رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پلاندانانی بەنگلادیش لە هەڤپەیڤنێکی تایبەت کە محەممەدی شێخ فاتیح لە ئۆفیسی خۆی لە دەکای پایتەختی بەنگلادیش لەگەڵی کردووە باس لەوە دەکات، چۆن توانیویانە وڵاتەکەیان لە هەژارییەوە بگوازنەوە بۆ وڵاتێکی تازە گەشەسەندوو.
د. شەمسولئالام، وەزیری پلاندانانی بەنگلادیش بەشێک لە هۆکاری پێشکەوتنی وڵاتەکەیان دەگەڕێنێتەوە بۆ بەشداریی کارای پیشەسازیی بچووک لە بەرهەمی ناوخۆیی گشتی.
ئەو وەزیرەی بەنگلادیش باس لەوە دەکات، سەرەڕای ئەوەی بڕی بەرهەمهێنانی کارەبایان لە بڕی بەکاربردن زیاترە، بەڵام دەستیان بە وزەوە گرتووە، بۆ نموونە وەزیر و بەرپرسەکانیان لە وەرزی هاویناندا قۆندەرە لەپێ ناکەن و چاکەت لەبەر ناکەن، بۆ ئەوەی زۆر پێویستیان بە بەکارهێنانی فێنککەرەوە نەبێت.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. شەمسولئالام، وەزیری پلاندانانی بەنگلادیش
رووداو: بەر لەوەی دەست بە گفتوگۆکەمان، دەپرسم بۆچی چاکەتت لەبەر نەکردووە؟ چونکە تۆ وەزیریت؟
د. شەمسولئالام: بۆچی دەبێت لەبەری بکەم؟ نە قۆندەرەم لە پێدایە نە چاکەتم لە بەردایە، لە کاتێکدا قسە بۆ راگەیاندن یان رۆژنامەڤانێکی بیانی دەکەم. یان کاتێک شاندێکی بیانی دەبینم یان کە بانگم دەکەن قسە لەگەڵ بیانییەکاندا بکەم. بەگشتی شێوازە فەرمییەکە ئەوەیە پۆشاکی فەرمیی قۆندەرە و چاکەت بێت. بەڵام ئێستا دوای قەیرانەکان حکومەت لەسەر ئەم شتانە کۆبووەوە و رێنمایی دەرکرد، داوای لێکردین وزە بپارێزین، چونکە وزە لە چاو جاراندا تێچووەکەی زیاتر بووە. گازی سرووشتی لە دەرەوە نایەت. بۆیە حکومەت رێنوێنیی دەرکرد لە هاویندا قۆندەرە لە پێ نەکرێت و چاکەت لەبەر نەکرێت و بۆینباخ نەبەسترێت. ئێستا لە بەنگلادیش هاوینە و تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم دەخایێنێت. ئەوە رێنوێنیی حکومەتە. تەنیا زستان کە پلەی گەرمی لە 12 بۆ 18ی سیلیزیدا بێت پۆشاکی فەرمی دەپۆشین.
رووداو: لە بەنگلادیش هیچ گرفتێکی کارەبا یان وزەتان هەیە؟
د. شەمسولئالام: لە رووی بەرهەمهێنانەوە، توانای بەرهەمهێنانی کارەبامان 25 هەزار و 700 مێگاواتە، کە دوو هێندەی ئەوەیە پێویستمانە. بۆیە لە لایەنی بەرهەمهێنانەوە هیچ کورتهێنانێکمان نییە.
رووداو: با لە تازەترین بابەتە دەستپێبکەم: ئێوە پلانێکتان هەیە یەک تریلیۆن دۆلار بە دەستبهێنن. چۆن پلانتان بۆ ئەوە دانا؟
د. شەمسولئالام: دەبێت تریلیۆنێک دۆلار بێت کە هیوادارین لە 2035ـدا بگەینە ئەو ئامانجە. ئێمە لە 2009وە بە خێرایی بەرەو پێش دەچین. لەو کاتەوەی شێخ هاسینا، سەرۆکوەزیران، دەستبەکار بوو. کە لە 6ـی کانوونی دووەمدا بۆ دووەم جار بووەوە بە سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش.
راستییەکەی لەو کاتە بە دواوە وڵات لەسەر ئەو پلانی گەشەسەندنە رۆیشتووە. ئەو کاتە نەخشەکانی دیدگاکەمان ئامادە دەکرد. ئێمە پێیدەڵێین کاخەزی دیدگای 2021. کە لە ساڵی 1971ـەوە دەکاتە پەنجایەمین ساڵیادی سەربەخۆبوونمان. ئەوە بۆیە ئێمە ئامانجێکمان دانا بۆ بەدەستهێنانی هەندێک ئامانجی بەرز.
کاتێک بەڕێز سەرۆکوەزیران وەک گوتم لە 6ـی کانوونی دووەمی 2009دا هاتە سەر حوکم، لە دیدگەی کارماندا وەک پلانێکی داهاتووبین گەشەمان پێدا، واتە وەک پلانێکی درێژمەودا. لەژێر رۆشنایی ئەم دیدگەی کارەدا گوتمان کە دەبێت دوو پلان ئامادە بکەین. دەستمان کرد بە جێبەجێکردنی پلانی سووڕی، کە بۆ دیدگەی کارەکە زۆر گرنگە. ئەوە بوو گوتمان، کە دەبێت بەنگلادیش لەم ماوەیەدا ببێتە وڵاتێکی داهات مامناوەند. جا بووینە وڵاتێکی داهات مامناوەند و ئەوەمان بە دەستهێنا. ئەمە پۆلێنی بانکی واڵە.
ئێمە لە 1ـی حوزەیرانی 2015دا بەپێی پۆلێنی بانکی جیهانی بووینە وڵاتێکی خوار داهاتی مامناوەند. داهاتی تاکمان بە دیهێنا.
رووداو: چ کەرتێک بەشداریی لەم ئامانجەدا کرد بۆ ئەوەی تریلیۆنێک دۆلار بەدەست بهێنن؟
د. شەمسولئالام: راستییەکەی، ئێمە پلانمان تاوەکو 2021 داناوە کە ئێمە بەشێوەی پلانی فایبەری جێبەجێی دەکەین. گوتمان کە ئێمە لەو دیدگەی کارنامەیەدا جێبەجێمان کردووە و دەبێت لە 2021ـدا داهاتی ساڵانەی هەموو کەسێک 2000 دۆلار بێت. توانیمان لە 2021ـدا داهاتی ساڵانەی تاک بکەینە 2370 دۆلار. هەرچەندە پلانمان بۆ دوو هەزار دانابوو، بەڵام ئەوەی بە دەستمان هێنا زۆر لەوە زیاتر بوو. ئەوەمان لە پلانی شەشەمدا لە رێگەی رێژەی گەشەی زیاترەوە لە 2011وە بۆ 2015 بە دەستهێنا. ئەمە لە ماوەی شەشەمین پلانی فایبەریدا بوو. بەرزترین رێژەی گەشەسەندنمان بە دەستهێنا کە 7٪ بوو. جا لە حەوتەم پلانی فایبەریدا لە 2016وە بۆ 2020 رێژەی گەشەسەندنمان گەیشتە 8٪. ئێستا لە هەشتەم پلانی فایبەریداین کە جێبەجێ دەکرێت و لە 2021ـەوە دەستیپێکردووە و رێژەی گەشەکردنمان 8.5٪ یان زیاترە. جا دامانناوە لە 2030ـدا رێژەی گەشەمان بگاتە 9٪ یان زیاتر.
بۆیە بە لەگەڵ ئەم رێژە بەرزەی گەشەکردن و گۆڕانکاریی ئابووری و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیدا، پاشخان، رێگەوبان و گواستنەوە و گەیاندن و فڕۆکەخانە بونیات دەنێین و ئابوورییەکەمان لەگەڵ پرۆژەی گەورەدا خێراتر گەشە دەکات. پێیدەڵێین، ناوچەی ئابووریی تایبەت. جا ئەم هەموو هیوایە وامان لێدەکات، کە وڵاتەکەمان بکەینە وڵاتێکی تریلیۆن دۆلاری. جا ئێمە لە پلانەکەماندا بڕیارمان لە رێژەی گەسەسەندن و گەشەی ئابوورییەکەمان دا، چونکە وڵاتمان کردە وڵاتێکی کراوە بە رووی جیهاندا، ئەوەیش لە لایەنی دابینکردنی ئاسانکاری و کەسانی کارکەرەوە.
رووداو: ئێوە لە 2021ـدا وەک یەکێک لە وڵاتە گەشەکردووەکان دیاری کران، لیستی وڵاتە گەشەسەندووەکانتان جێهێشت. لەو بارەیەوە هەست بە چی دەکەن؟
د. شەمسولئالام: دوو دەستکەوتی گەورە و دیار بوو. ئامانجی گەورە بوون بە دەستهاتن کە یەکێکیان وڵاتی داهات مامناوەند و ئەوی دیکەیشیان ئەوە بوو وڵاتمان کردە وڵاتێکی گەشەسەندوو و لە نەنگیی کەم گەشەکردوو دەرچووین. ئەمە پۆلێنی یوئێن بوو بۆ ساڵی 2018، کە بۆ یەکەمجار ئێمە هەر سێ مەرجەکەمان جێبەجێ کرد. یەکێکیان داهاتی ساڵانەی تاک بوو، ئەویان سنووری ئابووریی لاواز بوو، ئەوی دیکەشیان گەشەکردنی سەرچاوە مرۆییەکان بوو. هەموو ئەمانە لە 2018دا بە دیهێنران کە توانیمان ببینە وڵاتیکی گەشەسەندوو و نەنگیی وڵاتی کەم گەشەسەندوو جێبهێڵین.
جا بۆ هەڵسەنگاندێکی سێ ساڵەی دیکە لە 2021ـدا، ئێمە هەر سێ مەرجەکە، هەر سێ بازنەکەمان جێبەجێکرد بۆ ئەوەی ببینە وڵاتێکی کارکەر. ئەوە بوو لە کاتی گونجاودا لە 2021ـدا ئەوەمان جێبەجێکرد. ئێستا ئێمە چاوەڕوانیمان ئەوەیە لە 2026ـدا بە فەرمی وەک وڵاتێکی گەشەکردوو بناسێنرێین و ئیدی وەک وڵاتێکی کەم گەشەکردوو نەمێنینەوە. کە ئەوەیش لە لایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند دەکرێت یان دیاری دەکرێت.
ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە لە ویلایەتی سێیەمی بەڕێز شێخ هاسینا، سەرۆکوەزیران. بەڵێ، وڵات خێرا گەشە دەکات، نەک تەنیا لە بواری ئابووریدا، بەڵکو لە زۆر بواری گرنگدا گۆڕاوین. لە باشووری ئاسیا وڵاتمان کردە دەوڵەمەندترین وڵاتی داهاتی نیمچەیی و دامان بە لای هیندستان و پاکستاندا. ئێمە لە هیندستان و پاکستان زیاتر هەوڵدەدەین. ئەمە لە بواری ئابووریدا.
لە بواری کۆمەڵایەتیشدا، رێژەی خوێندەواریمان لەناو ئەوانەدا لە سەرووی 50 ساڵییەوەن 75٪ـە. جا خوێندەواری 75٪ـە کە لە باشووری ئاسیادا بەرزترینە. هەروەها لە باشووری ئاسیا کەمترین رێژەی مردنی دایکان و منداڵان و کۆرپەمان هەیە. جا ئەم هەموو تەواوێتییە کۆمەڵایەتییە دەبینیت، هەر بۆیە لە بواری کۆمەڵایەتییشدا گۆڕاوین، چونکە هیوا بە ژیان لە لامان زیادی کردووە و ئێستا تێکڕای تەمەن 74 ساڵە، کە لە هیندستان و پاکستان زیاترە.
رووداو: زیاترە؟
د. شەمسولئالام: بەڵێ. ئینجا لە یەکسانیی جێندەریدا بەنگلادیش لە باشووری ئاسیادا وڵاتی یەکەمە، چونکە لە لایەنی بەهێزکردنی جێندەری و کەمکردنەوەی کەلێنە گشتییەکاندا پلەمان بەرزە.
رووداو: ژمارەی کارمەندانی کەرتی گشتی کە لە حکومەتدا کار دەکەن چەندە؟ دەتوانیت لەگەڵ ژمارەی دانیشتوواندا بەراوردی بکەیت؟ ژمارەی کارمەندانی کەرتی گشتی چەندە؟
د. شەمسولئالام: بە دڵنیایییەوە لە کەرتی تایبەتدا ...
رووداو: ببوورە، سەرەتا لە کەرتی گشتیدا.
د. شەمسولئالام: دەزانی، ئەوانەی لە کەرتی گشتیدا کار دەکەن کەمترن لەوانەی کەرتی تایبەت. دەزانی بۆچی؟ چونکە کۆی وەبەرهێنان لە بەنگلادیش 87٪ـی لەلایەن کەرتی تایبەتە، با بڵێین لە لایەن حکومەتیشەوە بە رێژەی 17٪ وەبەرهێنان دەکرێت. بۆیە وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت زۆر زیاترە لە وەبەرهێنانی کەرتی گشتی. بۆیە بە دڵنیاییەوە کارمەندانی کەرتی گشتی کەمترن لە کەرتی تایبەت.
رووداو: ژمارەی کارمەندانی کەرتی گشتی چەندە؟
د. شەمسولئالام: وەک ژمارە، رەنگە 20٪ زیاتر نەبن. 80٪ی کرێکار و کارمەندان لە کەرتی تایبەتدان.
رووداو: ئایا هیچ پلانێکتان بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت هەیە، بە تایبەتی مووچە؟
د. شەمسولئالام: ناتوانین مووچە کەم بکەینەوە، چونکە لەسەرانسەری دنیادا گوشاری هەڵاوسان هەیە. لە بەنگلادیشیش هەڵاوسان زیادبووە، چونکە ئێمە بە نرخی بەرز لە دەرەوە هاوردە دەکەین. بۆیە دەبێت بە نرخی بەرزیش بیفرۆشینەوە. هەر بۆیە لە بەنگلادیش بەهۆی کەلوپەلی هاوردەکراوەوە کە تێچوویان هەیە، هەڵاوسان بەرزە. هەر لەبەر ئەوە رەنگە پێویست نەکات مووچەی کەرتی گشتی کەم بکرێتەوە، بەڵکو پێویست بێت زیاد بکرێت.
خۆشبەختانە دوای هەڵبژاردنی گشتی لە ساڵی 2024دا، رەنگە بیر لە زیادکردنی مووچە بکەینەوە. بەڵام بڕوا ناکەم زووتر بیکەین، چونکە ئێستا دۆخی ئابووری لە هەموو شوێنێک لە بەردەم ئاڵنگاریدایە.
رووداو: بودجەی ساڵانەتان چەندە؟ خەرجی، داهات، هەروەها کورتهێنان. بۆ نموونە بۆ ساڵی 2023.
د. شەمسولئالام: کورتهێنان نزیکەی 6٪ـە. تێکڕای خەرجیمان زیاترە لە داهاتی بەرهەمهاتوو. بۆیە
رووداو: ببوورە، تێکڕای بودجە چەندە؟
د. شەمسولئالام: بە دڵنیاییەوە دوو ملیار تاکایەکە، کە بە دۆلار کەمتر دەردەچێت. بەڵام دەتوانم داهاتی ساڵانەی تاک و قەبارەی ئابووریمان بە دۆلار بڵێم. تێکڕای قەبارەی ئابووریمان ئێستا 465 ملیارە. پێویستمان بەوەیە بیکەن بە 1001 تریلیۆن.
رووداو: سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات بۆ بودجەکەتان چین؟
د. شەمسولئالام: بە دڵنیاییەوە باج بەشێکی داهاتە.
رووداو: یەکەمیان باجە؟
د. شەمسولئالام: پاڵپشتیی حکومەتە کە زۆربەی باجە لەگەڵ قەرزی دەرەکی. دەزانی، ساڵانە سێ-چوار ملیار قەرزی دەرەکی دەکەین و یارمەتی وەردەگرین. بۆیە تێچووی بازرگانی زۆر لە تێکڕای بودجەی ساڵانە زیاترە.
رووداو: ئەی قەرز یان قەرزە گشتییەکان چی؟ ئایا بەرزن؟
د. شەمسولئالام: رێژەی قەرزی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی؟ قەبارەی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی (GDP) نزیکەی 465ـە. قەرزی ناوخۆیی نزیکەی 20٪-22٪ی (GDP)یە و، قەرزی بیانییش نزیکەی 14٪ - 15٪یە.
رووداو: دەتوانین بڵێین بە هەردووکیانەوە، قەرزی ناوخۆیی و بیانی، نزیکەی 60٪ دەبێت؟
د. شەمسولئالام: نزیکەی 40٪ـی (GDP)یە.
رووداو: هەردووکیان پێکەوە؟
د. شەمسولئالام: بەڵێ، هەردووکیان پێکەوە 40٪ـی قەرزن بەگوێرەی (GDP)یەکەمانەوە کە تەواو کەمە و تەنانەت ناوچەی ئاسوودەییشە، چونکە بەگوێرەی سندووقی نەختی جیهانی بە رەچاوکردنی وڵاتانی گەشەکردوو دەتوانیت تاوەکو 65٪ی (GDP) سەر بکەوێت.
رووداو: ئەی هاوسەنگیی هەناردە و هاوردەوە چۆنە؟ هاندانتان بۆ هەناردەکردن چۆن بوو؟
د. شەمسولئالام: هەناردەکردنمان لەم ساڵانەی کۆرۆنادا زیادی کردووە. لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینایشدا زیادی کرد. کۆرۆنا لێکەوتەی هەیە. هێشتا هەناردەمان گەشە دەکات. ئەمساڵ زیاتر لە دوو ملیار دۆلارمان بە دەستهێناوە. مەبەستم تەممووزی رابردووە تاوەکو کانوونی دووەمی ئەمساڵ.
بەراورد بە تەممووزی پێرار تاوەکو کانوونی دووەمی پار، ئەمساڵ لە حەوت مانگدا لە بواری هەناردەدا دوو ملیار دۆلار زیاترمان بە دەستهێناوە. مەبەستم ئەوەیە کە هەناردەمان زیاد دەکات. ئەو پارەیەی تاوەکو کانوونی دووەمی پار بە حەواڵە هاتووەتە وڵاتەوە نزیکەی 19 ملیار دۆلاری ئەمریکییە. هیوادارین لە کۆتایی ئەمساڵدا بگاتە 24 یان 25 ملیار دۆلار. ئەوەش لەو خەڵکانەوەیە کە لە عێراق، سعودیە، کوێت و ئەو وڵاتانە کار دەکەن.
رووداو: ئەی هاوردەتان چۆنە؟
د. شەمسولئالام: هاوردەمان لە هەناردەمان زیاترە. لە ساڵی دارایی پاردا کە ساڵی داراییمان لە تەممووز دەستپێدەکات و لە حوزەیران تەواو دەبێت، بە بەهای 52 ملیار دۆلار هەناردەمان هەبوو بە بەهای 90 ملیار دۆلاریش هاوردەمان هەبوو. بۆیە هاوردەمان لە هەناردەمان زیاترە.
رووداو: چەندە باج دەخەنە سەر هاوردە؟
د. شەمسولئالام: باج؟
رووداو: بەڵێ. 3٪، 5٪، چەندە؟
د. شەمسولئالام: ئەوە لە کاڵایەکەوە بۆ کاڵایەکی دیکە دەگۆڕێت. ئەوە بۆ وڵاتانی باشوور جێگیر نییە.
رووداو: بەگوێرەی وڵاتانە؟
د. شەمسولئالام: بەگوێرەی ئەو وڵاتانەیە کە لێیانەوە بۆمان دێت. ئێمە وەک سەرکردەکانی وڵات راهاتووین سیستمێکی گشتیی پەسندکردن دابنێین، کە پێیدەڵێین باج. دەتوانین بەبێ باج لە ئێوەی هاوردە بکەین وەک بەخیشن لە باج. لە هەندێک وڵاتی دیکەیش بەبێ تەعریفەی هەناردەکردن تەعریفە بە دەستدەهێنین، کە ئەمریکا ناگرێتەوە. ئەوان 15٪ باج دەسەپێنن. هێشتا بە بەهای دەوروبەری 6-7 ملیار دۆلار لە ئەمریکاوە هاوردە دەکرێت.
رووداو: کەرتی پیشەسازی بەشدارییەکی گەورەی لە (GDP)دا هەیە کە زیاتر لە 30٪ـیە. ئەو دەستکەوتە باشە چۆن بە دەستهات؟
د. شەمسولئالام: ئەوە لە تێکڕای (GDP)یەکەمانە. 35٪ـی هیی گەشەی پیشەسازییە. بە تایبەتی بەرهەمهێنان. هەناردەکردنی جلوبەرگ و بەرهەمهێنان.
رووداو: جیاوازیی نێوانیان چییە؟
د. شەمسولئالام: بەگەڕخستنی پیشەسازییە بچووکەکان. کەرتی پیشەسازی دوو بەش لە خۆ دەگرێت: پیشەسازییە گەورەکان لەگەڵ پیشەسازییە ناوەند و بچووکەکان. بۆیە بەگەڕخستن لە رێگەی پیشەسازییە ناوەند و بچووکەکانەوە دەبێت. ئەمە پێکهێنەرێکی لایەنی پیشەسازییە. بەڵام پیشەسازییە گەورەکان کە ئێمە پێیدەڵێین پیشەسازیی قورس کە 20٪ـە و، 80٪ی بازرگانییە بچووکەکانە. مەبەستم بەگەڕخستنی پیشەسازییە بچووکەکان و شتی لەو جۆرەوەیە.
جا 35٪ـی (GDP) لە کەرتی پیشەسازییەوە دێت، کەرتی پیشەسازییش یەکێکیان ناوەند و بچووکە و ئەوی دیکەیشیان گەورەیە کە 20٪ـە و، 80٪ی لە پیشەسازییە ناوەند و بچووکەکانەوەیە. بە هەردووکیانەوە 35٪ـی(GDP) پێکدەهێنن کە هی کەرتی پیشەسازییە. ئینجا لە کەرتی کشتوکاڵیشەوە تەنیا 11.5٪ـە. وڵاتەکە وڵاتێکی کشتوکاڵی نییە لە لایەنی بەشداریکردن لە (GDP)دا. کەرتی خزمەتگوزارییش 51٪ بۆ 52٪ لە تێکڕای (GDP)دا بەشداری دەکات.
رووداو: ئێستا قەیرانێکی جیهانی هەیە، وەک دابەزنی بەهای دۆلار، کورتهێنانی دۆلار، هەڵاوسان و وزە. تۆ ناترسیت ئەوەی بەسەر سریلانکادا هات بەسەر ئێوەیشدا بێت؟ هیچ پلانێکتان بۆ ئەوە هەیە؟
د. شەمسولئالام: راستییەکەی، ئێمە زۆر لە سریلانکا باشترین، چونکە سریلانکا زیاتر لە قەبارەی ئابوورییەکەی قەرزی کردبوو. زیاتر بوو لە قەبارەی (GDP)یەکەیان. دەزانی، ئەوان زیاتر لە 100٪ی (GDP) قەرزیان کرد. جا وەک لە رۆژنامەکاندا بینیمان، بەو پارەیە وەبەرهێنانیان لە پرۆژەی جیاجیا و رێگەوبانی گەورەدا کرد، بەڵام هاتووچۆ باش نەبوو. بەندەری هامبانتۆتایان دروستکرد کەچی داهاتی زۆری نەبوو.
ئەوان گەلێک پرۆژەی زۆر گەورەیان دروستکرد، کە لە بەرامبەردا زۆری بۆ بە دەستنەهێنانەوە. ئینجا کە کاتی قەرزدانەوە هات و ئەو هەموو قەیرانانە دروست بوون، کورتهێنانیان هەبوو لە یەدەگی دەرەکیدا کە کێشەیەکی تەواوەتی بوو و نەیانتوانی دەستبەجێ لە سندووقی نەقدی نێودەوڵەتی یان هەر دامەزراوەیەکی گەورەی قەرزدان قەرز وەربگرن، چونکە ئابوورییەکەیان تەواو لاواز بوو و لە داڕماندا بوو. ئەوە بوو حکومەت چەند مانگ لەمەو پێش کەوتە ناو ئەمەوە.
رووداو: کەواتە بە هیچ جۆرێک ناتوانین بەنگلادیش بە سریلانکا بەراورد بکەین.
د. شەمسولئالام: بەهیچ جۆرێک ناکرێت. رێژەی هەڵاوسانیان زۆر لە بەنگلادیش زیاترە. نزیکەی 40٪ بۆ 50٪یە. ئەوەی ئێمە نەگەیشتووەتە 10٪. هی ئێمە ئێستا تێکڕای هەڵاوسانی تەنیا 8.75٪ـە. ئەوەیش نەگەیشتووەتە 10٪.
رووداو: بەڵام هێشتا ئاڵنگارییەکان هەن، وەک قەیرانی دۆلار و دابەزینی نرخی دۆلار.
د. شەمسولئالام: ئێمەیش تووشی قەیرانی دۆلار بووین. ئەوە بۆیە ناچار بووین بەهای دراوەکەمان دابەزێنین و ئەمریکا تا رادەیەک رێژەی قازانجی بە 26٪ زیاد کرد کە ئەوە بەر لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا بوو.
بەڵام لە هەر کوێیەک ئەمریکا رێژەی قازانج زیاد بکات، بە دڵنیاییەوە قازانجی دۆلار، هەوڵدەدەن زۆرترین رێژەی قازانج بە دەستبهێنن. ئەوە بۆیە هەندێک کێشەمان هەبوو. سەرەرای ئەوەیش، هەڵاوسانی لەڕادەبەدەری نرخی میوەکان و رۆنی رووەکی و شەکر و خۆراکی کۆرپە و بەرهەمە شیرەمەنییەکان خواستی زیاتری لەسەر دۆلار دروستکرد، چونکە دەبوو نرخی زۆر دابنێین، بۆیە ئەوە کورتهێنانی دروستکرد.
هەرچۆنێک بێت، شتە باشەکە یەدەگەکەمانە کە وەک دەزانن کەمی کردبوو، بەڵام ئێستا بە درێژایی دوو مانگی رابردوو گەیشتووینەتە ئەوەی کەم نەکات. ئێستا زۆر زیاد ناکات. لەم دوو مانگەدا کەمێک جێگیر ماوەتەوە. خۆشبەختانە نرخەکەمان لەگەڵ دۆلار رێکخستەوە کە لە رێگەی دابەزاندنی نرخی دراوەکەمان و کەمکردنەوەی هاورەدەوە پاراستمان. باجی کەلوپەلە جوانکاری و میوە هاوردەکراوەکانمان کەم کردەوە.
رووداو: ببوورە، رێژەی هەڵاوسان لە بەنگلادیش چەندە؟
د. شەمسولئالام: ئێستا لەم مانگەدا 8.75٪ـە.
رووداو: ئایا ئەوە بۆ ئابوورییەکەتان باشە؟
د. شەمسولئالام: هێشتا پەسندە. ئەوەندەیش نییە کە بەرگەی نەگرین. نا، چونکە کاتێک لە ساڵی 2009دا شێخ هاسینا دەسەڵاتی گرتە دەست، لە 2010 و 2011دا رێژەی هەڵاوسان نزیکەی 11٪ بوو. هەر لە ساڵی یەکەمدا کە دەسەڵاتی گرتەدەست رووبەڕووی بووەوە. ئەو کاتە 11٪ بوو، ئێستا 8.75٪ـە. لە سەردەمی کۆرۆنا و شەڕی رووسیا و ئۆکراینادا نەچووینەتە ناو 10٪وە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ