هێمن هەورامی: یەکێتی ئەوەی دەستناکەوێت کە پێش هەڵبژاردن پێی دەدرا

15-10-2025
سیروان عەباس
هێمن هەورامی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان لە بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداو.
هێمن هەورامی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان لە بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێ: "وەزارەتی ناوخۆ نادەینە یەکێتی، پارتی ئەو وەزارەتە بە بەرکەوتەی خۆی دەزانێ". هۆشداریش دەدات، دوای هەڵبژاردن یەکێتی ئەوەی دەستناکەوێ کە پێش هەڵبژاردن پارتی پێی دەدا.
 
هێمن هەورامی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان لە بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداو لەبارەی پێکنەهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هەم لە رووی کارنامەی حکومەت و هەمیش لە رووی پۆستەکان، زیاد لە ئیستیحقاق لەگەڵ یەکێتی ویستوومانە بە شەراکەت دروستی بکەین، کە برادەران رەنگە ئەو ئامادەییەیان نەبووبێ پێش هەڵبژاردن بیکەن، رەنگە بیبەستنەوە بە هەندێ دۆخی دوای هەڵبژاردنی وەکو موعادەلاتی بەغداوە".
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێ: "ئەگەر پێش هەڵبژاردنی عێراق کابینەی دەیەمی حکومەت دروست بکرایە ئەو دەستکەوتانەی لە پارتی دەتوانرا بەدەست بهێنرێ، زۆر زیاتر دەبوون لەو دەستکەوتانەی لە دوای هەڵبژاردن ئەگەر حکومەت دروست بکرێت".
 
لەبارەی پەیوەندیی هەولێر و بەغداش، هێمن هەورامی بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە پشتیوانی ئەو رێککەوتنە دەکەین کە لەنێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ئێمە و کۆمپانیا نەوتییەکان و حکومەتی عێراق کراوە و پێمان وایە ئەمە یەکێکە لە دەرفەتە هەرە باشەکان کە پشتیوانیی نێودەوڵەتیشی هەبووە، ئەمە پاڵپشتییەکی باش دەبێت بۆ هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق، ئیتر بابەتی مووچە نەبەستنەوە بەو تەفسیرە خراپانەی لە بەغداوە دەکران، ئێمە ئومێدمان هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کە کۆتایی ساڵی بودجەی عێراقیشە، ئەم رێککەوتنە بەردەوام بێت".

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی:
 
رووداو: ئامادەکارییەکانی پارتی چۆنە، چاوەڕوانیتان بۆ ئەم هەڵبژاردنە چییە؟
 
هێمن هەورامی: پارتی دیموکراتی کوردستان حیزبێکی مونەزەمە، پارتی پێش هەموو شتێک دەنگە نامسۆگەرەکانی خۆی مسۆگەر دەکات، دەنگە مسۆگەرەکانی مسۆگەرتر دەکات، هەوڵدەدات لە دەنگە خۆڵەمێشییەکانیش دەنگ کۆبکاتەوە، بۆیە پارتی جارێ کەمپەینەکانی بە ئاراستەی نێوخۆی خۆیەتی، بۆ تەواوی ئۆرگانەکان و ئەندام و لایەنگرانی خۆیەتی، دوای ئەوەش ئەو میکانیزمانەی دیکە کە بەردەست دەبن بۆ گەیاندنی پەیامەکانی پارتی بۆ ئەوەی بتوانێت لەسەر بنەمای دەنگدەر بە دەنگدەر کەمپەینی خۆی جێبەجێ بکات. پارتی دیموکراتی کوردستان لەم جۆرە حیزبە مونەزەمانەیە کە لە چوارچێوەی ئەحزابی سیاسی لەسەر ئاستی دنیا زیاتر پشت بە رێکخستن و جەماوەری خۆی دەبەستێ، ئەو میکانیزم و تەنزیمەی لەنێوخۆیدا هەیەتی یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی سەرکەوتنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئێمە توانیومانە وەکو لێژنەی باڵای هەڵبژاردن بە بەشە جیاجیاکانی مەکتەبی سیاسی، مەکتەبی رێکخستنەکان، لقەکان، ناوچەکان و رێکخراوەکان، بەرنامەیەکی زۆر وردی تۆکمە لەسەر بنەمای میحوەرەکان و بازنەکانی دەنگدان و بنکەکان و وێستگەکان، دابەشکردنی تەواوی هەڤاڵ و کادیرانی خۆمان لەسەر ئەم میحوەر و بنکە و وێستگانە دابنێین بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین دەنگی پارتی مسۆگەر بکەین.
 
رووداو: ستراتیژێکی نوێتان هەیە بۆ کەمپەینی هەڵبژاردن، بۆ گەیشتنتان بە دەنگدەری گەنج کە بەشێکیان یەکەمجارە دەنگ دەدەن؟
 
هێمن هەورامی: پێش ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێ ئێمە ئەم ستراتیژەمان هەبووە، بەتایبەتی بۆ تۆماری بایۆمەتری ئەو گەنجانەی کە لەدایکبووی 2006 و 2007بوون، بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، بۆیە خۆشبەختانە بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستمانە توانراوە تۆماری بایۆمەتری بۆ ئەو گەنجانە بکرێ کە لە ناو و دەرەوەی خانەوادەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندان، بۆ ئەوەی کارتەکانیان وەربگرنەوە و هەم زیاتر هۆشیاری سیاسی و گفتوگۆی زیاتریان لەگەڵ بکرێت بۆ ئەوەی دەنگەکانیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان مسۆگەر بێت. بیرمان نەچێت ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراقە، گرنگە ئێمە بە نەفەسێکی درێژەوە، بە پشوو درێژی و بە ئارامی ئەم بانگەشەی هەڵبژاردنە بەڕێوە ببەین، چونکە ئەوەی لە بەغدا گرنگە بابەتە نیشتمانی و نەتەوەییەکانن. بەپێی هەندێک راپرسی کە لەم دواییەدا کراون، هێشتا پرسە نیشتمانییەکان لای خەڵکی کوردستان پرسی باڵان.
 
رووداو: خۆتان راپرسیتان کردووە؟
 
هێمن هەورامی: ئێمە حیزبی مونەزەمین، بەشی توێژینەوەکانی ئێمە نەک تەنیا بۆ هەڵبژاردن [بۆ پرسی دیکەش] بەردەوام را و سەرنجی خەڵک بۆ پارتی گرنگە، تێڕوانینی خەڵک بۆ پارتی گرنگە، ئەو بابەتانەی کە لای خەڵک جێی سەرنجن، بەلای ئێمەوە لە پلانڕێژی تەنزیمی، سیاسی و کەمپەین، بۆ گەیاندنی پەیامەکانی پارتی، بەڵێ ئاگاداری ورد و درشتی دیموگرافیای ناو کوردستان و چۆنێتی کارکردن لەسەری و تێگەیشتنین لێی.
 
رووداو: 31 کورسییەکە دێننەوە؟
 
هێمن هەورامی: لەبەرئەوەی ئەمجارە یاسای هەڵبژاردن جیاوازە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 عێراق 81 بازنە بوو، بەڵام کە یاساکەیان هەموار کردەوە ئێستا بووەتە 18 بازنە، ئەوکات لەنێو هەرێمی کوردستاندا 12 بازنە هەبوون، ئێستا تەنیا سێ بازنەمان هەیە، ئەوکات لەسەر کاندیدی سەربەخۆ کە لەناو بازنەیەکدا کاندید هەبوو نەک لیست، کام کاندید توانیبێتی زۆرترین دەنگ بێنێت کاندیدی ئەو لایەنە دەرچووە، بەمە ئێمە توانیمان لەسەر ئاستی عێراق 31 کورسی بێنین، بەڵام بیرت نەچێ ئەمجارە بازنەکان جیاوازن، سانتلیگۆی 1.7 هەیە و هەموو هەرێمی کوردستان سێ بازنەیە، راستە بازنەی نەینەوا و کەرکووکیش هەیە، ئێمە لە خورماتوو لە بازنەی سەلاحەدین بەشدارین و لە خانەقینیش لە بازنەی دیالە بەشدارین، بە کۆتای کوردی فەیلیش لە بەغدا بەشدارین، بەڵام ئەم بابەتە وا دەکات چونکە بە گشتی ئەگەر سەیر بکەیت لە 2005ەوە تاوەکو ئێستا لە هەموو خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، رێژەی بەشداریی خەڵک کەمتر بووە لە چاو بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، ناتوانم پێت بڵێم ئێمە کورسییەکانمان چۆن دەبێ، بەڵام دەتوانم سەد لە سەد پێت بڵێم پارتی هێزی ژمارە یەکی کوردستان دەبێت و زۆرینەی نوێنەرانی کورد لەناو پەرلەمانی عێراق لە پارتی دیموکراتی کوردستانە.
 
رووداو: جیاوازییەکەتان لەگەڵ رکابەرەکەتان چەند دەبێت؟
 
هێمن هەورامی: جیاوازییەکەمان چۆنە لە کوردستان، بەهەمانشێوە دەبێ لە بەغداش.
 
رووداو: پێشبینیتان بۆ سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین چییە؟
 
هێمن هەورامی: ئێمە دەتوانین دەنگەکانی خۆمان بپارێزین، بەڵام وەکو باسمکرد لەبەرئەوەی ئێستا هەرێمی کوردستان سێ بازنەیە، ئەمە رەنگە نەک کاریگەریی لەسەر پارتی بەڵکو لەسەر دەنگەکانی یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش دەبێت. 
 
رووداو: پرسیارەکەم دوو بەشە، خۆت دەزانی ئێستا دۆخی سلێمانی جیاوازە، سەرۆکی سێ حیزبی ئۆپۆزیسیۆن لە زیندانن، پێشبینیتان بۆ ئەوێ چییە؟ ئایا پارتی ئیش لەسەر دەنگی ئەو لایەنانە دەکات؟
 
هێمن هەورامی: پەیامی ئێمە بۆ تەواوی خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانییە نەک تەنیا بۆ دەنگدەرانی ئەو لایەنانە، پەیامی ئێمە ئەوەیە کە خەڵک پارتی لە حکومڕانی بینیوە، نموونەی رەوایەتی نوێنەرایەتیی پارتی بۆ خەڵکی کوردستانی لە بەغدا بینیوە، نموونەی ئەو لایەنانەی دیکەشی بینیوە کە ئێستا رەنگە هێزی باڵادەست بن لە سلێمانی یان رەنگە ئەگەر پێشتر لە رووی کردەییشەوە هێزی باڵادەست نەبووبن لە ئۆپۆزیسیۆن و فەزای گشتییەوە، دەستێکی باڵایان لە سنووری سلێمانیدا هەبووە، بۆیە پەیامی ئێمە ئەوەیە کە رەوایەتییەکی زیاتر بە نوێنەرایەتییەکی زیاتری پارتی بدەن، هەر ئەو پێشکەوتنانەی پارتی توانیویەتی.. یەکێک لەو راپرسییانەی کە ئێمە کردوومانە بە گشتیی لە سنووری سلێمانی ئێستا مەقبوولییەتی پارتی وەکو حیزب زۆر زیاترە لە چاو دوو، سێ، چوار و دە ساڵی رابردوودا، بەڵام لەبەرئەوەی رەنگە بەشێکی باش لە دەنگدەرانی سنووری سلێمانی ئایدۆلۆژی بن، رەنگە پارتییان پێ قبووڵ بێت وەکو حیزب، چونکە حوکمڕانییەکی باشتری هەیە و توانیویەتی سەقامگیرییەکی سیاسی زیاتری هەبێ، لە رووی خیتابی نیشتمانییەوە سەقامگیرییەکی زیاتری هەبێ، بەڵام لەبەر ئەم ئینتیما حیزبییە ئایدۆلۆژییەی کە هەیەتی، رەنگە.... بەڵام ئێستا خۆشبەختانە ئەم ئینتیما ئایدلۆژیەش نەک لە سنووری سلێمانی دەنگدەرێکی ئایدۆلۆژی بن، رەنگە پارتییان پێ قبووڵ بێت وەک حیزب. حوکمڕانییەکی باشتری هەیە و توانیوویەتی سەقامگیرییەکی سیاسیی ناوخۆیی زیاتری هەبێت. لە رووی خیتابی نیشتمانییەوە پارتی دیموکراتی کوردستان سەقامگیرییەکی زیاتری هەبێت. بەڵام بەهۆی ئەم ئینتیما حیزبییە ئایدۆلۆژییەی کە هەیەتی رەنگە ئەمە کاریگەر بێت. بەڵام ئێستا خۆشبەختانە رەنگە ئەم ئینتیما ئایدۆلۆژییەش لە سنووری سلێمانی نەک تەنیا لە سنووری سلێمانی لە هەموو کوردستان و تەنانەت لە شوێنەکانی دیکەش هەر جیهان بە گشتیی ئینتیمای ئایدۆلۆژی کەمبووەتەوە. بۆیە ئێمە ئیش لەسەر ئەم خاڵە دەکەین کە خەڵکی خۆشەویستی سنووری سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و چەمچەماڵ و کۆیە و هەموو شوێنەکانی دیکەش چانسێکی زیاتر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن بۆ ئەوەی بتوانێ بە هێزێکی باشترەوە لە بەغدا بەردەوام بێت لەسەر نوێنەرایەتیکردنێکی زیاتر و باشتری دۆزی رەوای خەڵکی کوردستان.  
 
رووداو: پێتان ناخۆش بوو دۆخی سلێمانی ئاوهای لێهات؟
 
هێمن هەورامی: نەک تەنیا سلێمانی، هەر شوێنێکی دیکە پێمان ناخۆشە ناسەقامگیری و لە هەر شوێنێکی دیکەی کوردستاندا هەبێت. خۆ پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە حیزبی سەرانسەرییە لە مەندەلییەوە بۆ زاخۆ و لە هەموو شوێنەکانی دیکەی کوردستان. بۆیە ئێمە نە خۆشحاڵین بەوەی ناسەقامگیری هەبێت، بەپێچەوانەوە هەر جۆرە ناسەقامگیرییەک پارتی دیموکراتی کوردستان پێی نیگەرانە. 
 
رووداو: لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، پارتی لە کەرکووک و موسڵ دەنگ و کورسیشی کەمیکرد. لێکۆڵینەوەتان کردووە لە هۆکارەکەی و چارەسەرتان بۆ دۆزیوەتەوە؟ 
 
هێمن هەورامی: با بۆت راست بکەمەوە، دەنگمان کەمی نەکرد. کورسی راستە، بەڵام با یەک شت بە بەڕێزتان بڵێم. ئەگەر سەیربکەی دۆخی نەینەوا ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی دوای 2005ـەوە دەست پێبکەین، خۆت دەزانیت بەشێکی زۆری سوننە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردبوو. دۆخی ئەمنی لە تەواوی ناو موسڵ و دەوروبەری موسڵ وایکردبوو کە بەشداری دیسان عەرەبی سوننە لە هەڵبژاردنەکاندا نەبێت. بەڵام لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە لە مانگی 12ـی 2023 ئەنجامدرا ئەو کات رێژەی بەشداری عەرەبی سوننە کە دیموگرافیا و رێژەی دانیشتووانیان لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا زیاترە و بەحوکمی بوونی کۆمەڵێک لە هێزی میلیشیا کە زەبر و زەنگێکی زۆریان بەکارهێناوە، وایکردبوو کە باڵانسی هێز لە رووی کورسییەوە و لە رووی ئەوەی کە لە یاسای هەڵبژاردنەوە هەبوو بە لای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە باشتر نەشکێتەوە ئەگینا لە رووی پاراستنی دەنگەوە ئەگەر سەیر بکەی ئێمە لە ساڵی 2021 لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 142 هەزار دەنگمان لە نەینەوا هێناوە کە ئێمە 9 کورسیمان پێ بردووە. بەڵام لە مانگی 12ـی 2023ـدا 147 هەزار دەنگمان لە نەینەوا هێنا. ئێمە پێنج هەزار دەنگی زیاترمان هێنابوو. بەڵام لەناو ئەو کورسییانەی لەناو ئەنجوومەنی پارێزگا بوون، بەڵێ پارتی دیموکراتی کوردستان کورسییەکانی کەمیکرد. چونکە کورسی لایەنەکانی دیکەش کەمیکرد. لەبەرئەوەی لایەنەکانی دیکەش ژمارەی کورسی پێشتر بۆ نموونە ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا لە نەینەوا 41 کورسی بوو بەڵام ئەمجارە دابەزی بۆ 26 کورسی. واتە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی خودی ئەنجوومەنەکە 15 کورسی کەمیکردبوو. 
 
رووداو: بێینە سەر ناوخۆی هەرێمی کوردستان. بۆ لەسەر پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ یەکێتیی رێکنەکەوتن؟ ئەم هەڵبژاردنە هیچ کاریگەریی هەبوو؟  
 
هێمن هەورامی: با بە راشکاوی وەڵامی ئەم پرسیارەت بدەمەوە. لێرە پارتی دیموکراتی کوردستان سەربەرزانە دەتوانم بڵێم کە پارتی دیموکراتی کوردستان هۆکار نەبووە. لەبەرئەوەی پرسیارەکە ئەمەیە، بۆ هەڵبژاردن کراوە؟ هەڵبژاردن بۆ ئەوە کراوە بزانین خەڵکی کوردستان متمانەی زیاتری بە چ حیزبێکی سیاسیی هەیە؟ پێش ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بکرێت، هەموو ئەو پیلانانەی داڕێژران بۆ ئەوەی پارتی بشکێنن بەوەی کە لە جیاتی کۆمیسیۆنی هەرێم بیخەنە دەست کۆمیسیۆنی عێراق و لە جیاتی تۆماری دەنگدەرانی هەرێم بیخەنە دەست تۆماری دەنگدەرانی عێراق. لە جیاتی ئەوەی بە یاسای هەرێمی کوردستان بێت کە کوردستان یەک بازنە بوو، کوردستانیان کردە چوار بازنە بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی، هەموو بە خەیاڵی خاوی خۆیان ئەوە بوو پارتی بشکێنن و هەژموونی پارتی کەمبکەنەوە. بیریشمان نەچێت بەشێکی زۆری دروشمەکان و هەڵمەتی بەشێک لە برادەران لە سلێمانی ئەوە بوو کە دەیڕوخێنین. بۆیە ئەگەر سەیری ئەمانە بکەین و هەمووی کۆبکەیتەوە، توانییان پارتی پێ بڕوخێنن؟ نەیانتوانیوە پارتی پێ بڕوخێنن. لە ئایندەش ناتوانن پارتی بڕوخێنن، بە زمانی رووخاندن ناتوانن لە پارتی ببەنەوە. بەڵام بە زمانی گوڵ و بە زمانی دیالۆگ و بە زمانی پێکەوەیی دەتوانن زۆر شت لە پارتی وەرگرن. بۆیە دوای هەڵبژاردنیش پارتی بە پشوویەکی درێژەوە ئێمە دەمانویست حکومەتێکی یەکڕیزی نیشتمانیی نەک تەنیا لەگەڵ یەکێتی، لەگەڵ هەموو ئەو لایەنە بەڕێزانەی کە براوەی کورسی بوون لەناو پەرلەماندا، دروست بکرێت. بەڵام هەر زوو بەشێک لە لایەنەکان ئیعلانی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان کرد، تەنیا برادەرانی یەکێتیی مانەوە. ئێمە و یەکێتیی تەجروبەیەکی باشی ئیشکردنی پێکەوەییمان هەیە و ئێمە خوازیاری بەردەوامی ئەم تەجروبەین. پێکەوە بەرەی کوردستانیمان دروست کرد، پێکەوە راپەڕینمان کرد، پێکەوە حکومەتمان دروست کرد، پێکەوە شەڕی داعشمان کرد، پێکەوە دەستوورمان داڕشت. دەتوانین زۆر شتی دیکەش بۆ خەڵکی کوردستان بکەین. بۆیە خوازیاری ئەوە بووین بە پشوویەکی درێژەوە گفتوگۆکان دەرەنجامیان هەبێت. ئێمە لە حەوتی یەک دەستمانکرد بە گفتوگۆکردن لەسەر کارنامەی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتیی کە بەرنامەی حکومەت بەشێکییەتی. بە ئیعتیرافی خودی شاندی دانووستاندنکاری یەکێتی، 80٪ی ئەو بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لێی رازی بوون. لە بیدایەتیش بە ئێمەیان گوتووە پۆست لای ئێمە گرنگ نییە کارنامە گرنگە. کارنامەکە پێنج مانگی ویست تا توانیمان کۆتایی پێ بهێنین. بەداخەوە دەتوانم بڵێم راستە پێش هەڵبژاردن هەموو خواستێکمان هەبوو پێش هەڵبژاردن حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست بێت چونکە بۆ پێگەی هەرێم لەناو ئەو گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیەی کە لە ناوچەکەدا روودەدات ئەمە باشتر دەبوو. بەڵام کە نەشبووە ئەمە کۆتایی دنیا نییە، زۆرێک لە هۆڵەندا چەند جارێک ئینتیخاب کرا و نەتوانرا حکومەتی پێکبهێندرێت. بۆیە ئێمە پێمانوانییە نەخێر پێش هەڵبژاردن حکومەت پێکبهێندرێت. 'لكل حادث حديث' دوای ئینتیخابات. 
 
رووداو: یەکێتی هۆکار بوو؟
 
هێمن هەورامی: من ناڵێم بە تەنیا ئەوان هۆکار بوون، بەڵام بەداخەوە دەتوانم بڵێم...
 
رووداو: بەڵام یەکێتی زۆر بە روونی دەڵێن پارتی هۆکار بوو!
 
هێمن هەورامی: نا! سەیرکەن، ئەم پشوودرێژییەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێنج مانگ کات کوشتن لەلایەن بەڕێزان لە یەکێتییەوە تەنیا بۆ ئیشکردن لەسەر کارنامەکە، دیاربوو کە نیەتێکی جیدی نەبوو لەسەر ئەوەی کە پێش هەڵبژاردنی عێراق، حکومەت لە هەرێمی کوردستاندا دروست ببێ، نەتیجەی ئینتیخابات هەیە کە هەرگیز لەسەر ئەساسی ئەوە مامەڵەمان لەگەڵ یەکێتی نەکردووە و نایکەین. راستییەکی تاڵ هەیە لە هەرێمی کوردستان لە رووی جوگرافییەوە، هەوڵدراوە بە شێوازێک مامەڵە لەگەڵ ئەم راستییە تاڵە بکرێت لەگەڵ بەرەنجامی هەڵبژاردنەکان نە پەنجا بە پەنجای جاران هەبێ، نە لەبەرچاو نەگرتنی واقیعی جوگرافیش هەبێت، بۆیە هەوڵدراوە لەسەر ئەساسی شەراکەتێکی حەقیقی.. شەراکەتی حەقیقی لە کارنامەدا رەنگ دەداتەوە...
 
رووداو: بەڵام لە پۆستیشدا رەنگ ناداتەوە؟
 
هێمن هەورامی: وەکو چی لە پۆستدا؟
 
رووداو: ئەوان دەڵێن دادپەروەری لە پۆستەکاندا نییە! بۆ نموونە سەرۆکایەتییەکان لای ئێوە، دەزگا ئەمنییەکان لای ئێوەیە.
 
هێمن هەورامی: با روونی بکەینەوە، جارێ لە بابەتی سەرۆکایەتییەکاندا جۆرێک لە رێککەوتنی ستراتیژی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هەبووە؛ سەرۆکی کۆمار بەرامبەر بە سەرۆکی هەرێم بووە، سەرۆکی کۆمار لای یەکێتییە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پارتییە. 
 
رووداو: بەڵام سەرۆککۆماری بە دەنگدان بردووەتەوە.
 
هێمن هەورامی: ئەگەر لە کۆتاییدا بە رێککەوتن لەگەڵ ئێمەدا نەبووایە، ئەم سەرۆککۆمارەی ئێستا نەدەبووە سەرۆککۆمار. لە بابەتی سەرۆکایەتییەکاندا بەرکەوتەی سەرۆکی هەرێم بۆ هێزی براوەیە، سەرۆکی حکومەتیش بەرکەوتەی براوەی هێزی یەکەمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە بابەتەکانیش، لە مەلەفی دارایی، ئەمنی و خزمەتگوزاریش، بە نزیکەیی توانیبوومان هاوسەنگییەکی باش دروست بکەین بەڵام ئێمە ئەو جیدییەتەمان لە برادەرانی یەکێتی نەبینی. 
 
رووداو: کێشەکان لەسەر پۆستە؟
 
هێمن هەورامی: حەزدەکەم ئەو پرسیارە لە برادەران بکەیت، چونکە پێمان وایە.. بە قەناعەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کەی پێویست بکات ئێمە تەواوی وردەکاری ئەمە رەنگە بۆ رای گشتی باس بکەین. ئێمە بە قەناعەتی خۆمان، هەم لە رووی کارنامەی حکومەت و هەمیش لە رووی پۆستەکان، زیاد لە ئیستیحقاق لەگەڵ یەکێتی ویستوومانە بە شەراکەت دروستی بکەین، کە برادەران رەنگە ئەو ئامادەییەیان نەبووبێ پێش هەڵبژاردن بیکەن، رەنگە بیبەستنەوە بە هەندێ دۆخی دوای هەڵبژاردنی وەکو موعادەلاتی بەغداوە، بەڕاستی ئەمە بڕیارێکی سیاسییە و دەبێ ئەم پرسیارە لە یەکێتی بکرێت.
 
رووداو: دەڵێن وەزارەتی ناوخۆ گرێکوێرەکەیە؟
 
هێمن هەورامی: بۆچی گرێکوێرە بێت؟ وەزارەتی پێشـمەرگە یەکێکە لە وەزارەتە هەرە هەستیارەکان کە دراوە بە برایانی یەکێتی، پێشتریش وەزارەتیان بەدەستەوە بووە، بۆیە ئەگەر نیەتێکی جیدی هەبووایە رەنگە بیکەنە بیانوو بڵێن وەزارەتی ناوخۆ، ئەگینا وانییە.. من حەزناکەم ئەو قسەیە بکەم، بەڵام ئەگەر پارتیش ئامادەبووبێ وەزارەتی ناوخۆ بداتە یەکێتی ئەوان ئامادە نەبوون پێش هەڵبژاردن حکومەت دروست بکرێت.
 
رووداو: وەزارەتی ناوخۆیان نادەنێ؟
 
هێمن هەورامی: نەخێر.
 
رووداو: بەهیچ جۆرێک؟
 
هێمن هەورامی: لە سیاسەتدا وەک ئینگلیزەکان دەڵێن: هەرگیز مەڵێ هەرگیز. بەڵام ئەوەندەی من ئاگاداربم، نەخێر پارتی دیموکراتی کوردستان بەرکەوتەی وەزارەتی ناوخۆ بە هی خۆی دەزانێت. بەڵام لە چوارچێوە ئەمنییەکاندا؛ سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم کە دەبێ کارا بکرێ لای برادەرانی یەکێتی بووە، بۆچی کارایان نەکردووە؟ ئەگەر ئەوان گلەییی دەکەن و دەلێن ئەو دەزگایە لای ئێمە نییە، باشە دوای رووداوەکانی لالەزار بەناوی دەزگای ئاسایشی هەرێم روونکردنەوەکانیان بڵاوکردووەتەوە، ئەی بۆ نایەن لە هەولێر لەسەر ئاستی هەموو هەرێم دەزگای ئاسایش کارا بکەن کە سەرۆکەکەی لای ئەوانە. 
 
رووداو: ئەگەر کارابکرێت ئامادەن لە هەولێر بارەگای بۆ دابین بکەن؟
 
هێمن هەورامی: رەنگە ئەمە یەکەم جارم بێت من ئەم قسەیەش بکەم، لەگەڵ دەستپێکردنی کابینەی نۆیەم من ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری یەکێتی بووم، داوا لە برایانی یەکێتی کرا لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ئاسایش، بارەگای دەزگای ئاسایشی هەرێم کە بەدەست یەکێتییەوەیە بارەگاکەی لە هەولێر بێت، تەنانەت پێشنیازی بارەگای وەزارەتی ناوخۆی پێشوو کە کاک کەریم شنگالی لەوێ بوو پێشنیاز کرا، ببێتە دەزگای ئاسایشی هەرێم بۆ برادەران بەڵام نەهاتن.
 
رووداو: پارتی سازشی کرد بۆ پێکهێنانی کابینەی 10؟
 
هێمن هەورامی: زۆر..
 
رووداو: لە چیدا؟
 
هێمن هەورامی: بۆ نموونە؛ لە مەلەفە داراییەکاندا، دوو وەزارەت هەن، سامانە سرووشتییەکان و دارایی، پارتی ئامادە بووە دەستبەرداری وەزارتی دارایی ببێت لەکاتێکدا هەستیارترین وەزارەتە.. سەیرکە ئەگەر سەیری تەرکیبەی هەموو حکومەتەکانی دونیا بکەیت هەمیشە سەرۆکی حکومەت لە کام لایەن بووبێ وەزارەتی داراییەکەشی لەگەڵ بووە، چونکە لە زۆر وڵات وەزارەتی پەروەردە و دارایی سیادین، وەزارەتی دەرەوە سیادی نییە. واتە وەزارەتی دارایی بەرامبەر بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بووە.
 
رووداو: پێم خۆشە پێم بڵێی چ پۆستێکتان بە یەکێتی دا؟
 
هێمن هەورامی: ناتوانی لێم دەربێنی، جێی دەهێڵم بۆ شاندی دانوستاندنکار، چونکە ئێمە حیزبێکی مەرکەزین و پابەندین بە رێنماییەکان خۆمان، کەی پێویست بکات هەڤاڵانی شاندی دانوستاندنکار روونکردنەوە دەدەن.
 
رووداو: بیستوومە وەزارەتی شارەوانی، پێشمەرگە، دارایی و هەندێ وەزارەتی دیکەی خزمەتگوزاری بدەن بە یەکێتی؟
 
هێمن هەورامی: ئەمە هەمووی گفتوگۆ بووە.. ئەم بەرکەوتەیەی ئەمجارە لە کابینەی دەیەم زۆر زیاتربووە کە لە کابینەی نۆیەمدا بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دراوە. 
 
رووداو: لە چەند بەرپرسێکی پارتیم بیستووە کە ئەم نەرمی نواندنەی پێش هەڵبژاردن کە پارتی هەیبوو بۆ پێکهێنانی حکومەت، دوای هەڵبژاردن نایمێنێت، ئەمە راستە؟ جۆری دانوستاندنەکان دەگۆڕێت؟
 
هێمن هەورامی: مرۆڤ دەبێ لە سیاسەتدا دیدێکی پانۆرامایی هەبێ، ساڵێکە هەڵبژاردن کراوە، حەقە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەم پرسیارە لە پارتی و یەکێتی بکات بۆ حکومەتتان پێکنەهێنا؟ لە زۆرێک لە ئەزموونە دیموکراسییەکانی جیهانیشدا زۆر ئاساییە و ئەم کۆتایی دنیا نییە کە هەڵبژاردن کراوە و نەتوانراوە حکومەت تەشکیل بکرێت سیناریۆی دیکە لەبەردەستە، بەڵام منیش جەخت دەکەمەوە حەتمەن ئەگەر پێش هەڵبژاردنی عێراق کابینەی دەیەمی حکومەت دروست بکرایە ئەو دەستکەوتانەی لە پارتی دەتوانرا بەدەست بهێنرێ، زۆر زیاتر دەبوون لەو دەستکەوتانەی لە دوای هەڵبژاردن ئەگەر حکومەت دروست بکرێت. 
 
رووداو: ئەگەر دروست بکرێ؟
 
هێمن هەورامی: ئەگەر دروست بکرێ..
 
رووداو: یانی چی ئەگەر دروست بکرێ؟
 
هێمن هەورامی: ئیتر ئەوە با بمێنێ بۆ دوای هەڵبژاردن..
 
رووداو: دروست ناکرێ؟
 
هێمن هەورامی: با بمێنێ بۆ دوای هەڵبژاردن.
 
رووداو: ئەگەر هەیە دروست نەکرێ؟
 
هێمن هەورامی: دەڵێم با بمێنێ بۆ دوای هەڵبژاردن، با بزانین هەڵبژاردن چۆن دەبێ...
 
رووداو: ئەگەر هەیە دروست نەکرێ؟
 
هێمن هەورامی:  هەموو سیناریۆیەک واردە، با بمێنێ بۆ دوای هەڵبژاردن، با تۆزێک مەجال بە یەکدی بدەین، مەبەستم ئەوە نییە لەگەڵ تۆ، مەبەستم بۆ یەکێتییە...
 
رووداو: واتە ئەو پۆستانەی ئێستا بۆ یەکێتیتان پێشنیاز کردووە، دوای هەڵبژاردن نامێنێ؟
 
هێمن هەورامی:  سیاسەت؛ هەندێ شت هەن لە زەمان و مەکانی خۆیاندا دەکرێن، تێپەڕینی ساڵێک بەسەر ئەوەی ئێمە... شەش رۆژی دیکە ساڵیادی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کۆنسووڵخانە و هەرچی هاتنە لای ئێمە و چوونە لای یەکێتی، پێشنیازیان دەکرد، پشتیوان و راسپاردەیان هەبوو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە گرنگە هەرێمی کوردستان یەک حکومەتی هەبێ، بە حکومەتێکی یەکگرتووەوە بەرامبەر بە بەغدا بەهێزتر دەبووین، بەرامبەر بەو دۆخە شێلووەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە بەهێزتر دەبووین، بەڵام کە نەبووە ئەمە کۆتایی دنیا نییە، سیناریۆی دیکەش دەبێت.
 
رووداو: سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پێتانوایە بەم نزیکانە کێشەی مووچە بە تەواوی چارەسەر دەبێت؟
 
هێمن هەورامی: ئێمە پشتیوانی ئەو رێککەوتنە دەکەین کە لە نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ئێمە و کۆمپانیا نەوتییەکان و حکومەتی عێراق کراوە و پێمان وایە ئەمە یەکێکە لە دەرفەتە هەرە باشەکان کە پشتیوانیی نێودەوڵەتیشی هەبووە، ئەمە پاڵپشتییەکی باش دەبێت بۆ هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق ئیتر بابەتی مووچە نەبەستنەوە بەو تەفسیرە خراپانەی لە بەغداوە دەکران، ئێمە ئومێدمان هەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ کە کۆتایی ساڵی بودجەی عێراقیشە ئەم رێککەوتنە بەردەوام بێت.
 
رووداو: لە سەرەتای ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق پەیوەندییەکی زۆر بەهێزتان لەگەڵ سوودانی هەبوو، بەڵام لەم دواییانە کێشەکان زۆر ئاڵۆز بوون، وا دەردەکەوت پەیوەندییەکانتان ئەو گەرم و گوڕییەی نەمابێت، بۆچی؟
 
هێمن هەورامی:  هۆکار هەیە.. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەکەوە بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە پێی دەڵێن: هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، ئەوەی کە رێککەوتنی کرد بۆ ئەوەی ئەم کابینەیەی ئێستای سوودانی پێکبهێنێت، وەرەقەیەکی سیاسیی هەیە، تەقریبەن 12 خاڵە، یەک خاڵیش لەم 12 خاڵە جێبەجێ نەکراوە، ئەوان دەڵێن کراوە.. جارێک من لە یەکێکیانمان پرسی چۆن جێبەجێ کراوە؟ بۆ نموونە؛ رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە. گوتیان: نەخێر کراوە. گوتمان چۆن کراوە؟ گوتی: ئەوەتا قەرارمان هەیە بۆ جێبەجێ کردنی. ئاخر لیژنە دروستکردن بۆ جێبەجێکردنی ناکاتە جێبەجێکردن. بۆ نموونە گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک و لە زۆر شوێنەکانی دیکەش. بۆ نموونە شایستەکانی پێشمەرگە، دروستکردنی ئەو یەکە هاوبەشانەی بڕیاربوو بۆ ناوچەکانی دیکە هەبێت، ناردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز لە شەش مانگی یەکەمی کابینەکەی سوودانی کە دەبوو بۆ پەرلەمانی عێراقیان بناردایە بۆ ئەوەی ئەم کێشانە چارەسەر بێت. بەداخەوە زۆرێک لەو دۆسیانەی هەبوون، بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی و کابینەکەی نەیانتوانی ئەم خاڵانە جێبەجێ بکەن. بۆیە هەڵوێستی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرامبەری جیاواز بوو لە کۆتایی کابینەکەی. جگە لەمەش بڕیاری بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان لە مانگی پێنج کە دەیانگوت ئەگەر بە بیرتان بێت و بگەڕێیتەوە بۆ بڕیاری وەزیری دارایی عێراق و حکومەتی محەممد شیاع سوودانی، دەیانگوت شایستەی بودجەی هەرێم تەواو بووە و ئەم بڕیارەش بڕیارێکی سیاسیی نییە بڕیارێکی یاسایی داراییە. بەڵام دواتر ئەگەر رێککەوتنی سیاسیی کرایەوە و چەند مووچەیەکی هەرێمی کوردستان درا ئەو کات بڕیاری سیاسیی نەبوو. دەرکەوت بڕینەکەی بڕیاری سیاسیی بوو. 
 
رووداو: ئەی بۆ دوای هەڵبژاردن؟ 
 
هێمن هەورامی: هێشتا زووە قسەی لەسەر بکەین. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا شیعە جارێکی دیکە دەرفەتی پێ دەدرێتەوە؟ تەنیا مالیکی توانیوویەتی دووجار واتە دوو خول لەسەر یەکدی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران بێت.  
 
رووداو: محەممەد شیاع سوودانی بە نیازە جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆکوەزیران؟ رای پارتی لەسەر ئەمە چییە؟ 
 
هێمن هەورامی: دەتوانێ و بە نیازە! دوو بابەتی زۆر لێک جیاوازن. ئەگەر بشتوانێت ئایا رێگەی پێدەدەن؟ شیعەکانی دیکە دەرفەتی پێدەدەنەوە؟ رێگە دەدەن سەرکردە لەنێوانیان دروست بێت؟ 
 
رووداو: کێ ئەم دەرفەتە دەدات؟ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو هەڵبژێردرێت؟
 
هێمن هەورامی: بە راشکاوی بیڵێم، برایانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەمانە یەکێکن لەو مەرجەع و ناوەندانەی کە بڕیار دەدەن. مەرجەعییەتی شیعە یەکێکە لەمانە و پشتیوانی ئێرانیش کە نەیانشاردووە بۆ ئەوان شتێکی گرنگە بە لای شیعەکانەوە، بەڵام شایستەی هەڵبژاردن و سازانیش لەگەڵ هەردوو پێکهاتەی کورد، لەناو کوردیش پارتی. لەناو سوننەکانیش ئەمە گرنگە بۆ ئەوەی بزانرێت ئەوانیش گرنگن بۆ ئەوەی ئەم کابینەیە دروست بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پاسکال کۆنفارڤرۆ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا و بێستوون عوسمان، پێشکێشکاری رووداو

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بۆ رووداو: سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین هەڕەشە لە سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەکەن

پاسکال کۆنفارڤرۆ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە پیشکێشکار بێستوون عوسمان لەگەڵی کرد، ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن و هاوتا ئێرانییەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، پاریس پەیامێکی "تووند و راستەوخۆ"ی ئاراستەی تاران کردووە.