزبکەینەوە کە تەنیا دروشم بن. ئێمە کاتێک دانوستاندن دەکەین لە بەرژەوەندی ئەم وڵاتەدایە، ئەو دانوستاندنە لەسەر بنەمای یەکێتی گەلی سووریا و لەسەر بنەمای یەکێتی جوگرافیای سووریایە، لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە دانوستاندن بۆ دواڕۆژی سووریا دەکەین، سووریایەکی گەش کە بەشی هەموو خەڵکەکەی تێدابێت ، دەکەین . ئێمە وەک هێزێکی سیاسی، ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد، لەلای ئێمە وەکو ئەنجوومەن و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا رێی تێناچێت پرسی ستراتیژیی خۆمان بکەینە تاکتیک، لەلای ئێمە ستراتیژ نرخەکەی هەرچەند لەسەرمان بکەوێت لە خەبات دا، ئێمە بەرگە دەگرین و قوربانی بۆ دەدەین، گەلەکەمان قوربانی بۆ داوە و بەردەوامە تائێستا، ئێمە بە تاکتیک دانوستاندن دەکەین، بەڵام ستراتیژیی سەرەکیمان هەبوونی گەلی کورد و مافی گەلی کوردە.
رووداو: بەڵام ئەو ناناوەندییەی ئێوە داوای دەکەن و دانوستاندنی لەسەر دەکەن دەگاتە ئاستی فیدراڵی؟
محەممەد ئیسماعیل: تاوەکو فیدراڵیش، فیدراڵیی دەوڵەتێک وەک دەوڵەتێکی دیکە نییە. فیدراڵیی ئیمارات وەکو فیدراڵیی ئەڵمانیا نییە، ئەوەی ئەڵمانیا وەک سویسرا نییە، واتە ئەوشتەی حکومەت و میللەتی ئەو وڵاتە لەسەر رێکدەکەون کە فیدراڵییە یان ناناوەندی بەرفراوانە. پێویستە لە سووریا هەمووان باوەڕ بە سووریایەکی فرەنەتەوە، فرە ئایین و فرەلایەن بێنن. ئەم سووریا فرەڕەنگە، کلیلی ئەوەیە کە بتوانی بچییە نێو پرسەکانی دیکە و بە رژدی دانوستاندن لەسەر بەرژوەندی و دواڕۆژی ئەم وڵاتە بکەی و بگەیە بڕیاری باش. دانوستاندنێک دەگاتە بڕیار، کە پێکهاتەکان رازی بکات. نابێ ئەو پێکهاتانە بندەست بن. بە زۆرداری خەڵک یەکخستن قبووڵکراو نییە. رژێم بەم شێوەیەی دەکرد و دەیگوت گەلی سووریا یەکە.
رووداو: واتە ناوەندی نابێت، وایە؟ واتە بەبێ هەبوونی سیستەمێکی ناناوەندی ئیدی سوەیدا ناگەڕێتەوە سەر دیمەشق، ناوچەکانی کەناراوی سووریا ئارام نابێت؟
محەممەد ئیسماعیل: مومکین نییە سووریا بگەڕێتەوە بۆ ناوەندیبوون. هیچ کەسێک ئەوە قبووڵ ناکات. ئەگەر لە خەیالی کەسێک دا هەبێت کە سووریا لەلایەن یەک کەس و یەک حیزبەوە بەڕێوەببرێت و سووریا بخاتە ئەو تەنگەژەیەوە، ئەوە ناکرێت. گەلی سووریا لە ماوەی ئەو 15 ساڵەی رابردوودا ئەو هەموو نەخۆشی و ئاڵۆزیەی بینی، ئەستەمە جارێکی دیکە ببێتە دەوڵەتێکی ناوەندی و جارێکی دیکە دەسەڵاتێکی تووند و رەق و پێشێلکردنی بنەما جیهانییەکان پەسەند بکات و چارەسەرنەکردنی کێشەکانی وڵات بگەڕێتەوە سووریا. سووریا یان پارچە دەبێت یان دەبێ خاوەنی سیاسەتێکی ناناوەندی بێت.
رووداو: پەرلەمانیش پێش ماوەیەک پێکهێنرا و بە شێوازێکی تایبەت دروستکرا، ئێوە وەک ئەنەکەسە دان بەم پەرلەمانە دادەنێن؟
محەممەد ئیسماعیل: تائێستا ئەو پەرلەمانە بوێر نییە. سێیەکی خراوەتە دەست سەرۆک و تائێستا نەیتوانیوە چارەسەری بکات. پارێزگاکانی رەققە، دێرەزوور، سوەیدا و حەسەکە تائێستا دواخراون، بۆچی ؟ واتە کێشەیەک هەیە و ئەو کێشەیەی کە نەیانتوانیوە چارەسەری بکەن. دەبێ پەرلەمانێکی راگوزەر هەبێ و نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی تێدا دیاربێت، ئەو پەرلەمانەی کە هەمووی بە دامەزراندن بووە نەک هەڵبژاردنە، شێوازێکی لاوازی هەڵبژاردن و بە ناوی دامەزراندنەوە، دەستنیشانکراون. ئەو دەستنیشانکردنەش تائێستا بوێر نییە و دەیەوێ بە خۆسەپاندن دانپێدانی نێودەوڵەتی بۆ خۆی بەدەستبێنێ بۆ ئەوەی بتوانێ کار بکات، گرنگیی پەرلەمان چییە؟ ئەو دەستوورەی هەیە لە پەرلەمان هەموار دەکرێتەوە و بڕیارەکان لە پەرلەمان دەدرێن. لە دونیادا ئیدارە هەمووی دەستوور نییە، دەستوور و بڕیارن، ئەو بڕیارانە لە پەرلەمان دەدرێن و کەم و زیاد دەکرێن، پێویستە گەلی سووریا فێرببێت بکەوێتە قوناخێکی دیکەوە نەک بە چەک و دەزگای ئەمنی ئیدارەی بکەن، با ئاگایان لە یەکتر بێت، با ئۆپۆزیسیۆن دیار بێت، با دەستیان لە مێز بدەن و بکشێنەوە و جارێکی دیگە بگەڕێنەوە . گفتوگۆ و کێشمەکێش لە هەموو پەرلەمانەکانی دونیا دا هەیە ، خەڵک ئیرادەی خۆیان دەردەبڕن، کاتێک خەڵک نەتوانێت ئەوەی لە ناخیدایە دەریبڕێت و پێشان بدات وڵات پێشناکەون، رەخنە نەبن خێزان پێشناکەوێت.
رووداو: با باسی چوونی شاندی هاوبەشی کوردی بۆ دیمەشق بکەین. ئێوە باستان کرد کە ئەوان دەڵێن رێککەوتنێک کراوە، ئەویش رێککەوتنی 10 ئادارە و دانوستاندن لەوبارەوە دەکرێت، واتە چوونی شاندی هاوبەشی کوردی پەیوەستە بە سەرکەوتنی رێککەوتنی 10 ئادارەوە؟
محەممەد ئیسماعیل: نەخێر، 10 ئادار پرسی تەکنیکین. واتە سەربازی، ئیداری، ئابووری و خزمەتگوزاری. ئەو خزمەتگوزاریانە دەرفەتی چارەسەربوونیان هەیە بەشێوەیەک. واتای رێککەوتنی 10 ئادار چییە؟ هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە، هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەیە و تێکەڵبوونە لەگەڵ دەوڵەت. بنەماکانی هەمووی گشتین و واتا کۆتاییەکەی ئەوەیە. ناتوانی بڵێی ئەوەش لە بەرژوەندی کوردە، چونکە کورد پەیوەندی پێوە نییە و ئیدارەیەکە لە ناوچەکە هەیە، لە کاتێکدا شاندی کوردی نوێنەرایەتی میللەتێک، نەتەوەیەک دەکات کە تایبەتمەندی هەیە و دانوستاندن لەگەڵ وڵاتەکەی دەکات لەبارەی دواڕۆژی وڵات و مافی ئەو پێکهاتەیە، ئەمە لاپەڕەیەکی نوێیە و ئارامی تێدا دروست نابێت ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، گەلی کوردی سووریا بە هەموو شێوازی خۆی پێکهاتەیەکە.
رووداو: هۆکاری نەچوونی شاندەکە بۆ دیمەشق چییە و بۆچی دەیگەڕێننەوە؟
محەممەد ئیسماعیل : پێموایە حکومەتی دیمەشق جیدی نییە و گوێی پێنەداوە. لایەنە نێودەوڵەتییەکانیش هاوکار نەبوون. فەرەنسی و ئەمریکییەکان رۆژانە لای ئێمە بوون و دەیانگوت ئێوە رێکبکەون ئێمە لەگەڵتان دێین بۆ دیمەشق و وادەیەک دیاری دەکەین و هاوکاریتان دەکەین، بەڵام دوای ئەوەی ئێمە لەنێوخۆماندا رێککەوتین، هەردوولا دیار نەماون. ئەمریکییەکان نێوەندگیریی دەکەن لە بواری تەکنیکی دا و دەڵێن بوونی دوو شاند لە دیمەشق دەبێتە هۆی سەرلێشێوان، بەڵام ئەم دوواییانە باوەڕێک دروستبووە کە ئەگەر هەردوو شاند لە دیمەشق بن باش دەبێت. ئێمە بەردەوام دەمانەوێت دانوستاندن و گفتوگۆ بکەین وەک کورد و شاندی هاوبەش هەبێت. چونکە ئەو رێککەوتن و بەڵگەیەی لەسەری رێککەوتووین ژمارەی زۆری کوردی لەگەڵە. با هەموو جیهان، حکومەتی شەرع، گەل و دەوڵەتانی دەوروبەریش بزانن کە زۆرینەی گەلی کوردی سووریا پشتیوانی ئەو شاندە هاوبەشە دەکەن، چونکە بەڕاستی هەنگاوێکی مێژوویی بوو؛ هەموو پارتە سیاسییەکان، رێکخراوە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکان، گەنجان و ژنان، کەسانی سەربەخۆ، کەسایەتییە ئایینی و ریشسپییەکان پێکەوە تێڕوانینێکی هاوبەشیان پەسەند کردووە، ئەمەش بۆ ئێمە شتێکی گرنگ و بەنرخە و گەشبینین کە پێوەی پابەندین. ئەمە بەردەوام دەبێت و وەک گوشارێک دەمێنێتەوە؛ ئێمە گوشار دەخەینە سەر لایەنی نێودەوڵەتی و دۆستەکانمان و دەوروبەرمان، هەروەها هەرێمی کوردستانی عێراقیش هاوکاریمان دەکات بۆ ئەوەی حکومەتی شەرع بتوانێت متمانە بەم شاندە بکات و دانوستاندنی لەگەڵ بکات.
رووداو: بۆچی دیمەشق دەیەوێت زیاتر لەبارەی نەوت و چەکەوە دانوستاندن لەگەڵ کورد بکات نەک لەسەر مافە سیاسی و نەتەوەییەکان؟
محەممەد ئیسماعیل : ئەوان لە پرسی نەتەوەیی رادەکەن، بە بیانووی ئەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دانانیشن، بەڵام پرسە تەکنیکی و هونەرییەکانیش بە دڵی ئەوان نابن. وا بیردەکەنەوە هەرکاتێک بیانەوێت، یەکسەر بەڕێوەبەرایەتی و لایەنی سەربازی رادەستی حکومەت دکرێنەوە، بەوشێوەیە نییە. هێزێک هەیە و شوێنێک هەیە. ئێمە حەز ناکەین ئەوە بە شەڕ و دڵڕەقی چارەسەر بکرێت، حەز دەکەین مێزی دانوستاندن و گفتوگۆ دابنرێت. ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەمریکا و فەرەنسا و وڵاتانی دەوروبەری پەیوەندیدار بە دۆسیەی سووریاوە دژی کورد نین و دژی تێڕوانینەکانی ئێمەش نین، ئەمەش گرنگە. دۆزی ئێمە ناسراوە و لە چوارچێوەیەکی ناوخۆیی تەسک دەرچووە بۆ ئاستێکی نێودەوڵەتی. دۆزی کورد چیتر ناشاردرێتەوە.
رووداو: لەسەر ئاستی نێوخۆیی ئایا هەست دەکەن جۆرێک لە شۆڤێنیزم دژی کورد لە سووریا دروست دەکرێت، وەک ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی رۆژانی رابردوودا سندووقی بۆیاخکردن بۆ سووکایەتیکردن بە کورد بەرزکرایەوە؟
محەممەد ئیسماعیل: بازنەی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی دیمەشق و بازنەی دووەمی ژێرەوەی تاوەکو رادەیەک پەروەردەکراون و قسەی هەڵە ناکەن لەڕووی سیاسییەوە، بەڵام بازنەکانی ژێرەوەی ئەوان رەگەزپەرست و تووندڕەون و هیچ شتێک لە ئەوان دا نەگۆڕاوە. ئەمە راستییەکە، دەتوانم بەم شێوەیە وێنای بکەم کە بازنەی باڵا و دووەم تاوەکو رادەیەک بە دیپلۆماسی قسە دەکەن، بەڵام بازنەکانی سێ و چوار و خوارتر بە یەکجاری جیاوازن. هەمان بیرکردنەوە و هەمان رووخسارە، تەنیا چینی باڵا قات و بۆینباخیان بەستووە و لایەنەکەی دیکە وەک خۆیان ماونەتەوە و مافی گەلان لەنێو سەری ئەوان دا نییە؛ تەنیا تووندڕۆیی، رەگەزپەرستی، دژایەتیکردن و تۆڵەسەندنەوەیان لەلایە و، ئەمە راستییەکەیە. دەوڵەت بەم شێوەیە بەڕێوە ناچێت. ئەوانەی پەروەردەکراون ژمارەیەکی کەمن و بەس نین، کاتێک خەڵک بەرهەمی ئەوانە بە کردەوە دەبینێت، نێوبانگییان خراپ دەبێت، چاوی گەلی سووریا کراوەتەوە و چیتر ناگەڕێتەوە دواوە. گەلی سووریا بەگشتی و بە تایبەتی گەلی کورد بۆ دواوە ناگەڕێتەوە. دۆزی کورد لە جیهان دا روونکراوەتەوە، لە چوارچێوەی ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی سووریادا و لە ماوەی 13-14 ساڵی قەیرانی سووریادا بە هەزاران کۆڕ و دانوستاندنی دیپلۆماسی و لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کراون، هەروەها لە ناوەندەکانی توێژینەوەدا دۆزی کورد روونکراوەتەوە.
رووداو: ئێوە و مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە؛ لەو کۆبوونەوەیەدا باسی چ کرا؟
محەممەد ئیسماعیل: جەنابی کاک مەسرور بارزانی لە نێوانمان دانیشت و ئێمەش لە لای چەپ و راستی دانیشتین و پێکەوە چوونمان بۆ هۆڵی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەمە نیشانە و پەیامێکی زۆر گرنگ بوو. هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانی یەکێتی کوردە و دەیەوێت کورد یەکگرتوو و بەهێزبن. ئەمەش پەیامێکە بۆ هەموو کەسێک. دووەمیش ئەوەیە کە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد کەمتر نییە لە هیچ کەسێک و لایەنێک، بەڵکو هەردووکیان پێکەوەن و وەک یەکن، ئەمەش گرنگە. دوای ئەوە ئێمە جەنابی سەرۆک بارزانیمان بینی. جەنابی سەرۆک بارزانی هەمیشە خەمخۆری گەلی کورد و دۆزی کورد و یەکێتیی کوردە. یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد بۆ ئەو بنەمایە و جەختی لەسەر ئەمە کردەوە و پشتیوانیی ئێمەی کرد لەسەر ئەم یەکڕیزییە. شاندەکە لای ئەو جێگەی گرنگییە، شاندەکە و ئەو تێڕوانینەی ئێمە لەسەری رێککەوتووین. جەنابی بارزانی هەمیشە دەڵێت "ئێوە لەسەر چی رێکبکەون من دەستخۆشیتان لێدەکەم و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیتان دەکەم." دواتر ئێمە بە جیاش سەرۆک بارزانیمان بینی وەک شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا کە پێکهاتبوو لە سکرتێر و مەکتەبی سیاسییەکەی، لەو کۆبوونەوەیەشدا دووبارە جەختیکردەوە لەسەر یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد. هەروەها تێڕوانینەکانی خۆی لەسەر پاشەڕۆژ خستەڕوو و، لەلایەکەوە باسی پەیوەندییەکانی خۆی و حکومەتی بەغدا و سەختییەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق و، ئاسۆی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و ئاستەنگەکانی بەردەم کوردی کرد. ئێمەش باسی تێڕوانینەکانی خۆمان کرد لەبارەی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان. کۆبوونەوەیەکی سیاسیی زۆر سەرکەوتوو بوو.
رووداو: ئایا پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژئاوای کوردستان لەلایەن دیمەشقەوە بەبێ هەستیاری سەیر دەکرێت؟
محەممەد ئیسماعیل: هەستیاری هەبێت یان نا، هەرێمی کوردستان و جەنابی بارزانی پشتیوانی دۆزی کوردە لە هەموو پارچەیەکی کوردستان و، یەکڕیزیی کوردی دەوێ و دەیپارێزێت. جەنابی بارزانی لە ناوچەکە ناسراوە بەوەی کە تووندوتیژی و دژایەتی لەگەڵ خەڵک ناکات، بەڵکو بە هاوپەیمانی و چارەسەرکردنی ژیرانە و هۆشیارانە مامەڵە دەکات، بۆیە دیمەشق بە هەر هەستیارییەک سەیری بکات یان هەر لایەنێکی دیکەی نێودەوڵەتی و دەوروبەر بە هەر چاوێکی دیکە سەیری بکات، ئەمە دەمێنێتەوە سەر خۆیان. هەرێمی کوردستان پشتیوانێکی دڵسۆزە بۆ ئێمە. ئێمە هاوپەیمانین و ئێمەی بەکار نەهێناوە، بەڵکو وەک هاوپەیمانێکی خۆی دەمانبینێت و لە هەر شوێنێک بێت پشتیوانی و هاوکاریمان دەکات و نایەوێت دۆزی کورد لە سووریا لاواز ببێت.
رووداو: کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە ئەورووپا و وڵاتانی دیکە زۆرن، ئەوان دەتوانن چی بکەن بۆ پشتیوانیکردنی ئەوەی رۆژئاوای کوردستان ببێتە خاوەن پێناسەیەکی یاسایی؟
محەممەد ئیسماعیل: رەوەندی کوردی کەوتووەتە قۆناخێکی زۆر باشەوە، پێشتر پەرشوبڵاو بوو، بەڵام ئێستا وەک دیاسپۆرای کوردی بە کۆبوونەوە و دیدار و گرووپەکانی پەیوەندی، بەهێز بووە. ئێمە هەموومان پێویستیمان بەوەیە کە لۆبییەکی کوردی هەبێت. لۆبییەکی بەهێز لە بازرگان و کەسایەتییەکان، هەروەها گەنجان، لاوان، رۆژنامەڤان و رۆشنبیرانی کورد. ئێستا لە هەموو وڵاتەکان نووسینگەی خۆیان کردووەتەوە و، کارێکی زۆر گرنگ دەکرێت بۆ سوود وەرگرتن لە وزەی کورد لە ئەورووپا بۆ ئەوەی پشتیوانی دۆزی ئێمە بکەن، چونکە لەوێ دەرفەت و ئازادیی زیاتر هەیە. پەیوەندیمان لەگەڵیان بەردەوامە. شەمەندەفەرەکەیان کەوتووەتە سەر رێڕەوی راست و دەڕوات و پشتیوانی دۆزی خۆیان دەکەن.
رووداو: ئایا ئێوە داوا لە ئەمریکا و ئەورووپا دەکەن کە لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق، باس لە گرەنتیکردنی یاسایی مافی کورد و نەتەوە و ئایینەکانی دیکە بکەن؟
محەممەد ئیسماعیل : ئێمە وەک ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد ، دانوستاندنمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی سووریا هەیە، چ ئەمریکا بێت یان رووسیا. دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و دەوڵەتانی ئەورووپایی، دانوستاندن و پەیوەندیمان لەگەڵ هەموویان هەیە و حەز دەکەین بەم شێوەیە بێت، چونکە ئێمە خاوەنی دۆزێکین و دۆزی خۆمان بۆ ئەوان روون دەکەینەوە. پێموایە کە ئەم لایەنە نێودەوڵەتییانە دژی گەلی کورد و داواکارییەکانیان نین، چونکە ئەو مافەی ئێمە داوای دەکەین لە سووریا زیان بە مافی هیچ کەسێک ناگەیینێت. ئەگەر کورد بگاتە مافی خۆی، هیچ زیانێک بەر مافی کەسی دیکە ناکەوێت، بەپێچەوانەوە وڵات پێی دەوڵەمەند دەبێت و کۆمەڵگەی سووری پێی بەهێز دەبێت، لەبەر ئەمەش پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکان باشە و ئەمە بۆ ئێمە گرنگە. رەوەندی کوردی گرنگە وەک ئەوەی تۆ پێشتر باست کرد، هەروەها ئێمە لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییە کاریگەر و پەیوەندیدارەکان بە سووریاوە لە پەیوەندیدابین. لە ماوەی ئەم 14 ساڵەی قەیرانی سووریا، پەیوەندیمان بە هەموویانەوە کردووە، ئەوەش بە رێگەی دەیان باڵیۆزخانە، وەزارەت، خەڵک و ناوەندەکانی توێژینەوە دۆزی کوردمان بۆ باسکردوون. هەستم نەکردووە کە هەندێک دژی دۆزی ئێمە بن.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ بەڕێز محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بۆ ئەم هەڤپەیڤینە کە میوانی من بوویت.
محەممەد ئیسماعیل: سوپاس بۆ تۆش و دەستخۆشی لە ئێوە و هەموو کارمەندانی رووداو دەکەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ