رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەمە بابەتێکی گرنگە و دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت". لەبارەی رۆڵی هەرێمی کوردستانیش لە رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە دەڵێت، "ئەوەی پێمان کرا درێخیمان نەکرد".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو باسی لە روانگەی وڵاتان و سەرکردەکان بەرامبەر هەرێمی کوردستان، پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە دیدگەی وڵاتان بەرامبەر هەرێمی کوردستان کرد و دەڵێت، "لای هەموو دەوڵەتان و سەرکردەکان روونە. دەیانەوێت رۆڵی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر و جدی بێت، دەیانەوێت سەقامگیر بێت و دەیانەوێت هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا هەرێمێکی بەهێز بێت."
نێچیرڤان بارزانی باسی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، "ئەمە بابەتێکی گرنگە کە دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت و ئێمە بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی بەڕاستی بگەینە چوارچێوەیەک و تێگەیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەم حکومەتە پێک بهێنرێت".
لەبارەی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، "لەم پرۆسەیەدا، جەنابی سەرۆک بارزانی، کاک مەسرور، بەندە و هەموومان ئەوەی پێمان کراوە بۆ سەقامگیریی سووریا، بەڕاستی درێخیمان نەکردووە. هەر یەک بەپێی پێگە و شوێنی خۆی، ئێمە هەموومان هەوڵێکی جدیمان داوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دۆخی رۆژئاوای کوردستان جیاوازە لە باشووری کوردستان و ئەو ژینگەیەی لێرە دروستبووە لەوێ نییە و دەڵێت، "ئێمە هیوادارین لە ئەنجامدا ئەو ئۆتۆنۆمییەی باسی دەکرێت، ئۆتۆنۆمی بێت بۆ ناوچەکە و دەسەڵات بدرێتە ئەو سنوورە جوگرافیایەی هەم کوردی تێدایە و هەم عەرەب و هەم مەسیحی. ئەوان بتوانن کارەکانی خۆیان لەوێ بەڕێوە ببەن. ئەمە گرنگە".
دەقی پرسیار و وەڵامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رووداو
رووداو: لە میونشنەوە سڵاوتان لێبێت بینەرانی رووداو. من ئاڵا شاڵیم و دەمەوێت لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، چەند پرسیارێکی گرنگی ئاراستە بکەم. جەنابی سەرۆک، زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
جەنابت، زۆر ماندوو بوویت لەم چەند رۆژەدا. هەر بژیت و لەشساخ بیت. جەنابتان لێرە لە میونشن لەگەڵ چەندین سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانی جیهان کۆبوونەوە.
پرسیارەکەم ئەوەیە، ئایا جیهان ئامادەیە بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و ئایا هەرێمی کوردستان ئەو توانایەی هەیە کە بەردەوام بێت وەکو هاوکار و هاوبەشێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟
نێچیرڤان بارزانی: هاتنی ئێمە بۆ ئەم کۆنفرانسانە زیاتر بۆ ئەوەیە لە نزیکەوە خەڵک ببینین، بەرپرسانی جیهان ببینین و جەخت لەسەر رۆڵی کورد لە ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی و لە عێراقدا بکەینەوە. سەبارەت بە پرسیارەکەت لەسەر هەرێمی کوردستان، بەڵێ، من پێم وایە سیاسەتی ئەوروپی و سیاسەتی نێودەوڵەتی لەوەدا روونە کە دەیانەوێت کوردستانێکی بەهێز لەناو عێراقێکی فیدراڵدا هەبێت. ئەمە لای هەموو دەوڵەتان و سەرکردەکان روونە. دەیانەوێت رۆڵی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر و جدی بێت، دەیانەوێت سەقامگیر بێت و دەیانەوێت هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا هەرێمێکی بەهێز بێت. ئەو جیاوازییەی کە ئێمە هەمانە ئەوەیە کە ئێمە لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقداین. بێگومان ئێمە ناڵێین ئەو دەستوورە تەواوە و هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام ئێمە هەندێک مافمان هەیە و دەشزانین هەندێک بەرپرسیارێتیشمان دەکەوێتە سەرشان بەپێی ئەو دەستوورە. بەڵام سیاسەتی نێودەوڵەتی تاوەکو ئێستا ئەوەیە: کوردستانێکی بەهێز لەناو عێراقێکی فیدراڵدا.
رووداو: کوردستانێکی بەهێز، بەڵام بەڕێزتان چەندین کۆبوونەوەتان کرد، ئایا لە کۆبوونەوەکان و گفتوگۆکاندا رەخنە لە هەرێمی کوردستان نەگیرا کە دوای ساڵێک و چوار مانگ لە هەڵبژاردن، هێشتا پەرلەمان کارا نییە و حکومەتیش دروست نەبووە؟
نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، ئەوە یەکێک لە باسەکان بوو. ئەم بابەتە لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا قسەی لەسەر دەکرێت. خەڵکی کوردستان متمانەیەکی زۆریان دا بە هەموو حیزبەکان و رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن نزیکەی 73٪ بوو. ئەمە هەمووی ئەو متمانەیە بوو کە گەلی کوردستان هەیبوو. بە دڵنیاییەوە، زیاتر لە ساڵێکە کە حکومەت پێکنەهاتووە و ئەمە جێگەی رەخنەیە لە دەرەوە، بەڵام بۆ خۆشمان شتێکی جوان نییە. لە ئەنجامدا، ئەمە بابەتێکی گرنگە کە دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت و ئێمە بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی بەڕاستی بگەینە چوارچێوەیەک و تێگەیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەم حکومەتە پێک بهێنرێت.
رووداو: جەنابی سەرۆک، تورکیا هێزێکی گەورەیە لە سووریا و لە ناوچەکەدا. بەڕێزتان بە بەردەوامی لە پەیوەندیدا بوون بۆ ئەوەی ئەو شەڕە رابگیرێت و ئاشتی بگەڕێتەوە نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە. رۆڵی تورکیا چۆن بوو لەم ماوەیەدا؟
نێچیرڤان بارزانی: کاتێک ئەم کێشەیە لە سووریا روویدا، من شەخسەن بەردەوام بووم لە قسەکردن لەگەڵ تورکیا. دەتوانم پێتان بڵێم رۆڵی تورکیا رۆڵێکی زۆر ئەرێنی بوو، وە بەبێ یارمەتی و پشتیوانیی تورکیا، زۆر شت لەوانەی کە کران، نەدەکرا. بۆ نموونە، ئەوەی لە حەلەب کرا و ئەو خەڵکە بە هێمنی لەوێ دەرچوون، بەڕاستی تورکیا رۆڵێکی گەورەی تێدا بینی. وە رۆڵی تورکیا رۆڵێکی زۆر پۆزەتیڤە، رۆڵێکی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی هەسەدە و حکومەتی سووریا بگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش. ئەمەیە ئەوەی من دیومە و ئەوەی من دەیبینم، رۆڵیان رۆڵێکی زۆر پۆزەتیڤ بووە.
رووداو: لێرە لەگەڵ چەندین بەرپرسی جیهان، یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی ئێوە لە گفتوگۆکان و کۆبوونەوەکاندا باسی پرسی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بوو. لێرە دەتوانین بڵێین گەرەنتی هەیە کە کورد لە رۆژئاوای کوردستان پارێزراو بێت؟ هەروەها دەتوانین بڵێین دروستبوونی ئۆتۆنۆمی لە رۆژئاوای کوردستان هاتووەتە کایەوە یان دەتوانین بڵێین پشتیوانییەکان چۆنن؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر پرسیار لە دیمەشق بکرێت، رەنگە وا تەسەور بکەن زۆریان بە کورد داوە. ئەگەر پرسیار لە کوردەکانیش بکرێت، رەنگە وا تەسەور بکەن زۆر کەمیان وەرگرتووە. بەڵام بەڕای شەخسیی من، ئەوەی کراوە شتێکە کە دەتوانێت بۆ هەردوولا باش بێت. لە ئەنجامدا، سیاسەتی ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان بگەنە ئەنجامێکی باش لەگەڵ دیمەشق. سیاسەتی ئێمە پشتیوانیی ئەوە دەکات کە ئەوان بتوانن بگەنە ئەنجامێکی باش لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا. پێموایە ئەوەی گرنگە، چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنەیە. ئێمە لەم کۆبوونەوانەی کە لە میونشن هەمان بوو لەگەڵ هەموو لایەک، لەگەڵ ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان، جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە چاودێریی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە بکرێت. بەلای ئێمەوە ئەوە گرنگە. ئەوەی من لە وەزیری دەرەوەی سووریا و هەروەها لە فەخامەتی سەرۆک شەرع گوێم لێ بوو، ئەوەیە کە بە کردەوە دەیانەوێت ئەم رێککەوتنەی کە هەیە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. ئەوەی مەبەستی ئێمەشە و بەلامانەوە زۆر گرنگە، ئەوەیە کە هەرچی دەکرێت سەبارەت بە رۆژئاوا و پێکهاتەکانی دیکەش لەناو سووریا، هەموویان بە شێوەیەک لە شێوەکان لەناو دەستووری سووریادا جێگیر بکرێن. ئێمە پێشوازیمان لەو فەرمانەی سەرۆک شەرع کرد. من پێم وایە ئەوەش دەستپێکردنێکی زۆر باش بوو بە رێگەیەکی راست، وە پێشموایە گرنگە هەموو لایەکمان هەوڵ بدەین ئەمانە لە چوارچێوەی دەستووری سووریادا جێگیر بکرێن.
رووداو: جەنابی سەرۆک، بەڕێزتان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریاش کۆبوونەوە، کە جەنابت ئاماژەت پێدا. من لە وەزیری دەرەوەی سووریام پرسی، گوتی کورد تاوەکو ئێستا داوای ئۆتۆنۆمیی نەکردووە. ئایا ئەوە لە گفتوگۆکاندا باس کرا؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە دەبێت واقیعی بین لەم بابەتەدا. ئەگەر تەسەور بکرێت ئەوەی ئێمە لە کوردستانی عێراق هەمانە، دەتوانین هەمان شت لە سووریا کۆپی بکەین، ئەوە ناکرێت. ئێمە هیوادارین لە ئەنجامدا ئەو ئۆتۆنۆمییەی کە باسی دەکرێت، ئۆتۆنۆمی بێت بۆ ناوچەکە و دەسەڵات بدرێتە ئەو سنوورە جوگرافیایەی کە هەم کوردی تێدایە و هەم عەرەب و هەم مەسیحی. ئەوان بتوانن کارەکانی خۆیان لەوێ بەڕێوە ببەن. ئەمە گرنگە. بۆ نموونە، ئێستا رێککەوتنیان کردووە لەسەر ئەوەی پارێزگاری حەسەکە ناویان ناردووە بۆ دیمەشق و ئەوانیش رەزامەندییان کردووە. ئەمە پێموایە هەنگاوێکی زۆر باشە بەرەو پێشەوە. لەبەر ئەوە دەبێت ئێمە واقیعی بین و بە واقیعی سەیری بابەتەکان بکەین. ئەوەی لەسەر زەوی دەتوانین جێبەجێی بکەین چەندە؟ قسەکانی ئێمە لەگەڵ ژەنەراڵ مەزڵووم و لەگەڵ ئیلهام خانیش وابووە کە لەم قۆناخەدا، کورد، واتە ئەوانیش، دەبێت جددی بن لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی کە ئێستا لەگەڵ دیمەشق کردوویانە.
رووداو: جەنابی سەرۆک، بەڕێز سەرۆک مەسعوود بارزانی، بەڕێزتان و بەڕێز کاک مەسروور رۆڵێکی گرنگتان هەبوو. هەموو گەلی کوردستان و هەموو حیزبەکانی کوردستان پشتیوانی و یەکدەنگییەکی بەهێزیان بۆ رۆژئاوای کوردستان هەبوو. ئایا ئەو یەکدەنگییە جێگەی سەرنجی بەرپرسانی جیهان بوو؟
نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، جێگەی سەرنج بوو. بێگومان من دەمەوێت سوپاسی هەموو گەلی کوردستان بکەم لە هەموو شوێنێک. کورد لە هەر شوێنێک بێت، ئەوانەی لە دەرەوە بوون، لە ناوخۆ، لە وڵاتانی دیکە، هەموویان لەسەر ئەم بابەتە یەکدەنگ بوون. ئەو یەکدەنگییەی کورد بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوا زۆر کاریگەر بوو. لەم پرۆسەیەدا، جەنابی سەرۆک بارزانی، کاک مەسروور، بەندە و هەموومان ئەوەی پێمان کراوە بۆ سەقامگیریی سووریا، بەڕاستی درێخیمان نەکردووە. هەر یەک بەپێی پێگە و شوێنی خۆی، ئێمە هەموومان هەوڵێکی جدیمان داوە. بە نیسبەت ئێمەوە، ئەوە نییە کە منەتیان لێ بکەین، بەڵکو ئێمە ئەرکی خۆمانمان بۆ خوشک و براکانمان لە سووریا بەجێ گەیاندووە.
رووداو: لێرە سەرۆک و بەرپرسەکان زۆر باسی رۆڵی بەڕێزتانیان کرد و گوتیان رۆڵێکی گرنگتان گێڕاوە. هەموویان دەستخۆشییان لێ کردیت. هەندێکیان بە منیان گوت، "کە جەنابی سەرۆکتان هەبێت، کەسی دیکەتان پێویست نییە." پرسیارێکی دیکەم هەیە، جەنابی سەرۆک، ئایا یەکێتی و پارتی هەفتەی داهاتوو کۆدەبنەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: تاوەکو ئێستا ئێمە دوو کۆبوونەوەمان لەگەڵ یەکێتی کردووە. جەنابی سەرۆک بارزانی نزیکەی 10 رۆژ لەمەوبەر کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەڕێز کاک بافڵ کرد. رۆژی چوارشەممە، پێش ئەوەی من بێم بۆ ئێرە، من کۆبوونەوەیەکم لەگەڵ کاکە بافڵ هەبوو و دوای ئەوەش کۆبوونەوەیەکی زۆر باشی لەگەڵ جەنابی سەرۆکدا هەبووە. ئێمە مەبدەئییەن رێککەوتووین کە ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام بن و بەڕاستی هەردوو کۆبوونەوەکە، کۆبوونەوەی باش بوون. واتە، دەتوانم بڵێم کۆبوونەوەکان خراپ نەبوون، بەڵام ئەمە ئیشی دەوێت. ئەوە نییە بڵێین گەیشتووینەتە رێککەوتنێک لەسەر هیچ شتێک، بەڵام هەر خودی کۆبوونەوەکان بەو شێوەیەی کە کران، من پێموایە شتێکی باش بوو. ئێمە خەریکە بەرەو پێشەوە دەچین بە ئاراستەیەکی راستدا. ئەم کۆبوونەوانەی ئێمەش بەردەوام دەبن تاوەکوو دەگەینە خاڵێکی هاوبەش و ئینشائەڵڵا کە خێری هەموو کوردستانی تێدا بێت.
رووداو: بەڵام هێشتا لەسەر یەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتوون؟
نێچیرڤان بارزانی: نەخێر، تاوەکو ئێستا لەسەر ئەوە رێکنەکەوتووین.
رووداو: دوایین پرسیارم لە بەڕێزتان ئەوەیە، کۆبوونەوەکانتان لە میونشن ئەم ساڵ چۆن ناو دەبەیت؟ چونکە بەڕاستی ئەم ساڵ جیاواز بوون لە پار.
نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر سەیری هەموو کۆبوونەوەکان بکەیت، کۆبوونەوەکان زۆر باش بوون. بابەتەکە شەخسی نییە، ئێمە نوێنەرایەتیی گەلی خۆمان دەکەین و سەربەرزین بەوەی کە جیهان بەو شێوەیە رێز لە گەلی کوردستان دەگرێت. ئەوە جێی شانازییە بۆ ئێمە کە لەم پۆستەداین و ئەمەش لە ئەنجامی ئەو خەبات و ماندووبوونەی گەلی کوردستانە بە شێوەیەکی گشتی. من پێموایە ئاستی کۆبوونەوەکان و ئەو گرنگییەی کە بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، جێی شانازیی هەموومانە.
رووداو: بەڵام چونکە ئێستا ناوچەکە بەڕاستی لەژێر مەترسیدایە...
نێچیرڤان بارزانی: بە دڵنیاییەوە، سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە ناوچەکە لەژێر مەترسیدایە، بەڵام لە راستیدا ئێمە دەمانەوێت ئەم بابەتانە بە گفتوگۆ و بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن. ئێمە تەسەور ناکەین شەڕ هیچ کێشەیەک چارەسەر بکات. ئێمە دەمانەوێت کێشەکان بە ئاشتی چارەسەر بکرێن.
رووداو: بەڕێز جەنابی سەرۆک، زۆر زۆر سوپاس کە لەگەڵماندا بوویت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ