کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا: زۆربەی بازرگانیی وڵاتەکەمان لەگەڵ عێراق لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئارێز خالید
 ئادریان ئێسڵستاین، کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا
ئادریان ئێسڵستاین، کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، ئادریان ئێسڵستاین، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشک دەخاتە سەر پڕۆژە هاوبەشەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵی دا، ئێسڵستاین ئاشکرای دەکات کە قەبارەی بازرگانیی نێوان هۆڵەندا و عێراق ساڵانە دەگاتە 6 ملیار یۆرۆ و، هۆڵەندا گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی عێراقە لەنێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپادا. 
 
کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا دەڵێت، "زۆر لە بازرگانییەکان لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە یان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێن"، هەروەها دەڵێت، کۆمپانیاکانیان ئارەزووی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام گرفتی سیستمی بانکی هەیە و کار بۆ چارەسەرکردنی دەکەن.
 
 ئادریان ئێسڵستاین جەخت لەوە دەکاتەوە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا و دەڵێت، "پێمانوایە زۆر گرنگە پێش کۆتاییهاتنی ئەم هەوڵە، هەندێک ئەنجامی بەرجەستە هەبێت و هەندێک چاکسازیی راستەقینە لە پێشمەرگەدا ببینین"، سەبارەت بە کردنەوەی ڤیزەی گەشتیاری بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئێسڵستاین ئاماژە بەوە دەدات، "بەهۆی کۆچی نایاسایی، ئێستا تەنیا ڤیزەی بازرگانی دەدەن و هیچ رێگەیەک بۆ پێدانی ڤیزەی گەشتیاری نییە".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئادریان ئێسڵستاین، کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا:
 
رووداو: سوپاس، وەکو هۆڵەندا، بۆچی ئەم ناوچەیەتان بۆ ئەم پڕۆژەیە هەڵبژارد؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: راستییەکەی، ئێمە ئەم پڕۆژەیە و ئەم شوێنەمان هەڵبژارد، چونکە ئەمە لە کۆتاییدا دەریدەخات کە چی روودەدات کاتێک شارەزایی هۆڵەندی لەگەڵ کارسازیی کوردیدا تێکەڵ دەکەیت، ئێمە هاوکاریی داراییمان بۆ بەشێک لەم پرۆگرامە دابین کردووە، هاوکاری داراییمان بۆ ئەم شوێنە دابین کردووە، چونکە لێرە لە بواری کشتوکاڵ دا چالاکین، بۆ ئەوەی پێشانیبدەین کە چی دەکرێت کاتێک بە شێوەیەکی راستەقینە تەکنیکی سەردەمیانە بەکاردەهێنی و کاری لەسەر دەکەیت، پێموایە ئێرە نموونەیەکی زۆرباشە کە تێیدا بەرهەمی تازەی کوالێتی بەرزت هەیە، وەکو کاهوو، کە بە درێژایی ساڵ بەرهەمی دەبێت و لە هەمان کاتدا بڕێکی زۆر ئاوت بۆ دەگەڕێتەوە.
 
رووداو: مەبەستم قەزای سیروانە کە بەشێکە لە پارێزگەی هەڵەبجە، بۆچی تەنیا سیروانتان بۆ ئەم پڕۆژەیە هەڵبژارد؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: راستییەکەی، ئێمە بە تەنیا هەڵمان نەبژاردووە، بەڵکو ئەو کارسازە خۆجێییەی کە کاری لەگەڵ دەکەین ئەم ناوچەیەی هەڵبژاردووە، ئەمە ناوچەیەکە کە ئێمە تێیدا لە پڕۆژە کشتوکاڵییە جیاوازەکاندا چالاکین، چ لە کەرتی بەرهەمە شیرەمەنییەکاندا بێت، وەکو مانگا و بزن، یاخود باخداری و چاندنی درەخت، هەندێک چالاکیی هۆڵەندیمان لێرە هەیە کە بە راستی بۆ هەردوو لا سوودبەخشە، چونکە لێرە دەرفەتی باش بۆ وەبەرهێنەرانی هۆڵەندی هەیە و لە هەمان کاتدا ئاسایشی خۆراک و هەلی کاری خۆجێی دەستەبەر دەکات، بۆیە زۆر دڵخۆشین بەم پێکەوەکارکردنە.
 
رووداو: کەواتە پەیوەندیی بەو رووداوە تراژیدیانەوە نییە کە پێشتر لە هەڵەبجە روویانداوە؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: بێگومان، رووداوەکانی هەڵەبجە رابردوون و زۆر دڵتەزێن بوون، شتێکە کە هەرگیز لە یادی ناکەین، ئێمە لەگەڵ هەڵەبجە لە چەندین بواری جیاوازدا کار دەکەین بۆ پشتیوانیکردنی هەڵەبجە، بۆ پشتیوانیکردنی ئابووریی خۆجێی و وەبەرهێنەرە خۆجێیەکان، بۆ نموونە، لەگەڵ زانکۆیەکە کاردەکەین، پڕۆژەیەکمان هەیە بە ناوی "پێکەوە شارەکەمان دروست دەکەین" کە تێیدا هانی گەنجان دەدەین کار لەسەر چارەسەری خۆجێیی بۆ کێشە خۆجێیەکان بکەن، هەروەها لە بواری بازرگانیش کار دەکەین، بۆ هاندانی کارسازی و دروستکردنی هەلی کاری خۆجێی.
 
رووداو: دەزانم ئێوە لە هەولێر دەژین، بەڵام دەمەوێت بۆچوونتان لە بارەی سلێمانییەوە بزانم چونکە من خۆم خەڵکی سلێمانین.
 
ئادریان ئێسڵستاین: بەڵێ، تێدەگەم، هەمیشە دڵخۆشم کە دێمە ئێرە، لە راستیدا زۆر حەزم لە سلێمانییە، کاتێک دێمە ئێرە، زۆربەی کات ئێواران دەچمە ئەو شوێنەی پێموایە ناوی شەقامی سالمە.
 
رووداو: سەهۆڵەکە.
 
ئادریان ئێسڵستاین: بۆ خواردنەوەی چایەک لەگەڵ کەمێک کونافە، شارەکە زۆر زیندووە، بە جۆش و خرۆشە، وەکو گوتم، کاری زۆرمان هەیە، وەکو هۆڵەندا زۆر کارسازمان هەن کە لێرە چالاکن، لەپاڵ ئەوەش، خەڵکێکی زۆری هۆڵەندیمان هەن لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانن، لە سلێمانیشن، ئەو کەسانەی پاسپۆرتی هۆڵەندییان هەیە وەکو باڵیۆزی ئێمەن، بۆیە حەزمان لەوەیە پەیوەندیمان لەگەڵیان هەبێت.
 
رووداو: بەبێ هیچ پاسەوانێک بە شەقامی سالمدا پیاسە دەکەیت و لە هیچ کێشەیەکی ئەمنی ناترسیت؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: هەمیشە لێرە هەست بە ئاسوودەیی دەکەم، دەچمە ئەوێ چایەکەم دەخۆمەوە و چێژ لە بینینی ژیانی شارەکە وەردەگرم، هاوشێوەی خەڵکێکی زۆری ئێرە،
 
رووداو: دەزانم ئێوە و وڵاتەکەتان زۆر حەزتان لە قسەکردنە لەسەر کەرتی کشتوکاڵ، دەمەوێت هەندێک پرسیار لەسەر کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان بکەم، هۆڵەندا چۆن یارمەتیی جووتیارانی کوردستان دەدات بۆ گەشەپێدانی بەرهەمەکانیان؟ وەکو دەزانن، لەم سەردەمی وشکەساڵییەدا، باران نییە.
 
ئادریان ئێسڵستاین: بەڵێ، لە راستی دا پێموایە ئەمە باشترین نموونەیە، بە پڕۆژەیەکی وەک ئەمەیان دەتوانی بڕێکی زۆر کاهوو، بڕێکی زۆر خۆراک بەرهەمبێنی، لە کاتێکدا بڕێکی یەکجار زەبەلاحی ئاوت بۆ دەگەڕێتەوە، چونکە بڕێکی کەم ئاو بەکاردەهێنیت بەراورد بەوەی ئەگەر لە دەرەوە بەرهەمی بێنیت، بۆیە پڕۆژەی وەکو ئەمەمان هەیە بۆ هاندانی بەرهەمی خۆماڵی، بەڵام لە هەمان ئامانجێکی دیکەمان ئەوەیە کارەکە بە شێوەیەک بکەین کە لەگەڵ دۆخی کەشوهەوادا بگونجێت، چونکە دەزانی ئەمە تەنیا پەیوەندیی بە رەخساندنی هەلی کارەوە نییە، تەنیا تەنیا پەیوەندیی بە دروستکردنی خۆراکی زیاتر نییە، بەڵکو دەبێت ئەوەش لەبەرچاوبگریت کە ئاو لێرە بێسنوور نییە، لە هۆڵەندا هەندێک جار ئاومان زۆرە، لێرە دیارە کە ئاوتان زۆر کەمە، هەر کارێک بکەین کاتێک دێتە سەر برەودان بە کشتوکاڵ لێرە، یاخود ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری یان گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەت، دەمانەوێت دڵنیابینەوە لەوەی کارەکە بەشێوەیەک دەکرێت کە توانای مانەوەی هەبێت و هەروەها تێیدا کەمیی ئاو لەبەرچاو بگیرێت.
 
رووداو: هۆڵەندا دەستەواژەی کێشەی ئاوی گۆڕیوە بۆ بەڕێوەبردنی ئاو، چۆن شارەزایی و ئەزموونتان بۆ جووتیارانی کورد لێرە بەکاردەهێنن؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: راستە، دەتوانی لە چەند ئاستێکی جیاوازەوە لێی بڕوانیت، بۆ نموونە، ئاڵوگۆڕی زانیاریمان هەیە کە تێیدا، با بڵێین زانکۆکان زانیاری لەگەڵ زانکۆکانی دیکە ئاڵوگۆڕ دەکەن، یاخود راهێنانی کردارەکی پێشکێشی جووتیاران دەکەین، راهێنانی تایبەتمەند کە پێیان دەڵێین چۆن بە باشترین شێوە زەوییەکانیان ئاوبدەن، لە هەمان کاتدا هێنانی ئەو کۆمپانیانە لە هۆڵەنداوە کە شارەزایی کردارییان هەیە، بۆ نموونە ئەو کۆمپانیانەی کە دەزانن چۆن خانوویی پلاستیکی دروست بکەن و چۆن وای لێبکەن وزە و ئاوی کەم بەکارببات، بۆ ئەوەی بیانهێنینە ئێرە و هانیان بدەین لێرە وەبەرهێنان بکەن، لە هەمان کاتدا هانی خەڵکی کوردیش دەدەین لەگەڵ ئەو کۆمپانیا هۆڵەندییانەدا بکەونە پەیوەندییەوە و کاریان لەگەڵدا بکەن.
 
رووداو: یەکێک لە بەشەکانی بازرگانی لە کەرتی کشتوکاڵ دا هەناردەکردنی بەرهەمەکانە بۆ بیانییەکان، بۆ نموونە بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا، دەزانن هەندێک بەرهەمی خۆماڵیمان هەیە وەکو پەتاتە، تەماتە، تەحین، چەند رۆژێک پێش ئێستا فێستیڤاڵێکمان هەبوو، هۆڵەندا چۆن یارمەتیی جووتیارانی کورد دەدات بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان بۆ بازاڕی ئەورووپا یاخود هۆڵەندا؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: با بەوە دەستپێبکەم کە بڵێم من بەڕاستی حەزم لە بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئێرەیە، وەکو هەناری هەڵەبجە و سێوی بەرواری.
 
رووداو: خواردووتن؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: بەڵێ، بێگومان خواردوومن، بەم دواییانە لە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە بووم، زۆر ئیلهامبەخشە کە دەبینیت...
 
رووداو: سەردانی فێستیڤاڵی هەنارت کرد؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: بەڵێ، لەوێبووم، بەرهەمی کوالێتی هەرە بەرزە لێبوون، بەڕاستی نایابە، بە دڵنیاییەوە، کاتێک دێتە سەر هەناردەکردنیان بۆ ئەورووپا، رێنمایی تووندی سەلامەتیی خۆراک هەیە، ئەوەی ئێمە دەیکەین بۆ نموونە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر هەندێک پڕۆژەی بچووکمان هەبوو کە تێیدا راهێنانمان بە بڕیاربەدەستانی ناوخۆیی کرد، بڕیاربەدەستانی هەرێمی کوردستان، راهێنانمان پێکردن لەسەر سەلامەتیی خۆراک، راهێنانی کردارییمان پێدان لەسەر ئەوەی چی بکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی چۆن رێگە بە بەرهەمەکانیان دەدرێت بچنە یەکێتیی ئەورووپا، ئەمانە هەندێک لەو شتانەن کە ئێمە دەیانکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی کە رۆژێک لە رۆژان هەناری هەڵەبجە و سێوی بەرواری بگەنە بازاڕی ناوخۆی هۆڵەندا.
 
رووداو: باشە بەڵام وەکو کۆنسووڵخانەی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، باوەڕتان وایە بەرهەمەکانمان زۆر گونجاون بۆ ئەوەی لە بازاڕەکانی ئەورووپا هەبن؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: وەکو گوتم من بەڕاستی حەزم لەو بەرهەمانەیە.
 
رووداو: لە رووی کوالێتییەوە مەبەستمە.
 
ئادریان ئێسڵستاین: کوالێتییەکەی هەرە بەرزە، ئێمە کەمێک توێژینەوەمان کرد، پێموایە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر بوو، کاتێک باسی خۆراک دەکرێت، تەنیا ئەوە نییە کە باشترین بەرهەمت هەبێت لە کاتی کۆکردنەوەی بەرهەمدا، بەڵکو دڵنیابوونەوەیە لەوەی پاکەتکردنی دروست، ناونیشانی دروست، گواستنەوەی دروست و ساردخانەت هەبێت، چونکە ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە کۆکردنەوەکە زۆرباشە، بەڵام هەندێک جار کێشە لە پاکەتکردن و ساردخانەدا هەیە، بۆیە لە پرۆسەی گواستنەوە بۆ شوێنی مەبەستی کۆتایی، زۆر لە بەرهەمەکان کوالێتییە باشەکەیان لەدەستدەدەن.
 
رووداو: بێگومان، بێگومان.
 
ئادریان ئێسڵستاین: بۆیە پێموایە لەو رووەوە هەندێ ئاڵەنگاری ماون، ئەوانە ئەو ئالەنگارییانەن کە بەڕاستی دەمانەوێت هاوکاربین بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانین هەردوولامان چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، دووبارەی دەکەمەوە بەرهەمەکان نایابن، بەڵام لە هەمان کاتدا رێنماییەکانی سەلامەتی لە ئەورووپا زۆر تووندوتۆڵن.
 
رووداو: چۆن دەتانەوێت یارمەتیی جووتیاران بدەن بۆ ئەوەی ئەم پرۆسانە بەباشی بکەن بۆ هەناردەکردن؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: بەڵێ، وەکو گوتم، ئێمە کەمێک توێژینەوەمان لەسەر ئەمە کردووە، نەک تەنیا لەسەر کۆکردنەوەی بەرهەم، بەڵکو لەسەر ئەوەی چۆن ئەم بەرهەمە دەگاتە بازاڕ، چەند شتێکمان دیاریکردووە کە دەتوانین کاریان لەسەر بکەین، بەڵام ئەوە شتێکە کە دەبێت پێکەوە لەگەڵ کۆمپانیاکان بیکەین، زۆربەی کارەکانمان لەسەر بنەمای پێکەوەکارکردنە، ئەوە نییە کە ئێمە شتێک دەکەین، بەڵکو دەمانەوێت هاوکاری بکەین، دەمانەوێت هاوکاریی کۆمپانیا ناوخۆییەکان بکەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانن خۆیان باشتر بکەن، ئەمە یەکێکە لە بوارەکان، بواری دووەم، وەکو گوتم راهێنانە بە بڕیاربەدەستان، وەکو ئەوەی لە راستی دا دەبێت چی بکەیت؟ دەبێت لێرە چی بکرێت بۆ ئەوەی دڵنیابیتەوە کە پڕۆژەکەت رێگەی پێدەدرێت بچێتە ناو یەکێتیی ئەورووپا.
 
رووداو: باشە، با باسی بازرگانی بکەین، دەزانن هەندێک کۆمپانیای هۆڵەندی لە هەرێمی کوردستان و لە وڵاتانی جیاواز کار دەکەن، ئاستی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و هۆڵەندا چۆنە؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: لە راستی دا زۆرباشە، دەزانیت کە هۆڵەندا هاوبەشی بازرگانیی ژمارە یەکە لە یەکێتیی ئەورووپاوە بۆ عێراق بەگشتی؟ دەبێت وابڵێم چونکە ئێمە لە ئامارەکانماندا جیاوازی ناکەین لەنێوان عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان، بەڵام بەگشتی، ئێمە گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئەورووپین، بە 6 ملیار یۆرۆ بازرگانیی لە ساڵێک دا.
 
رووداو: 6 ملیار یۆرۆ؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: 6 ملیار.
 
رووداو: لەنێوان هۆڵەندا و عێراق یان هەرێمی کوردستان؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: لەنێوان هۆڵەندا و عێراق، ئێمە لەم ئامارانەدا جیاوازی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان ناکەین، بۆیە ئەگەر لێم بپرسیت ژمارەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان چەندە، ئەوە نازانم، من تەنیا ژمارە گشتییەکە دەزانم، بەڵام ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە زۆر لە بازرگانییەکان لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە یان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێن، کشتوکاڵ بە دڵنیاییەوە یەکێکە لەوانە، بەڵام بەڕاستی حەزدەکەین ئەوە فراوانتر بکەین.
 
رووداو: جگە لە کشتوکاڵ، چ جۆرە بازرگانییەکی دیکە هەیە؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: دیارە کە لەگەڵ وڵاتێکی وەکو عێراق کە هێندە پشتی بە نەوت بەستووە، بازرگانییەکە پەیوەندیی بە نەوتەوە هەیە، هەروەها ئامێر، ئامێر بۆ کارگەکان، بۆ کشتوکاڵ، ئەوەش بەشێکی گرنگە.
 
رووداو: ئەی سەبارەت گوڵ؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: گوڵ، بەڵێ، پرسیارێکی باشە، لە گوڵفرۆشەکەت بپرسە و تێدەگەیت کە زۆر لە گوڵەکان لە راستی دا لە هۆڵەنداوە دێن، بەڵام ئەوەش یەکێکە لەو شتانەی کە دەتوانی لە خۆت بپرسی ئایا ئەوە باشترە لە هۆڵەنداوە بیانهێنی بۆ ئێرە، یاخود لێرە لە ناوخۆ بەرهەمیان بێنی.
 
رووداو: وڵاتەکەتان باشترین سیستمی بانکی هەیە، ئایا دەتانەوێت یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدەن بۆ ئەم سیستمە؟ دەزانن، پڕۆژەیەکی نوێ لە هەرێمی کوردستان هەیە؛ "هەژماری من"، ئایا دەتانەوێت ئەزموونی خۆتان لە بواری بانکی دا بۆ هەرێمی کوردستان بەکاربێنن یان هیچ راوێژێک پێشکێشی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: بێگومان، با بەم شێوەیە بیڵێم، ئەگەر هەوڵبدەین هانی کۆمپانیا هۆڵەندییەکان بدەین لێرە کار بکەن، چەند شتێک هەن کە زۆر گرنگن، یەکێکیان دیارە کە ئاسایشە، دەیانەوێت ئاسایشیان هەبێت، دەیانەوێت سەقامگیریی سیاسییان هەبێت، دەیانەوێت سەروەریی یاسای بەهێزیان هەبێت، ئەوانە وەکو خەڵکی ئاسایین، لە هەر شوێنێک بیانەوێت بازرگانی بکەن یاخود بژین، دەیانەوێت ئەم شتانە رێکخرابن، بەڵام کاتێک دێیتە سەر گەورەترین ئاستەنگی بازرگانی، بە دڵنیاییەوە سیستمی بانکییە، زۆر قورسە بۆ وڵاتانی ئەورووپایی بازرگانی لەگەڵ عێراق یان هەرێمی کوردستان بکەن بەهۆی ئەم کێشەی بانکییەوە، ئەوە شتێکە کە ئێمە لێی دەکۆڵینەوە، شتێک نییە کە ئێمە وەکو هۆڵەندا بتوانین بە تەنیا چارەسەری بکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە شتێکە کە گفتوگۆی لەسەر دەکەین و هەوڵدەدەین بزانین دەکرێ چی بکەین بۆ یارمەتیدان لەو بوارەدا.
 
رووداو: دەزانن لە هەرێمی کوردستان و زۆر لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بابەتە سیاسییەکان هەموو شتێکیان داپۆشیوە، ئێمە لێرە لەم خانووە پلاستیکییەدا دانیشتووین کە پڕۆژەیەکی کشتوکاڵییە و دەمانەوێت باسی هەندێک بابەتی سیاسیش بکەین، با بە پێشمەرگە دەستپێبکەین، هۆڵەندا وەکو بەشێک لەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت پڕۆسەی چاکسازی یاخود یەکخستنەوەی دوو هێزە سەرەکییەکەی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدەن، ئێوە چۆن دەڕواننە پرۆسەی یەکخستنەوە یاخود چاکسازیی لە هێزی پێشمەرگەدا؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: بەڵێ، با بەوە دەستپێبکەم کە بڵێم وەکو هۆڵەندا ماوەیەکی زۆرە لێرە لە بواری سەربازی دا چالاکین، هەر لە نەوەدەکانەوە سەربازی هۆڵەندی لێرەبوون بۆ پاراستنی کورد، دوای ئەوە، پێکەوە لە شەڕی دژی داعشدا بووین، ئێستاش بە دڵنیاییەوە لێرەین، هەروەها راوێژ دەدەین بۆ چاکسازیی پێشمەرگە، پێمانوایە زۆر گرنگە کە پێش کۆتاییهاتنی ئەم هەوڵە، هەندێک ئەنجامی بەرجەستە هەبێت و هەندێک چاکسازیی راستەقینە لە پێشمەرگەدا ببینین، چونکە پێموایە ئەوە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە.
 
رووداو: پڕۆسەکە تاوەکو ئێستا تەواو نەکراوە، چۆن یارمەتیی هێزەکانی پێشمەرگە دەدەن بۆ چاکسازی؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: ئەمە پڕۆژەیەکە کە زۆر وڵات پێکەوە تێیدا بەشدارن، هۆڵەندا سەرنجی لەسەر هەندێک بابەتی زۆر تایبەتە، بۆ نموونە، لەسەر [کەرتی] نیشتەجێبوون، لەسەر دارایی، هەموو هەنگاوە کردارییەکانی دارایی، بۆ راوێژکردن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، یەکەمجار لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دارایی و دابینکردنی شوێنی نیشەجێبوون یان چۆنیەتیی لەبەرچاوگرتنی رۆڵی ژن و پیاو لەنێو پێشمەرگەدا، ئەمانە ئەو بابەتە زۆر تایبەتانەن کە ئێمە راوێژیان لەسەر  دەدەین، پێکەوە لەگەڵ زۆر وڵاتی دیکەی هاوپەیمان دەیکەین، کە ئەوانیش لە بواری جیاجیادا راوێژ دەدەن، هەموو ئەوانە پێکەوە بەشێکن لەو هەوڵە گەورەیە بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەوەش نەک تەنیا پێویستی بەوەیە کە کەسانی دروست و راهێنراوت هەبن، بەڵکو پێویستی بەوەشە کە کارە لۆجستییەکان رێکخرابن و ئەو شتە بێزارکەرانەی لەودیو دەرگا داخراوەکانەوەن، وەکو بابەتی دارایی و لۆجستی و نیشتەجێکردن و هتد، ئەنجامدرابن.
 
رووداو: ئێوە تەنیا هاوکاریی لۆجستیتان هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان، نەک دارایی؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: نەخێر، ئێمە پارەیان نادەینێ، راوێژیان پێدەدەین.
 
رووداو: تەنیا راوێژ؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: بەڵێ.
 
رووداو: راهێنان بە پێشمەرگە و هەروەها سوپای عێراق؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: لەم قۆناخەدا راوێژیان پێدەدەین.
 
رووداو: تەنیا راوێژ.
 
ئادریان ئێسڵستاین: بەڵێ.
 
رووداو: زۆرباشە، ئەمریکا باڵەخانەیەکی نوێی کۆنسووڵخانەکەی لە هەولێر کردەوە، باڵەخانەیەکی گەورە، ئێوە پلانتان چییە بۆ داهاتووی کۆنسووڵخانەکەتان لە هەرێمی کوردستان؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: بە دڵنیاییەوە دەتوانم پێتان بڵێم کە ئێمە کۆنسووڵخانەیەکی هێندە گەورەی وەکو ئەمریکییەکان ناکەینەوە، بەڵام وەکو گوتم ماوەیەکی زۆرە لێرە چالاکین، پەیوەندییەکی زۆرباشمان هەیە لە بوارەکانی سیاسی، بازرگانی و هەروەها راوێژی سەربازیش، جگە لەوەش خەڵکێکی زۆری هۆڵەندیمان هەیە کە لە هەرێمی کوردستان دەژین.
 
رووداو: چەند کەسن؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: لە راستی دا بە دروستی نازانین، بەڵام با پێتان بڵێم کە بۆ هەر کوێیەک دەچم، خەڵکی هۆڵەندی دەبینم، خاوەن پاسپۆرتی هۆڵەندی کە لێرە لە هەرێمی کوردستان دەژین، لە حکومەتن، لە بازرگانیدان، لە زانکۆکانن، بۆ هەر کوێیەک دەچم، خەڵکی هۆڵەندی دەبینم.
 
رووداو: پێموایە ئێوە یەکێکن لەو کۆنسووڵخانانەی کە پاسپۆرتی هاووڵاتیانی هۆڵەندی نوێ دەکەنەوە، وایە؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: بەڵێ، ئەگەر هێشتا بەسەرنەچووبن، بەهەرحاڵ، ئێمە خزمەتگوزاریی کۆنسووڵگەری پێشکێشی  خەڵک دەکەین، ئەوە شتێکە کە دەمانەوێت بەردەوام بین لەسەری و لە راستی دا دەمانەوێت فراوانیشی بکەین، بۆ نموونە ئەگەر سەیری هاوکارییە بازرگانییەکانمان بکەیت، بەم دواییانە چەند شاندێکی بازرگانیمان هەبووە، شاندی بازرگانیی بچووک، بەڵام لە راستی دا ئەوە دەریدەخات کە ئێمە دڵخۆشین بە شێوازی کارەکان و دەمانەوێت پەرەی زیاتریان پێ بدەین و کاری زیاتر بکەین.
 
رووداو: ئاگاداری ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان بەغدا و هەولێرن، هیچ راوێژێکتان هەبووە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: پێموایە ئەوە هەر دەمێنێتەوە سەر سیاسەتڤانە خۆجێیەکان بۆ ئەوەی چارەسەری بکەن، بڵێم چی؟ تەنیا هیوادارم بتوانن ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن، چونکە پێموایە ئەوە بۆ خۆیان و بۆ ناوچەکەش سوودی دەبێت.
 
رووداو: هیچ کۆبوونەوەیەکتان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی کوردستان یان بەرپرسانی حکومەتی عێراق نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: بێگومان، هەموو جۆرە کۆبوونەوەیەکمان هەیە، بەڵام پێموایە شتێکی باشە کە باسی ئەو شتانە نەکرێت کە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە روودەدەن.
 
رووداو: باشە، با باسی گەشتکردن بکەین، گلەییەک لەسەر کۆنسووڵخانەکەتان هەیە کە تەنیا ڤیزەی بازرگانیتان هەیە، ناتانەوێت ڤیزەی گەشتیاری بکەنەوە؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: راستە، ئێمە تەنیا ڤیزەی بازرگانی لێرە لە هەرێمی کوردستان دەدەین، ئەو کەسانەی دەیانەوێت داوای ڤیزەیەکی دیکە بکەن، دەتوانن لە باڵیۆزخانەیەکی دیکەی هۆڵەندا لە دەرەوەی وڵات بیکەن، با ئەوە بڵێم بە تەواوی تێدەگەم کە هەندێک گلەیی و نیگەرانی هەن و خەڵک حەزدەکەن ئێمە کاری زیاتر بکەین، من بە تەواوی لەوە تێدەگەم، بەڵام لە هەمان کاتدا، کێشەیەکیش هەیە کە کەمێک ئازارم دەدات، ئەگەر سەیری کۆچی نایاسایی لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بکەی، لە راستی دا ژمارەیەکی زۆر گەورەی خەڵک هەن کە هەوڵدەدەن بە شێوەیەکی نایاسایی بچنە ئەورووپا و بەتایبەتیش هۆڵەندا، ئەوە زۆر جێگەی داخە، بیهێنە پێش چاوت کە ئێمە هەوڵدەدەین لێرە بازرگانی و هەلی کار دروستبکەین و هەوڵی وەبەرهێنان دەدەین، زۆر خەمناکە کە دەبینین خەڵک هەوڵی رۆیشتن دەدەن، بە تایبەتیش خەمناکە چونکە زۆر لەو کەسانە لە راستی دا دەکەونە داوی تاوانبارانەوە کە پێیان دەڵێن، تۆ دەچیتە ئەورووپا و کارێکی باش و خانوویەکی باشت دەستدەکەوێت، کە لە راستی دا وانییە، بۆیە زۆر لەم کەسانە دەکەونە دۆخێکی نایاساییەوە و دەچەوسێنرێنەوە، ئەوە زۆر خەمناکە، بە تایبەتی بۆ خۆیان خەمناکە، هەروەها لە روانگەی حکومەت و سیاسەتەوە کەمێک زەحمەتە.
 
رووداو: بەڵام دەزانن وڵاتانی دراوسێتان بۆ نموونە فەرەنسا، ئەڵمانیا، یان ئیتاڵیا، ڤیزەی گەشتیارییان هەیە، کەواتە کردنەوە یان دووبارە کردنەوەی ڤیزەی گەشتیاری بۆ خەڵکی کوردستان لە پلانتاندا نییە؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: بۆ ئێستا، نەخێر.
 
رووداو: ئایا بەهۆی کۆچی نایاساییەوەیە؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: بەڵێ، چونکە سیاسەتی ئێستا ئەوەیە کە ئەو ڤیزەیەمان نەبێت، دەتوانم بڵێم کە رەنگە رۆژێک ئەوە گۆڕانکاری بەسەردابێت، بەڵام ئێستا سیاسەتمان ئەوەیە کە هیچ ڤیزەیەکی دیکە جگە لە ڤیزەی بازرگانی نەدەین، ئەمە سیاسەتێکی تووندە، بەڵام تووند و دادپەروەرانەیە.
 
رووداو: دەزانن هەندێک خوێندکاری کورد هەن دەیانەوێت لە زانکۆکانی هۆڵەندا ناویان تۆمار بکەن، بەڵام ئەوانیش کێشەی وەرگرتنی ڤیزەیان هەیە، چۆن دەتوانن یارمەتییان بدەن بۆ وەرگرتنی ڤیزە بۆ ناوتۆمارکردن لە زانکۆیەکی هۆڵەندی، ئەمە رێگەیەکی یاساییە بۆ گەیشتن بە ئەورووپا.
 
ئادریان ئێسڵستاین: رێگەیەکی یاسایی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو ڤیزەیەی کە دەیانەوێت داوای بکەن لە شوێنێکی دیکە، دەزانن کە باڵیۆزخانەی هۆڵەندی لە شوێنەکانی دیکە هەن، بۆیە دەبێت گەشت بکەیت بۆ تورکیا یان ئوردن یان هەندێک لەو شوێنانە بۆ داواکردنی ڤیزە، من بە تەواوی تێدەگەم کە ئەوە زەحمەتە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوە شتێک نییە کە ئێمە بتوانین بیگۆڕین، پێموایە شتێکی باشی سیستمی هۆڵەندی ئەوەیە کە هەموو ئەم بڕیارانە بە شێوەیەکی ناوەندی دەدرێن، بۆیە با بڵێم بەختەوەرم کە لە دەستی مندا نییە ئەوە بگۆڕم یاخود بڕیارێکی تایبەت بدەم، وەکو گوتم، سیستمێکی زۆر تووندە، بەڵام هەوڵدەدەین تاوەکو دەتوانین دادپەروەر بین.
 
رووداو: باشە، پرسیارێکم بیرکەوتەوە لەبارەی هاوردەکردنی مانگای هۆڵەندی بۆ هەرێمی کوردستان، چۆن دەتوانن یارمەتیی جووتیاران بدەن بۆ هێنان یان هاوردەکردنی مانگای هۆڵەندی بۆ کوردستان؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: پێموایە لە کۆتاییدا ئەمە کارێکی بازرگانییە، ئێمە هانی ئەو کۆمپانیا هۆڵەندییانە دەدەین کە دەیانەوێت لێرە بازرگانی بکەن و هانی ئەو وەبەرهێنەرە کوردانەش دەدەین کە دەیانەوێت بازرگانی بکەن و یارمەتییان دەدەین، ئەگەر هەر کێشەیەکی تایبەت هەبێت، ئەوا ئێمە لێرەین وەکو کۆنسووڵخانە بۆ چارەسەرکردنیان.
 
رووداو: هیچ مانگایەکی هۆڵەندی لێرە هەیە؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: مانگای هۆڵەندی هەیە، بەڵێ، رەنگە بتوانین هەڤپەیڤینی داهاتوو لە شوێنی مانگا هۆڵەندییەکان بکەین.
 
رووداو: باشە، دوا پرسیارم لەبارەی جامی جیهانییە، هۆڵەندا تیمێکی گەورەی هەبوو بۆ جامی جیهانی لە ژاپۆن و تونس، دەتوانن ئەم جارە نازناوی پاڵەوانێتیی جامی جیهانی ببەنەوە؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: هەرگیز نازانیت، ئەوە تۆپی پێیە، بۆیە هیوادارم و، لە راستی دا زۆر دڵخۆش بووم کە زانیم لێرە لە هەرێمی کوردستان ژمارەی هاندەرانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی هۆڵەندا زۆرە، بۆیە هیوادارم زۆریان ببینم کاتێک جامی جیهانی دەست پێدەکات، هیوادارم بۆ بردنەوە هانی بدەین، بەڵام هەرگیز نازانیت، ئەوە تۆپی پێیە.
 
رووداو: ئێوە دەیبەنەوە؟ جامی جیهانی دەبەنەوە؟
 
ئادریان ئێسڵستاین: هیوادارم.
 
رووداو: بەڕێز ئادریان ئێسڵستاین، کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا.
 
ئادریان ئێسڵستاین: زۆر سوپاس.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات