رووداو دیجیتاڵ
رۆب باینن، خاوەنی کۆمپانیای دی ئێن ئەی و راهێنەری نێوداری بەریتانی کە لە سەرەتای دامەزراندنی تۆڕی میدیایی رووداوەوە هاوکار بووە، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا باس لە یادەوەرییەکانی لەگەڵ رووداو و شەهید شیفا گەردی دەکات.
رۆب باینن دەڵێت: "باشترین کەناڵ لە جیهاندا داممەزراندبێت و زۆرترین سەرسامیم بۆی هەبێت، بێگومان رووداوە." باینن، شیفا گەردی بە "یەکێک لە راهێندراوە هەرە درەوشاوەکان" وەسف دەکات و دەڵێت، خەڵاتی شیفا گەردی رێزگرتنە لەو رۆژنامەڤانانەی لە مەیدانن و دەبنە دەنگی مرۆڤەکان.
هەروەها تیشک دەخاتە سەر مەترسییەکانی پۆپۆلیزم لە میدیادا و گرنگیی "متمانە" وەک سەرمایەی سەرەکیی دەزگاکانی وەک رووداو و بی بی سی.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: رۆب، بەخێربێیت.
رۆب: سوپاس.
رووداو: تۆ هەر لە سەرەتاوە یارمەتیدەر و هاوکاری رووداو بوویت. پرسیارەکەم ئەوەیە: رۆب باینن کێیە؟ لە میدیای بەریتانی دا لە کوێ کارت کردووە و چیت کردووە؟ دەتوانیت بە کورتی کەمێک لەبارەی خۆت بڵێیت؟
رۆب: باشە، دەبێت بڵێم زۆر شانازی دەکەم کە لە سەرەتای دەستپێکردنی رووداوەوە بەشداربووم. ئێمە بە جیهان دا دەگەڕێین و یارمەتیی دامەزراندنی کەناڵە تەلەڤزیۆنییە هەواڵییەکان دەدەین لە شوێنە جیاجیاکانی جیهان. ژمارەی ئەو کەناڵانەی دامانمەزراندوون لەبیرم نەماوە، بەڵام دەیان کەناڵ دەبن. باشترین کەناڵ کە داممەزراندبێت و گەورەترین دۆستایەتیم تێیدا پەیداکردبێت و زۆرترین سەرسامیم بۆی هەبێت، بێگومان رووداوە. ئێمە لێرەبووین لە سەرەتاوە، تەنانەت پێش دەستپێکردنیش، کاتێک هەموو ئەو کەسانەی لە کۆمپانیاکە کار دەکەن لەلایەن ئێمەوە راهێنانیان پێکرا، تەنانەت تۆش. بێگومان شیفا لە سەرەتاوە یەکێکبوو لە راهێندراوە هەرە درەوشاوەکانمان، هەر بۆیەش هەموو ساڵێک لەم کاتەدا یادی کۆچە دڵتەزێنەکەی دەکەینەوە.
رووداو: خەڵاتی شیفا گەردی بۆ ژنانی رۆژنامەڤان ئەم ساڵیش بەردەوامە. بەردەوامیی ئەم خەڵاتە و ناوی شیفا گەردی لەسەر ئاستی جیهان چۆن دەبینیت؟
رۆب: زۆر گرنگە کە ئەمە هەموو ساڵێک دەکرێت، بەشێکی وەک رێزێک بۆ شیفا، کە بەشێوەیەکی تراژیدی گیانی لەدەستدا لەکاتی گواستنەوەی چیرۆکەکانی جەنگی داعش بۆ بینەرانی رووداو. وەک دەزانیت، ئەو لە مەیدان بوو و هەموو رۆژێک راپۆرتی بۆ بەرنامەکەی دەکرد؛ چیرۆکە مرۆییەکانی لەگەڵ جەنگ دا تێکەڵ دەکرد، کە ئەو لەمەدا زۆر باش بوو. بێگومان، ئەوکاتەی خەریکی گەڕان بوو بەدوای گۆڕێکی بەکۆمەڵ دا، پێی نا بە تەقەمەنییەک و گیانی لەدەستدا. بۆ ئێمە گرنگە یادی بکەینەوە، چونکە ئەو خانمێکی گەنج بوو. زۆر جار لەم ناوچەیەدا، نەک لە رووداو، بۆ خانمان سەختترە ببنە شاهیدی چیرۆک و هەواڵەکان وەک لە پیاوان. رووداو هەمیشە نموونەیەک بووە کە تێیدا جیاوازی نییە پیاوبیت یان ژن، تۆ پیشەگەریت، تۆ رۆژنامەڤانیت. ئەو نموونەیەکی باڵایە بۆ هاوتەمەنەکانی خۆی و، گەنج بوو. هەموو ساڵێک ئێمە خەڵاتەکە دەدەینە کەسێک کە لە مەیدان بووبێت و بووبێتە نموونەی رۆژنامەڤانێکی نێودەوڵەتی.
رووداو: ئەم ساڵ کێ خەڵاتەکە دەباتەوە؟ دەتوانیت بە کورتی باسی کارەکانی بکەیت؟
رۆب: ئەم ساڵ خەڵاتەکە دەبەخشرێتە (ئۆرلا گوێرین)، کە پەیامنێرێکی زۆر بەڕێزی (بی بی سی)یە. ئەو لەم ناوچەیە کاری کردووە و لەم دواییانەشدا لە رۆژئاوا(ی کوردستان) بووە و رووماڵی ئەو چیرۆکە زۆر گرنگانەی بۆ بی بی سی کردووە. من دەیناسم، ئەو زۆر دڵخۆش و سەربەرزبوو بە وەرگرتنی ئەم خاڵاتەی ئەم ساڵ. ئەو پەیامنێرێکی زۆر بوێر و وردبینە، لە هەمان کاتدا هەمیشە سەیری لایەنە مرۆییەکەی چیرۆکەکان دەکات. ئەو لە مەیدانە، لەنێو جەرگەی رووداوەکاندایە، بەڵام هەرگیز ئەوە لەبیر ناکات هەموو چیرۆکەکان پەیوەندییان بە مرۆڤەوە هەیە، ئەو لەوەدا زۆر سەرکەوتووە، بۆیە پێموایە شتێکی زۆر نایابە کە ئەم ساڵ ئەو خەڵاتەکەی پێدەدرێت.
رووداو: سەرنجڕاکێشە؛ رۆب، تۆ رۆژنامەڤانێکی پیشەگەریت و ئەزموونێکی درێژخایەنت هەیە. دۆخی رۆژنامەڤانی و میدیا ئێستا چۆن دەبینیت؟
رۆب: وەک دەزانیت، زۆر لەبارەی پۆپۆلیزم و ئینتەرنێت دەبیستین؛ هەروەها لەبارەی ئەو کەسانەی کە کەناڵەکان بەکاردەهێنن بۆ گوتنی شتی سۆزداری لە هەواڵەکان دا. مەبەستم ئەوەیە، هەواڵ سرووشتێکی سۆزدارانەی تێدایە، بەڵام من هەمیشە بڕوام وایە دەبێت چیرۆکەکە و هەواڵەکە و خەڵکی نێو چیرۆکەکە خۆیان بدوێن، نەک ئێمە بڕیار بدەین کە رووداوەکان و مێژوو چۆن بن. پێموایە کێشەی گەورەی میدیا ئێستا نەک تەنیا لێرە, بەڵکو لە هەموو جیهان، ئەوەیە کە هەر کەسێک کامێرا و ستۆدیۆیەکی بچووکی هەبێت، دەتوانێت دەست بکات بە پەخشکردن و بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی. شتە نایابەکەی دەزگاکانی وەک رووداو، بی بی سی، نیویۆرک تایمز و ئەم دەزگا گەورانە ئەوەیە کە پابەندن بەوەی هەواڵەکان بەبێ هیچ زێدەڕۆییەک بگوازنەوە. راستییەکان خۆیان دەدوێن، مرۆڤەکانی نێو چیرۆکەکان خۆیان دەدوێن و پێویست بە هیچ دەستکاری و زێدەڕۆییەک ناکات. پێموایە دەبێت فێری ئەوەبین کە وشەی "متمانە" زۆر زۆر گرنگە. لە کۆتاییدا، خەڵک متمانە بە دەزگاکانی وەک رووداو دەکەن، چونکە ئەوان ئەوەی روودەدات دەگێڕنەوە، ئەوان شایەتی مێژوون، پرسیار لە دەسەڵات دەکەن و لە هەموو لایەکەوە رووبەڕووی بکەرە جیاوازەکان دەبنەوە؛ ئەوان هاوسەنگن.
رووداو: متمانە، بەڵێ. متمانە زۆر گرنگە و زۆر هەستیاریشە، چونکە ساڵانی دەوێت تاوەکو ئەو متمانەیە لای بینەر و خوێنەرانت دروست دەکەیت. لێرەدا دەچینە سەر پیشەگەریی رۆژنامەڤان، نەوەک تەنیا وەک چالاکڤانێک کار بکەیت یان تەنیا بیروڕا و بۆچوونەکانی خۆت بڵاوبکەیتەوە. هەروەک باست لەوەکرد هەموو کەسێک دەتوانێت بخوێنێتەوە و شت لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبکاتەوە و هەموو کەسێک مۆبایل و کامێرایەکی پێیە. لەم سەردەمەدا چەندە گرنگە پەیامنێر و رۆژنامەڤانێکی پیشەگەربیت؟
رۆب: زۆر کەس بۆ مەبەستی بازرگانی لەم بوارەدان؛ دەیانەوێت کاڵا بفرۆشن. هەندێکی دیکە بۆ مەبەستی سیاسی لێرەن؛ دەیانەوێت بیرۆکەی پارتێکی سیاسی بڵاوبکەنەوە یان کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵک بۆ کارێک یان جووڵەیەک کۆبکەنەوە. پێموایە راستییەکە ئەوەیە کە پیشە و کارەکەی ئێمە لەسەر ئەوە بنیادنراوە فێربین چیرۆکەکە لە هەردوو لایەنەکەوە بگێڕینەوە؛ چیرۆکەکە بە راستگۆیی و دروستی بگێڕینەوە و پەنا بۆ سەرچاوە راستەقینەکان ببەین. وەک دەزانیت، ئەم شتانە هەر لە سەرەتای کارەکانمانەوە لە مێشکماندا چەسپێندراون. ئێمە هەر ئەوە دەکەین؛ کارەکە هەر ئەوەندەیە. لە زۆر رووەوە کارێکی زۆرە، بەڵام ئێمە.. ئێمە هیچ کارێکی دیکە ناکەین. ئێمە تەنیا هەواڵەکە وەک ئەوەی لە راستی دا روودەدات، دەگوازینەوە. هەر لەبەر ئەوەشە یادی شیفا دەکەینەوە، چونکە ئەو نموونەیەکی تەواوی ئەو کارە بوو.
رووداو: ئەم پۆپۆلیزمەی نێو میدیای ئێستا، چۆن کاریگەری لەسەر سیاسەتی جیهان و کۆمەڵگەکان دەبێت؟
رۆب: تۆ و هاوپیشەکانت لەم ناوچەیەی جیهان دا شارەزاییەکی زۆر زیاترتان لە من هەیە سەبارەت بە سیاسەت. پێموایە کاریگەریی ئەو پۆپۆلیزمە ئەوەیە کە سیاسەت جەمسەرگیر دەکات. شتەکان یان زۆر هەڵەن یان زۆر راست؛ هەموو شتێک بە رەهایی دەبیندرێت، هیچ وردەکاری، چینبەندی، لێکۆڵینەوە و پاشخانێکی تێدا نییە. ئەمە وادەکات هەموو شتەکان رەقتر دەربکەون. شتەکان زیاتر رەهەندێکی بوونگەرایی وەردەگرن. واتە بەم شێوەیەی لێدێت: ئایا ئەمە مافی هەبوونی هەیە؟، ئایا دەبێت هەڵوێست وەربگرین؟، ئایا دەبێت ئەمە رابگرین؟، ئایا دەبێت بۆ ئەمە بڕژێینە سەر شەقام؟ بەڵێ، رەنگە هەندێک جار کاتی ئەوەبێت، بەڵام وەک رۆژنامەڤان ئەرکی ئێمە نییە بڵێین "بڕژێنە سەر شەقامەکان"، ئەرکی ئێمەیە بڵێین "ئەمە روودەدات". ئەوە خەڵک خۆیانن کە بڕیار دەدەن چی دەکەن.
رووداو: رۆب باینۆن، بەخێربێیت و سوپاس بۆ کاتەکەت.
رۆب: دڵخۆش بووم، زۆر سوپاس.
رووداو: بۆ ئێمەش جێگەی دڵخۆشییە. زۆر سوپاس.
رۆب: سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ