رووداو هه‌ولێر
جیاوازیی دید و بۆچوونه‌كان له‌نێوان گه‌شبین و رهشبینهكاندا له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی گه‌شانه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌ی مسته‌فا كازمی له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتیدا زۆرن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی چاو له‌باره‌یه‌وه هه‌ڵه ناكات و سه‌رنج راده‌كێشێت، وێنه كوالیتییه بهرزهكانییهتی كه نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق زیاتر لە سێ مانگه بڵاویانده‌كاته‌وه. ته‌نانه‌ت دوای چركاندنی هه‌ر وێنه‌یه‌كی نوێی مسته‌فا كازمی بوونه‌ته هۆی بایه‌خی راگه‌یاندنه نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به كۆمێنت و بۆچوونه‌كان ته‌نیوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ش وایكردووه لای هه‌مووان بووه‌ته مایه‌ی پرسیار به‌وه‌ی ئه‌و فۆتۆگرافه‌ره به‌هره‌مه‌نده كێیه كه به كامێراكه‌یه‌وه ئه‌و كاره ناوازانه ده‌کات.

تۆڕی میدیایی رووداو هه‌ڤپه‌یڤینێكی له‌گه‌ڵ جه‌مال پێنجوێنی، كامێرامانه كورده‌كه‌ی مسته‌فا كازمی کرد. گفتوگۆ له‌باره‌ی سەرەتای ده‌ستكردنی به پیشه‌ی فۆتۆگرافه‌ری و گه‌یشتنی بە لووتكه‌ی پیشه‌گه‌ریی جیهانی له وێنه‌گرتنی فۆتۆگرافیدا کرا.

سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه ... گه‌ڕان به‌دوای دیوه رووناكهكهدا
جه‌مال پێنجوێنی ساڵی 1981 له شارۆچكه‌ی پێنجوێن له سنووری پارێزگای سلێمانی له‌دایكبووه. ئه‌و به رووداوی گوت له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه هۆگری هونه‌ر و په‌یكه‌رتاشی بووه. دواتر له به‌غدا كاری رۆژنامه‌ڤانی و وێنه‌گریی به یاوه‌ری چه‌ند هاوپیشه‌یه‌كی كردووه. دوای ساڵی 2003 له به‌غدا و شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق ده‌ستی به كاری فۆتۆگرافه‌ری کردووە و به چاوی كامێراكه‌ی نه‌هامه‌تی و كوشتن و ته‌قینه‌وه و كاره‌ساته‌كانی بینیوە. له‌گه‌ڵ تیمی فۆتۆگرافه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش حه‌وت ساڵ هه‌مان كاریكردووە.
.jpg)
ساڵی 2010 جەمال پێنجوێنی بۆی ده‌ركه‌وت میدیاكان و راگه‌یاندنه‌كان ته‌نیا سەرنج ده‌خه‌نه سه‌ر دیوه ره‌ش و كاره‌ساتباره‌كه‌ی عێراق له كوشتن و خوێنڕشتن، بۆیه بڕیاریدا كارێكی پێچه‌وانه بكات و دەڵێت، "ویستم بۆ هه‌موو كه‌سێك بیسه‌لمێنم كه ژیانێكی ئارام، خۆشی و شادی و هیوا و خهونهكان له‌م وڵاته‌شدا به‌دی ده‌كرێن. ده‌توانم دیوه شاراوه‌كه‌ی هیوا و خه‌ونی خه‌ڵك له عێراق و كوردستان له رێگه‌ی پرۆژه‌یه‌كی فۆتۆگرافهریی هونهرییەوە بگوازمه‌وه. واته تیشك بخه‌مه سه‌ر گۆشه‌نیگایه‌كی جیاواز. كاری یه‌كه‌مم له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له‌ژێر ناونیشانی عێراق ده‌فڕێت (Iraq is Flying) بوو و پرۆژه‌ی "خه‌ونه په‌مه‌ییه‌كان" و "فریشته‌ی جه‌نگ" و چه‌ندین پرۆژه‌ی دیكه‌شم هەبوو. ئه‌م پرۆژانه‌م ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی جیهانیی زۆر فراوانیان به‌دوادا هات".
.jpg)
پێنجوێنی كه ئێستا له به‌ریتانیا خوێندکاری دكتۆرایه له بواری "فه‌لسه‌فه‌ی وێنه"دا ئاشكرایكرد، وێنه فۆتۆگرافییه‌كانی له سه‌تان مۆزه‌خانه له له‌نده‌ن، نیویۆرك، ئیتاڵیا، فه‌ره‌نسا، چین و چه‌ند وڵاتێكی دیكه هه‌ڵواسراون. له‌وانه‌ش مۆزه‌خانه‌ی جه‌نگیی ئیمپراتۆرییه‌ت له به‌ریتانیا و مۆزه‌خانه‌ی شارستانی له نیویۆرك كه به "مۆما" ناسراوه و له مۆزه‌خانه‌ی هونه‌ری هاوچه‌رخی پاریسیش هه‌ڵواسراون. هه‌روه‌ها له رۆژنامه و گۆڤاره‌كان و ئاژانسه‌كانی وه‌ك رۆیته‌رز، نیویۆرك تایمز، واشنتۆن پۆست، بی بی سی، شه‌رقولئه‌وسه‌تدا وێنەی بڵاوبووەتەوە، وێڕای به‌كارهێنانیان له په‌یڕه‌وه‌كانی خوێندنی نێوده‌وڵه‌تیدا له زانكۆكانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و ئاسیا.
هاوكات مۆزه‌خانه‌ی به‌ریتانی ژماره‌یه‌ك وێنه‌ی فۆتۆگرافهریی جه‌مال پێنجوێنیی به ناونیشانی "سه‌دام لێره‌یه" لە پێشانگەی "سه‌رده‌می تیرۆر: هونه‌ر لە 11ی سێپتێمبەرەوە" بڵاوكرده‌وه. ئه‌و پێشانگایه له‌لایه‌ن مۆزه‌خانه‌ی جه‌نگیی ئیمڕاتۆریەت له له‌نده‌ن له یه‌كی تشرینی یه‌كه‌می 2017 تاوەکو ئایاری 2018 رێكخرابوو. بۆ بینینی پێشانگاكه كلێك لێره بكه.

په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كازمی
پێنجوێنی چیرۆكی چۆنیەتیی په‌یوه‌ندیكردنی به ستافی كازمی و كاركردنی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران بۆ رووداو گێڕایه‌وه و گوتی، "حه‌زم به كاری پیشه‌ی رۆتینی نییه، به‌ڵام كازمی هاوڕێی كه‌سیی منه و 18 ساڵ پێکەوە له "ئه‌لمۆنیته‌ر" كارمانكردووه. په‌یوه‌ندییه‌كانیشمان به‌رده‌وام بوو ته‌نانه‌ت له‌و كاتانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی عێراق بووین. كاتێك بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ راسپێردرا، په‌یوه‌ندیی پێوە كردم و داوای لێكردم ده‌سبه‌جێ بگه‌ڕێمه‌وه و ئه‌وروپا جێبهێڵم".
%20copy.jpg)
پێنجوێنی گه‌ڕایه‌وه به‌غدا و به‌ڵێنی پێدا ئه‌ركه‌كه‌ی به باشترین شێوه بکات، ئه‌ویش له‌به‌ر هۆكارێك: "سه‌رۆكوه‌زیران كه‌سێكی كارامه‌یه و پابه‌ند و ژیر و هاوسه‌نگه و كه‌سێكی سه‌ركه‌وتووه له هه‌ر كارێك كه بیکات. حكومه‌تی نوێ شایه‌نی پاڵپشتییه و دوای حكومه‌تێك ده‌ستبه‌كار بوو كه ده‌ستی خه‌ڵتانی خوێنی هه‌زاران گه‌نج و لاوی خۆپیشانده‌ر بوو به شه‌هید و بریندار و رفێندراوهوه. بۆیه پێویست به‌وه ده‌كات له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیی كاری چڕ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شكۆی ده‌وڵه‌ت و پیشاندانی به هه‌موو جیهان بكرێت. هه‌روه‌ها نه‌وه‌ی نوێ به‌وه قایل بکرێن کە ئه‌و حكومه‌ته نوێیه توانای زاڵبوونی به‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كاندا هه‌یه".

جه‌مال پێنجوێنی جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، هه‌ر هاووڵاتییه‌ك ناتوانێت رووبه‌ڕوو یان راسته‌وخۆ سه‌رۆكوه‌زیران ببینێت و له‌و باره‌یه‌وه گوتی، "بۆ ئه‌مه‌ش پێویست به‌وه ده‌كات ئه‌و وێنه‌یه‌ی ده‌گاته ده‌ستیان ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی هه‌بێت بۆ شكۆی سه‌رۆكوه‌زیرانێك كه توانای گۆڕانكاریی ده‌بێت. چونكه راگه‌یاندن ئاوێنه و په‌نجه‌ره‌یه‌كه بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌م ئامانج و ویسته".
هه‌ر وێنه‌یه‌ك په‌یامێكی به‌دواوه‌یه
له‌باره‌ی وێنه كاریگه‌ره‌كانی لەسه‌ر ده‌روونی خه‌ڵك، جه‌مال پێنجوێنی پێداگری له‌وه ده‌كات، به هیچ شێوه‌یه‌ك وێنه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی و بێ‌ئامانج ناگرێت و پێش چركاندنیشی بیری لێده‌كاته‌وه و ده‌شڵێت، "ئه‌گه‌رچی لێكدانه‌وه و بۆچوونه‌كان له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی دیكه جیاوازیش بێت، به‌ڵام هه‌ر وێنه‌یه‌ك په‌یامێكی به‌دواوه‌یه".
ئه‌و وێنه‌یه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا زۆترین هه‌رای نایه‌وه، وێنه‌ی مسته‌فا كازمی بوو له كه‌ربه‌لا له‌و كاته‌ی ده‌ستی بۆ نزاكردن به‌رز كردبووه‌وه. له‌باره‌ی ئه‌و وێنه‌یه‌وه جه‌مال پێنجوێنی ده‌ڵێت، "ویستم ئه‌و وێنه‌یه وه‌ڵامێك بێت بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ژێر په‌رده‌ی ئاییندا دژایه‌تیی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن. هه‌ر له داعشه‌وه بگره تا ده‌گاته میلیشیاكان و حیزبه‌كان و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت شه‌ڕی تایفه‌گه‌ری و نێوخۆیی له‌ژێر په‌رده‌ی ئاییندا بورووژێنن. وێنه‌كه ئه‌و په‌یامه بڵاوده‌كاته‌وه کە بیروڕا په‌یوه‌ندیی له‌نێوان به‌نده و خوای گه‌وره‌یه. كازمییش به نیازی چاك و پاك بۆ خوای گه‌وره خۆی پڕ چه‌ك كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هێز و توانای پێبدات له پاراستنی عێراق له دژی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت زیانی پێبگەیەنن".

پێنجوێنی ئاماژه‌ی به وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی مسته‌فا كازمی دا له‌نێو فڕۆكه‌دا کە سه‌یری به‌نده‌ری ئوم قه‌سر له به‌سره ده‌كات و ده‌شڵێت، "په‌یامه‌كه له‌پشت ئه‌م وێنهیەوە ئه‌وه‌یه، ئه‌م ده‌روازه و به‌نده‌رانه ته‌نیا موڵكی ده‌وڵه‌تن. موڵكی گه‌نده‌ڵكاران نین كه ته‌نیا هه‌وڵ بۆ خۆدهوڵهمهندكردنیان له‌سه‌ر حیسابی عێراق ده‌ده‌ن".

وێڕای ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له نزیكه‌وه ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بایه‌خ به پێنجوێنی بدات، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هیچ هه‌ژمارێكی تایبه‌ت به خۆی نییه.
كازمی راستكردنه‌وه‌یه‌ك به وه‌زیرانی ده‌دات: هه‌رێمی كوردستان، نه‌ك باكووری عێراق
هه‌رێمی كوردستان له پاڵپشتیكردنی كازمی دوودڵیی نەنواند، ته‌نانه‌ت پێش بهربژێركردنیشی. هه‌روه‌ها خواستی خۆیشیان نه‌شارده‌وه له چاره‌كردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولایه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور. سه‌رۆكوه‌زیرانیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك تێیدا نیشته‌جێبووه، بۆیه رێز له هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێت.
پێنجوێنی پێداگری له‌وه ده‌كات کە كازمی له هه‌موو شوێن و كاتێكدا شانازی به كوردبوونی ئەوەوه ده‌كات، جا له عێراق بێت یان له ده‌ره‌وه‌ی عێراق. رایشیدهگهیێنێت، سه‌رۆكوه‌زیران كه‌سایه‌تییه‌كی نه‌ژادپه‌رستی و ده‌مارگیریی نییه، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌گه‌ڵ كورد میانڕه‌وه و هیچ كاتێك كه‌سه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه و ئایینیان هه‌ڵناسه‌نگێنێت.
جه‌مال پێنجوێنی گفتوگۆیه‌كی كازمی له‌گه‌ڵ وهزیرەکانیدا له یه‌كێك له كۆبوونه‌وه‌كاندا بۆ رووداو دركاند و گوتی، "یه‌كێك له ئاماده‌بووانی دەستەواژەی باكووری عێراقی به‌كارهێنا. كازمی قسه‌كانی بڕی و بۆی راستكرده‌وه و گوتی، "هه‌رێمی كوردستان". ئه‌و گوتی، "به‌ڵێ, باكووری كوردستان". كازمی دووباره بۆی راستكرده‌وه و پێی گوت، "نه‌خێر, تۆ مه‌به‌ستت هه‌رێمی كوردستانه" ".
هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ش كرد، مسته‌فا كازمی له هه‌رێمی كوردستان ژیاوه و له هه‌موو سه‌رۆكوه‌زیره پێشووه‌كان زیاتر شاره‌زای خه‌ڵكه و به لۆژیكی تایفه‌گه‌ری و حیزبی بیر ناكاته‌وه و هه‌وڵی ئازاردانی مرۆڤی كورد نادات و باشترین كه‌سه پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق و كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان به‌ڕێوه‌ببات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ