ئیلهام ئەحمەد بۆ رووداو: دەبێت مەرجەعییەتی کوردی بۆ رۆژئاوای کوردستان دروستبکرێت

27 خولەک له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە میونشن
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە میونشن رایگەیاند، کە لەسەر داوای ئەمریکا بە شێوەیەکی هاوبەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوونەتەوە و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش بە روونی بەڵێنی پێداون کە وڵاتەکەی ئامادەیە ببێتە گەرەنتیکاری جێبەجێکردنی هەر رێککەوتنێک کە لەگەڵ حکومەتی سووریا ئەنجامی بدەن.
 
لەبارەی نێوەڕۆکی گفتوگۆکانیان لەگەڵ دیمەشق، ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا جیاوازی لە تێڕوانینەکاندا هەیە، چونکە حکومەتی سووریا تەنیا باسی سیستمێکی لامەرکەزی دەکات و ئامادە نییە بە فەرمی دان بە ئۆتۆنۆمیدا بنێت، بۆیە بڕیاردان لەسەر ئەو پرسە بۆ کاتی نووسینەوەی دەستووری نوێی وڵات جێهێڵدراوە. هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە بۆ چوونە دیمەشق بە یەکدەنگی، کار دەکەن بۆ دروستکردنی مەرجەعییەتێکی کوردی هاوبەش لەگەڵ ئەنەکەسە تاوەکو هەموو لایەنە کوردییەکان لەسەر پرسە نیشتمانییەکان کۆک بن.
 
هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکان ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک مەسعوود بارزانی و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد لە پشتیوانیکردنی رۆژئاوای کوردستان و رایگەیاند، پێگەی فەرمی و دانپێدانراوی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی سەرەکی و گرنگی هەبووە لەوەی دەنگی ئەوان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بگات و پەیوەندییەکانیان فراوانتر بێت.
 
ئیلهام ئەحمەد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە ئاستەنگەکانی بەردەم یەکگرتنی هێزەکان لە کۆبانێ و دۆخی ئاوارەکان کرد و گوتی، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپا خەریکی داڕشتنی میکانیزمێکن بۆ ئەوەی ئاوارەکان بە ئاسوودەیی و بەبێ ترس بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەش لە ناوچەکە دەستپێبکاتەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر:
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم دیدارە لە میونشن. ئایا ئێوە وەک شاندێکی هاوبەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا هاتوونەتە میونشن یان وەک دوو شاندی جیاواز؟
 
ئیلهام ئەحمەد: ئێمە بە دوو شاندی جیاوازەوە هاتووین. لێرە هەندێک گفتوگۆمان کرد و گوتمان پێویستە لە هەندێک کۆبوونەوەدا پێکەوە بین. کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون؛ بەڕاستی باش بوو کە لە هەندێک کۆبوونەوەدا پێکەوە بووین و پێکەوە کارەکانمان کرد.
 
رووداو: دیدارەکەتان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی سووریا چۆن رێکتانخستبوو؟ ئایا بە شێوەیەکی هاوبەش بوو یان بە چ جۆرێک رێکخرابوو؟
 
ئیلهام ئەحمەد: ئەمە هەندێکی بەهۆی بۆچوونی بەرپرسانی ئەمریکی بوو کە ئێمە پێکەوە بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا بکەین. ئێمەش لەنێو خۆماندا باسمان کرد و گوتمان ئەگەر پێکەوە بیکەین باشترە، ئەوەش کارێکی باش بوو.
 
رووداو: کەواتە هەردوولایەن بانگهێشت کرابوون؟
 
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ، هەردوولایەن. مەبەستم ئەوەیە ئێمەش دەمانویست و ئەمریکییەکانیش دەیانویست کە پێکەوە بێت، بۆیە بەو شێوەیە رێکمان خست.
 
رووداو: ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمریکا داوای لە دیمەشق کردووە کە دەبێ ئۆتۆنۆمی بە رۆژئاوای کوردستان بدات. ئایا داوای ئۆتۆنۆمیتان کردووە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: لە راستیدا باش دەبێت ئەگەر خۆبەڕێوەبەرییەک یان ئۆتۆنۆمی هەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوەی لە هەڵوێستەکانی دیمەشقدا دەبینرێت، ئەوەندەی باسی نەناوەندی (لامەرکەزی) دەکرێت، باسی ئۆتۆنۆمی ناکرێت و دەڵێن ناکرێت. هەندێک جیاوازی لە تێڕوانینەکاندا هەیە. ئێمە دەمانەوێت لامەرکەزیەت نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ بەشەکانی دیکەی سووریاش هەبێت؛ لامەرکەزییەک کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتێکی خۆجێیی دابمەزرێت.
 
رووداو: ئایا لە گفتوگۆکاندا باسی لێدەکرێت؟ مەبەستم لە دانوستاندن و کۆبوونەوەکاندایە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: ئەوە ئیدی لە دەستووردا دەبێت، کاتێک دەستوور ئامادە کرا، ئەو کات گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
 
رووداو: خاتوو ئیلهام، بۆچی تاوەکو ئێستا کێشەکانی کۆبانێ چارەسەر نەکراون؟
 
ئیلهام ئەحمەد: لە کۆبانێ کۆمەڵێک بەربەستی کردەیی لە پرسی یەکگرتندا هەن؛ وەک یەکخستنی هێزە سەربازییەکان و هێزە ئەمنییەکان. گفتوگۆ هەیە و لە وردەکارییەکانیشدا هەندێک کێشە هەیە. لێرە باسمان لەو کێشانە کرد و لەگەڵ وەزیر شەیبانی گفتوگۆمان کرد، پێموایە لە داهاتوودا پێویستە ئەوە چارەسەر بکرێت.
 
رووداو: دۆخی ئاوارەکان لە رۆژئاوای کوردستان زۆر خراپە. چی دەکەن بۆ باشترکردنی بارودۆخیان؟
 
ئیلهام ئەحمەد: سەبارەت بە ئاوارەکان، بڕگەیەکی تایبەتمان لە رێککەوتنەکەدا داناوە و لێرەش دیسان گفتوگۆمان لەبارەیەوە کرد. دیدارێکی تایبەتمان لەگەڵ وەزیر هەبوو و لەوێ باسمان لە دۆخی ئاوارەکان، گەڕانەوەیان و چۆنیەتی نوێنەرایەتیکردنیان لە دامودەزگاکاندا کرد. من پێم وایە لە داهاتوودا پێویستە هەندێک هەنگاوی پراکتیکی بنرێت.
 
رووداو: کەواتە چارەسەر دەکرێت؟ ئێوە لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی؟
 
ئیلهام ئەحمەد: زۆر کار لەسەر ئەوە دەکەین بۆ ئەوەی رێگەیەک هەبێت خەڵک هەست بە ئاسوودەیی بکەن کاتێک دەگەڕێنەوە، بەبێ هیچ ترس و نیگەرانییەک. بۆیە ئێمە خەریکی داڕشتنی هەندێک میکانیزمین بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە.
 
رووداو: ئایا ئێوە چی دەکەن بۆ ئەوەی یەکدەنگی لەگەڵ ئەنەکەسە بپارێزن، بۆ ئەوەی بتوانن بە یەکدەنگی بچنە دیمەشق؟
 
ئیلهام ئەحمەد: دەبێت مەرجەعییەتێکی کوردی دروستبکرێت و هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە یەکگرتن و مافەکانی کورد و پرسی دەستوور، لە چوارچێوەی ئەم مەرجەعییەتەدا گفتوگۆ و مشتومڕیان لەسەر بکرێت. لەسەر ئەم بنەمایە پلانێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو مەرجەعییەتە لە داهاتوودا دروستبکرێت.
 
رووداو: کۆبوونەوەکانتان تا چەند گرنگ بوون؟ سەرۆک ماکرۆن بەڵێنی پێدان کە پشتگیریتان بکات. دەتوانن باسی ئەوە بکەن کۆبوونەوەکان چەندە گرنگ بوون، بەتایبەت ئامادەبوونی ئێوە و بەڕێز مەزلووم عەبدی لێرە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: ئامادەبوونمان لە ئێرە پەیامێکی روونە، بەتایبەت دوای ئەو هێرشانەی کرانە سەر ناوچەکانمان. بە ئامادەبوونمان لە چالاکییەکی لەم جۆرەدا، دۆخی ناوچەکە و سووریا خرایە بەرنامەی کارەوە و ئەمە بابەتێکی گرنگ بوو. لەو چالاکییانەدا کۆمەڵێک پەیام هەبوون؛ یەکێکیان وشیاری بوو سەبارەت بە پرسی یەکگرتنەوە. ئەو لایەنانەی بینیمان، هەنگاو بە هەنگاو چاودێریی پرۆسەکە دەکەن و لە واقیعەکە دوور نین. تێگەیشتین کە چ بەربەستێک هەیە و چۆن دەتوانن یارمەتیدەر بن. لایەنێکی دیکەش پشتیوانی پرسی کورد و چارەسەری کێشەی کورد بوو؛ ئەوەی کورد چۆن دەتوانێت لە ئیدارەی سووریادا رۆڵ بگێڕێت و نوێنەرایەتی هەبێت. دیدێکی روونمان بینی و بۆ جێبەجێکردنی پرسی یەکگرتنەوەش، ماکرۆن و لایەنەکانی دیکە بە روونی گوتیان کە دەتوانن رۆڵی گەرەنتیکار ببینن.
 
رووداو: سەرۆک مەسعوود بارزانی و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەوڵی زۆریان دا بۆ پاراستنی رۆژئاوای کوردستان، گەلی کوردیش یەکدەنگ بوون. تاوەکو چەند گرنگە ئەم یەکگرتوویی و پشتیوانییە بۆ رۆژئاوای کوردستان بەردەوام بێت؟
 
ئیلهام ئەحمەد: بەڕاستی ئەمە شایەنی سوپاسگوزارییە. دەزانم ئەوانیش هەست دەکەن ئەرکی نیشتمانیی خۆیان بەجێهێناوە. ئێمە لەوە تێدەگەین و ئەمڕۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەمان قسەی کرد. لەم قۆناغە مێژووییەدا، پاڵپشتیی باشووری کوردستان کە خاوەن پێگەی فەرمی و دانپێدانراوە، رۆڵێکی گرنگی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەدا هەبوو. ئەو پاڵپشتییە ناوخۆییەشی کردوویانە شایەنی رێزگرتنە. لێرە بەدواوەش مەترسییەکە نەڕەواوەتەوە، نەک تەنیا لەسەر رۆژئاوا، بەڵکو مەترسیی قڕکردنەکە بۆ سەر کورد فراوانتر دەبێت. لەو چوارچێوەیەدا یەکڕیزیی کورد و گەیشتن بە ئاستێکی دیاریکراوی خۆرێکخستنەوە لەگەڵ هەموو رێکخراوە کوردییەکان گرنگە. ئەگەر میکانیزمێکی هاوبەشی کوردی دابمەزرێت کە هیوای هەموو گەلی کوردە، هەنگاوێکی گەورە دەبێت. پێویستە لە داهاتوودا جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی بەهێز لە دژی پلانەکانی قڕکردن بگیرێتەبەر.
 
رووداو: وەک پرسیاری کۆتایی؛ ئێوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبوونەوە. دوای هێرشەکان وڵاتانی ئەوروپا تا رادەیەک بێدەنگ بوون و خەڵکیش رژانە سەر شەقامەکان. بۆچوونی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەکەدا چۆن بوو؟ بەڵێنی چی پێدان؟
 
ئیلهام ئەحمەد: وەزیری ئەڵمانیا رایگەیاند کە لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و ئاگاداری رووداوەکانی سووریان؛ دووپاتی کردەوە کە پشتیوان و هاوکار دەبن بۆ ئەوەی یەکگرتنەوە بە شێوەیەکی دروست رووبدات. زۆر دڵخۆش بوون بەو دیدارە هاوبەشانەی ئەنجام دران و دەیانەوێت وێنەی سووریا بە جۆرێک بێت کە کوردیش لەخۆ بگرێت. تێڕوانینیان وابوو کە پێویستە شێوازەکانی قڕکردن، کوشتن و ناسەقامگیری بوەستێنرێت و ئاوەدانکردنەوە دەستپێبکات. بە تایبەتیش تیشکی خستە سەر شەڕی داعش و مافەکانی کورد.
 
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز ئیلهام ئەحمەد کە لەگەڵمان بوویت.
 
ئیلهام ئەحمەد: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە