ئەمین شوان بۆ رووداو: عەرەبە هاوردەکان لە کەرکووک وەک "داری بێ رەگ" بوون؛ کلیلی شارەکەش لای کورد و تورکمانە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان رەحیم
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەمین شوان، نووسەر و لێکۆڵینڤانی دیاری مێژووی کەرکووک
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەمین شوان، نووسەر و لێکۆڵینڤانی دیاری مێژووی کەرکووک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووسەر و لێکۆڵینڤانی دیاری مێژووی کەرکووک، ئەمین شوان، لە بەشی سێیەمی هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، پەردە لەسەر قۆناخە تاریکەکانی مێژووی کەرکووک و سیاسەتی بەعەرەبکردن لادەدات، شوان جەختدەکاتەوە کە پرۆسەی راگواستن زووتر لەوە دەستیپێکردووە کە باوه‌، هاوکات رەخنە لە سیاسەتی دوای 2003ـی حیزبە کوردییەکان دەگرێت و پێکەوەژیانی کورد و تورکمان بە تاکە رێگەی رزگاربوونی کەرکووک دەزانێت.
 
بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت تەعریب و راگواستن دوای نسکۆی 1975 دەستیپێکردووە، ئەمین شوان بۆ رووداو روونی دەکاتەوە کە ئەو پرۆسەیە لە ساڵی 1960ـەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک دەستیپێکردووە و دەڵێت، "دوای رووداوەکانی 1959 و گۆڕانی باڵانسی هێز، نەتەوەپەرستە عەرەبەکان و بەشێک لە دەستەبژێری تورکمان بە پشتیوانی دەزگا ئەمنییەکان کەوتنە دژایەتیکردنی کورد، لەو کاتەوە گرتن و راونان دەستیپێکرد"، بە بڕوای شوان، ساڵی 1963 و دروستبوونی حەرەس قەقومی رەشترین قۆناخی مێژووی شارەکە بووە، کە تێیدا تاڵانکردن و سووتاندنی گوندەکان و ئازاردانی خەڵک گەیشتە ئاستێک کە تەنانەت لە سەردەمی نازییەکانیش وێنەی نەبووە."
 
سەبارەت بە قۆناخی دوای 1975 و سیاسەتی بەعس بۆ هێنانی عەرەبی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەرامبەر بە وەرگرتنی زەوی و 10 هەزار دیناری ئەوکات، ئەو لێکۆڵەرە پێیوایە پرۆسەکە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە شکستیهێنا، دەشڵێت، "بەعس هەزاران کەسی هێنا، گەڕەکی بۆ دروستکردن و پارەی پێدان، بەڵام ئەو عەرەبانەی هاتن وەک داری بێ رەگ وابوون، نەیانتوانی لە خاکەکەدا رەگ دابکوتن، ئەوان خۆیان بە بێگانە دەزانی و خاوەنی شارەکە نەبوون، هەر بۆیە لە راپەڕینی 1991ـدا یەک کەسیان نەیتوانی بمێنێتەوە و هەڵاتن"، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای قەدەخەکردنی زمانی کوردی و گۆڕینی ناوەکان، بەڵام رۆحی کەرکووک و بازاڕە سەرەکییەکانی وەک (رەحیماوا، شۆریجە و ئەحمەد ئاغا) هەر بە کوردی مانەوە و عەرەبە هاوردەکان نەیانتوانی ببنە بەشێک لە ناسنامەی شارەکە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ رووداو، ئەمین شوان رەخنەی تووند لە ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی دەگرێت لە دوای ساڵی 2003، کە بەهۆیەوە کورد نەیتوانی نموونەیەکی جوان و یەکگرتوو نیشان بدات و زۆر دەرفەتی لەدەستدا.
 
سەبارەت بە ئایندەی شارەکە، شوان کلیلی چارەسەر بەستەوە بە پەیوەندیی نێوان کورد و تورکمان نەک کورد و عەرەب و دەڵێت، "چارەسەری کەرکووک لە دەست پەیوەندیی کورد و تورکماندایە، دەبێت ئەم دوو پێکهاتەیە بەبێ دەستی دەرەکی دابنیشن و دان بەوەدا بنێن کە کەسیان ئەوی دی نەسڕێتەوە، ئەگەر ئێمە بتوانین لەگەڵ تورکمان رێکبکەوین، کێشە نییە ئەگەر پارێزگار یان بەرپرسێک تورکمان بێت، گرنگ ئەوەیە خزمەتی شارەکە بکات و بە گیانێکی کەرکووکیانە کار بکەن."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەمین شوان، نووسەر و لێکۆڵینڤانی دیاری مێژووی کەرکووک:
 
رووداو: ئێمە قۆناخێکمان هەیە، یان با راستتر بڵێین قۆناخە ترسناکەکە کە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ساڵی 1961، دواتر لە ساڵی 1963 بەعسییەکان دێن و پاسەوانی نەتەوەیی دروست دەبێت؛ ئەو هێزە چەکدارەی کە بەڕاستی قۆناخێکی ترسناکە لە مێژووی کەرکووکدا تاوەکو ساڵی 1970، دوای پشوویەکی چوار ساڵە، لە ساڵی 1975ـەوە بە شێوەیەکی زۆر دڵڕەقانە و بێبەزەییانە پرۆسەی بە عەرەبکردن دەستپێدەکات، دەمەوێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو کاتە، بۆ دروستبوونی دۆخەکە و هاتنی بەعسییەکان، تاڵانکردن و دروستبوونی پاسەوانی نەتەوەیی و ئەو کارەساتانەی بەسەر کەرکووکدا هاتن.
 
ئەمین شوان: بەداخەوە کەرکووک بووە قوربانیی یەکەمی ئەو سەردەمە رەشە، ئەویش لەبەر هەندێک بارودۆخی بابەتی، خۆی لەو ئاڵۆزییەی کە دوای 14ـی تەممووز دروست بوو، نەتەوەپەرستە عەرەبەکان رقێکی زۆریان لە کورد هەڵگرت، رقێکی یەکجار زۆر، کوردیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە لایەنگری عەبدولکەریم قاسمن، کوردیان بەوە دادەنا کە کەوتووەتە بەرەی چەپەوە، هەروەها وایان دەبینی کە کورد هۆکاری دامرکاندنەوەی شۆڕش یان کودەتاکەی شەواف بوون، بۆیە کەوتنە وەرگرتنی هەڵوێستێکی زۆر تووند و دوژمنکارانە بەرامبەر بە کورد، ئەو هەڵوێستەی ئەوان لە دوای کودەتاکەی دژی عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی 1959ـدا دیار بوو، ئەوان بوونە فەرمانڕەوای راستەقینەی هەموو عێراق، ئەگەر وا بڵێم پێموایە لە راستییەوە دوور نەکەوتوومەتەوە، لە کەرکووک ئەم دۆخە زۆر بە زەقتر و بە روونی دەستیپێکرد، ئیتر هەر دوای ئەوە، لە کەرکووک شەپۆلێکی کوشتنی خەڵک دەستیپێکرد و خەڵکێکی زۆر کوژران، دەزگا ئەمنییەکان و هەواڵگریی حکومەت تێکەڵ بەم تاوانانە بوون و پشتگیرییان دەکردن، جا بەڕشتنی تیزاب بە دەموچاوی خەڵکەوە بێت، یان دەستدرێژیکردن بۆ سەر خەڵک و راونانیان، خەڵکێکی زۆر ئێستا باسی ئەوە دەکەن کە راگواستن لەو کاتەوە دەستیپێکردووە، هەندێک دەڵێن لە 1975ـەوە بووە، بەڵام ئەمە راست نییە، راگواستن لە ساڵی 1960ـەوە دەستیپێکرد، بۆچی؟ چونکە دەستەبژێری تورکمان لەگەڵ فەرمانگەکانی حکومەت، بەتایبەتی ئاسایش و هەواڵگری، کەوتنە گرتنی خەڵک، بچووکترین تۆمەت کە بدرایەتە پاڵ یەکێک، بە خێرایی دەیانگرت و دەیانخستە زیندانەوە، هەزاران خەڵک دەستگیرکران و خەڵکێکی زۆر ناچار بوون هەڵبێن، کاتێک بیر لەو سەردەمە دەکەمەوە، دەتوانم ناوی خەڵکێکی زۆر بژمێرم کە لەبەر ژیانی خۆیان و لە ترس و لەبەر کوشتن رایان کرد، بۆیە دەبێت بزانین و من لە زۆر شوێنی تریش گوتوومە: راگواستن لە 1975 و 1963ـەوە دەستی پێنەکردووە، بەڵکو لە ساڵی 1960ـەوە دەستیپێکردووە.
 
رووداو: واتە تەنانەت پێش شەڕی نێوان دەوڵەتی بەغدا و شۆڕشی کوردستان ئەمە دەستیپێکردووە؟
 
ئەمین شوان: بەڵێ، خەڵک خۆی پێش شۆڕشی کوردستان لەو دۆخەدا بوو، پارتی مۆڵەتی هەبوو، مەسەلەکە ئەوە بوو پارتی مۆڵەتی فەرمیی هەبوو، کەچی خەڵکێکی زۆری پارتی کوژران و حکومەت دەستیکرد بە گرتنی پارتییەکان، ئەمە دەستێکەڵاوییەک بوو لەنێوان هەردوو لایەندا، ئەو رۆژانە زۆر سەیر بوون، بۆ نموونە کەسێک دەهات بەناو بازاڕدا دەڕۆیشت بەبێ ئەوەی هیچ بکات، یەکێک دەهات دەیگوت ئەوەتا، یەکسەر دەگیرا، کە دەگیرا بەپێی ماددەی 24ـی یاسایی تۆمەتبار دەکرا، کە گوایە ئەمە کەسێکی شەڕانی و ئاژاوەگێڕی ناو بازاڕە، کە دەیانخستیتە ژوورەوە، ئیتر هیچت بۆ نەدەکرا، باوەڕ بکە ئەو بنکەی پۆلیسەی کەرکووک کە ئێستا لە بیرمە، جێگەی پێدانانی تێدا نەبوو لەبەر زۆریی گرتنی خەڵک، کە هەموویان تەنیا کورد بوون.
 
رووداو: بەڵام لە ساڵی 1963 کە دۆخەکە دەگاتە لووتکە، بەتایبەتیش لە تاڵانکردنەکە و لە دروستبوونی پاسەوانی نەتەوەیی، چۆن دەتوانن وێنەیەک بۆ ئەو رۆژگارە بکێشن؟ کاتمان هەیە، مەبەستم ئەوەیە ماندوو نەبووبێتیت، وێنەیەکی ئەو رۆژگارەمان بدەرێ کاتێک پاسەوانی نەتەوەیی پەلاماری ئەم گوند و ئەو گوند دەدەن و دەیسووتێنن.
 
ئەمین شوان: بێگومان سەرەتا تاڵانی دەکەن، دوای ئەوە دەیسووتێنن، خۆی ئەو رق و کینەیەی کە باسمکرد لە سەرەتای 14ـی تەمموزەوە دروست بوو، لە ساڵی 1963 گەیشتە لووتکە، ئەوەش بەوەی کە حکومەتی عەبدولکەریم قاسم رووخێنرا و بەعسییەکان و نەتەوەپەرستە عەرەبەکان و بەداخەوە هاوپەیمانە تورکمانەکانیان ئەو کارانەیان کرد، بەداخەوە دەیڵێم، ئەو کاتە عەرەب لە کەرکووک زۆر نەبوو، بۆیە هەموو تورکمانەکان بوونە رێنیشاندەر، ئەم پاسەوانی نەتەوەییانە زۆر دڕندانە کەوتنە گیانی خەڵک، ئیتر هەر کەسێکیان لەسەر شەقام دەگرت، لێیان دەدا و رایاندەپێچان بۆ ناوەوە و دەیانبردن، مرۆڤ نەیدەتوانی لە پێستی خۆیدا بحەسێتەوە، کاتێک لە 14ـی رەمەزاندا هاتنە سەر حوکم، سەرەتا لەگەڵ کورد ماوەیەک ئاگربەست یان ئاشتەواییان کرد، بەڵام تاوەکو حوزەیرانی 1963 رێکنەکەوتن، ئەو گفتوگۆیەی لە بەغدا هەبوو شکستیهێنا، ئیتر کارەساتەکە دەستیپێکرد، بووە رۆژێکی رەش کە باوەڕ ناکەم لە هیچ سەردەمێکی نازییەکان یان سەردەمی بەکۆیلەکردنی جووەکان هاوشێوەی هەبێت، نازانم چۆن باسی بکەم، بەڵام ئەو رووداوە گەورانەی لە مێژوودا روویانداوە، لە شاری کەرکووکیش بەتایبەتی روویاندا، بەداخەوە، واتە ئەو دەستەبژێرەی تورکمان هیچ یەکێک لەو پەیوەندییە جوانانەی کە لە نێوان کورد و تورکمان هەبوو، نەیانهێشت.
 
رووداو: پێتوانییە هەمان ئەو هێرشەیە، واتە زنجیرەیەکە لە هێرش کە لە پاسەوانی نەتەوەییـەوە دەستپێدەکات تاوەکو داعش لە دژی گەلی کورد؟
 
ئەمین شوان: پێتوانییە نا، بەڵکو دڵنیام زۆر لە یەکدەچن، ئەوەی کە دەیخەینە ژێر ناونیشانی تووندوتیژییەوە، زۆر لە یەکدەچن، خەڵک لەوەوپێش ئەو جۆرە گیانی تووندوتیژی و دڕندەییەی نەبوو، بە هیچ جۆرێک، راستە دوو کەس شەڕیان دەکرد، بەڵام ئەوەی کە بەو شێوە گشتییە بڵاوببێتەوە، تۆ نەتدەتوانی وەسفی بکەیت، لەو رۆژانەدا تۆ نەتدەتوانی لە ماڵی خۆت بێیتە دەرەوە، سەر و بنی کۆڵانەکانیان دەگرت، هەرچی هەبوو دەیانخستە ئۆتۆمبێلەکانەوە و دەیانبردن، ئینجا لێدان و ئەشکەنجە، ئیتر بە هیچ جۆرێک مانایەک بۆ ژیان نەمابوو، خەڵکێکی زۆر بۆ هەموو لایەک رایان کرد، ئەوە کارەساتێکی زۆر گەورە بوو تاوەکو 18ـی تشرین، یان ئەو ساڵەی کە عەبدولسەلام عارف کودەتای بەسەریاندا کرد و پاسەوانی نەتەوەیی هەڵوەشاندەوە، ئیتر خەڵک تۆزێک هەناسەی دایەوە، هەرچەند سیاسەتەکە لەسەر ئاستی حکومەت و دەوڵەت بەرامبەر بە کورد نەگۆڕا، بەڵام هەرچۆنێک بێت لەناو شارەکەدا دۆخەکە کەمێک هێور بووەوە، یەکێک لە خراپترین کارەکانی بەعس ئەوە بوو کە دوژمنایەتیی لە نێوان کورد و عەرەب دروستکرد، بەوەی کە هەموو خەڵکی حەویجەی هێنا و کردیانی بە چەکدار بە ناوی سوارییەکانی وەلید، ئەمانە هاتن و کەوتنە تاڵانکردنی دێهاتەکان تاوەکو قەڵاسێوکە و هەموو دونیا رۆیشتن، ئەمانە لەپێش دەبابە و سوپاکەوە دەڕۆیشتن و هەرچی لە ماڵەکاندا هەبوو دەیانبرد، تەنانەت سووژن و دەرزییشیان نەدەهێشتەوە، مەڕ و ماڵات و هیچ شتێک نەما، تاوەکو وایلێهات لەنێو خۆیاندا نوکتەیان دروست کردبوو و دەیانگوت "ماڵی ئێمە نییە، ماڵی بێگانەیە" ئەمە بەس لە دوای ئەوە تاوەکو رادەیەک کە عەبدولسەلام عارف پاسەوانی نەتەوەیی لادا، دۆخەکە کەمێک هێور بووە، بەڵام هەمان سیاسەت بەکار هێنرایەوە، دوای ئەوە زنجیرەیەک لە گۆڕانکاری و هەڵکەوتن و سەرکەوتن و داکەوتن روویدا.
 
رووداو: دوای ئەم قۆناخە، گفتوگۆ هەیە لە ساڵی 1970 کە دەگاتە جۆرێک لە ئەنجام، بەیاننامەی 11ـی ئادارمان هەیە لە ساڵی 1970 لە نێوان حکومەتی بەغدا و شۆڕشی کوردستاندا، بەڵام لە ساڵی 1975ـدا کە شۆڕشی کورد بەو ئەنجامە دەگات کە هەموومان دەیزانین (نسکۆ)، جۆرێکی دیکە لە راگواستن و بە عەرەبکردن و دڵڕەقییەکی یەکجار گەورە بەرامبەر بە کورد لە دەوروبەری کەرکووک و لەناو کەرکووکیش دەستپێدەکات، بەتایبەتیش رووخاندنی خانوو و گەڕەکەکان بە ئاشکرا، دروستکردنی شەقام و رێگەی درێژ بەناو گەڕەکە کوردییەکاندا، ئیتر ئەوە دابڕانێکی یەکجار گەورە دروستدەکات و حکومەت بە بەرنامە دەیەوێت شارەکە بکات بە شارێکی عەرەبی، چۆن باس لەو قۆناخەی دوای 1975 دەکەن؟
 
ئەمین شوان: تاوەکو ساڵی 1970 هەموو حکومەتەکان کە هاتن، بۆ نموونە قۆناخی عەبدولسەلام و عەبدولڕەحمان عارف، قۆناخێک بوون و زوو رۆیشتن، بەڵام کاتێک بەعسییەکان لە 1968 هاتنەوە، دەرکەوت ئەو رق و کینەیەی کە لە ساڵی 1958ـەوە بەرامبەر بە کورد دروست بوو بوو، بە هیچ جۆرێک ساردنەبووەتەوە و دانەبەزیوە، ئەگەر لە ساڵی 1970ـشدا ناچار بوون لەگەڵ کورددا رێککەوتنی ئازاری 1970 بکەن، دەرکەوت کە ئەمە تەنیا مەسەلەیەکی تەکتیکی بووە و هیچی دیکە، ئەگینا لە بنەڕەتدا باوەڕیان بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد نییە، ئەگەرنا لە ساڵی 1970ـدا زەمینەیەکی زۆر باش دروست بوو، چ لە سیاسەتی ناوخۆ، چ لە سیاسەتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش، کە کێشەی کورد و کەرکووک چارەسەر بکرێت، تەنانەت دەوڵەتێکی گەورەی وەک یەکێتیی سۆڤیێت لەو کاتەدا بەشدار بوو، بەڵام دەرکەوت لە مێشک و بیر و لێکدانەوەی نوخبەی سیاسیی عەرەب و نەتەوەیی عەرەبدا هیچ جۆرە گۆڕانێک رووینەداوە کە باوەڕ بکەن کورد گەلێکە و مافی خۆی هەیە، ئەوان تەنیا بۆ ئەو کاتە رێککەوتنیان کرد بۆ ئەوەی لەژێر بارەکە دەرچن و دواتر پەلاماری کورد بدەنەوە، بۆیە لە کەرکووک تەنانەت لەو ماوەیەشدا هیچ شلبوونەوەیەکیان نەکرد لەو سیاسەتە، تەنیا هەندێک شتی سادە نەبێت، هەندێک قوتابخانەیان کردەوە، کەمێک دەرفەتیان دا رۆشنبیرەکان بجووڵێنەوە، کتێبخانە بکرێتەوە، بەڵام دەرکەوت هەموو ئەمانە کاتی بوون، لە ساڵی 1974ـەوە، بەڵکو ئەسڵەن لە 1970ـەوە دەستیانکرد بەوەی هێواش هێواش پاشەکشە بکەن، بە سیاسەتی جیاجیا و هێنانی عەرەب بۆ کەرکووک و دواییش بۆ شوێنەکانی وەک کفری و دووزخورماتوو کە بە شوێنی لاوازتریان دەزانی، لە ساڵی 1975ـدا بە تەواوی تەقاندیانەوە، کاتێک نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول دەستیپێکرد، بەداخەوە بەهۆی دەستتێکەڵاوکردنی ناوخۆیی و دەرەکییەوە، لەوێوە ئیتر وایان زانی کورد تەواو بوو، ئیتر ئەو کارەساتە گەورانەی ئەنفال و کیمیاباران و گوندسووتاندن و راگواستنی خەڵک و زیندەبەچاڵکردنیان لە بیابانەکانی خوارووی عێراق دەستیپێکرد، لە کەرکووک زۆر بە شێوەیەکی بە بەرنامە دەستیان کرد بە گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە، یاسایەکیان دەرکرد کە هەر کەسێک لە خوارووی عێراقەوە بێت (بە مەرجێک کورد و تورکمان نەبێت) و لە کەرکووک دابنیشێت، زەوی و پارەی پێ دەدرێت، تەنیا بەس عەرەب بێت، هەرچییەک بێت کێشە نییە، هەرچی کەسی لاتولووتی عەرەب هەبوو لە شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق هێنایان، بەداخەوە کەسانێکیان نەهێنا کە پێیان بڵێیت مرۆڤی دەستەبژێرن و دەتوانیت قسەیان لەگەڵ بکەیت، هەموو مرۆڤی بێ کەڵک و بێ ئاست بوون، هەموویان هێنا و 10 هەزار دینار و پارچەیەک زەوییان پێ دان، فەرمانگەکانیان پڕ کرد لەوانە، چەندین گەڕەکیان دروست کرد، وەک گەڕەکی حیزبی بەعس، گەڕەکی حوزەیران، قادسیە، و زۆری دیکە کە ئێستا ناوی هەموویانم لەبیر نییە، هێندە گەڕەکیان دروستکرد تا زۆرینەیەکی عەرەبی بە زۆر بسەپێنن، بەڵام ئەم قسەیەی دەیکەم زۆر گرنگە، هەموو ئەوانەی هاتنە کەرکووک و دانیشتن، وەک دارێک وابوون کە رەگی نەبێت، وەک دارێک وابوون رەگی نەبێت و بە پاڵێک دەكەوێت، بۆیە کە لە ساڵی 1991 راپەڕین کرا، یەکێکیان نەیتوانی لە کەرکووک خۆی رابگرێت و بمێنێتەوە هەموویان بە پێی پەتی و بە راکردن هەڵاتن بۆ ئەو دەشتە و نەیانتوانی ببن بە بەشێک لە کەرکووک.
 
رووداو: با بڵێین قۆناخی دە هەزارییەکان کە زەوییان دەدا پێیان و دە هەزار دیناری ئەو کاتەیان دەدانێ بۆ ئەوەی نیشتەجێ ببن، سەرباری ئەوەش نەیانتوانی یان بە دڵی خۆیان نەبوو، عەرەبکردنەکە سەرکەوتوو نەبوو، بەڵگە هەیە، تەنانەت تۆماری دەنگی هەیە کە عەلی حەسەن مەجید (ئەوەی لەناو خەڵکدا ناسراوە بە عەلی کیمیاوی) کە دەبێتە بەرپرسی نووسینگەی باکووری حیزبی بەعس، خۆی دان بەوەدا دەنێت کە سەرباری هەموو ئەو هەوڵانە و سەرباری سەرفکردنی بودجەیەکی زەبەلاح، تاوەکو ئێستا رێژەی کورد لە کەرکووک زۆرترە لە رێژەی ئەوانی دیکە، ئەمە لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا دەڵێت.
 
ئەمین شوان: بەڵێ راستە، لە کۆتایی هەشتاکاندا ئەو قسەیەی کردبوو و ئەوە راست بوو، ئەوان هەستیان بەوە دەکرد، سەرباری ئەو دە هەزارە و زەوییە، کورد لە هەموو کەس زیاتر بوو لەو شوێنانە، چونکە خەڵکی رەسەنی شارەکە بوون و خۆیان بە خاوەنی دەزانی، بەڵام ئەوانەی کە هاتبوون، هەر خۆیان بە بێگانە دەزانی، بە هیچ جۆرێک خۆیان بە خاوەنی شارەکە نەدەزانی، تەنانەت ئێستاش نەبوونەتە خاوەنی بازاڕێکی تایبەت بە خۆیان، بۆ نموونە ناتوانیت بڵێیت ئەمە بازاڕی عەرەبەکانە لە کەرکووک، بازاڕەکانمان دیار بوون، بازاڕی رەحیماوا، بازاڕی ئەحمەد ئاغا، بازاڕی شۆریجە، بازاڕی بەغدا، بازاڕی ئیمام قاسم، ئەم بازاڕانە کە بازاڕە سەرەکییەکان بوون، هیچیان بە دەست عەرەبەوە نەبوون و زۆربەیان بەدەست کوردەوە بوون، رەحیماوا کە گەورەترین بازاڕ بوو، لەگەڵ هەموو ئەو سیاسەتە دوژمنکارانەیەی پەیڕەو دەکرا، هەر هەمووی کورد بوو، بازاڕی شۆریجە و ئەحمەد ئاغاش هەروا، هەندێک هەوڵیان دا شتێک بکەن، بەڵام نەیانتوانی ببنە جێگرەوە.
 
رووداو: ئەوەی کە من سەرنجم دابوو لەو ساڵانەدا، ئەوان کتێبخانەیان نەبوو، کتێبفرۆشییان نەبوو، بۆ نموونە گەورەترین کتێبفرۆشی یان شتی رۆشنبیری و کولتوورییان نەبوو، ئەوەی کە هەبوو هەر هی کوردەکە بوو، بەداخەوە کە زۆربەی قەدەخە کرا تیپە شانۆییەکان قەدەخە کران، قوتابخانەکان ناوەکانیان گۆڕا، تیپی میوزیک قەدەخە کرا و زۆر شتی کورد قەدەخە کران، بەڵام ئەوان جێگرەوەیان نەبوو بۆ ئەم شتانە؟
 
ئەمین شوان: نەخێر، ئەوان نەیاندەتوانی ببنە رۆحی خەڵکەکە، رۆحی خەڵکەکە بە زیندوویی مایەوە لەناو سینەی خەڵکەکە خۆیاندا، ئەوەی کە هاتبوو رۆحی نەبوو، چونکە رۆحەکەی خۆی لەوێ بوو؛ کابرا لە عەمارە و ناسریە و بەسرەوە هاتبوو، هەر رۆحی لەوێ بوو، دەبێت بزانیت کۆمەڵگەی عێراق کۆمەڵگەیەکی خێڵەکییە، بە پەیوەندیی خزمایەتی و خێڵەکی دەژین، ئەوان خۆشیان دەیانزانی کە هاتوون، لە رەگەز و رەگی خۆیان هەڵکەنراون، لە ژینگەی خۆیان و کەشوهەوای خۆیان نین، ئیتر ئەمانە بە زۆر یان بە تەماحێک هاتبوون، خۆ ئەو خەڵکەش هەموویان، وەک پێم گوتیت، هیچیان کەسی رەسەن نەبوون؛ کە دادەنیشتیت قسەت لەگەڵ دەکردن، هەموویان خەڵکی لاتولووت بوون.
 
رووداو: لە ئەنفالیشدا، واتە لە قۆناخی ئەنفالدا، راستە زیانیان بە هەموو کوردستان گەیاند، بەڵام ئەو رووبەرەی کەرکووک و دەوروبەری کەرکووک و گەرمیان زۆرترین زیانیان بەرکەوت، ئەوەش دیارە هەر پەیوەندی بە پاککردنەوەی ناوچەکەدا بوو لە کورد، بەڵام پرسیاری گرنگی من ئەوەیە لە پاسەوانی نەتەوەییـەوە بە ئەنفالدا تێپەڕین تاوەکو گەیشتینە پرۆسەی ئازادیی عێراقیش، کە باس لەوە دەکرا لە رەگ و ریشەوە دەریانکردن، یان با بڵێین لە ڕووی گریمانەییەوە لە رەگ و ریشەوە دەریان کردن، بەڵام کێشەکە هەر لە شوێنی خۆیەتی و تەنیا رەنگ دەگۆڕێت، کێشەکە هەر لەوێیە، چارەسەر چییە؟
 
ئەمین شوان: بەڵێ، خۆی ئەوان کاتێک دەستیان کرد بە گوندڕووخانەکان، زیاتر دەوروبەری کەرکووکیان مەبەست بوو، چونکە ناوچەکەیان کردبوو بە سێ هێڵ: هێڵی سپی، هێڵی سەوز، هێڵی سوور، هێڵی سپی تاوەکو دەوروبەری قەرەهەنجیر و ئەوێ دەڕۆیشت، هێڵی سەوز تاوەکو چەمچەماڵ و تەکیە، و هێڵی سووریش بۆ ئەولاتر، ئەوان بە هێڵی سپی دەیانویست هەمووی پاکبکەنەوە، دوایی بچن بۆ هێڵی سەوز و هەر واش رۆیشتن، هەرچی ئەو دێهاتانەی ناوچەی شوان، قەرەسەن، پردێ تاوەکو دەچێتە قادرکەرەم و کفری، هەموویان وێران کرد، ئەوان بەتەما بوون عەرەبی لێ دابنێن، بەڵام عەرەبەکان هەرچۆنێک بێت نەیانتوانی لە هێڵی سپی دەرچن، نەیانتوانی یان دەیانزانی مەترسی هەیە، دەترسان، من رۆژێک لە فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک بووم، عەرەبێکی زۆر هاتبوون (گوێم لێ بوو قسەیان دەکرد)، هاتبوون بۆ زەوی وەرگرتن، عەرەبێک گوتی "ئەرێ برادەر، پێشمەرگەی لێیە؟ گوتیان "ئەرێ وەڵڵا، هەر چەکداری لێ بووە ئەو کاتانە"، عەرەبەکە گوتی "نە نە نە، نامانەوێت، ناچین، بۆ ئێمە نابێت"، واتە من لەوێوە وتم ئەوە دیارە ئەمە سەرناگرێت، خۆی چونکە سیاسەتەکە چەوت بوو، هەروەها کەشوهەوای سیاسییش بۆ ئەوان لەبار نەبوو، خودا کردی ئەوەندە ملیان نا بە شەڕی ئێرانەوە، دوای ئەوە ملیان نا بە شەڕی کوێتەوە، هەموو دۆخی0 عەرەبی و هەرێمی و دونیایان لێ تێکچوو، ئیتر نەیانتوانی، ئەوە بوو کۆتاییەکەی لە ساڵی 1991ـدا بەو شێوەیە بوو کە شەڕی کوێتیان کرد و رایان کرد، دەتوانم بڵێم راپەڕینەکە راوەشاننێک بوو، وای راوەشانن ئیتر جارێکی تر نەهاتنەوە سەر خۆیان، ئەوانەشی کە لە دواییشدا بوون، لە گەڕەکەکان بوون، هەموو بە ترس و لەرزەوە دەژین و ئامادە بوون رابکەن، باوەڕت بێت، ئەو دەسەڵاتە رەشەی کە بەعس هەیبوو، بەڵام ئەوان هەر دەترسان و زۆریشیان رۆیشتنەوە.
 
رووداو: لە دوای ساڵی 2003ـشەوە نەمانتوانی سەرکەوتوو بین لە پێکەوەژیاندا، پرسیارەکە ئەوەیە چۆن دەتوانین کەرکووک وا لێ بکەین کەس نەتوانێت ئەوی تر تەواو بکات (لەناو ببات)؟ چۆن بتوانین وا بکەین بەیەکەوە بژین؟
 
ئەمین شوان: ناکۆکیی کورد خۆی لەنێوخۆدا و دووبەرەکی، بەتایبەتی با بە راشکاوی بڵێم ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی، هۆکارێکی گەورە بوو کە نەتوانرا لە کەرکووک دۆخەکە یەکلابکرێتەوە، دوای ساڵی 2003 کەشوهەوایەکی زۆر باش هاتە پێشەوە؛ ئەمریکییەکان زۆریان پێ خۆش بوو و زۆریش یارمەتیدەر بوون کە ئێمە بتوانین بەیەکەوە بژین، بەڵام ئێمە نەمانتوانی خوێندنەوەیەکی باش بۆ مەسەلەکە بکەین و خۆمان بە هەڵوێستێکی یەکگرتووەوە دەربخەین، من نزیک بووم لەو بابەتانە، پارتی و یەکێتی لەسەر فەڕاشێکی قوتابخانە شەڕیان دەکرد! لەسەر پارێزگارەوە تا قایمقام و سەرۆکی فەرمانگەکان، باوەڕت بێت ئێستا جێگەی ئەوە نییە بیگێڕمەوە، بەڵام شتی وام بینیوە کە مرۆڤ بێزی لێدێتەوە، نەیانتوانی روکارێکی باشی کورد نیشان بدەن کە یەکگرتوو بن، دانیشتن لەگەڵ تورکماندا دەكرا، تورکمانەکان دەیانتوانی قسەیان لەگەڵ بکرێت، من رۆژێک شتێکی باشمکرد، کۆبوونەوەیەک کرا بۆ رێکخستنی تورکمان و کورد، من هەستام بە تورکمانی (تورکی) قسەیەکم کرد و شتێکی زۆرم خوێندەوە، تەنانەت شیعری تورکیشم خوێندەوە بۆیان، کابرایەک کە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا بوو و خەڵکی تسین بوو، گوتی "ئەوە وەرن لەپێشدا داوای لێبووردنمان لێ بکەن لەسەر ئەوەی 14ـی تەمموز، ئێمەش لەسەرتان و لەگەڵتان دادەنیشین"، من گوتم "باشە، داوای لێبووردن زۆر ئاسانە، وەرن جارێک لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکەین، بزانین ئەوە خەتای کێ بوو؟ چۆن بوو؟ هەموو شتەکان روونن و بەڵگەنامەکانی دادگا دیارن، با ئێمە دوای ئەوە هەردوولامان بڵێین کارێکی خراپ بوو کردمان، دەست بکەینە ملی یەکتر و بگەڕێینەوە پێشەوە"، بەڵام ئێمە کەس نەبوو ئەوە بڵێت، ئەو هەموو خەڵکە، جەماعەتی بەرەی تورکمانی دانیشتبوون، کەس نەیگوت نا و کەسیش نەیگوت بەڵێ، چونکە ئێمە نەمانتوانی؛ ئێمە بەتەما بووین هەموو شتەکان بکەوێتە دەست خۆمان، لە جیاتی ئەوەی هەڵوێستێکی نیشتمانیمان هەبێت، ململانێیەکی وامان کرد کە خۆشمان پێمان شەرمە باسی بکەین، لەبەر ئەوە نەمانتوانی بە یەک وتار دابنیشین بەرامبەر بە تورکمان، من قسەیەکت پێ بڵێم: چارەسەری مەسەلەی کەرکووک، کلیلی چارەسەرەکە، پەیوەندیی کورد و تورکمانە، نەک کورد و عەرەب، ئەوە دەبێت چاک بزانین، ئەگەر کورد و تورکمان بتوانن بەیەکەوە دابنیشن و بە دیدێکی واقیعییانە، دوور لە دەستی دەرەکی (کە دەزانین چییە و چۆنە و دەزانین هەیە)، بە گیانێکی کەرکووکیانەوە دابنیشن و بڵێن "کاکە ئێمە هەر دەبێت بەیەکەوە بژین، نە ئێمە دەتوانین ئێوە تەواو بکەین (لەناو ببەین)، نە ئێوە دەتوانن ئێمە تەواو بکەین، ئێمە دەتوانین بەیەکەوە ئەم شارە بکەینە بەهەشتێک بۆ یەکتری"، با دانیشین، گوێڕایەڵ هەیە، راستە کۆمەڵێک هەن لەوانەیە بە پاڵپێوەنانی دەرەوە نەهێڵن، بەڵام دیسان هیچ شتێک نییە نەکرێت، بەڵام تۆ ئێستا پێم بڵێ، لەم ناکۆکییە و لەم دۆخە شڕەی کورد کە لە کەرکووکدا هەیە، کێ بچێت لەگەڵ تورکماندا قسە بکات؟ ئەوەی دیکە تێکیدەدات، لە کۆتاییدا کە ئەوان نەتوانن لەسەر ئەنجوومەنی پارێزگا رێکبکەون، کە بەداخەوە نەیانتوانی رێکبکەون و چەند کورسی لە دەستیان چوو، و ئێستاش لەو وەزعەدا بن، ئیتر چۆن دەتوانن؟ لەبەر ئەوە کلیلەکە ئەوەیە: دەبێت لەپێش هەموو شتێکدا سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی، بە هەر جۆرێک بێت، بە شێوەیەکی عەقڵانی، بە شێوەیەکی برایانە و واقیعیانە، دوور لە بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی دابنیشن، لەپێش هەموو شتێکدا هەڵوێستێک وەربگرن، ئینجا دەست بکەن بە قسەکردن بە گیانی برایانە، نەک بە گیانی ئەوەی من باڵادەستم و تۆ ئاوایت، باشترین خزمەتگوزاری کە کاتی خۆی پێشکەشی کەرکووک کراوە، کەسێکی وەک شامیل یەعقووبی کردوویەتی کە سەرۆکی شارەوانی بوو، ئەو وێنە جوانانەی کە ئەو تەمە (قەڵا) لێرە دامناوە، هی قەڵای کەرکووک، دەستکردی شامیل یەعقووبییە، کێشە چییە با شامیل یەعقووبییەکی دیکە بێنین بیکەینە سەرۆکی شارەوانی؟ کێشە چییە با پارێزگارێکی تورکمان بێنین؟ کەسێک بێنین کە بابەتی بێت و دوور بێت لە کاریگەرییەکان، قەیچێکە، هیچ کێشەمان تێیدا نییە، بەوە زیان ناکەین، بەڵام بەداخەوە کەس گوێ لەوە راناگرێت، ئەوەیە کێشەکە.
 
رووداو: مامۆستا گیان، زۆر زۆر سوپاس، بە هیوای هەمیشە تەندروست باشبیت، هیوادارم دوور بیت لە نەخۆشی و ناخۆشی، و بێگومان بە هیوای ئاوەدانی و ئارامیی کەرکووک، هەر بژی.
 
ئەمین شوان: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش، زۆر سوپاس بۆ ئەوەی کە ئەم دەرفەتەتان پێدام دوو قسە بکەم لەم بارەیەوە، زۆر سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە