ئەرشەد ساڵحی: دەبێت کێشەی کەرکووک لەلایەن کەرکووکییەکانەوە چارەسەر بکرێت

18-10-2021
رووداو @Rudawkurdish
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ئەرشەد ساڵحی
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ئەرشەد ساڵحی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ/ وەرگێڕانی: کۆسار عوسمان و هەوار ئیسماعیل
 
ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی ئاماژە بەوە دەکات، کە هەر لە سەرەتاوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیان رەتکردووەتەوە، چونکە یاسای هەڵبژاردن زیانی بۆ تورکمانەکان هەبووە، بەڵام بەشداری لە حکومەت دەکەن و دەچنە پەرلەمان. 
 
لەبارەی ماددەی 140 و کێشەی کەرکووکیش، ئەرشەد ساڵحی باس لەوە دەکات کە سەرەڕای ئەوەی ماددەی 140 وەک چارەسەرێک لە دەستوور نووسراوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نەگەیشتووەتە چارەسەر، جا ئەو ماددە دەستوورییانەی ناگەنە چارەسەرێک، پێویستە سازانی سیاسی و دیالۆگی سیاسییان لەسەر بکرێت. 
 
ئەرشەد ساڵحی پێی وایە کە دەبێت کێشەی کەرکووکیش لەلایەن کەرکووکییەکانەوە چارەسەربکرێت.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەرشەد ساڵحی: 
 
رووداو: بەڕێز ئەرشەد شەوێکی شاد، بەخێربێن بۆ بەشداریکردن لە بەرنامەکەمان، دەمەوێت بەم پرسیارە دەستپێبکەم. لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رازین؟ 
 
ئەرشەد ساڵحی: زۆر سوپاستان دەکەم. پێش هەموو شتێک، ئەوانەی ئێستا تەماشای رووداو دەکەن، لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن، ئێمە لە یەکەم رۆژەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردن رازی نین، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو یاسایەی نووسراوە بە شێوەیەکی هەڵە نووسرا. بە تایبەتی ئەم یاسایەی هەڵبژاردن لە ناوچە ئاڵۆزەکاندا کە پێکهاتەی جیاوازی لێیە، یاسایەکی زۆر زیانبەخش بوو. ئەو یاسایە بە تایبەتی لە ناوچەکانی وەک دیالە، سەلاحەدین دووزخورماتوو، کەرکووک، موسڵ و تەلەعفەر بۆ تورکمانەکان یاسایەکی زیانبەخش بوو، چونکە دابەشبوونی جوگرافی تورکمانەکان زۆر بڵاوبوو. لە میللـەتەکانی دیکە جیاوازتر بوو، بەو هۆیەوە لە بنەڕەتدا یاساکە لەلایەن نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک نوێنەرە سیاسییەکانەوە قبووڵ نەکرا. تەنانەت گرووپە کوردەکانیش پێشتر ئەو یاسایەیان قبووڵ نەدەکرد، دواتر یاساکەیان قبووڵ کرد، چەند هاوپەیمانییەکی سیاسی پێکهات ئەویش لە ئەنجامی هاوپەیمانییەکانی موسڵ و زوممار لەبارەی ئەو ناوچەیە سەر بە چ بازنەیەک بێت. بە دڵنیاییەوە ئەنجامەکان بەپرسیارێتییەک بوو لە ئەستۆی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن.
 
رووداو: قبووڵی ناکەن؟ ئەو ئەنجامانە قبووڵ ناکەن؟
 
ئەرشەد ساڵحی: تێنەگەیشتم
 
رووداو: ئەنجامەکان قبووڵ ناکەن؟
 
ئەرشەد ساڵحی: ئێمە لە یەکەم رۆژەوە گوتمان کە ئەنجامەکان قبووڵ ناکەین. لە نووسینی یاساکە بە هەڵە، مسۆگەر میللـەتی تورکمان زیانی پێدەگات.
 
رووداو: واتا ئێوە ناچنە نێو پەرلەمان؟
 
ئەرشەد ساڵحی: بەشێوەیەکی سرووشتی ئەو ئەنجامە قبووڵ ناکەین.
 
رووداو: تێگەیشتم. ئێوە ناچنە پەرلەمان؟
 
ئەرشەد ساڵحی: دەچینە پەرلەمان، بەڵام ئەنجامەکان، ئەنجامێک نین کە ئێمە پێی رازی بین، زۆر هەڵەیان تێدایە، لایەنی هەڵەی تێدایە، هەنگاوی هەڵە هەیە کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە نراوە. هەموو ئەمانە زیانیان هەبوو، بە تایبەتیش لە ناوچە تورکمانەکاندا. 
 
رووداو: سەرباری ئەوە، ئێوە بەگوێرەی ئەو ئەنجامانە هەڵدەسووڕێن و دەچن لە پەرلەمان لەسەر کورسییەکانتان دادەنیشن، بەڵام هەندێک لە لایەنە تورکمانەکان هۆکاری کەمیی کورسییەکانی بەرەی تورکمانی عێراق بە بەربژێربوونی ئێوەوە دەبەستنەوە. ئێوە لە بازنەی 2ی کەرکووک کە خۆت بەربژێر کرد و ژمارەیەکی زۆر دەنگت بەدەستهێنا. بەو دەنگانە لەوانەبوو بەرەی تورکمانی 3 یان 4 کورسی بهێنایە لەو بازنەیە. لەم بابەتەدا تۆمەتبارت دەکەن. دەتانەوێت چی بڵێن؟
 
ئەرشەد ساڵحی: بەهیچ شێوەیەک ئەمە هۆکار نییە، چونکە کە دەڕوانینە بەربژێرەکانمان، بەربژێرە کوردەکان لەبەر ئەوەی یەک دوو بەربژێرن، لەنێو تورکمانەکاندا بەهۆی زۆریی ژمارەی بەربژێرەکان، جیاوازیی 14 بۆ 15 هەزار دەنگ هەن، ئەگەر ئێمە نەبووینایە گەیشتن بەو ئاستە زۆر زەحمەت دەبوو. من راشکاوانە ئەوە دەڵێم، چونکە دکتۆر گەیلان نزیکەی 14 هەزار دەنگی هێناوە، ئەوسا دەبوایە لە تورکمانەکانیش بەربژێرێک 15 بۆ 16 هەزار دەنگی بهێنایە. من راشکاوانە دەیڵێم ئەم 15 بۆ 16 هەزار دەنگە دەتوانرا بهێندرایە، بەڵام لە هەلومەرجێکی سەختدا دەبوو. 
 
رووداو: بۆچی بەربژێرەکانی بەرەی تورکمانی ناتوانن دکتۆر گەیلان تێپەڕ بکەن؟
 
ئەرشەد ساڵحی: چونکە دکتۆر گەیلان تاکە بەربژێربوو لێرە، لە پاڵ ئەمەدا لەنێو تورکمانەکاندا بەربژێر زۆر بوون، نزیکەی 15-20 بەربژێر هەبوون، بۆیە دابەشبوونی دەنگەکان کاریگەری کردە سەر بەربژێرەکانی دیکە، بەڵام لەگەڵ من لەبەر ئەوەی کەس نەیتوانی رکابەری دەنگ بکات، بە ناچاری، بووین بە بەربژێری ریزی پێشەوەی بەرەی تورکمانیی عێراق. 
 
رووداو: لە قۆناخی دەستنیشانکردنی بەربژێرەکان، لەنێو بەرەی تورکمانیدا لەبارەی بەربژێربوونی ئێوەوە کەسانێک رەخنەیان هەبوو، لەنێو پارتەکەتدا هاوڕێت هەبوون دەیانگوت دەبێت نەبیت بە بەربژێر، ئەوان بۆچی بەو شێوەیە بیریان دەکردەوە؟  
 
ئەرشەد ساڵحی: پارتە تورکمانەکان بۆچی نەیان دەویست من ببمە بەربژێر؟ دەتوانن هۆکاری ئەوە لە خۆیان بپرسن. ئەمە رکابەرییەکی سیاسییە، من چونکە 12 ساڵە سەرۆکایەتیی بەرەی تورکمانیی عێراقم کردووە. بێگومان ژمارەیەک پارتی سیاسی تورکمان نایانەوێت ئەو سەرۆکایەتییە بەدەست ئێمەوە بێت. لە رووی سیاسییەوە بەرەی تورکمانی عێراق دامەزراوەیەکی گەورەیە و ئێمەش لەبەرئەوەی ئەو ئاڵایەمان بەدەستەوەیە، بێگومان بەشێک لە پارتەکەکان بۆچوونی جیاوازیان هەبوو. هەروەها ژمارەیەک لەو پارتانە گوێیەکانیان لە شوێنی دیکەوە فەرمانی وەردەگرت، بۆیە نەیاندەویست ئێمە لەو گۆڕەپانەدا بین.
 
رووداو: بیر لەوە دەکەنەوە بەشداری لەو حکومەتە تازەیەدا بکەن کە دادەمەزرێت؟ لە بەرنامەتاندایە لەگەڵ کام لایەنەدا لە یەک بەرەدا بن؟ لەگەڵ کێ کۆدەبنەوە؟ وەک تورکمان بۆ قۆناخی داهاتوو پلانی ئێوە چییە؟
 
ئەرشەد ساڵحی: بێگومان ئێمە لێرەدا جارێکی دیکە لەنێو ئەم حکومەتەدا، لە ژێر چەتری تورکمان، لەژێر ناوی تورکمان، وەکو قەوم و میللەتێک داوا دەکەین لەنێو وەزارەت دا نوێنەرمان هەبێت. بە تایبەتی بەرەی تورکمانیی عێراق پێشەنگایەتی و سەرۆکایەتی ئەمە دەکات. لێرەدا بۆ کارە سیاسییەکان هێشتا زووە، بەڵام پێم وایە ژێرخانی ئەمە ئامادەکراوە، ئێمەش لەگەڵ ئەم پێکهاتە سیاسییانەدا لە نزیکترین کاتدا کۆدەبینەوە. ئەگەر رۆژێک پارتی لەگەڵ حەلبووسی هاوپەیمانی پێکبهێنن و سەدر و خەنجەرییەکان بچنە پاڵیان، ئەوا وەک هاوپەیمانی دەبینرێ. لە بەرامبەردا دەوڵەتی یاسا و گرووپەکانی فەتح، ئەلحیکمە و هێزی دەوڵەتیش لە خاڵێکی دیکەدان. ئێمە لەنێوان ئەم دوو ستراتیژەدا بەرژەوەندیی تورکمانەکان لە کوێ بێت، ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین.
 
رووداو: ئێوە لە کوێ وەستاون؟ هێشتا نازانن بەرژەوەندیی تورکمانەکان لە کوێیە؟
 
ئەرشەد ساڵحی: ئێمە گوێ لە هەردوو لایەن دەگرین، ئێمە بەرژەوەندییەکانی خۆمان دەستنیشان کردووە، بەڵام هەردوو لایەنیش بە تایبەتی لە پرسی تورکمان و پرسی کەرکووک دا، کام لایەن سازش ناکات و کامیان لەگەڵ پلان و ستراتیجماندا دەبن، ئەوا لەگەڵیاندا لە هەمان بەرەدا دەبین.
 
رووداو: باشە، کێ؟ واتا ئێستا لە کامیان نزیکترن؟ سەدر یان فەتح؟ واتا سەدر، دەوڵەتی یاسا، یان فەتح؟
 
ئەرشەد ساڵحی: واتا بۆ گوتنی ئەمە هێشتا زووە، چونکە هێشتا بەشداریکردن یان نەکردنی فەتح و دەوڵەتی یاسا لە حکومەت جێی باسە. ئایا ئۆپۆزیسیۆن دەبن، یان لە ئۆپۆزیسیۆنەوە حکومەت پێکدەهێنن؟ یانیش وەکو پێشوو حکومەتێکی هاوبەش پێکدێت؟ دوای رۆشنبوونەوەی ئەمانە ئێمە بڕیاری دەدەین.
 
رووداو: تێگەیشتم، مادام لەبارەی ئەمانەوە قسەتان کرد، نابێت باس لە ماددەی 140ی دەستووریش نەکەین. ئەو ماددەیە کە پێشتر لە 2005 بڕیاری لەسەر دراوە، کەرکووک و ئەو ناوچەیەی بەگوێرەی دەستوور بە ناوچە کێشەلەسەرەکان ناوبراوە، ئێوە چی دەڵێن لەمبارەیەوە؟ ئایا لە قۆناخی نوێدا جێبەجێکردنی ماددەی 140 پێویستە؟ 
 
ئەرشەد ساڵحی: بەتایبەتی لەبارەی ماددەی 140 من لێرەوە پەیامێکی روونم بۆ قیادەی کوردی و سەرکردایەتیی کوردی هەیە. ئەگەر سەرکردە کوردەکان بیانەوێ ناوچەی کوردنشین لە ئاسایش و سەقامگیریدا بژین، هەروەها لەو ناوچەیەی پێیدەگوترێت [ناکۆکی لەسەر] لە ئاشتیدا بژین، بەڕای من ماددەی 140 سەرەڕای ئەوەی وەک چارەسەرێک لە دەستوور نووسراوە بەڵام بە هیچ شێوەیەک نەگەیشتووەتە چارەسەر، جا ئەو ماددە دەستوورییانەی ناگەنە چارەسەرێک، پێویستە سازانی سیاسی و دیالۆگی سیاسییان لەسەر بکرێت. من پێشترین بە روون و ئاشکرا بە سەرکردە کوردەکانم گوتووە، لێگەڕێن با ناوچە کوردنشینەکان لە ئاسایشدا بمێننەوە. ئەگەر ناوچە تورکمانییەکان و ناوچە فرەدانیشتووانەکان زیاتر پشێویی تێدا دروستبکرێت، ئەمە کاریگەریی لەسەر تەواوی عێراق دەبێت. کاریگەریی لەسەر ناوچە کوردنشینەکانیش دەبێت. هەر بۆیە چارەسەری من ئەمەیە. لە ساڵی 2017 لە جەژنەکانی نەورۆزدا لە قەڵای کەرکووکەوە پەیامێکم دا کە ئەو پەیامە جێبەجێش کرا. پەیامەکەم ئەوە بوو کە کێشەی کەرکووک لەلایەن کەرکووکییەکان خۆیانەوە چارەسەر بکرێت. لەم نێوەندەدا ماوەی 2-3 ساڵە ئێمە کارکردنی سیاسیمان هەیە. لە کوردەکانەوە پارتی و یەکێتی، هەروەها بەرەی تورکمانی و عەرەبەکانی کەرکووک، ماوەی دوو ساڵە ئێمە لەژێر چاودێریی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەم کارانەمان کردووە. بەر لە هەڵبژاردن گەیشتینە دوایین قۆناخەکان. تەنیا واژۆکردنی ماوە. کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان کێشەی کوردەکان و تورکمانەکانە دژی عەرەبەکان. تەنیا و تەنیا کێشەی زەوییەکان ماوە. هەر بۆیە هیواخوازم لایەنی کوردی بە هەردووکیانەوە، ئاستەنگ بۆ ئەم چارەسەرییە دروستنەکەن. لە پارتی پەرلەمانتار شاخەوان بەشداریکردووە، لە یەکێتیش خالید شوانی بەشداری کردووە. لە بەرەی تورکمانییەوە ئێمە بەشداربووین، هەروەها دکتۆر ئەحمەد حەیدەر و حەسەن توران، هەروەها لە عەرەبەکان دکتۆر محەممەد تەمیم و خالیس مەفەرجی. لەو شاندە 6 کەسییە بێگومان ئێمە کریستانەکانیشمان پشتگوێ نەخست. کارەکان ماوەی دوو ساڵە بەردەوامن و تەنیا ئەوە ماوە واژۆی بکەین، بابەتی زەوییە کشتوکاڵییەکانیش بە شێوەیەکی یاسایی لە بەغدا چۆن چارەسەر دەکرێت؟ تەنیا ئەمە ماوە.
 
رووداو: تێگەیشتم
 
ئەرشەد ساڵحی: بەڕای من با هیچ کەسێک ئاستەنگ بۆ ئەمە دروستنەکات، چونکە ئەمە هەوڵ و کارکردنی ماوەی دوو ساڵە. لێگەڕێن با سەقامگیری لە کەرکووک بەردەوام بێت. 
 
رووداو: شاخەوان عەبدوڵڵاش لەمبارەیەوە روونکردنەوەیەکی هەبوو. ئەمە لای شەقام لە هەرێمی کوردستاندا بە لیژنەی ئاساییکردنەوەی کەرکووک دەناسرێت. شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت بەم نزیکانە کارەکانی کۆمیتەوە دەستپێدەکەنەوە. هەروەها باس لەوە دەکات کە دەیانەوێ بەرەوپێشچوون تۆماربکەن. پلانتان هەیە کەی کۆببونەوە؟ کۆبوونەوەتان هەیە؟
 
ئەرشەد ساڵحی: کۆبوونەوەکانمان لە ئاستی خوارەوەی کۆمیسیۆنەکە بەردەوامە. لەم نێوەندەدا ئەو هەڤاڵانەی کە من لەلایەنی خۆمانەوە ئەرکم پێدان، بەردەوامن. بەتایبەتی من بانگهێشتی هەموو لایەنەکان دەکەم بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردن واژۆی لەسەر بکرێت. ئێستا کەرکووک لە ئاسایش و سەقامگیریدایە و ئێمە داوادەکەین ئەم سەقامگیرییە درێژەی هەبێت. 
 
رووداو: ئێوە دەڵێن [سەقامگیر] ، بەڵام کوردەکان وەها سەیری دۆخەکە ناکەن ئەرشەد ساڵحی. لەڕاستیدا ئەگەر سەیری دۆخی شارەکە بکەین، هەر هەفتەی پێشوو واتا نەبووەتە هەفتەیەکیش، ئەو کوردانەی پیرۆزبایی ئەنجامی هەڵبژاردنیان کرد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و لە چوارچێوەی یاسای تیرۆردا مامەڵەیان لەگەڵدا کرا. ئەمە بۆ هاووڵاتیانێک کە خۆشییان دەربڕیوە. لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 120 کورد لەکار لادران. ئێوە لەم بابەتەدا هیچ هەڵوێستێکتان دەرنەبڕی. ئێوە هەمیشە لە تەک ئیدارەی هەنووکەیی کەرکووکن کە 15 دۆسیەی گەندەڵی (بە زمانی عەرەبی فەساد ئیداری) لەسەرە. بەردەوام لەگەڵ راکان جبووری وێنەتان گرت. ئایا لە دیدی ئێوەدا دۆخی ئاسایی و باش ئەمەیە؟
 
ئەرشەد ساڵحی: من بە روونی شتێک دەڵێم کە پێویستە شەقامی کوردی ئەمە بزانێت. ئێمە پارێزگار هەر کێیەک بێت لەگەڵیداین، پشتیوانیی پارێزگار دەکەین. پێشتر لە تەک عەبدولڕەحمان مستەفاش وەستاین. ئەوکاتەی سەرۆکی ئەنجوومەن حەسەن توران بوو لە تەک خوالێشبوو نەجمەدین کەریمیش وەستاین، چونکە ئێمە خزمەت و سەقامگیریی زێدەکەمان دەوێت. ئێمە لە تەک راکانیش دەوەستین، بەتایبەتی بەتایبەتی هەر کێ پارێزگار بێت، لە پرەنسیپی ئێمەدا ئەوە هەیە کە پشتیوانی بکەین، بەڵام ئێمە هاوبەشی لە هەڵە و نادروستییەکانی ناکەین. بەپێچەوانەوە، ئێمە گەندەڵییەکانی ئەوانمان پێشکێشی فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کرد. ئێمە گەندەڵییەکانی خولی پێشووی راکان سەعیدمان رادەستی دەستەی دەستپاکی کرد. لەم خولەشدا هەر کێ گەندەڵیی کردبێت، دۆسیەی ئێمە لەوبارەیەوە لە دەستەی دەستپاکی مەوجوودە. ئێمە پشتیوانی لە دۆسیەی گەندەڵیی هیچ کەسێک ناکەین، ئەمە یەک. دووەمین؛ دوورخستنەوەی 120 کورد بۆ من پێشهاتێکی کتوپڕ بوو. من وەکو کەرکووکییەک، هەرگیزا و هەرگیز قەبووڵناکەم مافی کوردێکی کەرکووکی پێشێل بکرێت. بەتایبەتیش لە دوو ساڵی رابردوودا هاووڵاتییانی کورد چەندە نزیکییان لەگەڵ مندا نیشانداوە، لە هەڵبژاردنەکاندا روونە، تەنانەت دەنگیشیان بە ئێمە دا. خۆشیان دانیان بەوەدانا، لە ناوچەکە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بڵاویانکردەوە. لەبارەی دوایین پێشهاتەکان بەبۆنەی ئەنجامی هەڵبژاردن، ئەو ئۆپەراسیۆنە لەلایەن ناوەندەوە کرا. 
 
رووداو: خەڵکیان ئەشکەنجە دا!
 
ئەرشەد ساڵحی: ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە لەلایەن سوپاوە کرا. لەوێدا تەنیا بۆ ئەوەی دوو لایەن رووبەڕوو نەبنەوە، تورکمانەکان و عەرەبەکان و کوردەکان نەکەونە بازنەیەکەوە، ئەمە بەسەر تورکمانەکانیشدا هات، بە هەمان شێوە قەدەخەیان خستەسەر گەنجانی تورکمانیش و رێگەیان نەدا بە ئاڵاوە بە شەقامەکاندا بسووڕێنەوە. بەتایبەتی لای پارێزگا، گەنجەکانی ئێمەشیان دەرکرد و ئەوانەی ئێمەش دەستگیرکران.
 
رووداو: بوونی گرووپە چەکدارەکان لەنێو کەرکووک ئێوە نیگەران ناکات؟ واتا لە حەشدی شەعبییەوە تاوەکو هێزە میلیشیاکانی دیکە؟ ئایا دۆخێک نییە نیگەرانتان بکات؟
 
ئەرشەد ساڵحی: بوونی حەشدی شەعبی لە ناوەندی شار نییە. لە بەشیر، تازە خورماتوو، لەولاشەوە لە تاوخدان واتا رووبەڕووی داعشن. هەر بۆیە ئێمە بوونی هەر هێزێکی چەکدار لە دەوروبەری ناوەندی شارەکە بۆ پارێزگاریکردن بە کارێکی هەڵە نازانین. بەتایبەتی کە ئەو هێزانە پێویستە لەژێر چاودێریی حکومەتی ناوەندی بن و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپا بن. پێویستە لەژێر فەرمانی [العملیات المشترکة] بێت. 
 
رووداو: کاک ئەرشەد لە ساڵانی نێوان 2014-2017 پێشمەرگەش هەمان کاری ئەنجامدەدا. پارێزگاری لە کەرکووک دەکرد. تەنانەت باسی گوندی بەشیرتان کرد. لە ئۆپەراسیۆنی ئەوێ و لە ئازادکردنی ئەوێدا پێشمەرگە رۆڵی جددیی هەبوو و شەهیدی دا، هەمووان شەهیدیان دا لەوێدا. باشە خۆ ئێوە ئەوکات دژی پێشمەرگە بوون، تەنانەت ناڕەحەت بوون لەوەی پێشمەرگە کەرکووک بپارێزێت. بۆچی؟ ئایا ئەمە دووفاقی نییە؟ کاتێک حەشدی شەعبی کەرکووک دەپارێزێت دەڵێن سەرچاوان، بەڵام کاتێک پێشمەرگە دەیپارێزێت دەڵێن نابێت؟ بۆچی؟
 
ئەرشەد ساڵحی: ئێمە نکۆڵی لەوە ناکەین کە پێشمەرگە بەشێکە لە مەنزوومە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق. ئەوکاتەش کە پێشمەرگە لێرە بوو، ئێمە چەندین جار سەردانی ئەوێمان کرد. ئەوانیش شەهیدیان دا، ئێمە نکۆڵی لەمە ناکەین. لەگەڵ ئەمەشدا هۆزە تورکمانەکان و هۆزە عەرەبەکانیش و هێزەکانی پۆلیسمان لەگەڵ پێشمەرگە هاوئاهەنگییان کرد بۆ رزگارکردنی ناوچەکە. ئەمە زۆر ئاساییە، بەڵام ئێمە ئەمە دەڵێین، پێشمەرگە بەهۆی ئەوەی نوێنەرایەتیی لایەنێکی سیاسی بکات و ناسینی وەکو هێزێکی سەربازیی تایبەت بە کورد، یان یەکێتی یانیش پارتی، دەکرێ ئەمە ببێتە مایەی ناڕەحەتی بۆ ئێمە. گوتمان دوای شەڕ کشانەوەی ئەوان بۆ ناوچەکانی دەرەوەی سنووری ئیداریی کەرکووک زۆر ئاسایی و سرووشتییە لە ناوچەکەدا بن. هەر بۆیە هەندێک پارتی سیاسی بە سوودوەرگرتن لە بوونی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا هەنگاوی هەڵە دەنێن کە ئەمە زیانی بە پێشمەرگەش گەیاندووە. ئێمە لەڕێگەی بەکارهێنانی ناوی پێشمەرگەوە پەیامی هەڕەشە ئامێزیشمان پێگەیشتووە.
 
رووداو: لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک چی دەڵێن؟
 
ئەرشەد ساڵحی: ئێمە لەسەر ئەمە رێککەوتووین، بەپێی بڕیاری پەرلەمانی عێراق. واتا بەپێی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق ساڵی 2017 دەریکردووە، پێویستە سنووری ئیداریی کەرکووک لەلایەن سوپای عێراقەوە بپارێزرێت. پەرلەمانی عێراق هەروەها بڕیاریداوە کە پێشمەرگە ناوچەکانی دەرەوەی سنووری ئیداریی کەرکووک بپارێزێت. ئەگەر پەرلەمانی بڕیارەکەی بگۆڕێت، ئەوکاتە ئێمەش هەڵوێستی سیاسیی خۆمانمان دەبێت، بەڵام ئێستا ئەم بڕیارە جێبەجێکراوە بڕیاری پەرلەمانە، بڕیاری کەسێک یان پارتێک یان لایەنێک نییە، ئەو پەرلەمانە نوێنەرایەتیی تەواوی عێراقییەکان دەکات. 
 
رووداو: دوایین پرسیارتان لێدەکەم بەرێز ساڵحی، ئێوە سیاسەتڤانی چەند ساڵەن و نوێنەرایەتیی تورکمانەکان دەکەن. دەمەوێ ئەم پرسیارە ئاراستەی ویژدانتان بکەم. وەکو سەرکردەیەکی تورکمان کە بیر لە جەماوەرەکەی دەکاتەوە، ئەگەر لەگەڵ کوردەکان رێکبکەون، واتا لەگەڵ هەولێر رێکبکەون لەکاتێکدا لەم رێککەوتنەدا دەستی ئێوە بەهێزترە، چونکە ئەگەر سەیری ژمارەی دانیشتووانی کوردستان بکەن، ژمارەی دانیشتووانی تورکمان کەم نییە وەکو دووەمین پێکهاتە. باشە لەکاتێکدا رێککەوتن لەگەڵ کوردستان و بوون بە هاوبەشی راستەقینە هەیە، بۆچی هەمیشە لەگەڵ ئەو پارتە شیعییانەدان کە ناوەندەکەیان بەغدایە و کەمینەبوون لە عێراق هەڵدەبژێرن؟ بۆچی؟ 
 
ئەرشەد ساڵحی: من وەکو نوێنەرێکی سیاسیی تورکمان ناچارم ئەوە بکەم کە لە بەرژەوەندیی گەلەکەمدایە. بەتایبەتی سەرەتا دەڵێن سەیربکەن و بزانن بەرژەوەندیی تورکمان لەکوێدایە، بڕیارەکان بەمشێوەیە بدەن. ئەگەر سیاسەتی هەولێر ئەوە بێت تورکمانەکان بباتە لای خۆی و بیخاتە دۆخێکی کەمینە بوونەوە، بە دڵنیاییەوە ئێمە کەمینەبوون لە بەغداش قەبووڵناکەین. ئەگەر یەک پەرلەمانتاریش لە عێراق بەدەستبهێنین، خۆمان بە کەمینە نازانین، چونکە کەمینە ئەو لایەنانەن لەڕێی کۆتاوە دێن. بەرژەوەندیی ئێمە درێژەدانە بە بوونی تورکمان لە عێراقێکی یەکپارچەدا. لە باکووری عێراقیش، لە هەرێمیشدا، لە هەرێمی کوردیدا، لە هەرێمی کوردستانیشدا بە روونی دەیڵێم کە هیواخوازین سەقامگیری لەوێشدا هەبێت، هەروەها سەقامگیریمان بۆ باشوور و رۆژئاوای بەغداش دەوێت. 
 
رووداو: سوپاس بۆ ئەوەی لە کەرکووکەوە لەگەڵماندا بەشداربوون.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە