رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، پەردە لەسەر وردەکارییەکانی چەقبەستووی سیاسیی عێراق و گرژییە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵدەداتەوە، دکتۆر فوئاد حوسێن ئاشکرایدەکات پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمجارە پێداگرە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار و هۆشداریش دەدات کە ئەگەر هێزە کوردییەکان لە نێوخۆدا رێکنەکەون، پێگەیان لە بەغدا لاواز دەبێت، هاوکات زەنگێکی مەترسیدار بۆ دۆخی ئابووریی عێراقیش لێدەدات.
دکتۆر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر میوانی سەنگەر عەبدولڕەحمان بوو، تێیدا بە راشکاوی باسی لە دۆخی چەقبەستووی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرد و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە لەنێوان ماڵی شیعە، سوننە و کورد نییە و سەرجەم پێکهاتەکان لە قۆناخی گفتوگۆدان.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کە خاڵی ناکۆکیی سەرەکیی نێوان پارتی و یەکێتییە، فوئاد حوسێن رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان سوورە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە و سیاسەتی حیزبەکە بەو ئاراستەیە، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە دا باشترە پارتی و یەکێتی پێشوەختە رێکبکەون، بەڵام ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئەوا سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە دەبێتەوە و هەردوولا بە دوو بەربژێری جیاواز دەچنە نێو پەرلەمان، کە ئەوەش کێبڕکێیەکی تووند دروست دەکات، سەبارەت بە ناوهێنانی خۆیشی بۆ ئەو پۆستە، گوتی "ناوم لە میدیاکان دەهێنرێت، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای جەنابی سەرۆک بارزانییە و دەبێت بەم نزیکانە پارتی بەربژێری خۆی یەکلایی بکاتەوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دکتۆر فوئاد حوسێن نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر دۆخی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان و گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی نیشان دا، ئەو بە تووندی رەخنەی لەو هەڵمەتە میدیاییە گرت کە ئێستا لەنێوان ئەو دوو حیزبەدا هەیە و بە هەڵمەتێکی ئاست نزم و قبووڵنەکراو وەسفی کرد، فوئاد حوسێن گوتیشی "ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت رەخنەی سیاسی نییە، بەڵکو شکاندنی ئێسکی یەکترییە و دەبێت بەزووترین کات رابگیرێت"، جەختیشی کردەوە کە ئەگەر کورد لە نێوخۆدا یەکدەنگ نەبێت، لە بەغدا لاواز دەبێت و ناتوانێت دەستکەوتەکان بپارێزێت، بۆیە پێویستە حکومەتێکی هاوپەیمانیی بەهێز لە هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت.
لەسەر ئاستی ئابووری، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشبینییەکی مەترسیداری خستەڕوو، بە بڕوای ئەو ئەگەر شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا بوەستێت، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو 10 بۆ 15 دۆلار دادەبەزێت، ئەوەش عێراق رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی دارایی و کورتهێنانی سیولە دەکاتەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە فوئاد حوسێن پێشنیاریکرد کە کورد دەستبەرداری وەزارەتی دەرەوە نەبێت و هەوڵی وەرگرتنی وەزارەتی دارایی نەدات، نەوەک لە داهاتوودا بەرپرسیارێتی قەیرانە داراییەکە بخەنە ئەستۆی کورد.
وەزیری دەرەوەی عێراق روونکردنەوەی لەسەر پرسی خستنە لیستی تیرۆری چەند گرووپێک و ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکا دا و رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی ئەو لیستە لە رۆژنامەی وەقائیع بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بووە و لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکهێنراوە.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش گوتی "گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەمریکا گەیشتوونەتە بنبەست و مەنتقی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەنتقی ئاشتی نییە، بەڵکو مەنتقی جەنگە".
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: سڵاوتان لێبێت، زۆرم پێخۆشە جارێکی دیکە دەرفەتمان بۆ رەخسا لەگەڵ بەڕێز دکتۆر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گفتوگۆ بکەین، ئەم گفتوگۆیەی ئێمە لە کاتێکدایە کە ئێستا دۆخێکی سیاسی و ئەمنی لە عێراق و ناوچەکەدا هەیە، هەڵبژاردن کراوە و هەمووان چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتی عێراقن، هەروەها دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پەیوەندییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی و زۆر بابەتی دیکەش هەن پێمخۆشە لەگەڵ بەڕێز دکتۆر فوئاد گفتوگۆیان لەسەر بکەم، زۆر سوپاس جارێکی دیکە لەگەڵ ئێمەیت، با لە دوایین دەنگۆوە دەستپێبکەم کە دەنگدانەوەی سیاسیی هەبوو لە عێراقدا، ئەویش خستنە لیستی تیرۆری، حیزبوڵڵا و حووسییەکانی یەمەن بوو، کە دواتر حکومەتی عێراق روونکردنەوەی دا و گوتیان بە هەڵە بووە، بەڕاستی کارەکە بە هەڵە بوو یان وەک هەندێک خوێندنەوە دەڵێن پیلان بوو دژی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق؟
فوئاد حوسێن: ئەوەی من دەیزانم لیستێک لەلایەن دەوڵەتی مالیزیاوە هاتبوو، ئەو دەوڵەتە بەپێی سیاسەتی خۆیان و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان لیستێکیان ئامادەکردووە و وەک دەوڵەت گشتاندنیان بۆ کردووە بۆ دەوڵەتانی دیکە، ئەم لیستە هاتبووە عێراق و دواتر نێردراوە بۆ ئەو لیژنەیەی تایبەتە، نازانم لیژنەکە خوێندویانەتەوە یان نا، خوێندنەوەیان بۆ کردووە یان نا، بەڵام دواتر بڵاوبووەتەوە، کێشەکە ئەوەیە لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاوبووەتەوە، کە بڵاویش بووەوە واتە شتێکی فەرمییە و بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە، کاتێک باسی هەر هێزێکی سیاسی یان چەکدار دەکرێت لە پرسەکانی تیرۆر، لە بنەڕەتدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی عێراق (ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی) دیراسە دەکرێت، من خۆم ئەندامی ئەو ئەنجوومەنەم و ئەم بابەتە لەوێ هەر باس نەکراوە و خوێندنەوەی بۆ نەکراوە، واتە کە هاتووە بۆ بانکی ناوەندی و ئەوانیش ناردوویانە بۆ ئەو لیژنەیەی پەیوەندی بە چاودێریی سزای داراییەوە هەیە، دیار نییە خوێندنەوەیان بۆ کردووە یان نا، ناردوویانە بۆ وەقائیع و بڵاوبووەتەوە، ئێستا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە تاوەکو بزانین ئەنجامەکەی چی دەبێت، بەڵام بۆ من روونە کە ئەم بابەتە نەهاتووەتە ئەنجوومەنی ئاسایش و لەوێ باس نەکراوە، هەر شتێک کە پەیوەندی بە پرسە ئەمنییەکان و رێکخراوەکانەوە هەبێت، دەبێت لەوێ بڕیاری لەسەر بدرێت، با بزانین ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە چی دەبێت.
رووداو: ئەمریکا هیچ قسەی لەگەڵ نەکردن و پەیوەندی پێوە نەکردن لەسەر ئەو بابەتە؟
فوئاد حوسێن: نا، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە پێیان ناخۆش بووە حکومەتی عێراق بەیاننامەیەکی دەرکردووە و تێیدا گوتوویەتی ئەمە دروست نییە، با بزانین لیژنەی لێکۆڵینەوە چی دەکات، من پێم وانییە بڕیارێکی سیاسی بێت لە عێراقدا، بەڵکو دەبێت بزانین لایەنە هونەرییەکە چۆن بووە، بە ئەنقەست کراوە یان بە هەڵە، نازانم.
رووداو: ئێرانییەکانیش هیچ پەیوەندییان نەکرد؟
فوئاد حوسێن: نەخێر، ئێرانییەکانم بینیوە و لەسەر ئەم مەسەلەیە دەزانن کە بڕیاری سیاسی وا نەبووە.
رووداو: هەڵبژاردن تەواو بوو, ئەنجامەکانیش بە نزیکەیی یەکلایی بوونەتەوە، هێشتا چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەربژێرێکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیارینەکردووە، کورد و سوننە چاوەڕێی ئەوان دەکەن و هێشتا هیچ لایەک ئامادە نییە.
فوئاد حوسێن: شیعە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر کەسێک (نۆ ناویان خستووەتەڕوو، بەڵام نۆ ناو واتە رێککەوتن نییە)، نە سوننە گەیشتوونەتە رێککەوتن و نە کوردیش، جارێ گفتوگۆ لەنێوان شیعە و شیعە، سوننە و سوننە هەیە، لەنێو کوردیشدا گفتوگۆکە لە میدیاوەیە و جێگەی داخە دانیشتنێکی وا نییە کە باسی ئەم بابەتە بکرێت، بەڵام گفتوگۆ لەنێوان کورد و شیعە، سوننە و شیعە، سوننە و کوردیش هەیە، بەڵام جارێ نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک.
رووداو: بۆچی گفتوگۆی کوردی-کوردی نییە؟
فوئاد حوسێن :جێگەی داخە و پێمناخۆشە، نامەوێ لە میدیاوە بڵێم هۆکارەکەی کێیە، بەڵام کە گفتوگۆ نەبێت کێشەیە، ئێمە دەبینین شیعەکان گفتوگۆیان هەیە لەنێو خۆیان و چوارچێوەیەکیان هەیە، سوننەکانیش سەرەڕای ئەوەی ناکۆکییان زۆر گەورە بوو، بەڵام چوارچێوەیەکیان دروستکرد بەلانی کەم بۆ گفتوگۆ، بەڵام لای ئێمە ئەو چوارچێوەیە بۆ گفتوگۆ نییە.
رووداو: کورد ناتوانێت ئەو چوارچێوەیە دروست بکات؟
فوئاد حوسێن: بۆنا؟ دەتوانێت لە رابردوودا هەبوو، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە، وەڵام بۆ پرسیارەکەی جەنابت، هەیە یان نا ؟ نییە ئێستا.
رووداو: بەڕێز مالیکی هاتە لای سەرۆک بارزانی، بەڕێز سوودانی لە دهۆک سەرۆک بارزانی و کاک نێچیرڤان و کاک مەسروریشی بینی، کامیان چانسیان بەهێزترە ببنە سەرۆکوەزیرانی عێراق، هیچ کامیان دەبن؟
فوئاد حوسێن: من ناتوانم ئێستا ئەو باسە بکەم، بەڵام یەک شت هەیە، لەنێو ئەو نۆ کەسەدا ناوی ئەم دوو بەڕێزە هەیە، کامیان دەبێت؟ من نازانم، یا هەردووکیان دەمێننەوە وەک بەربژێر یا یەکێکیان دەبێت، ئەمە بڕیاری شیعەکانە، بەڵام جارێ ململانێیەکی گەورە هەیە لەنێو هێزە سیاسییەکانی شیعە بۆ ئەوەی دەستنیشانی کەسێک بکەن، هیوادارم لە ماوەی داهاتوودا بتوانن، چونکە ئەوە یارمەتیی کوردیش دەدات کە بگاتە بڕیارێک، هەروەها یارمەتی سوننەکانیش دەدات.
رووداو: چ پەیوەندی بە کوردەوە هەیە؟
فوئاد حوسێن: حکومەت دروست نابێت، ئەگەر سەرۆککۆمار نەبێت، حکومەت دروست نابێت ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان نەبێت هەنگاوەکان وایە: یەکەمجار دەبێت سەرۆکی پەرلەمان هەبێت، ئینجا سەرۆککۆمار هەبێت، پاشان سەرۆککۆمار دەستنیشانی سەرۆکوەزیران دەکات، بەڵام ناوەکان پێویستە زانراو بن، کاتێک شیعەکان دەگەنە ئەنجام و ناوەکە دەستنیشان دەکەن، ئەو کاتە ئەگەر کورد دەستنیشانی ناوەکان نەکات، کێشە دروست دەبێت بۆ دەوڵەتی عێراق.
رووداو: کورد دەتوانێت بە یەک بەربژێری سەرۆککۆمار بچێتە پەرلەمان؟
فوئاد حوسێن: ئەگەر رێککەوتن بکەین دەتوانێت، ئەگەر رێکنەکەوین ناتوانین.
رووداو: ئەو ئەگەرە کامیانە، رێککەوتن دەکرێت یان نا؟
فوئاد حوسێن: من بە باشی دەزانم بۆ ئێمە بتوانین بگەینە لێکتێگەیشتنێک لەسەر بابەتی سەرۆککۆمار، ئەگەرنا دەگەڕێینەوە بۆ هاوکێشەی کۆن، هاوکێشەی کۆن سوننەکان بەکاریان هێنا، ئەوەی زۆرینەیە لەناو سوننەکان کەسەکە دەستنیشان دەکات، شیعەکان بڕیاریان داوە بە رێککەوتن بێت، ئێمەش ئەگەر نەتوانین رێکبکەوین واتە دەگەڕێینەوە بۆ ئەو هاوکێشەیەی کە زۆرینە دەستنیشانی دەکات، بەڵام ئەوەش هاوپەیمانێتی دەوێت.
رووداو: بەڵام یەکێتی بەوە رازی دەبێت؟
فوئاد حوسێن: ئاخر من وا دەڵێم، ئەگەر زۆرینە دەستنیشانی بکات (واتە پارتی) پێویستی بە هاوپەیمانی هەیە لەنێو پەرلەمان، پێویستە شیعەکانیش قبووڵی بکەن، واتە تۆ لە کۆتاییدا هەر پێویستت بە گفتوگۆ و دانوستاندنە لەگەڵ شیعەکان، باشتر ئەوەیە لە پێشەوە یەکێتی و پارتی بگەنە ئەنجام، بەڵام ئەگەر نەگەیشتنە ئەنجام، راستی بڵێم دوور نییە هەردوو لایەن بە دوو بەربژێری جیاواز بڕۆنە ناو پەرلەمان و ئەوەش باش نییە.
رووداو: پارتی بەربژێری دەبێت؟
فوئاد حوسێن: من ئەوەی تێگەیشتم پارتی پێداگرە لەسەر مەسەلەی وەرگرتنی شوێنی سەرۆککۆمار، ئینجا باشترە بگەنە رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی، ئەگەر نەگەن مانای ئەوەیە پێویستە بچێتە کێبڕکێوە، کێبڕکێش هاوپەیمانێتی دەوێت هەم لەگەڵ شیعەکان و هەم لەگەڵ سوننەکان، ئەو هاوپەیمانێتییە پێویستە روون بێت، چونکە ئەگەر بڕۆیتە کێبڕکێیەک و هاوپەیمانێتیت نەبێت کێشە دروست دەبێت.
رووداو: واتە دەتانەوێت لەگەڵ یەکێتی رێکبکەون لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆککۆمار بۆ پارتی بێت؟
فوئاد حوسێن: من دەڵێم لەم کاتەدا روونە سیاسەتی پارتی و واقیعی بەغداش وایە، واتە لەگەڵ زۆربەی سەرکردەکان کە قسە دەکەن رێگری نییە لە گۆڕینی ئەم نەریتە کە تاوەکو ئێستا بۆ یەکێتی بووە، ئەمجارە بۆ پارتی بێت، بەڵام دەڵێن باشترە لێکتێگەیشتنێک لە نێوانتاندا هەبێت، ئەگەر لێکتێگەیشتن نەبێت مانای ئەوەیە ئێوە بە کێبڕکێ دێنە ناو پەرلەمان، ئەو کاتە هەر حیزبێک خۆی بڕیار دەدات چی بکات و هەر ئەندامێکی پەرلەمانیش لە هێزەکانی دیکە خۆیان بڕیاردەدەن، واتە دەبێتە کێبڕکێیەکی تووند، ئەنجامەکەی چی دەبێت، دیار نییە.
رووداو: پارتی دەتوانێت ئەو هاوپەیمانێتییە دروست بکات، زۆرینەیەک بۆ سەرۆککۆمار دروست بکات؟
فوئاد حوسێن: ئەگەر بگەنە لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ یەکێتی دەبێتە هاوپەیمانییەکی هاوبەش، بەڵام ئەگەر نەبوو ئەوا پێموایە پارتی ئێستا دەتوانێت رۆڵێکی گەورە لە بەغدا ببینێت و شیعەکان و سوننەکانیش حیساباتێکی تایبەتی بۆ پارتی دەکەن، بەڵام ئەمە حیساباتی هەرێمیشی تێدایە، واتە تەنیا دۆخی ناوخۆیی عێراق نییە.
رووداو: لە رووی هەرێمییەوە ئێران، تورکیا، ئەمریکا، ئەوانە حەز دەکەن کە پارتی سەرۆککۆمار وەربگرێت؟
فوئاد حوسێن: ئەمریکا دەستوەردان ناکات لەم بابەتانە، بەڵام دوور نییە ئەگەر بزانن کەسەکە کێیە رایەک بدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە کەسەکە کێیە، هەروەها شیعەکان و سوننەکانیش، واتە جگە لە حیزبەکە، باسی کەسەکەش گرنگە، بێگومان تۆ چ کەسێک دیاری دەکەیت بۆ چ شوێنێک.
رووداو: من و جەنابت لە دهۆک بەیەکەوە وەستابووین لە (مێپس)، دۆستێکی ئازیز هات و گوتی "هەڵۆو مستەر پرێزیدێنت" (سڵاو بەڕێز سەرۆک)، بە جەنابتی گوت، دوایی باسمکرد و بڵاومکردەوە کە بە جەنابتیان وا گوتووە.
فوئاد حوسێن: گوتم ئەمە رۆژنامەڤانە و بڵاویدەکاتەوە، لە ئەنجامدا بڵاوتکردەوە.
رووداو: هەواڵ بوو بۆ من بەڕاستی، وام خوێندەوە کە جارێکی دیکە جەنابت بەربژێری پارتی بیت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ئایا وایە؟
فوئاد حوسێن: من نازانم، بەڕاستی بڵێم نازانم، بەڵام لە میدیا و شوێنانی دیکە باس دەکرێت، وەک چۆن ناوی خەڵکی دیکەش باس دەکرێت، ناوی منیش هاتووەتە بەرباس، ئینجا بزانین لە ئەنجامدا ئەوەی بڕیار دەدات سەرکردایەتیی حیزبە و ئەوەی بڕیار دەدات جەنابی سەرۆک بارزانییە، با بزانین جەنابی سەرۆک بارزانی چی بڕیار بدات وا دەبێت.
رووداو: کەی بڕیار لەم بارەیەوە دەدەن؟
فوئاد حوسێن: دەبێ بەم نزیکانە بێت، دروست نییە بڕیار دوابکەوێت، چونکە راستی بڵێم کاری دەوێت، ئەگەر گەیشتینە لێکتێگەیشتن لەگەڵ یەکێتی ئەوە باشە، ئەگەر نەگەیشتینە لێکتێگەیشتن لەگەڵ یەکێتی، پێویستە پارتی بڕیار بدات: یەک: لەسەر شوێنەکە، دوو: لەسەر بەربژێرەکە تاوەکو ئیشی بۆ بکرێت، ئەوەی لە دوایین ساتدا بێت.. واتە بڕیاری پارتی شتێکە و قبووڵی خەڵکیش شتێکە، تۆ پێویستت بە هەردووکیانە پێویستت بە بڕیارەکەیە و پێویستت بە قبووڵکردنەکەیە، قبووڵکردنەکەش کاری دەوێت.
رووداو: لەسەر سەرۆککۆمار تاوەکو ئێستا رێکنەکەوتوون لەگەڵ یەکێتیدا، ئەی لەبارەی کابینەی دە گەیشتوون بە چی کابینەی دە پێکدێت؟
فوئاد حوسێن: یەکێک لە کێشەکان ئەمەیە، ئایا ئێمە دوو ئاراستەمان هەیە؟ واتە دوو رێگەی کوردستان و رێگەی بەغدا؟ یان پێکەوە گرێدراون؟ من وای دەبینم ئەگەر ئەمە جودا بکەینەوە، واتە رێگەی کوردستان جودا بکەینەوە لە رێگەی بەغدا، ناگەیتە ئەنجام، واتە لە بەغدا ئەگەر پارتی و یەکێتی گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک کە یەکێک سەرۆککۆمار وەردەگرێت، ئەوەی دیکە چ وەزارەتێک وەربگرێت، واتە هاوکێشەی بەغدا جیاوازە لە هاوکێشەی کوردستان، بەڵام هاوکێشەی کوردستانیش گرنگە بۆ بەهێزبوونی کورد لە بەغدا، تۆ ئەگەر لە کوردستان یەک نەبیت، مانای وایە لە بەغدا یەک نابیت و لە بەغدا خەریکی شەڕی یەکتری بیت، مانای وایە یەکتری لاواز دەکەن، لە ئەنجامدا دۆزی کورد لاواز دەکەن لە بەغدا، لە پێناو هەرێمی کوردستان و دۆزی کورد، ئێمە پێویستمانە لە هەرێمیش بگەینە ئەنجام، پارتی دوو شاندی دروستکردووە: شاندێک بۆ هەرێم و شاندێک بۆ بەغدا، هیوادارم ئەو شاندەی لە هەرێمە و دەستیپێکردووە و دانیشتنێکی تایبەتی هەبوو نەک سیاسی، بەردەوام بن لە دانیشتنەکان و بگەنە ئەنجام.
رووداو: شاندەکەی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت چی بکەن، شاندەکەی پارتی لە هەرێمی کوردستان چی دەوێت؟
فوئاد حوسێن: دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن لەگەڵ یەکێتی و بگەنە ئەنجامێک، لە کوردستان ئێمە حکومەتی هاوپەیمانیمان گەرەکە، یەک حیزب ناتوانێ حوکم بکات، حکومەتی هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی و پارتی بێت مانای ئەوەیە جوگرافیاکەیش یەک دەگرێتەوە، بەڵام ئەگەر حکومەتێکی هاوپەیمانی بێت بەبێ یەکێتی نابێت.
رووداو: بەبێ یەکێتی حکومەت پێکنایەت؟
فوئاد حوسێن: بەبێ یەکێتی بە ژمارە دەتوانیت، چونکە ئەگەر بابەتی ژمارە بێت لە پەرلەمان ئێستا ئیستحقاقی هەڵبژاردنە، پارتی دەتوانێت زۆرینەی پەرلەمان دروست بکات بێ یەکێتی.
رووداو: بەبێ یەکێتی پارتی دەتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی دروست بکات بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و بۆ دروستکردنی حکومەت؟
فوئاد حوسێن: بابەتەکە ژمارەیە، بەڵام کە بگەیتە ئەو لێکتێگەیشتنە لەگەڵ حیزبەکانی دیکە جگە لە یەکێتی، ژمارە چارەسەر دەکەیت، بەڵام جوگرافیا چارەسەر ناکەیت، ئەمە کێشەیەکە کە پێویستە بە واقیعی خوێندنەوەی بۆ بکەین.
رووداو: پێویستە یەکێتی نەرمی بنوێنێت لەم بارەیەوە؟
فوئاد حوسێن: من نامەوێت بکەومە پێش دانوستاندنەکان لە هەرێم، چونکە شاندێکی جودا هەیە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام پێویستە نەرمییەک هەبێت و پێداگری نەکرێت لەسەر هەندێک شت، وەزارەت دەتوانیت گۆڕانکاری تێدا بکەیت، تۆ دەتوانیت حکومەت دروست بکەیت و لە دوای ساڵێک گۆڕانکاریی وەزاریش بکەیت، واتە کێشە نییە، بەڵام ئێستا پێداگری بکەیت لەسەر شتگەلێک کە لایەنی بەرامبەر قبووڵی نەکات، ئەمە دروست نییە، گرنگ ئەوەیە حکومەتێکی هاوپەیمانی دروست بێت لە کوردستان، چونکە حکومەتێکی هاوپەیمانی وەک گوتم لە بەغدا کورد بەهێز دەکات، هەرێمیش بەهێز دەکات، هەردوو حیزبەکەیش بەهێز دەکات، ئەگەر حکومەتی هاوپەیمانی دروست نەبێت و لە بەغدا خەریکی شەڕ و ململانێ بین، هەردوو حیزبەکە لاواز دەکات لە بەغدا، من مەبەستم لەم ئەنجامەیە، تۆ پەیوەندیت لەگەڵ بەغدایە، لە بەغدا چۆن جووڵە بکەیت؟ باشترە جووڵە لە بەغدا پێکەوە بێت.
رووداو: گرێکوێرەکە تەنیا وەزارەتی ناوخۆیە یان کێشەی دیکەش هەیە لە بەردەم دروستکردنی کابینەی 10؟
فوئاد حوسێن: لەوباوەڕەدام پرسی وەزارەتی ناوخۆ چارەسەر دەبێت چۆن دەیکەن نازانم، بەڵام پرسەکە متمانەیە لە نێوان هەردوو لا، دەزانی ئەم هەڵمەتە میدیاییەی کە ئەم ماوەیە کرا، بەڕاستی بڵێم هەڵمەتێکی میدیایی قبووڵنەکراو و بێ ئاست بوو، کە بگاتە پرسی شەخسی و ئەخلاقی زۆر ناخۆشە، ئەمە لەنێو فەرهەنگی ئێمە قبووڵ ناکرێت، هیوادارم یەکەم شت ئەوە بێت لە دانوستاندنی هەردوولا هەڵمەتی میدیایی راگرن بەرامبەر یەکدی، و بگەنە رێککەوتنی سیاسی، تاوەکو رێککەوتنی سیاسیش نەکرێت، رەخنەی سیاسی جودایە لە هەڵمەتی میدیایی شەخسی.
رووداو: ئەمەی ئێستا بەرامبەریان دەیکەن هەڵمەتە یان رەخنەیە؟
فوئاد حوسێن: هەڵمەتە، هەڵمەتێکی زۆر ناخۆش و زۆریش نزم، من راستی بڵێم کە نەمزانی وایە، بەڵام کە تەماشام کرد زۆر زۆر پێمناخۆش بوو، ئەم هەڵمەتە میدیاییە لەسەر کەس و بابەتگەلی خێزانی قبووڵ نییە، ئەمە فەرهەنگی ئێمە قبووڵی ناکات جگە لە مەسەلەی فەرهەنگی سیاسی، ئەگەر ئەم رێگەیە بگرینە بەر مانای وایە ئێسکی یەکدی دەشکێنن.
رووداو: دەستپێشخەرییەک هەیە لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی لووتکە بکرێت، بەم نزیکانە کۆبوونەوەی لووتکەی کەسی یەکەمی حیزبەکان دەبینین لە کوردستان؟
فوئاد حوسێن: باوەڕ ناکەم مەرجیش نییە کۆبوونەوەی لووتکە بکرێت، من پێموایە جارێ هەردوو شاند دانیشن زەمینە ئامادە بکەن.
رووداو: مەبەستم بۆ حیزبەکانە، کەسی یەکەمی هەموو حیزبە براوەکانی هەڵبژاردن، نەک تەنیا پارتی و یەکێتی.
فوئاد حوسێن: مەرج نییە جەنابی کاک مەسعود خۆی بەشدار بێت لە کۆبوونەوە، من پێشنیاز دەکەم لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی هەردوو لا دانیشن، دوای جەنابی کاک نێچیرڤان وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی حیزبە سیاسییەکان بکات، ئەو حیزبە سیاسییانەی کە لە بەغدا نوێنەریان هەیە، ئەگەر دەربارەی بەغدا بێت، ئەگەر دەربارەی کوردستان بێت حیزبە سیاسییەکان و ئەوانەی نوێنەریان هەیە لە پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتیان بکات، دانیشتنێک بکەن و جەنابی سەرۆک کاک مەسعود سەرپەرشتیی پرۆسەکە بکات، من وای دەبینم باشترە، ئەوە ساڵێک تێپەڕی بەسەر پەرلەمانی کوردستان و دانیشتن نەکراوە، ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە، چونکە دوور نییە کەسانێک هەبن بچنە دادگەی فیدراڵی و داوا بکەن پەرلەمان کە دانانیشێت کێشە دروست دەکات و باشیش نییە ئێمە بیر لەوە بکەینەوە بڕۆین بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، چونکە ئەوە قەیرانێک دروست دەکات.
رووداو: هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە؟
فوئاد حوسێن: من بە باشی نابینم، من رایەکی شەخسی دەدەم لەم حاڵەتە، هەڵبژاردنی دووبارە ببێتەوە؟ بۆچی؟ من نازانم بۆچی، جارێ پەرلەمان دانەنیشتووە، هەوڵبدەین پەرلەمان دابنیشێت و بەشێک لەو رێککەوتنەی نێوان پارتی و یەکێتی ئەوە بێت کە پەرلەمان دابنیشێت، رێککەوتنێکی وا هەبوو پێش یەک دوو مانگ، جێگەی داخە جێبەجێ نەکرا، بەڵام ئێستا کات بەسەر نەچووە، هەردوو حیزب لەگەڵ حیزبەکانی دیکە کە ئەندامیان هەیە لە پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێک هەبێت، ئەم بابەتە باس بکرێت، ئێمە پێویستمان بە گفتوگۆیە، واتە مەعقوول نییە گفتوگۆ لەنێوان حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە رێگەی میدیاوە بێت، سوننەکان دانیشن و شیعەکان دانیشن، کورد دانەنیشێت؟
رووداو: واتە کێشەکان ئەوەندە قووڵن ناتوانن بەیەکەوە دانیشن؟
فوئاد حوسێن: من بە قوڵی نابینم، بەڵام ئەم هەڵمەتە میدیاییە لەسەر یەکتری، ئەمە راستی بڵێم شتێکی رەتکراوەیە و پێویستە بە زووترین کات رایبگرن و دوایی دەست پێبکەن بە گفتوگۆ لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا.
رووداو: ئەو هەڵمەتە میدیاییەی کە جەنابت باسی دەکەیت، لە رووداوەکانی گوندی لاجان لە قەزای خەبات دروست بوو، بەپێی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش بێت، گرووپی سەید شوهەدا دەستیان هەبووە لەو ئاڵۆزییانەی لەوێ هەیە، لێپرسینەوەیان لێدەکەن؟
فوئاد حوسێن: ئەو گرووپە لەگەڵ سەرکردەکانیان رەتیانکردەوە و هەواڵیان ناردووە دەڵێن ئێمە دوور و نزیک پەیوەندیمان بەو رووداوانەوە نییە، ئەو ناوانەی باسکراون پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە، ئەوان خوێندنەوەیەکی دیکەیان هەیە.
رووداو: واتە بە فەرمی وەڵامیان ناردووە بۆ هەرێمی کوردستان کە دەڵێن ئێمە نین و دەستمان نییە.
فوئاد حوسێن: بەڵێ.
رووداو: هەر لەسەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراقدا، ئەمریکا هیچ قسەی لەگەڵ ئێوە کردووە بۆ ئەوەی ئەوانە بەشدار نەبن لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا؟
فوئاد حوسێن: دەزانی قسە نییە، ئەوان بە نووسراو لیستێکیان بڵاوکردەوە، کە لیستێک بڵاودەکەنەوە مانای وایە ئەوان مامەڵە لەگەڵ ئەم گرووپانە ناکەن، ئەوانەی ناویان لە نیو لیستەکەدایە یاسا رێگەیان پێنادات و نە سیاسەتیان قبووڵی دەکات، ئینجا ئەمە دێتە سەر گۆڕەپانی عێراق، ئێمە چی دەکەین؟ ئایا ئێمە حکومەتێک دروست دەکەین، یان عێراق حکومەتێک دروست دەکات کە نوێنەری ئەم ناوانەی لەنێو لیستەکەدان تێدابێت؟ باشە چۆن مامەڵە دەکەیت لەگەڵ ئەمریکا؟ ئایا عێراق پێویستە بەردەوام بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا؟ وەڵامەکە: بەڵێ پێویستە، دەتوانی بەبێ ئەمریکا؟ زۆر زەحمەتە، ئابووریی عێراق و دراوی عێراقی پەیوەندی بە دۆلارەوە هەیە، لە رووی ئابوورییەوە پەیوەندی هەیە بە ئەمریکا، لە رووی سیاسییەوە پەیوەندی هەیە بە ئەمریکا، لە رووی ئەمنیشەوە پەیوەندی هەیە، باشە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەیت؟ ئەمە پێویستە پرسیارێک بێت بۆ هێزە سیاسییەکانی عێراق، ئەم پرسیارە لە خۆیان بکەن لەو قۆناخەی کە حکومەت دروست دەکەن.
رووداو: ئەگەر ئەوانە بەشدار بن ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق ناکات؟
فوئاد حوسێن: من نازانم مامەڵە دەکەن یان نا، ئەزموونی سووریاشمان هەیە چۆن مامەڵەیان کرد، بەڵام ئەمەی ئێستا باس دەکرێت و بەگوێرەی یاسای خۆیان، مانای وایە کێشە بۆ حکومەت دروست دەکەن.
رووداو: سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری پلاندانان بە نووسراوێک لەبارەی ئەنجامی سەرژمێری نیگەرانییەکانیان ناردووە بۆ عێراق، بەتایبەتی ئەوەی کە سەرژمێریی ساڵی 1957 بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان حیساب نەکراوە و بەراورد نەکراوە، ئەوەی کە پێشتر حکومەتی عێراق بەڵێنی دابوو، لە نووسراوەکەدا دەڵێن ئەگەر عێراق بەمە پابەند نەبێت، ئێمە پابەند نابین بە ئەنجامی سەرژمێرییەوە، لەم بارەیەوە جەنابت لەگەڵ بەڕێز سوودانی قسەت کردووە؟
فوئاد حوسێن: سەرژمێرییەکە کرا، ئینجا پابەند بیت یان نا، واقیعێک هەیە، ئینجا بابەتی ژمارەکان، من ئەوەم نەزانیوە بەڕاستی، کە گەڕامەوە دەمەوێت بزانم ئەو زانیارییەی هەن لە کوردستان چین و دیراسەی دەکەم لەسەر رۆشنایی ئەوە، یەکەمجار لەگەڵ برای بەڕێزم وەزیری پلاندانان (محەممەد تەمیم) قسە دەکەم بزانم کێشەکە چییە، ئەگەر چارەسەرمان کرد ئەوە باشە، ئەگەر چارەسەرمان نەکرد ئەو کاتە لە بازنەیەکی فراوانتر باسی دەکەین.
رووداو: کێشەکە ئەوەیە لەسەرژمێری وا بەڵێن درابوو ئەوانەی کە لە دوای ساڵی 1957ـەوە هاتوون حیساب نەکرێت، لەسەر ئەو ناوچانە حیساب کراون، بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستانیش ئەمە راستە، ئەو عەرەبانەی لە شارەکانی دیکەوە هاتوونەتە شارەکانی کوردستان حیساب کراون لەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر پارێزگاکانی خۆیان حیساب نەکراون، ئەمە نیگەرانییەکی بۆ هەرێمی کوردستان لێ کەوتووەتەوە کە لە داهاتوودا لە رووی نیشتمانییەوە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەبێت؟
فوئاد حوسێن: گوتم کە گەڕامەوە، چونکە تازە بیستوومە، دیراسەی دەکەم و لەسەر ئەو رۆشناییە هەم ئێمە لە بەغدا گفتوگۆیەکی لەسەر دەکەن، هەم دەتوانین داوای شاندێک بکەین لە هەرێمەوە بێت بۆ بەغدا کە ئەم گفتوگۆیە بکەین، دەبێ چارەسەرێک بۆ ئەوە بدۆزینەوە.
رووداو: جەنابت وەزیرانی دەرەوە و سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان دەبینیت، جەنگێکی دیکە لە ناوچەکە روودەدات یان ئاشتی بەڕێوەیە؟
فوئاد حوسێن: ئەم پرسیارە پرسیارێکی گرنگە بەڵام زەحمەتیشە، کەشی ناوچەکە.. یەک: ئەو دانوستاندنانەی کە لە نێوان ئەمریکا و ئێران هەبوو لەسەر پڕۆژەی ئەتۆمی راگیرا، من ئێستا لەم ساتەدا نابینم دەرگایەک هەبێت بۆ بەردەوامبوونی دانوستاندن، چونکە ئەمریکییەکان مەرجیان هەیە و ئەمریکییەکان نەک هەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و رێژەی پیتاندن کە داوایاندەکرد ببێتە سفر (کە ئێرانییەکان قبووڵیان نەکرد، ئێرانییەکان ماوەیەک قبووڵی ئەوەیان دەکرد 3،75% بێت)، ئێستا جیاوازییەکی گەورە هەیە لەسەر ئەوە، بەڵام ئەمریکییەکان هەر دانوستاندنێکیان لەگەڵ ئێرانییەکان گرێ دا بە مووشەکی بالیستی، ئێرانییەکان دەڵێن ئێمە باسی ئەم پرسە لەسەر مێز ناکەین، مەحاڵە گفتوگۆی لەسەر بکەین، ئەمە شتێکی ناوخۆییە و پەیوەندیی نییە بە پڕۆژەی ئەتۆمی، ئێرانییەکان ئەم کێشەیەیان هەیە، واتە ناتوانن ئەم بابەتە لە ناوخۆدا قبووڵ بکەن، ئەمریکییەکانیش ئەم مەرجەیان هەیە... ئێستا دانوستاندن لە نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتووەتە بنبەست.
رووداو: واتە ئەمریکا داوا دەکات بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی رابگرێت ئێران؟
فوئاد حوسێن: رابگرێت و ئەوانەی کە هەیە جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ بکات، چونکە باسی ئەوە دەکەن ئەم مووشەکانە نەک هەر هەڕەشەن بۆ ئیسرائیل، بەلکو بۆ ئەورووپا ودەوڵەتانی دیکەش، هەر بۆیە هەموو دانوستاندن لە نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتووەتە بنبەست، ئەو دانوستاندنەی کە لە نێوان ئێران و سێ دەوڵەتی ئەورووپی هەبوو (بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا)، ئەوە هەر تێکچوو، کە تێکچوو، ئەم سێ دەوڵەتە چوونەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش/نەتەوە یەکگرتووەکان و چوونەوە بۆ سزاکانی پێش 2015، جارێکی دیکە هێنایانەوە، واتە لەگەڵ ئەورووپا تێکچووە دانوستاندنەکە، لەگەڵ ئەمریکاش تێکچووە، ئەمە دۆخی رۆژئاوا بەرامبەر ئێران، دۆخی ئیسرائیلیش هەڕەشەی بەردەوامە، واتە نەتەنیاهوو ئێستا هەڕەشە دەکات لە لوبنان و حیزبوڵڵا، بەرامبەر ئێرانیش هەڕەشەی بەردەوامە، کەواتە ئەو لۆژیکە، ئەو مەنتقەی کە هەیە، مەنتقی ئاشتی نییە، مەنتقی جەنگە، بەڵام ئەمریکاش لەگەڵ جەنگ نییە سیاسەتی ترەمپ لێرە لەگەڵ جەنگ نییە، بەڵام دەبینین لە شوێنێکی دیکە خەریکی جەنگن، واتە ئەگەر جەنگ روو بدات لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، ئایا ئەمریکا چی دەکات؟ بەشدار نابێت؟ پشتگیری دەکات؟ پاڵپشتی دەکات؟ دوور نییە لە سەرەتادا لەگەڵ نەبێت، بەڵام ئەم مەنتقی جەنگەی هەیە لە ناوچەکە راستی بڵێم مەترسیدارە، ئێمە ناتوانین بڵێین ناوچەکە بەرەو ئاشتی دەچێت، ئەم ناوچەیە لە حاڵەتێکی ململانێی گەورەیە و ململانێکە باسی جەنگی تێدا دەکرێت، من ناڵێم جەنگ دەبێت، بەڵام باسی جەنگ دەکرێت.
رووداو: ماوەی چەند ساڵێکە وەزارەتی دەرەوەت لایە، جارێکی دیکە وەزارەتی دەرەوە دەدرێتەوە بە کورد؟
فوئاد حوسێن: لەناو شیعەکان خۆیان گفتوگۆیان کردووە، گفتوگۆی ئەوەیان کردووە کە وەزارەتی دەرەوە وەزارەتێکی گرنگە وپەیوەندییەکانی دەرەوە با بە دەست خۆمان بێت، نەک هەموو کەسێک، یەک دوو کەس ئەو باسەیان کردووە، ئەو گفتوگۆیە لەنێو کۆمەڵێک بووە، خۆ لەنێو کورد و شیعە نەبووە، بە هەر حاڵ، کورد پێویستە بڕیار بدات چی دەوێت، چونکە کورد هەر وەزارەتێکی سیادی وەردەگرێت... ئێمە کە داراییمان هەبوو، شیعەکان هاتن بینییان سەرکەوتوو بوو، بینییان کێشە نەبوو لە وەزارەتی دارایی، وەزارەتی داراییان ویست، ئەو کاتە دەرەوەیان رەتدەکردەوە خستیانە سەر کورد، دەرەوەمان وەرگرت، ئێستا دەبینن دەرەوە سەرکەوتووە، دێن وەزارەتی دەرەوە وەربگرن، باشە، بەڵام کورد چی دەوێت؟ پێویستە کوردیش دانیشێت بڕیار بدات، واتە کورد خۆی چی دەوێت، چونکە هەر پێویستە وەزارەتێکی سیادی وەربگرێت، من پێشبینی ناکەم وەزارەتی نەوت بە کورد بدەن...
رووداو: وەزارەتی بەرگری و ناوخۆش بە کورد نادەن.
فوئاد حوسێن: هەر وەزارەتی دارایی و دەرەوە دەمێنێتەوە، کورد پێویستە بڕیار بدات، بەڕای من بۆ عێراق و بۆ کورد و بۆ هەموو خەڵکی عێراق باشترە ئەگەر کورد لە وەزارەتی دەرەوە بەردەوام بێت، ئینجا هەر کەسێک بێت، چونکە قەیرانێکی دارایی بەڕێوەیە، قەیرانێکی دارایی گەورە بەڕێوەیە.
رووداو: ساڵی داهاتوو خراپتر دەبێت لە ئێستا؟
فوئاد حوسێن: دەمێنێتەوە سەر نرخی نەوت، ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت، بەتایبەتی ئەگەر لە رووسیا و ئەمریکا گەیشتنە رێککەوتنێک لەسەر شەڕی ئۆکرانیا، نرخی نەوت دادەبەزێت، دوور نییە 10 دۆلار دابەزێت، 15 دۆلار دابەزێت، نرخی نەوت دابەزێت قەیرانی دارایی دروست دەبێت، ئەو کاتە وەزیری دارایی چی بکات؟ قەیرانی عێراق هەموومان پێویستە چارەسەری بکەین، بەڵام باش نییە تۆ قەیرانەکە بخەیتە سەر کورد، راستی بڵێم ئەمە باش نییە، جگە لەوە، وەزارەتی دەرەوە بە شاهیدی هەموو لایەک یەکێک لە وەزارەتە سەرکەوتووەکان بووە ئەم ماوەیە و ئەو پەیوەندییانەی کە دروست کراوە سەرکەوتوو بووە لە خزمەتی عێراقدا، لە واقیعدا ئەو ئیشەی لە وەزارەتی دەرەوە کراوە، عێراقی دوورخستەوە لە شەڕ، وەزارەتی دەرەوە رۆڵی گەورەی بینی و عێراقی دوورخستەوە لە شەڕ، شەڕەکە ئەگەر ببوایە، بۆ کوردیش خراپ بوو، دوور نییە هەندێک لە کوردستان بڵێن ئەگەر شەڕ رووبدات دوور نییە واقیعی سیاسیی کورد جیاواز بێت، بەڵام وا نییە؛ شەڕ رووبدات بۆ هەموو خەڵکی عێراق خراپە و بۆ کوردستانیش زۆر خراپە، وەزارەتی دەرەوە رۆڵی گەورەی بینیوە، من عادەتم نییە باس بکەم، بەڵام ئەمە یەکەمجارە باس دەکەم، چونکە لە کۆتایی رۆڵەکەمدام، خەڵکی زۆر هەبووە دەستکەوتەکانی دەرەوە و وەزارەتی دەرەوەی کردووەتە هی خۆی، بەڵام لە واقیعدا وەزارەتی دەرەوە کردوویەتی، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ئیشەی وەزارەتی دەرەوە کردوویەتی هەم بۆ عێراق بووە، هەم بۆ کوردستان بووە، بۆ هەموو لایەک بووە، تەنیا بۆ کورد نەبووە ، بۆ هەموو لایەک بووە، کورد رۆڵێکی باشی بینیوە لە وەزارەتی دەرەوە، هەم لە رابردوو هەم ئێستا، من ناڵێم ئەوانەی دیکە کە وەزیر بوون رۆڵێکی وایان نەبینیوە، بەڵام دۆخی بابەتیی جیاوازە و دۆخی پەیوەندیی کورد لەگەڵ دونیای دەرەوە جیاوازە، کە حکومەت سوودی وەرگرتووە لە هەبوونی وەزیرێکی کورد لە وەزارەتی دەرەوەدا، کۆمەڵگەی عێراقی سوودی وەرگرتووە و دەوڵەتی عێراقی سوودی وەرگرتووە.
رووداو: حکومەتی عێراق پلانی هەیە ئەگەر قەیرانی دارایی یان ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت؟ خۆی ئامادەکردووە بۆ ئەوە؟
فوئاد حوسێن: لەو پێگەیەوە قسە دەکەم کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وزاریی ئابووریم، زەحمەتە، چونکە حکومەتی عێراق پشتبەستنی گەورەی لەسەر نەوتە و لەسەر نرخی نەوتە، ئێ نرخی نەوت بە دەست خۆی نییە، نرخی نەوت دابەزێت چی دەکەیت؟
رووداو: عێراق دەتوانێ مووچە بدات ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت؟
فوئاد حوسێن: حەز ناکەم ئێستا ئەم باسە بکەم... بە گشتی من کە باسی قەیرانی دارایی دەکەم، یەکەم قەیرانی دارایی بۆ عێراق قەیرانی نەختینە (سیولە)یە.
رووداو: کێشەی سیولە هەیە، دروستە؟
فوئاد حوسێن: هەندێک رەتیدەکەنەوە، بەڵام کێشەی سیولە هەیە لە عێراق، ئەوەی چاپکراوە لە دیناری عێراقی ئەگەر بەباشی لەبیرم بێت، وابزانم 104 تریلیۆن دیناری عێراقی چاپکراوە لە بازاڕدا، باشە ئەو 104 تریلیۆنە نایەتەوە ناو ئابووری، زۆربەی هەرە زۆری دوور نییە 80٪ بێت یان زیاتر لە ماڵانە و لە ژێرزەمینەکاندایە، نایەتەوە ناو بانکەکان، نایەتەوە ناو ئابووری، باشە تۆ چی دەکەیت؟ ئەگەر چاپی زیادە بکەیت هەڵاوسانی نەقدی دەبێت و خراپە، ئەگەر نرخی سوو زیاد بکەیت لە بانکەکان تاوەکو خەڵک پارەکەی لە ماڵەوە بهێنێت بۆ بانک ، ئاسان نییە، نرخی سوو زیاد بکەین تاوەکو چەند و سنوورەکەی چەند بێت؟ جگە لەوەی دەچینە ناو بابەتی شەرعی و ناشەرعی و ئەو بەزمانە، باشە ئەگەر دراوێکی تازە چاپ بکەیت، ئەوەیش ئاسان نییە، چارەسەری ئەم کێشەیە چۆن دەکەیت؟ ئەمە کێشەیە، کێشەیەکە پێویستە کۆمەڵگەی عێراقی پێی بزانێت و پێویستە ئێستا باسی بکەین، پێش هەڵبژاردن باس نەدەکرا، دەیانگوت کاریگەری دەبێت لەسەر هەڵبژاردن، بەڵام ئێستا حکومەتێکی تازە دروست دەبێت، پێویستە ئەو حکومەتە تازەیە ئەمە باس بکات: پرسی نرخی نەوت ئەگەر دابەزێت، بابەتی سیولە چۆن چارەسەری بکەین؟ واتە من ناڵێم دراوەکە نییە، دراوەکە هەیە بەڵام لە دەست تۆ نییە، لەنێو ئابووری نییە، لەنێو بانکەکان نییە، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە، یان چۆن رایبکێشیتەوە لە کۆمەڵگا؟ ئەمە رێگە هەیە بۆ ئەوە، بەڵام چ رێگەیەک بگریتە بەر؟ ئەمە گفتوگۆی دەوێت.
رووداو: 2026 عێراق قەیرانی دارایی دەبێت؟
فوئاد حوسێن: هیوادارم بتوانین چارەسەری بکەین، یەدەگی عێراق راستی بڵێم زۆرە، یەدەگی نەختینە و زێڕ، بەڵام ئەمە ئیدارەی بانکی ناوەندییە، ئێمە پێویستە ئەو سیاسەتەی بانکی ناوەندیش پارێزگاری لێ بکەین، چونکە ئەو سیاسەتی نەقدی دادەنێت و دەستێوەردانی حکومەت زیاد نەبێت لە بابەتی بانکی ناوەندی.
رووداو: کێشە هەیە لە نێوان بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی؟
فوئاد حوسێن: گفتوگۆ هەیە، من ناڵێم کێشە.
رووداو: لەنێوان بەڕێز دکتۆر عەلی عەلاق و تەیف سامی دا کێشە هەیە؟
فوئاد حوسێن: من ناڵێم لە نێوان کێ و کێ کێشە هەیە، بەڵام لە نێوان ئەم دوو دامەزراوەیە گفتوگۆ هەیە و ئێمەیش ئاگادارین لە گفتوگۆکان.
رووداو: ئەگەر وەزارەتی دارایی لای شیعە بمێنێتەوە تەیف سامی دەمێنێتەوە وەکو وەزیر؟
فوئاد حوسێن: من ناتوانم ئەو بڕیارە بدەم، هەم تەیف سامی دۆستمە، هەم هەر کێی دیکەش بێت دەبێتە دۆستم، ئەمە بابەتی کەسییە و پەیوەندی هەیە بە شیعەکانەوە، شیعەکان کێ دادەنێن و لە کوێ؟ لەسەر ئەوە دەمێنێتەوە چ وەزارەتێک وەردەگرن، سوننەکان چ وەزارەتێک وەردەگرن و کوردەکانیش چ وەزارەت وەردەگرن، ئینجا دێتە سەر کەسەکان.
رووداو: تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا لێدوانێکی رۆژنامەوانی هەیە لەسەر ناناوەندییەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە عێراق و لە سووریا، وا دەردەکەوێت ئەو دژی بێت، جەنابیشت تۆم باراکت بینی، باسی ئەم بابەتەتان کرد؟
فوئاد حوسێن: بەڵێ، بە دوورودرێژی باسمان کرد، ئەو گوتی من رای تۆم بیستووە، چەند کەسێک بۆمنیان باسکردووە، حەز دەکەم گوێت لێ بگرم، منیش باسمکرد، گوتم ئەوەی کە تۆ باسی دەکەی وەک ئەوەی پەسنی دیکتاتۆرییەت بکەی، جێگرەوەی فیدراڵییەت و دیموکراتییەت و بابەتی لامەرکەزییەت، دیکتاتۆریە، باشە دیکتاتۆریەت واتە چی؟ واتە شەڕی ناوخۆ و شەڕی دەرەوە، کوشتن و بڕین، دوای ئەوە تۆ باسی ئەوە دەکەی کە فیدراڵییەت سەرنەکەوتووە، وا نییە، بە پێچەوانەوە لە عێراق نموونەیەکە بەرەو سەرکەوتن دەچێت، بەڵام عێراقیش کێشەی گەورەی هەبوو تاوەکو 2007، شەڕێک هەبوو دژی عێراق، دژی دیموکراتییەت لە عێراق، دژی فیدراڵییەت، شەڕەکە تیرۆریستەکان کردیان، کە ئێوە بەشێک بوون لە خەبات، لە شەڕ دژی تیرۆریستەکان، پێکەوە توانیمان تیرۆریستەکان بشکێنین، عێراق ئەزموونی جۆراوجۆری هەبوو: ئەزموونی پاشایەتی هەبوو، سەرکەوتوو نەبوو ؛ ئەزموونی سەربازی هەبوو، عەبدولکەریم قاسم و سەربازەکان هاتنە حوکم؛ ئەزموونی حیزبی بەعس هەبوو، کوشتن و بڕین بوو؛ ئەزموونی دووەمی حیزبی بەعس شەڕ و کوشتن و بڕین و ئەنفال و شەڕ لەگەڵ ئێران و داگیرکردنی کوەیت و ئەمە هەمووی تێدا بوو، ئەمەیە دیکتاتۆریەت، بەڵام ئێستا وەرە لە عێراق، خەڵک بەشدار بووە لە پرۆسەکە، خەڵک ناڕازییە، ئێمە کەموکوڕیمان هەیە، بەڵام کەموکوڕییەکە لەوەدایە کە پابەند نین بە دەستووری عێراق، دەستووری عێراق چارەسەری کێشەکان دەکات، فیدراڵییەت چارەسەرە بۆ یەکڕیزی و یەکگرتنەوە، نافیدراڵییەت دەبێتە جێگەی شەڕی ناوخۆ، ئێمە کە لەگەڵ دۆستە سوورییەکان باسی ئەم بابەتە دەکەین، لەو ئەزموونەوەیە باسی دەکەین، چونکە کۆمەڵگەی سووری زۆر نزیکە لە کۆمەڵگەی عێراقی، مێژووی سووریا زۆر نزیکە، ئەوانیش حیزبی بەعسیان هەبوو، ئێمەش هەمانبوو، ئەوانیش یەک کەس حوکمی دەکردن، ئێمەش یەک کەس حوکمی دەکردین، ئەوانیش کە گۆڕین هەبوو، بە گۆڕینی هەم خەباتی ناوخۆ بوو هەم پاڵپشتیی دەرەوە بوو، بە دۆستە سووریاییەکان دەڵێین ئەزموون وەربگرن لە ئێمە، ئەو شتانەی کە هەڵە بوو وەریمەگرن، ئەو شتانەی کە دروستە وەریبگرن، بەتایبەتی مەسەلەی دەستوور، بەتایبەتی بەشداربوونی پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسی، بەشدارنەبوونی پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسی دەبێتە هۆی دابەشکردنی دەوڵەتەکان، ئەو بیرۆکەکەی پێخۆش بوو بڕیارمان دا زوو زوو یەکتر ببینین، یا من بڕۆم بۆ لای یان ئەو بێت بۆ لام، پەیوەندیمان بەردەوام بێت لەسەر ئەم بابەتە و گفتوگۆمان بەردەوام بێت.
رووداو: دوای روونکردنەوەی جەنابت، رای (تۆم باراک) گۆڕا لەسەر بابەتەکە؟
فوئاد حوسێن: گوتی من کە باسمکردووە، باسی دۆخی ئەمریکامان کردووە، ئێمە بەهەڵە سیاسەتمان کردووە، ئێمە 20 ساڵە لە ناوچەکەین، خەڵکمان کوژراوە، پارەمان خەرجکرد، گوتی بۆچی ئێمە وەک ئەمریکا دەستوەردان بکەین؟ گوتم دەستوەردان ناکەن یان دەکەن ئەوە سیاسەتی خۆتانە، ئەوە دروستە، هیوادارم لە داهاتووش دەستوەردان نەکەن لە شەڕ لە هیچ شوێنێک، بەڵام بابەتی چ سیستمێک باشە بۆ ناوچەکە، ئەوە میللەتەکە خۆی بڕیاری دەدات، ئەوە ئێمە عێراقییەکان خۆمان بڕیارمان داوە و ئەو دەستوورە دەستووری عێراقییە، ئێمە کێشەکەمان لەوەیە کە دەستوورەکە جێبەجێ نەبووە، کێشەکە لەوە نییە سیستمی فیدراڵی هەڵەیە یان سیستمی ناناوەندی هەڵەیە یان سیستمی دیموکراتییەت هەڵەیە، کێشەکە جێبەجێ نەکردنی دەستوورەکەیە، کۆمەڵگەی عێراقی و کۆمەڵگەی سووریایی جیاوازە لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتەکان، بەتایبەتی وڵاتەکانی کەنداو.
رووداو: زۆر سوپاست دەکەم، بەڕێز دکتۆر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، سوپاس بۆ ئەوەی وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری ئێمەت دایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ