رووداو دیجیتاڵ
مایکل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا رایگەیاند، سەرەڕای ئاگربەستە کاتییەکە، ئێران هێشتا وەک "هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دەمێنێتەوە". لایتەر باس لەوە دەکات کە ئیسرائیل و ئەمریکا لە هەموو هەنگاوە سەربازی و دیپلۆماسییەکاندا هاوئاهەنگی تەواویان هەیە.
باڵیۆزی ئیسرائیل لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی CBSی ئەمریکی، وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە دەڵێن مۆساد لە هەڵسەنگاندنی تواناکانی ئێران بۆ داخستنی تەنگەی هورمز هەڵەی کردووە. لایتەر گوتی: "سیاسەت و ئۆپەراسیۆنی سەربازی زانست نین تاوەکو بە رەهایی باسیان لێوە بکرێ. ئێمە تەنیا باسی ئەگەرەکانمان کردووە و بڕیاری کۆتاییش لای سەرۆک ترەمپە."
ئەو دیپلۆماتە ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا ئەگەری راپەڕینێکی جەماوەریی گەورە لەنێو ئێراندا هەیە و رەنگە لە دوو مانگی داهاتوودا ئاڕاستەی رووداوەکان بگۆڕدرێ.
یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی لێدوانەکەی لایتەر، پرسی چەکی ئەتۆمی بوو و گوتی، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان، ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە رێژەی 60٪ بۆ 11 بۆمب هەیە و تەنیا هەفتەیەک یان دوو هەفتەی ماوە تاوەکو بیگەیێنێتە ئاستی 90٪ کە تایبەتە بە دروستکردنی چەک.
باڵیۆزی ئیسرائیل گوتی: "ئەوان راست ناکەن کاتێک دەڵێن بەرنامەکە بۆ مەبەستی پزیشکییە، چونکە بۆ مەبەستی پزیشکی پێویستت بەوە نییە کارگەکان لە قووڵایی زەویدا بشاریتەوە."
لایتەر ئاماژەی بە مەترسیی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران کرد کە مەوداکەیان گەیشتووەتە 4000 کیلۆمەتر و توانیویانە بنکەی "دیێگۆ گارسیا" بکەنە ئامانج، کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە "ئێران دەتوانێت لە قووڵایی ئەورووپاش بدات".
سەبارەت بە دیداری ڤانس و قالیباف لە ئیسلام ئاباد، لایتەر گوتی ئیسرائیل پشتیوانی لە هەوڵەکانی ترەمپ دەکات، بەڵام جەختی کردەوە کە نابێت ئێران هیچ مافێکی پیتاندنی هەبێت.
لایتەر رەخنەی تووندی لە راپۆرتێکی "نیویۆرک تایمز" گرت کە باسی لە پلانێکی نهێنیی نەتەنیاهوو بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران کردبوو و گوتی: "ئەو زانیارییانە تەنیا چیرۆکێکی دروستکراون و راست نین."
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ مایکل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا
پرسیار: بە دیاریکراوی، ئەوان لە چیدا هەڵە بوون؟ چونکە دەگوترێ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێوە، وەک مۆساد، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە رژێمی ئێران ئەوەندە لاواز دەبێت کە نەتوانێت تەنگەی هورمز دابخات. ئەوە هەڵە بوو.
مایکل لایتەر: ئێمە بەو شێوەیە و وەک راستییەکی رەها باسمان نەکردووە. ئێمە باسمان لەوە کردووە کە "ئەگەرێک" هەیە و دەبێت کار بۆ ئەوە بکەین. هیچ شتێک وەک راستی پێشکەش نەکراوە کە ئەگەر وا بکەین، ئەنجامەکەی بەو شێوەیە دەبێت. سیاسەت زانست نییە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیش زانست نین. ئێمە تەنیا بیروبۆچوونی خۆمان لەسەر ئەوەی چی بکرێ پێشکێش کردووە. بڕیارەکە لای سەرۆکە. ئەو قسانەی کە دەڵێن سەرۆکوەزیران هاتووە و سەرۆکی راکێشاوەتە نێو ئەم بابەتەوە، تەنیا بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە و ناوبانگ بڵاودەکرێنەوە.
پرسیار: ئایا مۆساد پێیوابوو کە خۆپێشاندانەکان دەبنە هۆی رووخانی رژێم و شەڕڤانە کوردەکانیش لە باکوورەوە دەچنە ناوەوە؟
مایکل لایتەر: مۆساد پێیوابوو هەروەک چۆن لە مانگی کانوونی دووەمدا بینیمان، سەدان هەزار و ملیۆنان کەس رادەپەڕن. ئێستا ئەگەری روودانەوەی ئەمە زۆر زیاترە و هێشتا پێمانوایە ئەگەرەکە زۆر بەهێزە. پێمانوایە لە دوو مانگی داهاتوودا ئەمە دەبێتە دۆخ. ئەو کاتە هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئەم رژێمەی ئێستا خەڵک سەرکوت دەکات، بمێنێتەوە. باشە، ئێوە دەتوانن دانوستاندن بکەن. ئیسرائیل زۆر پشتگیریی ئەمە دەکات. ئێمە پشتگیری لە سەرۆک و هەوڵەکانی دەکەین، باشە؟ ئێمە لە سەرەتاوە لە هەموو قۆناخەکانی پلاندانان و جێبەجێکردندا هەنگاومان لەگەڵ هەنگاوی ئەوان بووە و پێکەوەش کۆتایی بەم کارە دەهێنین؛ بۆیە ئێمە بە تەواوی پشتگیری لە هەوڵەکانی سەرۆک دەکەین، چ لە رووی دیپلۆماسی و چ لە رووی سەربازییەوە.
پرسیار: سەبارەت بە هێزە بەوەکالەتەکان، رۆژنامەی جیروسلیم پۆست نووسیویەتی کە جەنگی ئیسرائیل لە لوبنان، ئەو باجەیە کە دەبێت بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بدرێ. هێرشەکانی ئیسرائیل دژی حیزبوڵڵا - کە بۆ بینەرانمان روونی دەکەینەوە ئەوان پارتێکی سیاسیین لە لوبنان و هاوکات بەهێزترین میلیشیا و هێزی بەوەکالەتی ئێرانن - دۆخەکەیان ئاڵۆز کرد. ئیدارەی ترەمپ رۆژی سێشەممە لە واشنتن دانوستاندن دەکات. تۆ لەسەر مێزەکە لەگەڵ باڵیۆزی لوبنان دادەنیشیت، بەڵام حیزبوڵڵا بەشێک نییە لەو گفتوگۆیانە. لەم ماوەیەدا، ئایا ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان رادەگرێ یان کەمیان دەکاتەوە؟
مایکل لایتەر: ئەگەر رێگەم بدەیت خاڵێک راست بکەمەوە. حیزبوڵڵا رێکخراوێکی تیرۆریستییە کە هاوکات پارتێکی سیاسییشە. نەک پارتێکی سیاسی بێت و باڵێکی تیرۆریستیی هەبێت. ئەوان رێکخراوێکی تیرۆریستین. ئەوان بریکاری ئێرانن، کە ئەجێندایان لەنێوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیلە. ئەوان مووشەک دەگرنە شار و گوندەکانمان و ئێمەش ناچارین وەڵام بدەینەوە. ئێستا ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ لوبنان دانوستاندن بکەین. لوبنان و ئیسرائیل دەتوانن هەر سبەی بە ئاشتی پێکەوە بژین. من بڕوام وایە، دەزانیت، رۆژی هەینی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە سەرەتاییەمان هەبوو؛ پەیوەندییەکی هاوبەش بوو لەنێوان من و باڵیۆزی لوبنان و باڵیۆزی ئەمریکا لە بەیرووت، کە لەلایەن مایک نیدهام، بەرپرس ل وەزارەتی دەرەوە بەڕێوەدەبرا. گفتوگۆیەکی نایاب بوو و هەموومان لەسەر ئەوە کۆک بووین کە ئەگەر حیزبوڵڵا وەلا بنێین و تەنیا ئیسرائیل و لوبنان دانوستاندن بۆ ئاشتی بکەن، لە ماوەی 2 بۆ 3 مانگدا دەگەینە رێککەوتنێکی تەواوەتیی ئاشتی.
پرسیار: با بەدواداچوون بۆ ئەمە بکەم. تۆ گوتت ئیسرائیل ناچارە وەڵام بداتەوە. بەڵام وەڵامدانەوەی هێرشێکی حیزبوڵڵا جیاوازە لەو جۆرە بۆردوومانەی هەفتەی رابردوو بینیمان، بەتایبەتی رۆژی چوارشەممە. بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لەو رۆژەدا هێرشە ئاسمانییەکان زیاتر لە 350 کەسیان کوشت، کە سێیەکیان ژن، منداڵ و بەساڵاچوو بوون. جێگری سەرۆک گوتی ئیسرائیل رازی بووە لەم هێرشانەدا خۆی کۆنترۆڵ بکات، سەرۆکیش گوتی لەگەڵ بیبی قسەی کردووە و ئەویش گوتوویەتی کە هێرشەکان "بە سنوورداری" ئەنجام دەدات. دەتوانیت روونی بکەیتەوە بۆردومانی بە سنوورداری واتە چی؟ ئایا مەبەست لێی کەمکردنەوەی ریتم و قەبارەی هێرشەکانە بەراورد بە رۆژی چوارشەممە؟ ئەمریکا و ئیسرائیل بە وردی لەسەر چی رێککەوتوون؟
مایکل لایتەر: کەمکردنەوە یان زیادکردنی هێرشەکان و بابەتە ئۆپەراسیۆنییەکان شتێک نین لە تەلەڤزیۆن باس بکرێن. ئەوەی باسمان کردووە ئەوەیە کە ئێمە هاوتەریب دەبین لەگەڵ هەوڵەکانی سەرۆک لە کەنداو و پشتگیری لە هەوڵەکانی دەکەین. لەم ساتەدا ئێمە بەدوای ئەو کەسانەوەین کە مووشەک دەگرنە مەدەنییەکانمان. ئۆپەراسیۆنەکەی رۆژی چوارشەممە ناوەندەکانی ئۆپەراسیۆنی حیزبوڵڵای کردە ئامانج. ئەوەی ئەوان دەیکەن...تۆ گومانت لە ئامارەکانی حکومەتی لوبنان هەیە؟ بێگومان، ئەوە وەک ئەوە وایە حەماس ئامارەکانی غەززە بڵاوبکاتەوە. ئێوە لەگەڵ حکومەتی لوبنان دانوستاندن دەکەن؟ بێگومان، بێگومان. بەڵام هەندێک جار هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی وا نیشانمان بدەن کە ئێمە بەدوای مەدەنییەکانەوەین، لە کاتێکدا ئێمە بە شێوەیەکی ئامانجدار بەدوای ژێرخانی تیرۆریستییەوەین. ئەوەیە کە سەرنجمان لەسەریەتی. ئەوەی ئەوان دەیکەن ئەوەیە کە ناوەندەکانی ئۆپەراسیۆن و ناوەندە تیرۆریستییەکانیان دەخەنە نێو خەڵکی مەدەنییەوە. ئێمە پێیان دەڵێین بچنە دەرەوە، ئەوان هەمیشە ناچنە دەرەوە، بەڵام ئێمە ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین. حەماس لە غەززە بە بنیاتنانی بنکەکانی لە ناوەندی مەدەنییەکاندا ئەمە دەکات، حیزبوڵڵاش هەمان شت دەکات. ئەو رۆژەش بینیمان کە تاران خەڵکی مەدەنیی خۆی ناردە سەر پرد و وێستگەکانی وزە تاوەکو نەپێکرێن. ئەمە تاوانە دژی مرۆڤایەتی.
پرسیار: ئیسرائیل و ئەمریکا تاوەکو ئێستا لەم جەنگەدا هاوئاهەنگی تەواویان هەبووە. تۆ لێدوانی جێگری سەرۆکت بیست کە جۆرێک لە دەرگای بۆ دیپلۆماسی بە کراوەیی هێشتەوە، بەڵام سەرۆک ترەمپیش گوتی ئەمریکا بۆ ساتێکی گونجاو دەستەکەی لەسەر پەلەپیتکەیە و ئامادەیە. ئایا تێگەیشتنی تۆ وایە کە ئیسرائیل و ئەمریکا تاوەکو کۆتایی ئەم ئاگربەستە دوو هەفتەییە هێرش ناکەن؟
مایکل لایتەر: دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە سەرۆک زۆر پێداگر بووە لەسەر دۆزینەوەی کۆتاییەک بۆ ئەم تەنگژەیە لە رێگەی گفتوگۆوە. گفتوگۆکان پێش جەنگی مانگی حوزەیران هەبوون، پێش ئۆپەراسیۆنی 'تووڕەیی داستانئاسا'ش هەبوون. ئێستاش گفتوگۆکان بەردەوامن و پێموایە ئەگەر بتوانین بەبێ گەڕانەوە بۆ پێکدادانی سەربازی کۆتایی بەم تەنگژەیە لەگەڵ ئێران و ئەم رژێمە ستەمکارەی کە بەدوای چەکی ئەتۆمییەوەیە بهێنین، بۆ هەمووان باشتر دەبێت. سەرۆکیش بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ ئەوە. بەڵام شاندی ئەمریکا رووبەڕوو شتەکانیان بینی. جێگری سەرۆک بەرامبەر ئەم کەسە، قالیباف دانیشت، کە بەرپرسی راستەوخۆی کوشتنی گەلەکەی خۆیەتی لەم مانگی کانوونی دووەمەی رابردوودا و تەنیا ئەوەی بینی کە ئەوان چەندە پێداگرن لەسەر بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
پرسیار: کاتێک دەڵێیت گفتوگۆکان هێشتا بەردەوامن. ئایا لەم ساتەدا هیچ ئاستێکی پەیوەندی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە؟
مایکل لایتەر: دەزانیت، سەرۆک دوو هەفتە کاتی بۆ بابەتەکە دیاریکرد و ئێمە تەنیا لە کۆتایی هەفتەی یەکەمداین، بۆیە هێشتا هەفتەیەکی دیکە بۆ ئەگەری بەردەوامیی گفتوگۆکان ماوە. ئێمە ئێرانییەکان دەناسین، ئەم رژێمە دەناسین؛ پێمان وا نییە ئەوان وازبهێنن، بەڵام گرنگە دەرفەتێکیان پێ بدرێ.
پرسیار: ڤانس گوتی پێویستە پابەندییەکی یەکلاییکەرەوە لە ئێرانەوە ببینین کە بەدوای چەکی ئەتۆمی یان ئەو ئامرازانەدا نەگەڕێن کە رێگەیان پێ دەدات بە خێرایی بگەنە چەکی ئەتۆمی. ئایا تێگەیشتنی تۆ وایە کە هەڵوێستی ئەمریکا 'سفر پیتاندن'ە یان هێشتا دەرگا بۆ ئەوە بە کراوەیی جێدەهێڵن کە ئێران بەرنامەیەکی ئەتۆمیی مەدەنی بۆ مەبەستی پزیشکی هەبێت؟
مایکل لایتەر: بەرنامەی ئەتۆمیی مەدەنی پێویستی بە پیتاندن نییە. 57 وڵات هەن بەرنامەی ئەتۆمیی مەدەنییان هەیە و پیتاندنیان نییە، بەڵکو مادەکە (سووتەمەنییەکە) لە دەرەوە دەهێنن. نەخێر، ئەگەر بڕێکی کەمت هەبێت، دەتوانیت بڕێکی زۆرت هەبێت بۆ ئەوەی لە 60٪ـەوە کە هەیانبوو، بیگەیەنیتە 90٪. بڕوانە، تۆ ئەم کارگە بەرهەمهێنانانە لە قووڵایی زەویدا دروست ناکەیت ئەگەر مەبەستت پزیشکی بێت، چونکە هیچ شتێکت نییە بێشاریتەوە. ئەم کەسانە راست ناکەن.
پرسیار: با ئەوە لەبیر نەکەین کە ئێمە هەر ئێستا خەریکی دانوستاندن لەگەڵ ئەو رژێمەداین.
مایکل لایتەر: ئێمە لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدەین دانوستاندنیان لەگەڵ بکەین. ئێمە دوای لەناوبردنی هێزی دەریاییان، دوای لەناوبردنی هێزی ئاسمانییان و دوای لاوازکردنی سەرکردایەتییەکەیان، دانوستاندنیان لەگەڵ دەکەین، بەو هیوایەی بێنە سەر ئەژنۆ و بڵێن خۆمان بەدەستەوە دەدەین.
پرسیار: باشە، سەرۆک گوتوویەتی جەنگەکە براوەتەوە. سەرۆکوەزیرانی ئێوەش دەڵێت کارەکان هێشتا تەواو نەبوون. بە دیاریکراوی، چ بەشێکی ئێران هێشتا هەڕەشەی سەربازییە بۆ سەر ئیسرائیل؟ ئایا هێشتا بە هەڕەشەیەکی بوون دایان دەنێن؟
مایکل لایتەر: سێ شت هەن کە دەبێت لە سەرەتاوە نیگەرانیان بین. یەکەم، هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. ئەگەر بگەڕێنەوە سەر ئەو هەوڵە، ئەوە نیگەرانمان دەکات. دووەم؛ مووشەکی بالیستی. ئەم مووشەکە بالیستیانە...ئەوان بەڵێنیان دابوو کە مووشەکی بالیستییان نییە بگاتە ئەورووپا. راستیان نەکرد. بینیمان کە هەیانە. تۆ باسی هاویشتنی مووشەک دەکەیت بۆ سەر 'دیێگۆ گارسیا'؛ گوتیان مەوداکەی سنووردارە بۆ 2000 کیلۆمەتر، بەڵام ئێستا دەبینین 4000 کیلۆمەتریان هەیە. ئەمە تەنیا بازدانێکە بۆ 8000 کیلۆمەتر تاوەکو لە شیکاگۆ یان تێنافڵای لە نیو جێرسی بدەن. بۆیە دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەمانە و گرووپە بەوەکالەتەکانیان بکرێ. هەواڵگریی ئێمە دەڵێت [تاوەکو چەکی ئەتۆمی] کەمتر لە 9 ساڵیان ماوە و زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئێمە لە سەرەتاوە لەم بارەیەوە ورد بوون. ئێستا روون بووەوە. گوتمان ئەوان بە پەلە خەریکی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمین و بەڕێز ویتکۆف لە گفتوگۆکانی پێشتردا گەڕایەوە و گوتی ئەوان هاتوونەتە نێو دانوستاندنەکان و گوتوویانە 60٪ـی ئامادەکارییان بۆ 11 بۆمب هەیە. پیتاندن بە ئاستی 60٪، واتە تەنیا هەفتەیەک یان دوو هەفتەت ماوە تاوەکو بگەیتە 90٪ و ئاستی چەک. دوایین شتیش گرووپە بەوەکالەتەکانن. ئەم کارە کۆتایی نایەت تاوەکو پچڕانی تەواوەتی لەنێوان ئێران و هێزە بەوەکالەتەکانیان دروست نەبێت، کە بوونەتەهۆی بڵاوبوونەوەی مردن، پشێوی و وێرانکاری لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
پرسیار: دەمەوێ لەبارەی حیزبوڵڵاوە بگەڕێمەوە سەر ئەو بابەتە، بەڵام تەنیا بۆ کۆتاییهێنان بەو باسی هەواڵگرییەی دەیکەیت. هەفتەی رابردوو راپۆرتێکی زۆر وردی 'نیویۆرک تایمز' بڵاوبووەوە. دەزانم خوێندووتەتەوە، رۆژنامەگەرییەکی نایاب بوو کە وردەکاریی کۆبوونەوەی 11ی شوباتی خستبووە ڕوو، کە تێیدا سەرۆکوەزیرانی ئێوە پێشنیازی بۆردوومانکردنی ئێرانی بۆ سەرۆک ترەمپ کردبوو. لەوێدا هاتبوو کە پلانی ئیسرائیل کوشتنی ئایەتوڵڵا بووە (کە کرا)، پەکخستنی توانای ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە دراوسێکانی، هاندانی راپەڕینی جەماوەری لە ئێران و دواتر گۆڕینی رژێم و دانانی سەرکردەیەکی عەلمانی. ئاشکرایە هەموو ئەو ئامانجانە بەدی نەهاتوون. ئایا دەتوانیت کۆتایی جەنگ رابگەیێنیت بەبێ ئەوەی هەموو ئەو خاڵانەی لیستەکە جێبەجێ کرابن؟
مایکل لایتەر: پێش هەموو شتێک، هێشتا هەموو ئەو ئامانجانە بەدی نەهاتوون. ئەمە پڕۆسەیە. ئەمە وەک 'شۆربای ئامادەکراو' نییە. دووەم، من لەو کۆبوونەوەیەدا لە ژوورەکەدا بووم. ئەو رۆژنامەنووسانەی ئەو بابەتەیان نووسیوە لەوێ نەبوون. دیارە زانیارییەکانیان بە دەستی دووەم و سێیەم پێ گەیشتووە. زۆر شت لەو بابەتەدا هەیە کە بە سادەیی راست نین، ئەوە تەنیا چیرۆکێکە دروستکراوە. چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە بەڵام ورد نییە. بۆیە من زۆر وریام لەوەی زانیاری لەو بابەتە دیاریکراوەوە وەربگرم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ