پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیا بۆ رووداو: وڵات لە دۆخێکی 'جیدی'دایە و پێویستە نەکەوێتە قەیرانەوە

06-05-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا رایگەیاند، شکستخواردنی هەڵبژاردنی راوێژکار لە گەڕی یەکەمدا "باش نییە بۆ ئەم وڵاتە" و جەختی کردەوە، "دەبێت حکومەتێکی جێگیر بە زوویی لە ئەڵمانیا پێکبێت."
 
راڵف شتێگنەر، پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، دۆخەکەی بە "جیدی" وەسفکرد و گوتی، "هەرگیز شتی لەم جۆرەمان لە بوندستاگی ئەڵمانیادا نەبووە." ئاماژەی بەوەش کرد، حیزبە دیموکراسییەکان دەبێت بەرپرسیارێتی نیشان بدەن، چونکە "هیچ جێگرەوەیەکی دیموکراسیی دیکە نییە."
 
سەبارەت بە دەنگۆی دەنگنەدانی ئەندامانی حیزبەکەی بە فریدریش مێرتس، بەربژێری راوێژکاری ئەڵمانیا، شتێگنەر رەتیکردەوە و رایگەیاند، گرووپی پەرلەمانییان "بە یەکدەنگی دەنگیان داوە" و پابەندی رێککەوتنی هاوپەیمانین، چونکە "دیموکراسی دەکەوێتە مەترسییەوە" ئەگەر بەرپرسیارێتی لەئەستۆ نەگرن.
 
هەروەها ئەو پەرلەمانتارە هیوای خواست لە گەڕی دووەمی دەنگداندا کێشەکە چارەسەر ببێت و ئەڵمانیا نەکەوێتە قەیرانەوە. جەختیشی لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی سەقامگیر کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخی ئابووری و قەیرانە جیهانییەکان، وەک شەڕی ئۆکراینا. هەروەها قسەکانی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD)ی لەبارەی هۆکاری شکستەکەوە بە "هەمیشە هەڵە" ناوبرد.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ راڵف شتێگنەر، پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دیموکرات:
 
رووداو: هۆکاری ئەوەی راوێژکار لە گەڕی یەکەم هەڵنەبژێردرا چی بوو؟ ئەمە واتای چییە؟
 
راڵف شتێگنەر: پێم وایە پێشتر زۆرینەیەکی کەممان هەبوو؛ پێشتر وام دادەنا کە زۆرینە هەبێت. پێم وایە کە گرووپی پەرلەمانی ئێمەش بە یەکدەنگی دەنگیان دا. هەموو کەس دەزانێت کە بەرپرسیارێتییە. هیچ جێگرەوەیەکی دیموکراسیی دیکە نییە. کەواتە دەبێت ئەو کارە بکەین، بۆیە ئەوەی روویدا باش نییە بۆ ئەم وڵاتە. باش دەبێت ئەگەر حکومەتێکی جێگیر بە زوویی لە ئەڵمانیا پێکبێت.
 
رووداو: دۆخەکە چەندە جیدییە؟
 
راڵف شتێگنەر: هەرگیز شتی لەم جۆرەمان لە بوندستاگی ئەڵمانیادا نەبووە. لەو رووەوە، ئەمە بە راستی جیدییە. پێم وایە هەموو کەسێک پێویستە ئاگاداری بەرپرسیارێتیی خۆی بێت کە حیزبە دیموکراسییەکان دەبێت پیشانی بدەن کە دەتوانن چی بکەن.
 
رووداو: هۆکارەکە چی بوو؟ چونکە دەنگۆ هەیە کە ئەندامەکانتان دەنگیان بە مێرتس نەداوە.
 
راڵف ستێگنەر: بە هیچ شێوەیەک بەو جۆرە بیر ناکەمەوە. پێم وایە گرووپی پەرلەمانیی ئێمە بە یەکدەنگی دەنگیان دا. هەموو کەسێک بەرپرسیارێتییەکە دەزانێت. ئەندامانی حیزبەکەمان بە زۆرینەیەکی زۆر (رێککەوتنی سۆسیال دیموکرات و کریستیان دیموکرات)یان پەسند کردووە، نەوەک لەبەر ئەوەی پێیان وایە سۆسیال دیموکرات زۆر باشە، بەڵکو لەبەر ئەوەی پێیان وابوو کە پێویستە ئەنجام بدرێت. دەبێت بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگیرێت. ئێمە ئەوە دەزانین و تێدەگەین. دەنا، دیموکراسی دەکەوێتە مەترسییەوە.
 
رووداو: دەمەوێت بزانم بۆچی فریدریش مێرتس هێندە بەنێوبانگ نییە؟
 
راڵف شتێگنەر: بۆ ئەوە، دەبێت پرسیار لە کەسانی هاوپەیمانیی کریستیان دیموکرات و هاوپەیمانەکەی بکەیت، بەڵام خاڵەکە بێگومان جیاوازە لەوەی بەنێوبانگ بێت یان نا. ئێمە رێککەوتنێکی هاوپەیمانیمان هەیە. دەبێت حکومەتێکی جێگیر لە حیزبە دیموکراسییەکان پێکبهێنین. هیچ جێگرەوەیەکی دیموکراسی نییە، کەواتە دەبێت ئەوە بکرێت. سۆسیال دیموکراتەکان ئەوە دەزانن.
 
رووداو: ئێستا چی روودەدات؟
 
راڵف شتێگنەر: پێم وایە ئێستا گەڕی دووەمی دەنگدان دەبێت و هیوادارم کە هەموو کەسێک ئاگاداری بەرپرسیارێتیی خۆی بێت، کە نابێت ئەم وڵاتە لە قەیراندا بێت.
 
رووداو: ئەوە کەی روودەدات؟
 
راڵف شتێگنەر: ناتوانم ئەوە بڵێم، ئێستا گفتوگۆ دەکرێت. ئەوە ئەمڕۆ یان سبەی روودەدات (نازانم)، بەڵام بێگومان بە زوویی.
 
رووداو: ئەی ئەگەر نەبوو؟
 
راڵف شتێگنەر: من وا دادەنێم کە ئەوە دەکرێت.
 
رووداو: با وا دابنێین کە مێرتس هەڵدەبژێردرێت و حکومەت پێکدەهێندرێت. چ بابەتێک گرنگە کە حکومەت دەبێت رەچاوی بکات؟
 
راڵف شتێگنەر: پێم وایە دەبێت ئێمە، پێش هەموو شتێک، گەشە و کار لە دۆخی ئابوورییەوە دەست پێبکەینەوە؛ دەبێت دڵنیابین لەوەی کە لە جیهانی قەیرانەکاندا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، شەڕی ئۆکرانیا؛ هەمیشە ئەورووپا جێگیرە. ئەڵمانیا گەورەترین وڵاتە لە یەکێتیی ئەورووپا. کەواتە ئەوە بەرپرسیارێتی ئێمەیە. لەوێ داوامان لێدەکرێت، پێویستمان بە حکومەتێکی جێگیرە.
 
رووداو: پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەڵێت هۆکاری شکستی مێرتس ئەوەیە کە بەڵێنەکانی خۆی نەپاراستووە.
 
راڵف شتێگنەر: هەرچییەک کەسانی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەیڵێن هەمیشە هەڵەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات