کتێبێک لەبارەی تەواوی جینۆسایدەکانی باشووری کوردستان بە ئینگلیزی بڵاودەبێتەوە

15-03-2025
هێمن عەبدوڵڵا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. کازیوە ساڵح
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. کازیوە ساڵح
نیشانەکردن د. کازیوە ساڵح
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

"کولتووری جینۆساید: هابیتۆسی کولتووری، ئەندازیاریی نەتەوەیی و دۆکسەی ئایینی" ناوی کتێبێکی د. کازیوە ساڵحە کە بە زمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: "کولتووری جینۆساید، هابیتۆسی کولتووری، ئەندازیاریی نەتەوەیی و دۆکسەی ئایینی"، ناوی کتێبێکی باڵکێشی دکتۆر کازیوە ساڵحە کە بە زمانی ئینگلیزی و لەلایەن وەشانخانەیەکی سەنگینی جیهانییەوە بڵاوکراوەتەوە.
 
دکتۆر کازیوە لە کەنەداوە میوانی دیاسپۆرایە، دەمەوێت زۆرتر لەسەر کتێبەکەی و کارەکانی دیکەی قسە لەگەڵ بکەم، کازی یۆهان، دوو دەستەواژە لە کتێبەکەتاندا بۆ من بەڕاستی سەرنجڕاکێش بوون، پێتان گرنگە بە کوردیش وەکو خۆیان دابندرێنەوە و وەرنەگێڕدرێن، کە رەنگە بۆ زۆر کەس دەستەواژەی نوێ بن و کەمتر بیسترابن: "هابیتۆس" و "دۆکسە"، دەمەوێت پێمان بڵێی مەبەستت لەو دوو دەستەواژەیە چییە؟ بۆچی پێتوایە ناکرێت وەربگێڕدرێن؟ 
 
د. کازیوە ساڵح: زۆر سوپاس کاک هێمن، سوپاس بۆ ئەم میواندارییە، ئەم دوو دەستەواژەیە دەستەواژەی سۆسیۆلۆجیست و فەیلەسووفی سۆسیۆلۆجی فەرەنسی "پیێر بۆردیۆ"یە کە خۆی بۆ خوێندنەوەی لایەن و چینە کۆمەڵایەتییەکان دروستی کردوون، من هێناومەتە ناو لێکۆڵینەوەی جینۆساید و خوێندنەوە بۆ بەگشتی ئەقڵی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت عەرەب لە پرۆسەی جینۆسایددا، دەستەواژەی "هابیتۆس" هەموو ئەو کردار و رەفتار و تێگەیشتن و بۆچوونەی بکەر دەکات لەبارەی دنیای دەوروبەری کە لە رێگەی ئەزموونەکانی رابردوو، لایەن و لایەنە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانەوە بەرجەستەی کردووە لە خۆیدا، چونکە لە رووی گیانی و کۆمەڵایەتیشەوە هابیتەس کاریگەریی دەکاتە سەر مرۆڤ و هەروەها مرۆڤیش کاریگەریی دەکاتە سەر هابیتەس، بەگشتی ئەو فاکتەرانەی کە "هابیتەس" دروستی دەکەن، ئەوانەن کە بۆ نموونە ئێمە لە نووسینی کوردیدا یان تەنانەت نووسینەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ریز و وشەمان هەیە و ریزیان دەکەین، دەڵێین کاریگەریی کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی، ژینگەیی، خوێندن، خێزان و هتد، "هابیتەس" هەموو ئەمانە و هەموو ئەوانەش کە نەوتراون، هەمووی دەگرێتەوە و لە هەمان کاتدا لە رێگەی خوێندنەوە بۆ "هابیتەسی" مرۆڤ، دەتوانی ئاکاری داهاتووی تاک یان کۆمەڵگەیەک بخوێنیتەوە، ئەمە یەکێکە لەو چەمکانەی کە من ساڵانێکە بە ئاواتەوە بووم چەمکێک بدۆزمەوە و ئیتر پێویستم بەوە نەبێت چونکە کەسێکم باوەڕم بە رەش و سپی نییە، حەزم دەکرد خوێندنەوەی هەموو ئەو لایەنانەی کاریگەریی لەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگەکەی هەیە بکەم، کاتێک وشەی "هابیتەس"ـم دۆزییەوە دەبوو خەڵات کرابم، چونکە ئیتر پێویستم بەو لیستە دوور و درێژە نییە، دەتوانم بڵێم هابیتەس، دۆکسە، مەبەست لە دۆکسا بیروبۆچوون و پرەنسیپ و عەقیدەیەکە کە چەسپاوە و باوە. پرسیارکردن قبووڵ ناکات بە دوو مەبەست: یەکیان پێیوایە هێڵی سوورە و ئەو شتە ئەگەر هەڵەش بێت هەر راستە، یەکێکیشیان لەبەر ئەوەی بووەتە بەشێک لە کارەکتەری مرۆڤ، پێیوایە لە ژیان و لە مێژوودا هەروا بووە و هەرواش دەبێت و پێویستە هەر بەو شێوەیە بڕوات، من پێم باش نییە بکرێت بە کوردی لەبەر ئەوەی زۆر وشە هەیە ئێمە هەموو زمانەکانی جیهان وەکوو خۆی بەکاری دەهێنینەوە، چونکە وشەی لاتینین، ئێمە دیموکراسیمان هەیە، جینۆسایدمان هەیە، دۆگمامان هەیە و لەبەر ئەوەی من زۆر گەڕاوم وشەیەکی تەواو دروست نابینمەوە، پێم وایە باشترە هەر وەکو خۆی بمێنێتەوە.
 
رووداو: زۆر باشە ئەمە هابیتەس و دۆکسە روونکردنەوەیەکی ئەکادیمی جوانە بۆ ئەوەی مرۆڤ تێبگات مەبەستەکە چییە؟ ئەوەی کە سەرنجی منی راکێشا بەڕاستی ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە لە مێژووی ئێمەدا زۆر جار پاساو دەهێنینەوە بۆ ئەوانەی کە ئەنجامدەری جینۆسایدەکانی کوردستان بوون، ئێوە بە قووڵی لێکۆڵینەوەتان لەسەر جینۆسایدەکانی باشووری کوردستان کردووە و ئەوە بوو کە دەڵێن ئەمانە مەئموور بوون، جێبەجێکاری بڕیار بوون، رەنگە بەرپرسیارەتی زۆریان نەکەوێتە سەر شان، بەڵام ئێوە دەڵێن ئەمە راست نییە، ئێمە دەبێت تێگەیشتنێکی نوێمان بۆ ئەو جینۆسایدانە هەبێت کە بەسەرمان هاتوون بە کەرەکانیشیانەوە، ئەوانەی ئەنجامیشیان داوە هەر کەسێک بن، دەمەوێت لەسەر ئەوە زیاتر قسەم بۆ بکەیت، بۆچی پێتوایە ئەمانە هەر جێبەجێکاری بڕیار نین، سەربازێک لە سوپایەکدا فەرمانی پێدەکرێت دەبێت فەرمانەکە جێبەجێ بکات.
 
د. کازیوە ساڵح: بەڵێ لەبەر ئەوەی من سەیری گشتی کۆمەڵگام کردووە بەڕاستی لەبەر ئەوەی ئەو چەمکەی دروستم کردووە کە ناوی کولتووری جینۆسایدە، بیسەلمێنم تەنیا سەیری کۆمەڵگای عەرەبی و کۆمەڵگای عێراقیم نەکردووە، سەیری کۆمەڵگای ئەڵمانیم پێش هۆلۆکۆست کردووە، سەیری کۆمەڵگای ئەفریقیم پێش رواندا کردووە، سەیری کۆمەڵگای تورکیم پێش روودانی ئەرمەنییەکان کردووە، لە هەموویاندا شتێکم بۆ سەلمێندراو کە کولتوورێک هەیە لەناو ئەو کۆمەڵگایە بەڕاستی هانی دووبەرەکی دەدات و هانی پاش دووبەرەکی لەناوبردنی ئەو کۆمەڵگایە دەدات کە با بڵێین تارگێتە - کە کراوە بە ئامانج - و زۆر جار ئەو کۆمەڵگایە کۆمەڵگەیەکی کەمینەیە یان بە زۆرینە کەمینە کراوە، هەموو جارێک کۆمەڵگەکان کەمینە نین، من بۆ خوێندنەوەی ئەم مەسەلەیە لەناو مێژووی عەرەبدا مشتومڕەکەم ئەوەیە کە نەک تەنیا بە دەیان ساڵ بەر لەدایکبوونی سەددام حوسێن و دروستبوونی حیزبی بەعس لە سووریا و لە عێراقدا، شتێک هەیە کە هانی جینۆسایدی کورد دەدات، بەڵکو گەڕاومەتەوە بۆ کۆمەڵگە سەرەتاییەکانی عەرەب و بۆ ناو خێڵەکان و کولتووری خێڵەکانیان کە چۆن چەندین خێڵی گەورە خێڵی بچووکی کوردی لە ناو خۆیان توانووەتەوە کە ئەمە جینۆسایدە، گەڕاومەتەوە بۆ مەسەلەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی کە ناسیۆنالیزمێکە لەسەر بنەمای فاشیستی نازی و هەروەها ئەو فاشیستەی کە لەناو تورکدا لەناو ناسیۆنالیزمی تورکیادا هەبووە، لەم لایەنەشەوە بە هەمان شێوە دەرکەوتووە کە ناسیۆنالیزمی عەرەب بەر لە فەرمیبوون زۆر زۆر جینۆسایدی کولتووری و جینۆسایدی لایەنی زمانیی کوردی کردووە، بەڵام لە 1921ـەوە بە فەرمی ناسیۆنالیزمی عەرەب بە دۆکیومێنت بڕیاری داوە کە جینۆسایدی کولتووری کورد بکات، سەیری لایەنی ئایینیم کردووە، سەیری ئەمڕۆی میدیای عەرەبی و لایەنی ژیارییانم کردووە، هەروەها سەیری شارستانیەتیانم کردووە کە شارستانییەتێکی فیقهییە، لە راستیدا شارستانییەتی فیقهی لەگەڵ 'شارستانییەتی کورددا هەر ئێجگار جیاوازە کە ئێمە شارستانییەتێکی پشتوکۆڵی و مرۆییم، لەلایەکی دیکەوە شارستانییەتێکە لەسەر بنەمایەکی فارسە، ئەوەی سەیرم کردووە لە هەموو ئەم فاکتەرانەیە، عەرەب ئەوەی زیادڕەویی کردووە بۆ شارستانییەت و ژیانی خۆی ئەوەیە مۆدێکی ئێجگار توندڕەو و تووندوتیژی خستووەتە سەر ئەم فاکتەرانەی هەن و هەندێکم باس کرد، ئەم تووندوتیژییە، تووندوتیژییەکی بکوژە، من ناوم ناوە کولتووری جینۆساید، ئەم کولتوورە لە بوونیانەوە لە ناوچەکەیە بەرامبەر بە کورد و بەرامبەر بە نەتەوەکانی دیکە - هەندێکیان بە زۆر کراون بە کەمینە - وەکوو قوپتییەکان، ئاشوورییەکان، کلدانییەکان هەموو ئەوانی دیکە کە عەرەب نین یان موسڵمان نین، ئەم کارەیان بەرامبەر کراوە، بۆیە کاتێک ئەم کارە جێبەجێ دەبێت مشتومڕی من ئەوەیە ئەگەر سەددام حوسێنیش نەبێت ئەم کارە بەرامبەر بە کورد هەر دەکرێت و وابزانم واقیعی ئێستا ئەوە دەردەخات کە راستە سەددام هەبێت یان نەبێت کۆمەڵێک تووندوتیژی جینۆسایدییانە بەرامبەر بە کورد هەر کراوە و هەر دەکرێت.
 
رووداو: بەڵێ، وەکو لێت تێگەیشتم ئەوەی بەپێی ئەو توێژینەوانەی کردووتە ئەو جینۆسایدەی لە باشووری کوردستان، جینۆسایدانەی لە باشووری کوردستان کراوە، ئەنجامدەری جینۆسایدەکە کولتووری جینۆسایدی هەبووە، پێشتریش شتێکی قوڵترە لەوەی تازە پەیدا بووبێت و جینۆسایدی کولتووریشمان بەرامبەر کراوە، ئێوە دەڵێن بەوەی بۆ نموونە رژێمی سەددام حوسێن رووخا، جینۆسایدی کرد ئەنفال کیمیاباران واتە رابردوویەکی زانراوە و لە هەموو دنیا دەزاندرێت بەڕاستی، بەڵام ئێوە دەڵێن بەمە جینۆساید بەرامبەر کورد، مەترسیی جینۆساید بەرامبەر کورد کۆتایی پێ نایەت، ئەی چی بکرێت؟ چی بکرێت بۆ ئەوەی کورد جارێکی دیکە لە باشووری کوردستان جینۆساید نەکرێتەوە؟ ئێوە لە رووی ئەکادیمییەوە گەیشتوونەتە چ ئەنجامگیرییەک لەو بوارەدا؟
 
د. کازیوە ساڵح: سەبارەت بەوەی لەناو ئەم کتێبەدا هەیە، من تەنیا سەیری ئەو خاڵانەم کردووە کە شتێک هەیە وا دەکات لە عەرەب ئەگەر سەرکردایەتیشی نەبێت خەڵکە ئاساییەکەی هێشتا هەر کورد جینۆساید بکات، ئەمە لەم کتێبەدایە و ئەمە روونکراوەتەوە، ئەوەی ماوە سەبارەت بەوەی کورد پێویستە ئەمە زۆر بە باشی بزانێت و چی بەرامبەر بە ئەمە بکات، ئەو فاکتەرانەی باسمان کرد ئەمە دەبێت لە کتێبی دووهەمدا بێت، ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی وەکو بواری پسپۆڕیی خۆم کە جینۆسایدە، ئێمە خاڵێکمان هەیە هەنگاومان بۆ نەناوە و هیچ کۆمەڵگایەک کە جینۆسایدی کراوە بە خراپترینیشیانەوە ئەم خاڵەیان پشتگوێ نەخستووە، ئەویش ئەوەیە کۆمەڵگای پاش جینۆساید لە پاش جینۆسایدەکە یەکەم هەوڵ کە پێویستە بدرێت ئەوەیە کۆمەڵگاکە تێبگەیەنرێت جینۆساید چییە، ئەم خاڵانە کاریگەرییان کردووەتە سەر ئەو جینۆسایدە، تراماکانی جینۆساید لەناو کۆمەڵگاکەیە چارەسەر بکرێت، رۆحێکی نیشتمانی لەناویدا بچێنرێت کە لەگەڵ هەلومەرجی پاش جینۆساید گونجاو بێت، ئەو مێژووەی ئەوانی کرد بە قوربانی و بوون بە جینۆساید و کۆمەڵگایەکی پاش جینۆساید بخرێتەوە بەرز رابگیرێت و پیرۆز رابگیرێت، ئێمە ئەم هەنگاوەمان نەناوە، من لە دوو هەزاردا کتێبێکی تەواو سەد و بیست لاپەڕەم سەد و بیست لاپەڕەیە، هەڤپەیڤینە، باسی ئەوەم کردووە چی بکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم هەنگاوە نەنراوە، بەداخەوە هەرچییەک بڵێین بەتاڵە و هیچ شتێک ناکرێت هەتا یەکەم شت ئەم هەنگاوە نەنرێت، هەر کۆمەڵگەیەک جینۆساید کرابێت ئەم هەنگاوەی تێیدا نەنرابێت، چارەسەری دەرگاکانی رابردووی نەکرابێت، نرخێکی و بەهایەکی نەتەوەیی پێ نەبەخشرابێت کە لە ناوەوە وەکو مرۆڤێک شانازی پێ بکات و ببێت بە "هابیتەس"، بەرامبەر بەو "هابیتەس"ـەی بەرامبەری کراوە، بەداخەوە لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و ژیارییەوە سەرکەوتوو نابێت، ئێمە هەتا ئەمە نەکەین وا بزانم بە گرنگی نازانم جاری بچینەوە سەر ئەوەی باسی ئەوە بکەین چی بکەین.
 
رووداو: باشە دکتۆر کازیوە با بگەڕێینەوە سەر کتێبەکەت، مادەم وایە کتێبەکەتان یەکەمین کتێبە لە زنجیرە کتێبێک، دەمەوێت زانیاریمان بدەیت کە کتێبەکە چۆن، لەکوێ چاپ کراوە، چۆن دەست دەکەوێت و ئەو زنجیرە کتێبەی باسی دەکەین بەرهەمەکانی دیکەت چۆن دەبن؟ خەڵک لە کوردستان رەنگە پرسیار بکات ئەو کتێبەم چۆن دەست دەکەوێت، دڵنیام زۆر کەسی ئەکادیمی دوایی تەلەفۆن دەکەن بۆ هێڵی گەرمی دیاسپۆراش دەپرسن ئەو کتێبەمان چۆن دەست دەکەوێت لە کوردستان؟
 
د. کازیوە ساڵح: بەڵێ زۆر جار لە خۆشم دەپرسن، نامەم بۆ دێت زۆر بۆیە لە فەیسبووکەوە، من بەر لەوەی بێمە بەرنامەکە پێم گوترا لە شەش هەزار چەناڵی جیاوازەوە دەفرۆشرێت و لە ئۆنلاین دەفرۆشرێت، ئەمازۆن "راوتڵێج" کە کۆمپانیاکەیەکی بڵاوی کردووەتەوە، لە هەموویان نرخەکەی نزمترە تەنانەت ئەو شوێنانەش کە دایانناوە، لەبەر ئەوەی کتێبێکی ئینگلیزییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێم وانییە، نازانم بەڕاستی هەیانە لە کتێبخانەکاندا یان نا، پێم وانییە، بەڵام لە هەموو رۆژئاوایە لە کتێبخانەکاندا دەست دەکەوێت و کۆپی ئەلیکترۆنیشی هەیە بۆ خەڵکێک لە کوردستاندا بتوانێت بیکڕێت، دواجار هیوادارم ئەو کتێبە و زۆر کتێبی ئێستا دەکرێت بە کوردی بکرێت، بە کوردییەکی باش بۆ ئەوەی خوێنەری کورد سوودی لێ ببینێت، هەروا بشکرێت بە عەرەبی بۆ ئەوەی ئەو عەرەبە بەڕێزانەی کە پێیان وایە ئەوان هیچ نییەتێکی خراپیان نییە، چونکە وەکو گوتمان "هابیتەس" و "دۆکسا" هەندێک جار دەکرێت لە نائاگاییدا جێبەجێ بکرێت، ئەوەی پێیوایە لە نائاگاییدا جێبەجێ دەکرێت بتوانێت ئەوەی من ناوم ناوە "وردە سەددام" لەم لێکۆڵینەوەیە، "وردە سەددام"ـەکانی ناو خێزانەکە و ناو ناخی خۆی بکوژێت، سەبارەت بە زنجیرەکانی دیکەی ئەم کتێبە بەداخەوە دەستم پێ نەکردووە، من پلانم وابوو 2025 دووەم و 2026 سێیەمیان تەواو بکەم، بەڵام بۆ ئەم مەبەستە من پێویستم بە لێکۆڵینەوەی مەیدانییە، پێویستم بەوەیە بۆ کتێبی دووەمیان لایەنی کەم دوو مانگ لە کوردستاندا بم بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی مەیدانی بکەم، بۆ ئەوەی سێیەمیان تەواوی دی دیاسپۆرا لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەگەڵ بکەم، چونکە سێیەمیان دەکەوێتە سەر ئەو کێشانەی لە دیاسپۆرا ئێمە رووبەڕوومان دەبێتەوە و بووەتە هۆی تەگەرە لە رووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمانەوە، لەبەر ئەوەی من لە وڵاتێک دەژیم کەنەدا بەداخەوە هیچ فەندێکی بۆ توێژنەوەی کوردی نییە، من تەنانەت چیرۆکم دەنووسی پاداشت و خەڵاتم وەردەگرت لەوەتەی جەختم کردووەتە سەر دۆزی کورد، یەک دۆلارم وەرنەگرتووە و نەمتوانیوە، لەبەر ئەوەیە جارێ نەمتوانیوە دەستی پێ بکەم، گەرچی ئەمانە لە کولتووری دنیادا دەکەوێتە سەر ئەو وڵاتەی کە جینۆسایدەکەی کردووە بۆ حکومەتی عێراقی لەم شتانە بەرپرسیار بێت و پاش حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک حکومەتە بێگانەکان، بەڵام من ئێستا لە گەڕانی فەندێکمدا هیوادارم بتوانم لە وڵاتێک فەندێک بدۆزمەوە و بتوانم دوو کتێبەکەی دیکە جێبەجێ بکەم، وەکو گوتم هێشتا دەستم پێ نەکردووە و دواکەوتووم لەو پلانەی خۆم دامنابوو.
 
رووداو: زۆر سوپاس
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە