بۆردوومانێک بۆسەر کۆبانێ قاچەکانی لە فاتمە سەندەوە: ئەو کەسەی هێرشی کردە سەرمان خوشکی نەبوو؟

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نالین حەسەن
نالین حەسەن
فاتمە حاجی مەحموود
فاتمە حاجی مەحموود
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
کاژێر 11:30ی شەوی 25ی کانوونی دووەم بوو، کاتێک فاتمە حاجی مەحموود لە ماڵی کچە مامێکیدا لە خەوێکی قووڵدا بوو، نەیدەزانی ئەو شەوە دەبێتە دوایین شەو تێیدا لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێت. تۆپبارانێکی بێ بەزەییانە گوندی "خەراب ئیشک"ی هەژاند و ماڵی خزمەکەی فاتمەی کردە وێرانە.
لە خەوێکی قووڵەوە بۆ ناو دۆزەخی ئازار
فاتمە، کە خوێندکاری ساڵی یەکەمی زانکۆی کۆبانییە و بەشی یاسا دەخوێنێت، ئەو ساتە بەم شێوەیە بۆ رووداو دەگێڕێتەوە، "هەستم کرد جەستەم دەسووتێت، کاتێک چاوم کردەوە هەموو شوێنێک ببووە وێرانە." ئەو کچە گەنجە بە دەستە ساردەکانی، بلۆکە قورسەکانی لەسەر قاچە بریندارەکانی لادەدا، بەڵام ئازارەکە ئەوەندە قورس بوو کە تەنیا بە قیژە و هاوارەکەی، براکانی فریای دەکەون.
براکانی نەیانتوانی دەستبەجێ لەژێر داروپەردووەکە دەریبهێنن، بەڵام هێز و ئیرادەیان پێدەدا، فاتمە دەڵێت، "تەنیا شتێک کە ئارامیی پێبەخشیم براکەم بوو، پێی گوتم: بەرگە بگرە، مەڕۆ، مەمرە، باوک و دایکمان لە گوند چاوەڕێمانن، دەچینەوە لایان. بەم قسەیە منی بەهێز کرد." ئیدی تاوەکو کاژێر 09:00ی بەیانی لەناو برین و ئازارەکانیاندا دەمێننەوە. دوای ئەوە گوندنشینەکان بەهانایانەوە دەچن و دەریان دەهێنن و دەیانبەن بۆ نەخۆشخانەی کۆبانی.
لەو شەوەدا، جگە لە فاتمە، کچە مامەکەی و کوڕی کچە مامەکەی بریندار دەبن و هەندێک لە خزمەکانیشی گیان لەدەست دەدەن. فاتمە سەرەڕای ئەو دۆخەی بەسەری هاتووە، دڵخۆشە کە براکانی سەلامەت دەرچوون.
نەگەیشتن بە دایک و باوک؛ ئازارێکی دیکەی فاتمە
فاتمە نەک تەنیا قاچەکانی، بەڵکو گەورەترین مافی مرۆیی خۆشی لێ زەوت کراوە. دایک و باوکی لە گوندی "خەراب ساروونجێ"ن، بەڵام بەهۆی داخرانی رێگاکان لەلایەن حکومەتی سووریاوە، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە کچە بریندارەکەیان ببینن. فاتمە دەڵێت، "نە من دەتوانم بڕۆم و نە ئەوانیش دەتوانن بێن."
ئیرادەیەکی بەهێز
سەرەڕای لەدەستدانی هەردوو قاچی، فاتمە بڕیاری داوە کۆڵ نەدات. ئەو دەڵێت، ئەو ئازارانەی چەشتوویەتی نایوەستێنن لە تەواوکردنی خوێندنەکەی، "تەنیا بۆ حەزی خۆم ناخوێنم، بۆ خاتری باوکم دەخوێنم. دەمەوێت ببمە پارێزەر، بۆئەوەی داکۆکی لە مافی گەلەکەم بکەم و دژی ئەو نادادپەروەرییە بوەستم کە بەرامبەرمان دەکرێت."
پەیامێک بۆ جیهان
فاتمە ئێستا لەسەر جێگایە، بەڵام دەنگی دەگاتە هەموو شوێنێک. ئەو پرسیار لەو کەسە دەکات کە ئەو شەوە بڕیاری تۆپبارانکردنی ئەو گوندەی داوە و دەڵێت، "ئایا ئەو کەسەی هێرشی کردە سەرمان، خوشکی نەبوو؟ خێزانی نەبوو؟"
داواکاریی فاتمە سادەیە؛ دەیەوێت جارێکی دیکە لەسەر قاچی دەستکرد بوەستێتەوە و سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو "دڕندەییە" تۆمار بکات، کە بەرامبەر خەڵکی سڤیلی کۆبانی کرا و دەکرێت.
فاتمە حاجی مەحموود، ئەمڕۆ بووەتە سیمبولی خۆڕاگری. ئەو کچەی قاچەکانی لێسەندرا، بەڵام ئیرادەیەکی پێدراوە کە هیچ چەکێک ناتوانێت بیوەستێنێت. کاتێک چووەوە زانکۆ، خوێندکارەکان لەسەر چۆک پێشوازییان لێکرد، فاتمە سوپاسیان دەکات و دەڵێت، "لە رۆژێکی وا پڕ لە ئازاردا منیان بە تەنیا جێنەهێشت و باری ئازارەکەیان سووک کردم." روو بە جیهانیش دەڵێت، "پێیان دەڵێم؛ من ئەم ئازارەم بینی، با کەسی دیکە نەیبینێت."
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: فاتمە زۆر بەخێر بێیت، تۆ باشیت؟
فاتمە حاجی مەحموود: سوپاس بۆ خوا، من باشم.
رووداو: ئێستا باری تەندروستیت باشتر بووە؟
فاتمە حاجی مەحموود: باشم، سوپاس بۆ خوا.
رووداو: ئازارت ماوە؟
فاتمە حاجی مەحموود: بەڵێ، هێشتا کەمێک ماوە.
رووداو: چارەسەر وەردەگریت، واتە بە بەردەوامی دەرمان دەکرێیت؟ ئایا ئەو دەرمانە پێویستانەی بۆ تۆ گرنگن لە کۆبانی هەن؟
فاتمە حاجی مەحموود: بەڵێ دەرمان هەیە. پەرستارەکانیش دوو رۆژ جارێک دێن و سەیری برینەکان دەکەن و پاکیان دەکەنەوە.
رووداو: لە رووی دەروونییەوە ئێستا بارودۆخت چۆنە؟
فاتمە حاجی مەحموود: لە سەرەتادا هەر باش نەبووم، بەڵام ئێستا هێدی هێدی باشتر دەبم، سوپاس بۆ خوا.
رووداو: تۆ بەهێزیت و بێگومان باشتر دەبیت. ببورە کە کەمێک دەتگەڕێنمەوە بۆ ئەو رووداوانەی ئەو شەوە؛ شەوی 25ی کانوونی دووەم، ئەو شەوە رەشەی بەسەر تۆ و خێزانەکەتدا هات. لەو ساتە سەرەتاییانەی هێرشەکە بۆ سەر گوندی "خراب ئیشک" چیت لەبیرە؟ چی روویدا کە ئێستاش هەر لە یادتدایە؟
فاتمە حاجی مەحموود: کاتژمێر 11:30ی شەو بوو، ئێمە نووستبووین. لەناکاو دەنگێکی بەهێز هات و هەستم کرد قاچەکانم و جەستەم دەسووتێن. چاوم کردەوە بینیم دەوروبەرم هەمووی بووە بە وێرانە و هیچ نەماوە. تەنیا دەنگی کوڕی پورەکەم دەهات کە منداڵ بوو و دەگریا، بەڵام نەمدەبینین. بلۆکەکانم لەسەر قاچی خۆم لادا بۆ ئەوەی بزانم چیم بەسەر هاتووە. سەیرم کرد قاچەکانم زۆر خراپ بوون و بریندار ببوون. هاوارم کرد، براکەم و ئەوان هاتن و منیان هەڵگرت، بەڵام نەیانتوانی دەستبەجێ لەژێر داروپەردەکە دەرمانبهێنن. تاوەکو کاژێر 09:00ی بەیانی لەناو برین و ئازارەکانماندا ماینەوە. دوای ئەوە گوندنشینەکان هاتن و ئێمەیان دەرهێنا و بردیانین بۆ نەخۆشخانەی کۆبانی.
رووداو: واتە کاتێک ماڵەکەتان تۆپباران کرا تۆ خەوتبووی؟
فاتمە حاج مەحموود: بەڵێ، لە خەودا بووم.
رووداو: پێشتر ئاگادار کرابوونەوە کە خەڵکی سڤیل یان ئەو شوێنە دەکرێتە ئامانج؟ ئاگادارییەکی وا هەبوو؟
فاتمە حاج مەحموود: نەخێر.
رووداو: لە خێزانەکەت کێ شەهید بوو و کێ بریندار بوو؟
فاتمە حاج مەحموود: ئەو ماڵەی من لێی خەوتبووم ماڵی خۆمان نەبوو، ماڵی خزمێکی نزیکمان بوو، ماڵی کچی مامم بوو. لە خێزانەکەی خۆم، من و سێ براکەم لەوێ بووین، سوپاس بۆ خوا براکانم سەلامەتن و تەنیا من قاچەکانم لەدەستدا. بەڵام ئەو کەسانەی دیکە کە شەهید بوون ئەوانیش خزممان بوون. کچە مامەکەم پەنجەی قاچی بڕایەوە و قاچی کوڕەکەشی زیانی بەرکەوت.
رووداو: ئەو ساتە سەختەی کە لە خەو هەستایت و بلۆکت لەسەر قاچت لادا و بینیت قاچت بریندارە، هەستت چۆن بوو؟ چۆن پێشوازیت لەو راستییە تاڵە کرد؟ یەکەم بیرۆکە کە هاتە مێشکت چی بوو؟
فاتمە حاج مەحموود: قیژاندم... ئەو بیرۆکانەی هاتنە مێشکم زۆر سەخت بوون. بەڵام تەنیا شتێک کە ئارامی پێبەخشیم براکەم بوو، پێی گوتم: بەرگە بگرە، مەڕۆ، مەمرە، باوک و دایکمان لە گوند چاوەڕێمانن، دەچینەوە لایان. بەم قسەیە منیان بەهێز کرد.
رووداو: باوک و دایکت لە کام گوندن؟
فاتمە حاج مەحموود: لە گوندی "خراب ساروونجێ"ن.
رووداو: ئەوان ئێستاش لەوێن؟
فاتمە حاج مەحموود: بەڵێ لەوێن، رێگە نییە کە بێن.
رووداو: واتە دوای هەموو ئەوانەی بەسەرتدا هات، تاوەکو ئێستا دایک و باوکت نەیانتوانیوە بێنە لای تۆ؟
فاتمە حاج مەحموود: نەخێر، رێگەکە داخراوە.
رووداو: رێگەکە لەلایەن کێوە داخراوە؟ گوندەکەی ئەوان لەژێر دەستی کێدایە؟
فاتمە حاج مەحموود: لەژێر دەستی حکومەتی سوریادایە.
رووداو: تۆ دەتەوێت ئەوان بێنە لای تۆ یان تۆ بچیتە لای ئەوان؟
فاتمە حاج مەحموود: من دەمەوێت ئەوان بێنە لای من، چونکە هەر کاتێک بیرم دەکەوێتەوە دەبێت جارێکی دیکە بە گوندی "خراب ئیشکێ"دا تێپەڕبم و ئەو رووداوەم بیربکەوێتەوە، زۆر بۆم سەخت دەبێت.
رووداو: واتە تۆ ئیتر ناتوانیت بەو رێگەیەدا بڕۆیت؟
فاتمە حاج مەحموود: نەخێر.
رووداو: بڕیاری خۆت داوە کە جارێکی دیکە ناچیتەوە گوندەکەت؟
فاتمە حاج مەحموود: ئەگەر رێگەیەکی دیکە هەبێت دەچم، بەڵام بەناو گوندی خیراب ئیشکێدا ناڕۆم.
رووداو: فاتمە، تۆ خوێندکاری ساڵی یەکەمی زانکۆ بووی و یاسات دەخوێند. ئەم رووداوە چ کاریگەرییەکی لەسەر خەون و هیوایەکانت دەبێت؟
فاتمە حاج مەحموود: کاتێک ئەم رووداوەم بەسەر هات، گوتم ئیتر هەموو شتێک کۆتایی هات. هەموو هیوایەکانم بێهودە بوون و گوتم ناتوانم هیچ شتێک تەواو بکەم، بەڵام ئێستا ورەم بەرزە. ناهێڵم هیچ شتێک ببێتە رێگر لەبەردەم خوێندنەکەمدا. خوێندنەکەم تەواو دەکەم.
رووداو: چی وایکردووە سەرەڕای ئەم هەموو ئازارە، جارێکی دیکە ورەت بەرز بێتەوە؟
فاتمە حاج مەحموود: ئەو شتەی وایکرد ورەم بەرز بێتەوە، باوک و دایکمن. چونکە من تەنیا بۆ حەزی خۆم ناخوێنم، بۆ خاتری باوکم دەخوێنم. بۆ ئەو خوێندنەکەم تەواو دەکەم.
رووداو: کاتێک دایک و باوکت زانییان هەردوو قاچت لەدەستداوە، چییان گوت؟ هەستیان چۆن بوو؟
فاتمە حاج مەحموود:  راستیت دەوێت، من تاوەکو ئێستا قسەم لەگەڵ نەکردوون.
رووداو: تۆ نەتویستووە یان ئەوان ناتوانن؟
فاتمە حاج مەحموود: نە من دەتوانم و نە ئەوانیش دەتوانن.
رووداو: بێگومان هەواڵەکەیان پێگەیشتووە, کە چیت بەسەرهاتووە؟
فاتمە حاجی مەحموود: بەڵێ.
رووداو: نەتزانیوە هەڵوێستیان چی بووە؟ کەس باسی بۆ نەکردووی؟
فاتمە حاجی مەحموود: کەس باسی نەکردووە، بەڵام خۆم دەزانم ئێستا ئەوان زۆر ئازار دەچێژن. بەڵام دەمەوێت پێیان بڵێم با خەفەت نەخۆن. من باشم، سوپاس بۆ خوا کە تەنیا قاچەکانم بوونە قوربانی و سێ براکەم سەلامەت دەرچوون. ئەوەی کە براکانم ئەو شەوە بە سەلامەتی رزگاریان بوو شتێکی زۆر دڵخۆشکەر بوو.
رووداو: ئەگەر ئێستا هەموو جیهان گوێت لێبگرێت، چییان پێ دەڵێیت؟ سەبارەت بەم ئازارەی خۆت و خەڵکی سڤیلی کۆبانی؟
فاتمە حاجی مەحموود: پێیان دەڵێم؛ من ئەم ئازارەم بینی، با کەسی دیکە نەیبینێت. ئەم ئازارە زۆر سەخت بوو. تەنیا من نا، برینداری دیکە و ئەوانەش کە گیانیان لەدەستدا. با کەسی دیکە ئەم نارەحەتییە نەبینێت.
رووداو: داواکاریت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چییە بۆ خۆت و بۆ شارەکەت؟
فاتمە حاجی مەحموود:  رێگری لەم هێرشە قێزەونانە بگرن کە دەکرێنە سەر گەلی کورد... با ئەم هێرشانە رابگیرێن. تەنیا من نیم، پێش من هەزاران کەسی دیکە لە گەلی کورد ئەمەیان بەسەرهاتووە. دەڵێن ئێمە پارێزگاری لە مافی مرۆڤ دەکەین، بەڵام شتی وا نییە؛ ئەوان لەو رۆژەی هێرشمان کرایە سەر لە کوێ بوون؟ ئێمە خەڵکی سڤیل بووین و لە ماڵەکانی خۆماندا خەوتبووین. نە شەڕڤانمان لەگەڵ بوو و نە سەرباز. ئەمە کارێکی زۆر دڕندانە بوو.
رووداو: ئەمڕۆ چی زیاتر ئازارت دەدات؟ لەدەستدانی هەردوو قاچت، برینداربوونت، یان نادادپەروەری؟
فاتمە حاجی مەحموود: ئەوەی زۆر ئازارم دەدات، ئەو نادادپەروەرییەیە کە بەرامبەر کورد دەکرێت.
رووداو: تۆ خوێندکاری یاسایت و دەبیتە پارێزەر، ئامانجی تۆ چی دەبێت؟
فاتمە حاجی مەحموود: ئینشەڵڵا هەڵدەستمەوە سەر پێیەکانی خۆم و دەتوانم بڕۆم، خوێندنەکەم تەواو دەکەم. داکۆکی لە مافی خۆم، هاوڕێکانم و گەلەکەم دەکەم.
رووداو: ئەگەر دەرفەتت هەبێت سکاڵا لە دادگایەکی نێودەوڵەتی تۆمار بکەیت بەرامبەر ئەوەی بەسەرت هات، دەیکەیت؟
فاتمە حاجی مەحموود: بەڵێ.
رووداو: داواکاریت بۆ ئەو پارێزەرانەی لە جیهاندا دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن چییە؟
فاتمە حاجی مەحموود: داواکارم بەدوای مافەکانی ئێمەدا بچن و مافمان بۆ وەربگرنەوە. داواکارییەکی دیکەشم ئەوەیە کە بتوانم جارێکی دیکە لەسەر قاچەکانم بوەستم و بڕۆمەوە.
رووداو: هیوادارم جارێکی دیکە بتبینمەوە کە قاچی دەستکردت بۆ دروست کرابێت و لەسەر پێیەکانی خۆت بوەستیت. ئەگەر ئەو کەسەی گوندەکەی تۆی کردە ئامانج ئێستا گوێت لێبگرێت، چ پەیامێکی بۆ دەنێریت؟
فاتمە حاجی مەحموود:  ئایا ئەو مرۆڤ نەبوو کە ئەم هێرشە قێزەونانەی کردە سەرمان؟ ئایا دڵی نەهێشا؟ خوشکی نەبوو؟ خێزانی نەبوو کە هێرشێکی وای کردە سەرمان؟
رووداو: بۆ ئەو هاوڕێیانەت لە زانکۆی کۆبانی کە پێشوازییان لێکردیت و بۆ پشتیوانیت لەسەر چۆک دانیشتبوون، چ دەڵێیت؟
فاتمە حاجی مەحموود: سوپاسیان دەکەم. لە رۆژێکی وا پڕ لە ئازاردا منیان بە تەنیا جێنەهێشت و باری ئازارەکەیان بۆ سوک کردم. سوپاس بۆ ئەوان.
رووداو: فاتمە زۆر سوپاست دەکەم. بوونی تۆ لێرە و ئەنجامدانی ئەم چاوپێکەوتنە خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە ئازایەتی و بەهێزی. دڵنیام سێ ساڵی دیکە فاتمە دەبێتە پارێزەرێکی زۆر سەرکەوتوو کە جێگەی شانازی هەموومان بێت.
فاتمە حاجی مەحموود:  ئینشەڵڵا.
رووداو: زۆر سوپاس فاتمە، ئەگەر قسەی کۆتاییت هەیە فەرموو.
فاتمە حاجی مەحموود: سوپاس بۆ ئێوە. سەرکەوتن هەر بۆ ئێمەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە