رووداو دیجیتاڵ
کونسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ناونانی شوێنێکی گشتی لە پاریس بەناوی پێشمەرگەوە، "جێگەی شانازییەکی گەورەیە" بۆ وڵاتە ئەورووپییەکە و رێزگرتنە لە قوربانیدانی ئەو هێزە چەکدارە کوردستانییە، کە شانبەشانی هێزەکانی فەرەنسا دژی داعش جەنگاوە و "ئێمەی پاراستووە." هاوکات جەختی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوێ لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە.
رۆژی هەینی، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و ئان هیداڵگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس، رێڕۆیەک لە پارکی سیترۆینی پایتەختی فەرەنسا بەناوی "پێشمەرگە"وە کرا.
لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ی ئێوارەی رۆژی هەینیی رووداو دا، کە رێبوار عەلی پێشكێشی کرد؛ یان برایم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە گرنگیی ئەم هەنگاوە گوتی، "جێگەی شانازییە دەبینین ئەم پڕۆژەیە دەگاتە ئەنجامێکی زۆر باش.. هەموو ئەو بەشداربووانەی لەوێ بوون لە لایەنی فەرەنسی، جەختیان لە سوپاس و پێزانینی گەلی فەرەنسا کردەوە بۆ پێشمەرگە، چونکە لە شەڕی دژی داعش دا شانبەشانی هێزەکانمان جەنگا."
کۆنسووڵی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشمەرگە "بەشدارییان کردووە لە پاراستنی ئێمە، لە پاراستنی هەرێمی کوردستان لە عێراق و هەموو پێکهاتەکانی. بۆیە ئەم هەنگاوەی شارەوانی و سەرۆکی شارەوانیی پاریس، رێزگرتنە لە قوربانیدانی ئەوان."
برایم باسی لەوە کرد کە لەگەڵ رێزگرتن لە قوربانیدانی پێشمەرگە، "هەستی برایەتی" لەنێوان هەردوو گەلدا هەیە و گوتی، "لەوەتەی دوو ساڵ لەمەوبەر هاتوومەتە ئێرە، هەستێکی برایەتی و هاوسەنگەری هەیە لەم شەڕە هاوبەشەی دژی تیرۆر و داعش."
هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەکەدا کرد و رایگەیاند، "سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبوو و بە تەواوی لەم پڕۆسەیەدا بەشداربوو. هەروەها لەلایەن ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوە پێشوازی لێکرا و گفتوگۆیەکی گرنگیان کرد، چونکە ئێمە بەڕاستی بە بایەخەوە راوێژ و شیکارییەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی وەک یەکێک لە نزیکترین هاوبەشەکانمان، وەردەگرین."
سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان، دیپلۆماتەکە رایگەیاند، چەندین پڕۆژەیان هەیە و کار بۆ بەهێزکردنیان دەکەن. گوتیشی، "پڕۆژەیەکمان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی پێشمەرگە فێری زمانی فەرەنسی بن، تاوەکو بتوانن بچنە کۆلێژە فەرەنسییەکان بۆ خوێندنی سەربازی."
کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا باسی لە پڕۆژەکانی بواری شوێنەوارناسی، پشتگیریکردنی دوو قوتابخانە فەرەنسییەکەی هەولێر و سلێمانی و پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ئامێدی و سۆران کرد.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هۆکاری پشتیوانیی بەهێزی فەرەنسا بۆ کوردستان، برایم ئاماژەی بە مێژووی دێرینی پەیوەندییەکان کرد و گوتی، "تەنانەت لە حەفتاکان، شەستەکان، هەشتاکان، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار، کەسایەتیی مرۆیی، رۆژنامەڤان و نووسەر هاتوونەتە کوردستان."
ئەو دیپلۆماتە روونیکردەوە کە کەسایەتییە دیارەکانی فەرەنسا، وەک دانیێڵ میتران، خانمی پێشووتری یەکەمی فەرەنسا و کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئینستیتیووتی کوردی لە پاریس، رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە ناساندنی دۆزی کورد و وەستانەوە دژی شاڵاوی ئەنفال؛ گوتیشی، "ئەمە تێکەڵەیەکە لە پەیوەندیی مرۆیی، پەیوەندیی سیاسی و هەروەها پابەندبوونێکی زۆر بەهێزە بە شەڕی دژی تیرۆر. ئێمە شانبەشانی یەکدی جەنگاوین."
سەبارەت بە روانگەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، کە بڕیارە کۆتایی ئەم ساڵ سەردانی بەغدا و هەولێر بکات، برایم گوتی، "سەرۆک بەڕاستی بایەخەکی زۆر بە عێراق و کوردستان دەدات. بە لێکدانەوەی خۆی، عێراق رۆڵێکی ناوەندی هەیە لە سەقامگیریی هەموو ناوچەکەدا."
ئەو دیپلۆماتە ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندییە سیاسییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان "لە بەرزترین ئاستدان" و سەردانە یەک لەدوای یەکەکانی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، لەنێویاندا سەردانی نیسانی ئەم ساڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پاریس و سەردانی بەرپرسانی فەرەنسا بۆ هەولێر، بەڵگەی ئەو پەیوەندییە بەهێزەن.
کۆنسووڵی فەرەنسا ئاشکرای کرد کە کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتەکەی وەک دانۆن، کارفور و لافارج وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان کردووە و خواستی زیاتر هەیە بۆ کاری بازرگانی لە بوارەکانی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و ئاو.
رووداو: ئەمڕۆ گەلی کوردستان دڵخۆشبوو بە کردنەوەی رێڕۆی پێشمەرگە لە پارکێکی پێشمەرگە. بۆ ئێوە چۆن بوو وەک کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان؟
یان برایم: ئێوارەتان باش و زۆر سوپاس بۆ ئەم میواندارییە. بێگومان، ئەمە جێگەی شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە کە دەبینین شارەوانیی پاریس بڕیاری دا ناوی یەکێک لە شوێنە گشتییەکانی بە ناوی پێشمەرگە بکات. ماوەی چەند مانگێک بوو لەگەڵ شارەوانیی پاریس و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق لە گفتوگۆدا بووین و هەموو لایەنەکان بە تەواوی بەشداربوون لەم پڕۆژەیەدا. بۆیە جێگەی شانازییە کە دەبینین ئەم پڕۆژەیە دەگاتە ئەنجامێکی زۆر باش لەگەڵ ئەم رێوڕەسمەدا کە بەڕاستی سەرسوڕهێنەر بوو. هەروەها سوپاس و پێزانینێکی زۆریش، پێم وایە هەموو ئەو بەشداربووانەی لەوێ بوون لە لایەنی فەرەنسییەوە، جەختیان لە سوپاس و پێزانینی گەلی فەرەنسا کردەوە بۆ پێشمەرگە، چونکە شانبەشانی هێزەکانمان لە شەڕی دژی داعش جەنگان. ئەوان بەشدارییان کردووە لە پاراستنی ئێمە، لە پاراستنی هەرێمی کوردستان لە عێراق و هەموو پێکهاتەکانی. بۆیە ئەم هەنگاوەی شارەوانی و سەرۆکی شارەوانیی پاریس، رێزگرتنە لە قوربانیدانی ئەوان. لەگەڵ قوربانیدانیشدا هەستی برایەتی هەیە. دەتوانم بڵێم و بینیومە لەوەتەی دوو ساڵ لەمەوبەر هاتوومەتە ئێرە، هەستێکی برایەتی و هاوسەنگەری هەیە لەم شەڕە هاوبەشەدا دژی تیرۆر و داعش. بۆیە هەست و سۆزێکی زۆر، هەروەها رەزامەندییەکی زۆر لە لایەنی سیاسییەوە هەیە. سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبوو، بەشداری کرد و بە تەواوی لەم پڕۆسەیەدا بەشداربوو. هەروەها بەڕێزیان لەلایەن ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوە پێشوازی لێکرا و گفتوگۆیەکی گرنگیان کرد، چونکە ئێمە بەڕاستی بە بایەخەوە راوێژ و بۆچوون و شیکارییەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی، وەک یەکێک لە نزیکترین هاوبەشەکانمان، وەردەگرین.
رووداو: لە گوتاری سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی فەرەنسادا ئەمڕۆ هیوا هەبوو بۆ پێشکەوتنی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا . ئایا چی تازە دەبینین و لەو پێشکەوتنە لەم ماوەیەدا؟
یان برایم: بەڵێ، ئێمە زۆر شت دەکەین، پڕۆژەی زۆرمان هەیە. ئێمە هەموو ئەو شتانە باشتر دەکەین کە لە ساڵانی رابردوودا بنیاتمانناون. بۆ نموونە، دەتوانم پێتان بڵێم، یەکێک لە خانمە پێشمەرگەکان کە لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبوو، ئێستا لە پەیمانگای فەرەنسی فێری زمانی فەرەنسی دەبێ. ئێمە پڕۆژەیەکمان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی پێشمەرگە فێری زمانی فەرەنسی بێ و رەنگە بتوانن بچنە کۆلێژە فەرەنسییەکان بۆ خوێندنی سەربازی. ئەمە یەکێکە لە پڕۆژەکانمان. پڕۆژەکانمان لە بواری شوێنەوارناسیدا دەستپێدەکەینەوە، چونکە هەرێمی کوردستان شوێنێکە کە چەندین شوێنەواری دێرینی تێدایە، بۆیە ئێمە بەڕاستی دەمانەوێ پاڵپشتیی ئەم هاوئاهەنگییە بکەین بۆ ئەوەی زیاتر و بەهێزتر بێت. هێشتا دوو قوتابخانەی فەرەنسیمان لە سلێمانی و هەولێر هەن. وەک دەزانن، ئەوان پەیڕەوی پڕۆگرامی خوێندنی فەرەنسی دەکەن و ئێمە دەمانەوێ بەردەوام بین لە پاڵپشتیکردنیان بۆ ئەوەی دڵنیابین کە قوتابیی زیاتریان هەبێ، چونکە قوتابییەکان دەتوانن بچن لە فەرەنسا بخوێنن، دەتوانن لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان لە هەرێمی کوردستان لە عێراق بخوێنن. ئێمە پڕۆژەمان لە ئامێدی هەیە، پڕۆژەمان لە سۆران هەیە، هیوادارین لە مانگەکانی داهاتوودا جێبەجێ بکرێن. ئێمە راهێنان بە کارمەندانی ئاسایشی مەدەنی دەکەین لە ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان. بۆیە چەندین پڕۆژەمان دەستپێکردووە و دەمانەوێ پتەوتریان بکەین و بەکاریان بهێنین بۆ ئەوەی زیاتر بڕۆینە پێشەوە. بۆچی زیاتر بڕۆینە پێشەوە؟ بۆ پەیوەندییە سیاسییەکانمان، بۆ پەیوەندییەکانی نێوان گەلەکانمان، هەروەها بۆ پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگە بازرگانییەکانمان. رەنگە بینیبێتتان کە ئێمە لەم بوارەدا چالاک بووین، چەندین کۆڕبەندی بازرگانی لە پاریس رێکخران لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا. ئێمە بەڕاستی دەمانەوێ پڕۆژەی نوێ لە بواری کشتوکاڵ، لە بواری ئاو و لە هەر بوارێکی دیکەدا دەستپێبکەین کە بتوانێ بەردەست و سوودبەخش بێت بۆ ئابووریی کوردستان و بێگومان بۆ بازرگانەکانیشمان.
رووداو: پشتیوانییەکی زۆری فەرەنسا هەیە بۆ کوردستان. هۆکاری ئەم پشتیوانییە لەلایەن ئێوە، گەل و حکومەتی فەرەنسا بۆ کوردستان چییە؟
یان برایم: مێژوو هەیە. مێژووش زۆر گرنگە. دەزانیت، تەنانەت لە حەفتاکان، شەستەکان، هەشتاکان، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار، کەسایەتیی مرۆیی، رۆژنامەڤان و نووسەر هاتوونەتە کوردستان. کاتێک شاڵاوی ئەنفال دەستیپێکرد، هەندێک لە کەسایەتییە زۆر گرنگەکانی فەرەنسا نیگەران بوون و بەڕاستی دەیانویست شتێک بکەن سەبارەت بەو شاڵاوە مەترسیدارە تیرۆرەی دژی گەلی کورد دەکرا. دانیێڵ میتران چالاک بوو. لە وێنەکەدا بینیتان کە کەنداڵ نەزان ئامادەبوو. کەنداڵ نەزان رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لەو جووڵەیەدا. سەرۆک میترانیش زۆر چالاک بوو لەوەی دڵنیابێتەوە کوشتنی گەلی کورد لە نەوەدەکاندا بوەستێنرێ. ئەمە پێشتر دەستیپێکردبوو، بەڵام دواتر بە تەواوی شێوازی پەیوەندییەکانی ئێمەی گۆڕی. بێگومان، لەگەڵ دامەزراندنی هەرێمی کوردستان لە عێراق، ئێمە لە یەکەمینەکان بووین کە کونسووڵخانەی گشتیمان کردەوە. ئێمە لەگەڵ ئەکادیمییەکان کارمان کردووە، کارمان کردووە بۆ راهێنانی گەنجان، راهێنانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەروەها راهێنانی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی مەدەنی. ئێمە بەڕاستی دەمانەوێ دڵنیابینەوە لەوەی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکان پێشدەکەوێت و ئامادەین هاوکاریی هەرێمی کوردستان بین لەم هەوڵەدا. بۆیە ئەمە تێکەڵەیەکە لە پەیوەندیی مرۆیی لە نێوان خەڵک؛ تێکەڵەیەکە لە پەیوەندیی سیاسی و هەروەها پابەندبوونێکی زۆر بەهێزە بۆ شەڕی دژی تیرۆر، وەک گوتم. ئێمە شانبەشانی یەکدی جەنگاوین دژی هەڕەشەیەک کە دژی هەموومان بوو. ئەمەش بنچینەی پێکەوەکارکردن و پەیوەندیی ئێمە بووە.
رووداو: ئایا هیچ ئارەزوویەک هەیە لەلایەن کۆمپانیا فەرەنسییەکان بۆ کارکردن لە کوردستان؟
یان برایم: بەڵێ، بێگومان. ئێمە لە ئێستاوە ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیامان هەیە. دانۆن کارگەیەکی لە نزیک هەولێر هەیە. کارفوری لێیە، بێگومان براندی کارفور دەناسیت کە بەرهەمە فەرەنسییەکان دابەش دەکات. چەندین کۆمپانیای دیکەمان هەیە وەک لافارج. کەواتە کۆمپانیا گەورەکان وەبەرهێنانیان لە کوردستان کردووە، هەروەها لە عێراقیشدا وەبەرهێنانیان کردووە. یەکێک لە ئەرکەکانم ئەوەیە کە دڵنیابمەوە خەڵکی زیاتر دێن بۆ ئاسانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە نێوان بازرگاناندا، چونکە من نوێنەرایەتیی دەوڵەت دەکەم، بۆیە من لێرە نیم بۆ ئەوەی پلانی پڕۆژەی ئابووری دابنێم. دەبێت ئەو کارە لە نێوان بازرگانان بکرێت، بەڵام ئێمە چاوەڕوانیی باشمان هەیە بۆ چەندین پڕۆژە لە بواری کشتوکاڵ، وەک گوتم، لە بواری گەشتوگوزار و تەنانەت لە بواری بەڕێوەبردنی ئاو و لە کەرتی بیناسازی، لەگەڵ چەندین کۆمپانیا کە لە بواری بیناسازیدا کاردەکەن.
رووداو: نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتی، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کۆتایی ئەم ساڵ سەردانی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکات. سەرۆک ماکرۆن چۆن لە پەیوەندییەکانی پاریس لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت؟
یان برایم: سەرۆک [ماکرۆن] بەڕاستی بایەخەکی زۆر بە عێراق و کوردستان دەدات. بە لێکدانەوەی خۆی، عێراق رۆڵێکی ناوەندی هەیە لە سەقامگیریی هەموو ناوچەکەدا و شوێنی بەیەکگەیشتنی چەندین پرسی جیۆسیاسییە. هەر بۆیە [سەرۆک ماکرۆن] رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە داڕشتن و رێکخستنی کۆنگرەی بەغدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق، کە لە بەغدا و دواتر لە عەممان بەسترا، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە ئێمە لە گفتوگۆی هەرێمی بەشداربین، ئەوەش بە ئامانجی ئاشتی و سەقامگیری. لێکدانەوەی ئێمە ئەوەیە کە عێراق بە گشتی بەرەو سەقامگیری هەنگاو دەنێت و پێویستە بەڕاستی شێوازی مامەڵەکردنمان بگۆڕین و دڵنیابینەوە کە بەشدارین لە گفتوگۆی سیاسیی نێوان ئەو وڵاتانەی لێرە بەشدارن و لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە عێراق. پەیوەندییە سیاسییەکانی ئێمە لە بەرزترین ئاستدان. بینیتان سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشتر هەر لەمساڵدا سەردانی پاریسی کرد. هەروەها وەزیری دەرەوە[ی فەرەنسا] دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، لە مانگی نیساندا هاتە هەولێر. بۆیە ئێمە لە پڕۆسەیەکی بەردەوامی راوێژداین لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کوردستان و سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان لە چوارچێوەی مامەڵەکردنمان لەگەڵ عێراقدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ