سەزایی تەمەللی بۆ رووداو: رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆ هەنگاوی یەکەمە بۆ چەسپاندنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە تورکیا

11-07-2025
هێمن عەساف
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێوڕەسمی چەکدانانی ئەمڕۆی گەریلاکانی پەکەکە هەنگاوی یەکەمە بۆ پرسی ئاشتی کورد و چەسپاندنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەدەستهێنانی سەقامگیری ناوچەکە. 
 
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، رۆژی هەینی گفتوگۆیەکی لەگەڵ هێڤیدار زانا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و پێکەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ رێورەسمی چەکدانانی پەکەکە و پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوەکانی دوای ئەم قۆناخە کرد. 
 
تەمەللی رایگەیاند، لە گەریلاکان نزیک نەبوونەتەوە و قسەیان لەگەڵ نەکردوون.  
 
سەبارەت بە قۆناخی دوای چەکدانانی پەکەکەش، سەزایی تەمەللی بە رووداوی راگەیاند، پێویستە چەند هەنگاوێک لە چوارچێوەیەکی دیموکراسیدا بنرێن و گوتیشی: "چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رێگەی دیموکراسیبوونی تورکیاوە دەبێت. بە دیموکراسیبوونی تورکیا خۆی لە خۆیدا پرسی کورد چارەسەر دەکرێت".
 
دەقی هەڤپەیڤینی هێڤیدار زانا لەگەڵ سەزایی تەمەللی، بریکاری هاوسەرۆکی دەم پارتی:
 
رووداو: رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە چۆن بوو؟ دیمەنەکانی چەکدانانی ئەمڕۆ چ هەستێکیان لای ئێوە دروستکرد؟
 
تەمەللی: رێوڕەسمێکی زۆر گرنگ بوو، پڕ جۆش و خرۆش بوو. بە هەموو دیوەکانییەوە رۆژێکی گرنگمان بەڕێکرد. پێکەوە شایەتی رووداوێکی مێژوویی بووین. ئامادەبوونمان لێرە هەستێکی زۆر تایبەت و جیاوازە. هاوکات پەیامێکی زۆر گرنگی پێشکێشی رای گشتیی هەموو جیهان کرد. ئەم بابەتە بۆ پرسی ئاشتی کورد، بەتایبەتی چەسپاندنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەدەستهێنانی سەقامگیری ناوچەکە، رۆژێکی زۆر گرنگ بوو. هیوادارم ئەم هەنگاوە بۆ تەواوی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و گەلانی ناوچەکە ببێتە سەرچاوەی بەهێزکردنی هیوا و ئاواتەکان و ببێتە مایەی پێشهاتی زۆر گرنگیش. 
 
رووداو: دوای چەکدانان و سووتاندنیان و تەواوبوونی رێوڕەسمەکە هیچ قسەتان لەگەڵ گەریلاکان کرد؟ یەکدیتان بینی؟ لێیان نزیک بوونەوە؟
 
تەمەللی: نەخێر، بەهیچ شێوەیەک لێیان نزیک نەبووینەوە، قسەمان نەکرد. وەک چۆن تەواوی رێوڕەسمەکە رێکخرابوو، هەر بەو شێوەیە بەڕێوەچوو و هیچ شتێکی زیادە لەو نێوەندەدا رووینەدا. لە کارنامەی رێوڕەسمەکەدا شتی وەها نەبوو. ئێمەش دوای ئەوە پەیوەندییمان لەگەڵیان نەبوو و قسەشمان لەگەڵ نەکردن. 
 
رووداو: لەوێ نوێنەری دەوڵەتی تورکیا، وەزیر یان نوێنەری میت ئامادەبوون؟ بەشدارییان هەبوو؟
 
تەمەللی: ئەوەی بینیمان کەسیان لەوێ نەبوون. گومان لەوەدانییە کەسانی نێو هەواڵگریی ناناسین بۆیە ئەوەش نازانم. بەڵام نوێنەری فەرمیی دەوڵەتی تورکیا لەوێ نەبوو. 
 
رووداو: لەمەودوا چی روودەدات؟ چی دەبێت؟ پێویستە چی بکرێت، ئینجا لە بەرەی حکومەت بێت یان دەم پارتی؟
 
تەمەللی: ئەم هەنگاوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نرا. هەربۆیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەیەکی دیموکراسیدا پێویستە چەند هەنگاوێک بنرێن. ئەمە زۆر باش دەزانین، چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رێگەی دیموکراسیبوونی تورکیاوە دەبێت. بە دیموکراسیبوونی تورکیا خۆی لە خۆیدا پرسی کورد چارەسەر دەکرێت. بۆیە گرنگە هەموو ئەو بەربەستانەی بەردەم سیاسەتی دیموکراسیدا بەدی دەکرێن، لاببرێن. لە رێگەی سیاسەتی دیموکراسیدا بەربەستی یەکجار زۆر هەیە. بۆ لابردنی ئەو بەربەستانە، سەرەتا پێویستە چەند هەموارێکی یاسایی بکرێت. بۆیە هەنگاوی یەکەم پێویستە لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنیک پێکبهێندرێت. ئەم کۆمیسیۆنە دەبێ دەستبەجێ و بەزووترین کات دەستبەکاربێت. بە کاراکردنی ئەو کۆمیسیۆنە، ئەو بەربەستانەی لە رووی سیاسەتی دیموکراسی دەوەستن بە هەمواری یاسایی و دەستووری و لە چوارچێوەی ماف و یاسا بەرکارەکان زامنی یاسایی دەدەن و کارکردن بۆ خۆگونجاندن بۆ قۆناخی نوێ فەراهەم دەکەن. نابێ ئەم هەنگاوە دوابخرێت و ناچارین بە خێرایی بیکەین. لە لێدوانەکانی ئەمڕۆشدا بە زەقی جەخت لەسەر ئەم خاڵە کرایەوە. بەسێ هۆزات لە گوتارەکەیدا جەختی لەم خاڵە کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پێویست بە چی دەکات و تیشکی خستە سەر ئەوەی کامە هەنگاو پێویستە سەرەتا کاری بۆ بکرێت و بنرێت. هەموو ئەو بابەتانەی بە وردی پەنجەی خستنە سەر. لەمەودوا ئەرکی سەرشانی سیاسەت و پەرلەمان کاراکردنی ئەو هەنگاوانەیە کە پێویستە بنرێن. پەرلەمان دوو هەفتەی دیکە دەچێتە پشوو، بەڵام پێویستە لەماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا کۆمیسیۆنەکە پێکبهێندرێت. ئەگەر کۆمیسیۆنەکە پێش داخستنی پەرلەمان پێکبهێندرێت، کۆمیسیۆنەکە بۆی هەیە هەر لەماوەی پشووەکەیشدا کاری خۆی بکات. پێویستە ئەو کۆمیسیۆنە بۆ هەمواری یاساکان، رەشنووسی یاسایی ئامادە بکات، چونکە ئەمە کاری لەپێشینەمان دەبێت. ئێمەش هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ تەواوکردنی ئەو کارانە. لەلایەکی دیکەشەوە گرنگە پشتیوانیی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە بەدەست بهێنین. گرنگە هەمووان رازی بکەین و ئاشتیان بکەینەوە. لەم روانگەیەوە پارتەکەمان چالاکیی بەردەوامی هەیە و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکاندا لەگەڵ چین و توێژی جیاواز کۆبووینەتەوە و قسەمان بۆ کردوون. بەردەوامین، لەگەڵ هەمووان کۆدەبینەوە. هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کۆبوونەوە و چالاکییەکانمان بەردەوامن. هەموو ئەم کارانە زۆر گرنگ و هەستیارن. لەم وەرزی هاوینەدا پێویستە کارکردنی چڕ بکرێت بۆ ئەوەی رێگە خۆش بکەین لە پێناو هەموارە یاساییەکان. 
 
رووداو: پرۆسەی چەکدانان کەی کۆتایی دێت؟ ئایا خشتەیەکی کاتی و رۆژژمێرێکی دیاریکراوی هەیە؟
 
تەمەللی: کاتێکی دیاریکراو و رۆژژمێرێکی تایبەتی بۆ دیاری نەکراوە، ئەمە بەندە بە پێشهاتە یاسایی و سیاسییەکان و کاری پەرلەمانەوە. کارە یاسایی و سیاسییەکان چەندە خێرا بن، بە دڵنیاییەوە پرۆسەی چەکدانانەکەش بەهەمان شێوە خێرا دەبێت. هەنگاوی یەکەم کە هەموومان بینیمان، رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە نرا کە زۆر گرنگ بوو. دوای ئەمەش لە قۆناخەکانی دیکەدا دەبێ هەنگاو بنرێت و پرۆسەکە خێراتر بکرێ و بە ئەنجام بگات.
 
رووداو: پێتان وایە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەم کۆمسیۆنە پێکبێت؟
 
تەمەللی: پێم وایە هەفتەی داهاتوو لە پەرلەمان بانگهێشت بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆن رادەگەیێندرێت. رۆژی سێشەممە پشووە و رۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان دەکرێتەوە و چاوەڕوانییەکانمان ئەوەیە کە دەستبەجێ فراکسیۆنەکان بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆن بانگهێشت بکرێن. 
 
رووداو: زۆر سوپاس
 
تەمەللی: زۆر سوپاسی ئێوە دەکەم، هەروەها سوپاسی ئەم میواندارییە گەرم و باشە دەکەم. سوپاسی رێکخەرانی رێوڕەسمەکە دەکەم، سوپاسی حکومەت دەکەم. لە راستیدا چالاکییەکی زۆر گرنگیان ئەنجامدا و سوپاسی ئێوەش دەکەم.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات