وەزیری کۆچبەرانی نۆردراینڤێستفالن: بەپێی پڕۆژەیەک خەڵک دەتوانێت بە گرێبەستی کارەوە لە هەولێرەوە بفڕێت بۆ کۆڵن

23-12-2021
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
هەڤپەیڤینی ئاڵا شاڵی لەگەڵ د. یوئاخم شتامپ، وەزیری کۆچبەران و خێزان و جێگیری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی نۆردراینڤێستفالنی ئەڵمانیا
هەڤپەیڤینی ئاڵا شاڵی لەگەڵ د. یوئاخم شتامپ، وەزیری کۆچبەران و خێزان و جێگیری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی نۆردراینڤێستفالنی ئەڵمانیا
نیشانەکردن کۆچبەران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

د. یوئاخم شتامپ، وەزیری کۆچبەران و خێزان و جێگیری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی نۆردراینڤێستفالنی ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکات، پڕۆژەیەکیان پێشکێشکردووە کە لەو رێگەیەوە خەڵک بە گرێبەستی کار دەبەنە ئەڵمانیا. دەشڵێت، "هەروەها دەتوانم بڵێم گەشبینم کە دەتوانین لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی و دەستی کار و بۆرسەی کار لە هەولێر، دهۆک و شارەکانی دیکە پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی ئەوانە بدۆزینەوە کە دەیانەوێت بێنە ئەڵمانیا و لای ئێمە کار بکەن."
 
ئەو وەزیرە کە سەر بە پارتی دیموکراتیی ئازادی ئەڵمانیایە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی لە رۆژی پێنجشەممە 16-12-2021 ئەو قسانەی کرد، هەڤپەیڤینەکە لە رۆژی 23-12 کاژێر 21:00 پەخشکرا کە تێیدا ئەوەشی گوت، "ئێستا دەتوانم بڵێم کۆمپانیا بچووک و مامناوەندییەکانی بەشی کاری دەست بەدوای هێزی دەستی کاردا دەگەڕێن و پێویستی زۆریان بە کرێکار و دەستی کاری باشە، ئەوانەی خاوەن توانان و خاوەنی بڕوانامەی بەرزن چانسی زۆرباشیان دەبێت لە بازاڕی کاری ئەڵمانیا."
 
ئاڵا شاڵی لێی پرسی کە ئایا پلانتان هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ سەبارەت هێنانی دەستی کار لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا بکەن؟ ئەو بەرپرسە وەڵامی دایەوە، "من بە گەشبینییەوە لێی دەڕوانم! من خۆم لە پەیوەندییەکی باشدام لەگەڵ بەرپرسانی باکووری عێراق و گفتوگۆکانمان باشن، هەروەها خۆم لە هەولێر و دهۆک بووم و، زۆر حەزم لەو ناوچەیەیە، لانەی مرۆڤایەتییە، هەروەها ناوچەیەکی دیموکراسییە و، مەبەستمانە و دەمانەوێت بەشداربین لە پشتگیریکردنی سەقامگیرییەکەی، بەڕای من کۆچی درێژخایەن Secular Migration بۆ پەیوەندیی هەردوولا باشە و هەردوولا سوودمەند دەبن. بەگشتی خوازیارم لەگەڵ باکووری عێراقی کوردی پێکەوە کار بکەین و پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەین."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: بەڕێز وەزیری کۆچبەران زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
 
یوئاخم شتامپ: منیش زۆر خۆشحاڵم سوپاس بۆ ئێوە.
 
رووداو: زۆر سوپاس کە ئەمڕۆ لە گەڵمانی، بەڕێز وەزیری کۆچبەران با لەم پرسیارەوە دەستپێبکەم. بەڕێزتان چۆن دەڕواننە كۆچی بەلێشاوی خەڵكی كوردستان بۆ بێلاڕووس بە مەبەستی گەیشتنە وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا، بەتایبەتی ئەڵمانیا؟
 
یوئاخم شتامپ: بەڵێ کێشەکە لەوەدایە دیکتاتۆری بێلاڕووس لۆکاشێنکۆ بە ئەنقەست و بە زانیاری هەڵە خەڵکی هێناوە بۆ بێلاڕووس، بۆ مینسک، بەڵێنی پێداون کە بەشێوەیەکی ئاسان دەتوانن بگەنە ئەوروپا، کە ئەمە بەهیچ شێوەیەک وانییە، چونکە سنوورەکانی ئەوروپا داخراون، ئەوەی بۆ ئێمە زۆر گرنگە ئەوەیە، ئێمە ئێستا سیاسەتێکی نوێی کۆچبەریمان دەبێت، کە رێگە دەدات لە رێگەی گرێبەستی کارەوە کێ دەیەوێت و دەتوانێت لە وڵاتانی دیکەوەبێت بۆ ئەڵمانیا. بۆ ئەو کارەش بۆرسەی کار دروستدەکەین، هەروەها دەرفەتی زۆرتر دەڕەخسێت. دەبێ ئامادەکاری بۆ هەنگاوە یاساییەکان بکرێت، کەواتە لە داهاتوودا رێگەی فەرمی دەبێت بۆ گەشتنە بازاڕی کار لە ئەڵمانیا. بۆ من گرنگە لێرەوە بە بینەران بڵێم گەیشتنە ئەوروپا لە رێگەی بێلاڕووس و لوکاشێنکۆوە بێهوودەیە و سوودی نییە.
 
رووداو: باشە بەڕێزتان بینیتان بەهەزاران گەنج و منداڵ لەسەر سنوورەکانی بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردووەو زۆربەیان خەڵکی باشووری کوردستان و سووریا بوون، بەڵام بۆچی ئەمجارەش ئەڵمانیا سنوورەكانی بۆ ئەو كۆچەی كۆچبەران نەكردەوە، هۆکارەکەی چی بوو؟ 
 
یوئاخم شتامپ: چونکە ئەوانە کۆچبەر نین، ئەوانە ئاوارەن و بەدوای ژیانێکی باشتردا بگەڕێن، ئەگەر بەدوای شوێنێکدا دەگەڕێن کە ژیانیان پارێزراوبێت، ئەوا دەبێت لە بێلاڕووس بمێننەوە و پارێزاو دەبن، بەڵام راستییەکە ئەوەیە لوکاشێنکۆ ئەو مرۆڤانە بە قسەی بریقەدار و ناڕاست هەڵخەڵەتاندوون، گوایە لەو رێگەیەوە بە ئاسانی دەتوانن بگەنە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام ئاوا نابێت، ئەوەی دەبێت کە باسم لێوەکرد بە فەرمی لە رێگەی یاساییەوە رێگەیان بۆ ئاسان بکەین بۆ بازاڕی هەلی کاری ئەڵمانیا. تاکە چارەسەر رێگەی یاساییە، تکایە گوێ لە لوکاشێنکۆ مەگرن، ئەو دیکتاتۆر و تاوانکارە، ئێمە نامانەوێت لەگەڵ ئەو کار بکەین . 
 
رووداو: باشە سەبارەت هێنانی هێزی کار لە کوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا، بۆ ئەمە چەند پرسیارێکی تایبەتم هەیە، پاشان باسی دەکەین، بەڵام پێش ئەوە، دەمەوێت بزانم ئەو رووداوە ناخۆش و كارەساتە مرۆییانەی ئەمساڵ لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا دروستبوون، بۆ ئێوە چەندە كاریگەربوون؟
 
یوئاخم شتامپ: ئێمە دەبێت ئەوە بزانین ئەم کۆچبەرانەی ئێستا کۆچبەری کلاسیکی نین، بەڵکو ئەوانە ئاوارەن کە دەیانەوێت ژیانێکی دیکە بۆ خۆیان دروستبکەن و دەیانەوێت بێن لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کار بکەن، ئەمانە هەموویان ئەو خەڵکانەن کە گەشتەکەیان لە رێگەی نووسینگەی گەشتیارییەوە بۆ بێلاڕووس و بۆ مینسک کڕیوە و توانای ئەو خەرجیانەیان هەبووە، کەواتە ئەوانە کەسیان کێشەی سیاسیان نەبووە و ژیانیان لە مەترسیدا نەبووە، خۆ ئەگەر وابێت کەواتە ژیانیان لە بێلاڕووس پارێزراوە و کەس بەدوایاندا ناگەڕێت، کەواتە پێویست نییە ئەوروپا و ئەڵمانیا وەریانبگرن. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە جیاوازی بکەین لەنێوان ئەوانەی بەڕاستی ژیانیان لە مەترسیدایە، لەگەڵ ئەوانەی بە دوای کاردا دەگەڕێن. ئەوانەی بە داوی کاردا دەگەڕێن دەمانەوێت ئۆفەری باشیان بۆ دابین بکەین. 
 
رووداو: بەڕێزتان لەکاتی دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەڵمانیا بەشداربوون و گۆڕانکاریی زۆرتان لە سیاسەتی کۆچبەراندا کرد، ئەو گۆڕانکارییانە بە تەواوی چین و چ بڕیارێکی نوێتان داوە؟ 
 
یوئاخم شتامپ: ئێمە لەسەر گۆڕانکارییەکان رێککەوتووین، بەڵام دەبێت ئاماژە بەوە بدەم تاوەکو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە لەڕووی یاساییەوە کاتی پێویستە، بەڵام رێفۆرمی مەرجەکانی داواکردنی مافی وڵاتینامەمان کردووە، واتە هەڵگرتنی دوو وڵاتینامە ئاسان دەکرێت و رێگەی پێدەدرێت، ئێستا زۆر هاووڵاتی تورک و کوردمان هەن، ئەوانەی کە لە ساڵانی شەست و حەفتاکانەوە و هەندێکیان لە پەنجاکانەوە هاتوون بۆ ئەڵمانیا و لێرە هاوکارمان بوون بۆ بووژاندنەوە و پێشکەوتنی ئەڵمانیا، وەک رێزلێنانێک لەو کەسانە دەمانەوێت کار ئاسانیان بۆ بکەین و چاوپۆشیان لێبکەین لەوەی بە باشی فێری زمانی ئەڵمانی نەبوون، هەندێکیان بەهۆی ئەوەی کاریان دەکرد لە فۆڕد یاخود لە کانە خەڵوزەکان دەرفەتی فێربوونی زمانیان نەبوو، بۆیە ئەگەر خۆیان بیانەوێت دەتوانن ببنە خاوەنی وڵاتینامەی ئەڵمانی بەبێ ئەوەی زۆر بە باشی زمانی ئەڵمانی بزانن. هەروەها ئێمە دەمانەوێت چانسی هێنانی دەستی کار فراوانتر بکەین و کارئاسانیان بۆ بکەین کە بێنە ئەڵمانیا، هەروەها دەرفەتی باشتر دەدەینە ئەو کەسانەی کە تاوەکو ئێستا مافی پەنابەریان نییە و بەشێوەیەکی باش خۆیان لە ئەڵمانیا گونجاندووە و کار دەکەن، چانسی وەرگرتنی مافی پەنابەری دەدەینە ئەمانە، بەڵام لە هەمانکاتدا دەمانەوێت بە تووندی بەرامبەر بەو کەسانە بووەستینەوە کە رێز لە یاساکانمان ناگرن. واتە کارئاسانی دەکەین بۆ دێپۆرتکردنەوەیان و هەروەها پرۆسەی وەرگرتنی مافی پەنابەریش کورت دەکەینەوە. 
 
رووداو: باشە کەواتە بابگەڕێینەوە بۆ بابەتی هێنانی دەستی کار لە کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی، ئێوە هیچ پڕۆژەیەكتان هەیە بۆ هێنانی دەستی كار و خاوەن تواناكان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا بەشێوەیەکی فەرمی؟
 
یوئاخم شتامپ: دەتوانم مەزەندەی ئەوە بکەم، بەڵام لە سەرەتادا دەبێت مەرجە یاساییەکان ئامادە بکەین، ئێستا دەتوانم بڵێم کۆمپانیا بچووک و مامناوەندییەکانی بەشی کاری دەست بەدوای هێزی دەستی کاردا دەگەڕێن و پێویستی زۆریان بە کرێکار و دەستی کاری باشە، ئەوانەی خاوەن توانان و خاوەنی بڕوانامەی بەرزن چانسی زۆرباشیان دەبێت لە بازاڕی کاری ئەڵمانیا. هەندێکیش هەن خزم و کەسوکاریان هەیە لە ئەڵمانیا، ئەمەش دەرفەتێکە و دەتوانن لە رێگەی خزم وکەسوکاریانەوە لێرە پەیوەندی بە کۆمپانیاکانەوە بکەن و دەتوانن گرێبەستی کاریان دەستکەوێت، بەڵام دەبێت بڵێم گرێبەستی دروست و باش نەک تەنیا گرێبەستی سەر کاخەز، پێویستە گرێبەستەکە باوەڕپێکراوبێت. هەروەها دەتوانم بڵێم گەشبینم کە دەتوانین لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی و دەستی کار و بۆرسەی کار لە هەولێر، دهۆک و شارەکانی دیکە پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی ئەوانە بدۆزینەوە کە دەیانەوێت بێنە ئەڵمانیا و لای ئێمە کار بکەن. هەروەها ئەوانەی بە دوای دەستی کاردا دەگەڕێن بیانبینین، ئەگەر ئەوە روویدا ئەوا پێویست ناکات کەس بە فڕۆکە بچێتە مینسک و لەوێ لەلایەن بەرێز لۆکاشێنکۆوە هەڵبخەڵەتێنرێت، بەڵکو دەتوانێت زۆر بە ئاسانی لەگەڵ گرێبەستی کارەکەی لە هەولێرەوە بفڕێت بۆ کوێلن، وابزانم ئەوە باشترین رێگەیە. 
 
رووداو: زۆرباشە بۆ ئەوەی هەموو باش بۆیان روون بێت، ئایا ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەو کەسانەشە کە خاوەنی بڕوانامەی ئەکادیمیش نین؟
 
یوئاخم شتامپ: مەبەستی ئەم پڕۆژەیە گرێبەستی کارە لە ئەڵمانیا، بەپێی ئەو کارەی هەردوولا بۆی دەگەڕێن، واتە ئەوەی بۆ کار دەگەڕێت و ئەوەی پێویستی بە دەستی کارە. ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی ئۆنلاینەوە بڵاویبکەینەوە و هەروەها لە رێگەی بۆرسەی کاریشەوە، بەڵام بە بینەران دەڵێم کەمێک کاتی پێویستە تاوەکو جێبەجێی دەکەین، چونکە ئێمە هەرسێ پارتە بەشدارەکەی حکومەت لەسەری رێککەوتووین و تەنیا ئەوە ماوە بکرێتە یاساو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 
 
رووداو: کەواتە ئەوەی من تێگەیشتم ئەوەیە بەڕێزتان پلانتان هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ سەبارەت هێنانی دەستی کار لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا بکەن؟
 
ئۆیاخم شتامپ: من بە گەشبینییەوە لێی دەڕوانم! من خۆم لە پەیوەندییەکی باشدام لەگەڵ بەرپرسانی باکووری عێراق و گفتوگۆکانمان باشن، هەروەها خۆم لە هەولێر و دهۆک بووم و، زۆر حەزم لەو ناوچەیەیە، لانەی مرۆڤایەتییە، هەروەها ناوچەیەکی دیموکراسییە و، مەبەستمانە و دەمانەوێت بەشداربین لە پشتگیریکردنی سەقامگیرییەکەی، بەڕای من کۆچی درێژخایەن\Secular Migration بۆ پەیوەندیی هەردوولا باشە و هەردوولا سوودمەند دەبن. بەگشتی خوازیارم لەگەڵ باکووری عێراقی کوردی پێکەوە کار بکەین و پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەین. 
 
رووداو: لە پلانتاندایە بەم زووانە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن؟
 
یوئاخم شتامپ: من منداڵێکی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعشم لە خۆگرتووە، مانگانە لەڕووی داراییەوە هاوکاری دەکەم. زۆر حەزدەکەم بیبینمەوە و سەردانی بکەم، ئەوکاتە کە لەوێ ناسیم بوو، زۆر مەبەستمە زیاتر هاوکاری بکەم، بۆیە دڵم لەو ناوچەیەیە و دەمەوێت لە گەڵی بەردەوام بم. 
 
رووداو: باش، ئێستا دەمەوێ بزانم ئەو میکانیزمەی پێشنیازتان کردووە و کاری لەسەر دەکەن چۆن دەبێت؟ 
 
یوئاخم شتامپ: ئێمە گفتوگۆی زیاتر لەسەر دەکەین و دەبێت لە چوارچێوەی یاساییدا جێبەجێبکرێ؛ پرسەکانی پەیوەندیدار بە ڤیزا، دەبێ بزانین ئەم جۆرە گرێبەستانەی کارکردن چۆن دروست دەبن؛ ئەو گرێبەستانەی بۆ بازاڕ باون، بەڵام بە بڕوای من ئەوەی کراوە گرنگە. ئێمە لە زۆر بواردا؛ ئینجا پیشەکانی کاری دەست بن یان بواری خواردنگەرایی، هۆتێلگەری و هێزی کارکردن بێت لە کەرتی چاودێریکردنی تەندروستی. زۆر بواری دیکەی جیاوازمان هەن کە پێویستیمان بۆیان بە هێزی کارە. ئێمە بە دوای خاوەن بڕوانامەی بەرزدا دەگەڕێین؛ ئەمە خاڵی دووەمە کە دەکرێت سەرنجڕاکێش بێت بۆ خاوەن بڕوانامەی بەرز لە باکووری عێراقی کوردی و ئێمە سیستمی خاڵ دروست دەکەین؛ واتە پەیوەندی بە توانا و گونجاوییەوە هەیە؛ ئەوانەی کە زۆر زۆر باش بە توانان، کە دەتوانن زمانی ئەڵمانی قسە بکەن و گەنجن و ئێمە داواتنامەیان بۆ دەنێرین بۆ ئەوەی داواکانیان لە بازاڕی کاری ئەڵمانی پێشکێش بکەن.
 
رووداو: باشە ئەو پڕۆژەیەی پێشنیازتان كردووە، تەنیا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دەبێت، یاخود خەڵكی پارچەکانی دیکەی کوردستان، وەک باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستانیش دەگرێتەوە کە لە هەرێمی کوردستان دەژین؟
 
یوئاخم شتامپ: ئێمە هیچ جیاوازی لەنێوان نەتەوەکان دا ناکەین، لەوانەیە هەمان بۆرسەی کار لە ئەفریقیا پێشنیاز بکەین، لەوانەیە هەمان شت لە بەنگلادیش بکەین، ئەوەی ئێمە مەبەستمانە ئەوەیە کە نامەنەوێت کەسانێک ژیانیان بخەنە مەترسییەوە و سواری بەلەمێک بن و بێن لێرە داوای مافی پەنابەری بکەن، کە لە راستیدا دەیانەوێت کار بکەن، هەردوولامان دەمانەوێت کۆچبەری نایاسایی راگرین و کارئاسانی بۆ  کۆچبەری یاسایی بکەین. 
 
رووداو: بەڕێز وەزیری کۆچبەران، دەمەوێت بزانم ئەو کارەساتەی کە روویدا لەسەر سنوورەکانی بێلاڕووس - پۆڵەندا وایکرد کە ئێوە لەکاتی پێکهێنانی حکومەت بیر لە پڕۆژەی لەم جۆرە بکەنەوە؟ 
 
یوئاخم شتامپ: نەخێر پێشتریش بیرمان لەوە کردبووەوە، ئێمەش بەرژەوەندیمان هەیە لەو پڕۆژەیەدا، بەرژەوەندیی ئێمە ئەوەیە کەسانی بەتوانا بانگهێشت بکەین بۆ بازاڕی کار لە وڵاتەکەمان بەتایبەتی ئەوانەی دەیانەوێت لێرە کار بکەن، بەڵام ئەوەی ناتوانین بیکەین ئەوەیە کە خەڵک ناچاربکەین بۆ وەرگرنتی مافی پەنابەری بنێردرێن و ببنە کارتی دەست دەوڵەتان؛ ئەمە رێگەی دروست نییە، بەڵکو رێگەی دروست ئەوەیە کە بە بازاڕی کاری یاسایی بێن، نەک بە بەکارهێنانی یاسای پەنابەرێتی. 
 
رووداو: دەتوانین بڵێین سیاسەتی نوێی کۆچبەریی ئەڵمانیا گۆڕانکاری زۆر بەخۆیەوە دەبینێت؟ 
 
یوئاخم شتامپ: ئەوە مەبەستمانە!  دەمانەوێت پاشەکشە بە رێگەی نافەرمی بکەین و پشتگیری لە کۆچکردنی یاسایی بکەین. 
 
رووداو: باشە ئێستا دەگوترێت بەپێی یاسای نوێی کۆچبەری، پرۆسەی كۆكردنەوەی خێزان ئاسانكاری بۆ دەكرێت، ئەمە دروستە؟ 
 
یوئاخم شتامپ: بەڵی ئێمە دەمانەوێت ئەو کەسانەی کە تەنیا خاوەنی مافی پاراستنی ناوەندی و مانەوەی یەک ساڵین، هاوشێوەی ئەوانەی کە خاوەنی مافی پەنابەرین لە چوارچێوەی رێککەوتنی مافی پەنابەری جنێڤ دا مامەڵەیان لەگەڵ بکەین و بتوانن خێزانەکانیان بێنن بۆ ئەڵمانیا. ئەوانە ژمارەیەکی زۆر نین، هەموومان لەو باوەڕەداین نابێت خێزان لە یەکتر جیابکرێتەوە و، گرنگیشە بۆ خۆگونجاندن و نیشتەجێبوون. 
 
رووداو: بێگومان، باشە زۆر کەس ئەو پرسیارەمان لێدەکەن، ئایا ئەوانەی ئێستا لە رێگەی بێلاڕووسەوە هاتوونەتە پۆڵەندا و لەوێشەوە بۆ ئەڵمانیا، مافی پەنابەرییان پێدەدرێت؟
 
یوئاخم شتامپ: باوەڕناکەم، لەو باوەڕەدام وادەبێت کە دەگوترێت زۆربەیان دەیانتوانی لە بێلاڕووس داوای مافی پەنابەری بکەن، بە چ مافێک لە پۆڵەندا و ئەڵمانیا مافی پەنابەری وەرگرن!
 
رووداو: باشە رەنگە زۆرکەس ئێستا بیانەوێت بزانن کەی دەستدەکەن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەتان؟ 
 
یوئاخم شتامپ: بەهیوام حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا بە زووترین کات کار لەسەر پڕۆژەکە بکات، من خۆم لە هەرێمی نۆردراینڤێستڤالن جەختی لێدەکەم و گوشار دەکەم لە فەرمانگەی پەیوەندیدار کە دەبێت بەزووترین کات دەستی پێبکەن، بەڕاستی ئێمە لەسەر کۆنسێپتێکی زۆرباش رێککەوتووین و ئێستا تەنیا پێویستە جێبەجێ بکرێت، من وەک سیاسەتڤانێکی هەرێم بەرپرسیار نیم لە جێبەجێکردنی. من دانوستاندنم لەگەڵ کردوون، بەڵام بە وردی چاودێریی پڕۆژەکە دەکەم، ئەگەر هەستم کرد پرۆسەکە بە خاوی بەڕێوەدەچێت، ئەوکات لە رای گشتیشدا قسە لەسەر دەکەم. 
 
رووداو: باشە ئێوە هاوئاهەنگیتان لەگەڵ ژووری بازرگانی و کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا هەیە بۆ ئەم پڕۆژەیە؟ 
 
یوئاخم شتامپ: بەڵی ئێمە لێرە لە هەرێمی نۆردراینڤێستڤالن پەیوەندی زۆرباشمان لەگەڵ نوێنەری ئابووری و کۆمپانیاکانمان هەیە، ئەوانیش پشتگیری لەم پڕۆژەیە دەکەن بە روون و ئاشکرا دەڵێن ئێمە پێویستیمان بە دەستی کارە کە بە یاسایی دێنە ئەڵمانیا و لێرە لەگەڵمان کار دەکەن، ئەوەی پێویستمان پێی نییە ئەوانەن کە بە قاچاخ دێنە ئێرە و لێرەش لە کەمپی پەنابەران دادەنیشن و بەبێ قازانج کاتیان بە سەردەچێت و لەوانەیە جارێک لە جاران دیپۆرت بکرێنەوە.  
 
رووداو: بەڕێز جەنابی وەزیر، زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
 
یوئاخم شتامپ: زۆر بەخۆشحاڵییەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 ئادریان ئێسڵستاین، کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا

کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا: زۆربەی بازرگانیی وڵاتەکەمان لەگەڵ عێراق لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە

کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، ئادریان ئێسڵستاین، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشک دەخاتە سەر پڕۆژە هاوبەشەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵی دا، ئێسڵستاین ئاشکرای دەکات کە قەبارەی بازرگانیی نێوان هۆڵەندا و عێراق ساڵانە دەگاتە 6 ملیار یۆرۆ و، هۆڵەندا گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی عێراقە لەنێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپادا.